تاريخ: ۱۴۰۱ پنج شنبه ۲ تير ساعت ۷:۳۷ بازدید: 350      نظرات: 0      کد مطلب: 19410

ئاوڕداونەوەیەک لەژیانی شاعیر، نووسەر، ئەدیبی کورد شێخ مارف بەرزنجی


مارف شێخ عەبدولکەریم شێخ حسێن بەرزنجی "شێخ مارف بەرزنجی" شاعیر و چیرۆکنووس و ڕەخنەگری کورد لەڕێکەوتی ١٠ی فێورییەی ١٩٢١ی زایینی لە ناحیەی قادر کەرەم لە بنەماڵەیەکی ئایینی سەر بە ڕێبازی تەسەوفی قادری لەدایک بووە.

 

خوێندنی سەرەتایی تا پۆلی چوارەم لە قادر کەرەم تەواو کردووە، پاشان لەگەڵ شێخ حسێنی برای چوونەتە شاری کەرکووک و لە تەکیە کۆنەیەکی خۆیان ژیاون. پۆلی پێنجەم و شەشەمی لەوێ تەواو دەکات. لە ساڵی ١٩٣٧ لە قوتابخانەی ناوەندی کەرکووک درێژە بە خوێندن دەدات.

شێخ مارف لە ساڵی ١٩٤٠ دەچێتە ئامادەیی و لە ساڵی ١٩٤٣دا بڕوانامەی دەرچوونی لە ئامادەیی وەردەگرێت و ھەر لەو ساڵەدا زەماوەند دەکات و لە دوای ژن ھێنان بۆ ماوەی نۆ مانگ وەک فەرمانبەر لە فەرمانگەی دابین کردن دادەمەزرێت.

لە ساڵی ١٩٤٤دا لە کۆلیژی ماف لە بەغدا وەردەگیرێت، لەبەر دەست کورتی، بۆ ئەوەی خوێندنەکەی تەواو کات، ماوەیەک لە فەرمانگەی تووتن لە بەغدا دامەزراوە. لە مانگی دێسامبەری ١٩٤٧ فەرمانی گرتنی لە لایەن دەسەڵاتی میرییەوە دەرچووە. ماوەیەک خۆی شاردووەتەوە. لە ھاوینی ١٩٤٨دا خوێندنی یاسا تەواو دەکات و بڕوانامەی دەرچوون وەردەگرێت و وەک پارێزەر دادەمەزرێت. دوو ساڵ پارێزەری لە کەرکووک دەکات، بەڵام لەسەر ھەڵوێستی ڕامیاری و پێشکەوتنخوازی تووشی ڕاوەدوونانی پیاوانی میری دەبێت، ناچار تا ساڵی ١٩٥٠ بەشاخەکانی سەنگاو و قەرەداغ و شارباژێڕەوە ئاوارە دەبێت.

ژیانی وێژەی ناوبراو لە ساڵی ١٩٣٧ دەست پێدەکات، سەرەتای نووسینی بۆ ساڵی ١٩٤٠ دەگەڕێتەوە کە یەکەمین ھۆنراوەی نەتەوەیی داناوە، بەڵام یەکەمین ھەوڵی بۆ بڵاوکردنەوەی بەرھەمەکانی بۆ ساڵی ١٩٤٢ دەگەڕێتەوە، کە چەپکە ھۆنراوەیەکی لە ڕۆژنامەی دەستنووسی "باسەرە"دا بڵاو کردۆتەوە کە ئەو سەردەم شاکر فەتاح لە ناوچەی قادر کەرەم بەڕێوەبەری ناوچە بووە و ئەم ڕۆژنامەیەی دەر کردووە.

 

بەرزنجی لە ساڵی ١٩۵٣ لە ڕۆژنامەی "ژین"ی سلێمانی، دوو پارچە شێعری بڵاو کراوەتەوە، نزیکەی ٣٣ هەڵبەستی هەیە، گەلێک چیرۆک، وتاری گشتی، بابەتی گشتی و ئاشتی و دێموکراسی، گوتاری ڕەخنەی ئەدەبی لە گۆڤاری ڕووناهی، شەفەق، هیوا و ئازادی بڵاو کردۆتەوە.

یەکەمین ھەوڵی شێخ مارف بۆ چیرۆکنووسین لەساڵی ١٩٤٧دا بووە، بەڵام ھەوڵدانی بۆ نووسینی چیرۆک لەسەر شێوەو تەکنیکی نوێ لە ساڵی ١٩٥٥دا بووە، کە چیرۆکێکی بە ناوی "سەر لە بەیانی نەورۆزێک" نووسیوە و لە پێشەکییەکەیدا دەڵێت: "ئەم چیرۆکەم لەسەر شێوە و شێوازی تەیاری وەعی نووسیوە!" ئەو شێوازەش لەناو چیرۆکنووسانی کورد دا شێخ مارف یەکەمین نووسەر بووە دەستی بەم شێوازە کردووە.

 

ساڵی ١٩۵۴ هاوڕێ لەگەڵ ئیبڕاهیم ئەحمەد وەک نوێنەرانی بەرەی نیشتمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  پاڵوێراو بوون. لەم ساڵەدا دەنگێکی یەکجار زۆری بۆ پارلمانی عێراق بەدەست هێنا، بەڵام ڕژێمی عێراق ڕێگەی پێنەدا بچێتە پارلمانەوه.

لەگەڵ دەرچوونی گۆڤاری "شەفەق" لە شاری کەرکووک لە ١٥ی ماڕسی ١٩٨٥ شێخ مارف یەکێک بووە لە نووسەرە دیارە خامە بەھێزەکانی و چیرۆکی بەھێز و سەرکەوتووی وەکو چیرۆکی "ئاواز و کەباب"ی تێدا بڵاوکردۆتەوە و ھەندێ چیرۆکی سەرکەوتووی دیکەی وەکو چیرۆکی "گای پیرۆز"ی لە گۆڤارەکانی دیکەدا نووسیوە و چیرۆکی "نامەی سەرسنوور"ی لە گۆڤاری ڕووناهی و شەتڵ-ی لە گۆڤاری "ھیوا"دا بڵاو کردۆتەوە.

چیرۆکەکانی بەرزنجی لە خانەی ڕیالیزمی کۆمەڵایەتی یەکتر دەبیننەوە، مەسەلەی سەرەکی لای ئەو بیری کوردایەتی و ڕزگاری مرۆڤ لە چەوسانەوە بووە، لە هەندێک لەنووسینەکانیدا ناوبراو ئەو دوو مەبەستەی تێکەڵ بە یەکتری کردووە.

بەرهەمی ئەدەبی مارف بەرزنجی دوو کورتە چیرۆکی شانۆگەری "زەوی زەوی  خۆمانە" و "کۆمیدیا ئادەم و هارووت" لە خۆ دەگرێت.

جگە لەئەمانە بەرزنجی پڕۆژەیەکی گرینگی ئەدەبی بەناوی "ئەلف" و "یێ" بەدەستەوە بوو کە دەیهەویست لەسەر لاپەڕەکانی گۆڤاری "شەفەق" بە ئەنجامی بگەیەنێت. هەر چەند ئەم کارە لە ژمارەی یەکەم تا حەوتەمی گۆڤاری شەفەق بەردەوام بوو، بەڵام کودتای ١٩۵٨ی عێراق بوو بە هۆی ئەوەی کە ئەم پڕۆژەیە نیوەچڵ بمێنێتەوە و تەنیا پیتی "ئەلف" تا "ژ"ێ بە ئەنجام گەیشت.

 

شێخ مارف بەرزنجی لەبواری ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی‌دا هێندێک بابەتی لە گۆڤارەکاندا بڵاو کردۆتەوە کە "کامەران و دیارییەکەی"، "بووکی پەردە"، "شانۆی کوردستان"، "دوو شانۆگەری عەبدولڕەزاق بیمار"، "گۆرانی دووبارەی نەمر"، "کۆن و تازەیی لە شێعردا" و "ئەرکی سەرشانی ئەدەبەکەمان" بەشێک لەم نووسراوانە ئەژمار دەکرێن.

مارف بەرزنجی نووسەر و شاعیری نموونەی ڕۆشنبیری هاوچەرخی کۆمەڵی کوردەواری بوو. کەلتووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کۆ کردبۆوە و تێکەڵ بە داب و نەریتی کوردەواری کردبوو و کەلتوورێکی تازە و نوێی دروست کردبوو کە لەگەڵ ئامانج و هیوای سەردەمی کورد بگونجێت.

شایانی ئاماژەیە ساڵی ١٩٩٣ چاپی یەکەمی بەرهەمەکانی مەعروف بەرزنجی، لەلایەن عومەر مەعرووف بەرزنجی و شێخ سامانی کوڕی بڵاو کراونەوە.

 

مارف به‌رزەنجی لە هاوینی ساڵی ١٩۵٩ی زایینیەوە لە گرتووخانەی بەغدا مایەوە تا ئەوەی کە لەڕێکەوتی ١۵ی ژووەنی ١٩۶٢ فەرمانی لەسێدارەدانی لە دادگای بەغدا بۆ دەرچوو و لە ڕێکەوتی ٢٣ی ژووەنی ١٩٦٣ی زایینی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لەسێدارە درا.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد