تاريخ: ۱۴۰۱ چهارشنبه ۸ تير ساعت ۱۶:۲۲ بازدید: 2026      نظرات: 0      کد مطلب: 19529

شاعیری کورد "ئەحمەد دەروێش عەبدوڵڵا" ناسراو بە "ئەخۆل" باشتر بناسین


"ئەحمەد دەروێش عەبدوڵڵا" شاعیری کورد ناسراو بە "ئەخۆل" ساڵی ١٩١١ی زایینی لە گەڕەکی دەرگەزێن لە ناوچەی سەرگووڵ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە.

 

ئەو کاتەی کە تەمەنی ئەخۆل بۆ خوێندن دەگات، تازە شەڕی جیهانی یەکەم تەواو بووە و گرانی و پشێویی ڕووی لە ناوچەی سلێمانی کردووە و بە هۆی ئەوەی کە قوتابخانە نەبووە و تەنیا حوجرە هەبووە، توانیوێتی لەوێ قوڕئانی پیرۆز خەتم بکات و کە لەشکری ئینگلیز هاتووە، قوتابخانەیەک بەناوی "نموونەی سەعادەت" کراوەتەوە و ئەخۆل لەودا پۆلی یەکەمی تەواو کردووە.

"ئەحمەد دەروێش عەبدوڵڵا" لەسەر نازناوی ئەخۆل دەڵێت: " کە لە دایکبووم باوکم و دایکم و خێزانەکەمان لە جیاتی ئەحمەد پێیان وتووم "ئەحۆل" و ھەر لەو کاتەدا ئامۆزایەکم بووە زمانی گرتووە بەڵام زمانی باش نەپژاوە نەیتوانیوە بڵێ "ئەحۆل"، پێی وتووم "ئەخۆل"، ئیتر لەو کاتەوە لە ناو خێزان و خزم و گەڕەکدا ھەر بە "ئەخۆل" ناویان بردووم."

 

ئەخۆلی شاعیر لەساڵی ١٩٢٩ی زایینی لەچاپخانەی شارەوانی لەشاری سلێمانی کە ڕۆژنامەی ژین و ژیانی دەردەکرد، لەم ناوەندە چالاکی هەبووە، دواتر وەک دەبیر و نووسەر لە دادگا دادەمەزرێت و ساڵی ١٩٧٠ی زایینی خانەنشین بووە.

ئەخۆلی شاعیر دۆستایەتی لەگەڵ شێخەکانی بیارە ھەبووە ھەروەھا پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ شاعیرانی سەردەمی خۆی وەک "مەدھۆش"، "فایەق بێکەس"، "شێخ نوری شێخ ساڵح"، "شێخ سەلام"، "ئیبراھیم ئەحمەد"، "ڕەمزی قەزاز" و "عەلی عارف ئاغا" هەبووە، هەر ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەی کە ناوبراو زیاتر بچێتە ناو وێژە و فەرھەنگی کوردییەوە و بابەت بۆ رۆژنامەی "ژین و ژیان" و "گۆڤاری گەلاوێژ" و "ڕۆژی نوێ" بنووسێت.

 

ئەخۆل لەساڵی ١٩٧٠ی زایینی یەکەم بەرھەمی شاعیری خۆی لەچوارچێوەی دیوانە شێعرێک‌دا بەناوی "پەیمان و شیوەن" چاپ و بڵاو کردۆتەوە.

بەھرەی شێعر نووسینی ئەخۆل لەتەمەنی ٢٠ ساڵییەوە دەستی پێکردووە ئەویش بەھۆی باری نالەباری ژیانییەوە بووە کە ھەر لە منداڵییەوە بێ باوک بووە و باوکی لە شەڕی سەفەر بەرلکدا گیانی لەدەست داوە و لەلای مامەکانی پەروەردە بووە. ئەو شێعرانەی لە ساڵەکانی ١٩٣٠ی زایینی بۆ ساڵانی دواتر نووسیویەتی ڕەنگدانەوەی ئەو سەردەمەی پێوە دیارە.

لەشێعرەکانی ئەخۆل هەستی "نەتەوەدۆست"ی گرینگایەتی خۆی هەیە، ناوبراو برای گەورەی نوری ئەحمەد تەھا و کامەران موکری بووە و ئەو کوڕانەی لەسەر دەستی خۆی لە جێگەی باوک پەروەردە کردووە.

 
ئەخۆل وێڕای ئەوەی کە پلەی خوێندەواریی کەم بووە بەڵام شارەزاییەکی تەواوی لەزمانەکانی کوردی، عەڕەبی، تورکی و فارسی دا ھەبووە و کەمێکیش ئینگلیزی زانیوە تەنانەت ھەندێک جاریش شێعری فارسی بۆ سەر زمانی کوردی گۆڕیوە یان تێکەڵکێشی کردوون.

ئەخۆلی شاعیر جگە لەنووسینی شێعری ئەوینداری، شێعری شیوەن و  زاریشی بۆ شاعیران و گەورەپیاوانی کورد نووسیوە.

پرۆفیسۆر عیزەددین مستەفا ڕەسووڵ لەسەر بەرھەمەکانی ئەخۆل دەڵێ:

"چوارینەکانی ئەخۆل نابن بە پارچەیەکی تەواو، بەڵکو شاعیر دێت و بیرێکی خۆی لە یەک چوارینەدا خەست ئەکاتەوە و دەری ئەبڕێت و بیرەکەی خۆی تەنیا لە سنووری ئەو چوارینەیەدا جێگە ئەکاتەوە و ھەر چوارینە لە ڕووی بیر و ناوەڕۆک و ڕووخسارەوە بەشێکی تەواو سەربەخۆیە."

 

شایانی ئاماژەیە ئەخۆل لە ڕۆژی ٢٩ی ژووەنی ١٩٨٨ی زایینی لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە و لەسەر وەسیەتی خۆی لە گردی سەیوان بەخاک سپێردراوە.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد