تاريخ: ۱۴۰۱ چهارشنبه ۲۹ تير ساعت ۱۲:۱۶ بازدید: 1177      نظرات: 1      کد مطلب: 19779
خۆڕسک، نووسەرێک لەتۆرەمەی داربەڕوو

حەسەن ڕەوش کێیە؟


هۆگری بە ئەدەبیات و خزمەت‌کردن لەم بوارەدا هیچ بەربەستێک ناناسێ و بەپێچەوانەی ڕەوتی باو، دووربوونەوە لە قوتابخانە و زانکۆ بە هۆکارگەلی جۆراوجۆر و وەرنەگرتنی بڕوانامەی باڵا، ناتوانێ هەندێک مرۆڤ لە پەڕاوێز بخا و لە فێربوون، گواستنەوەی زانیاری و خزمەتی ڕاستەقینە ساردیان کاتەوە. کاک حەسەن نمونەیەکی بەرچاو بۆ ئەم گوتەیەیە و دەتوانین لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەک‌دا وەک سەرمەشقێکی ڕۆنەر باس لە شێلگیربوون و نەبەزبوونی بکەین.

حسەن ڕەوش، بە نازناوی «پارێزەر» لەدایک بووی گوندی بێورانی خوارێ سەر بە شاری سەردەشتە و پارێزەری ئەدەبیاتی گەلەکەیەتی. چاپ کرانی دوایین بەرهەمی بە ناوی «زاگرۆس و دارستان»، بووبە بیانوویەک تا لەگەڵی گفتوگۆیەک ساز کەین.

 

+کاک حەسەن خۆتان بە خوێنەرانی هاژه بناسێنن.

من حەسەن ڕەوش بە نازناوی «پارێزەر» ٢٣ی ڕەشەمەی ١٣٥٢ی هەتاوی لە گوندی بێورانی خوارێ، سەر بە شاری سەردەشت لەدایک بووم.

 

+خوێندنت چی بەسەرهات؟

ژیانی من پڕ بووە لە پێچ و پڵووچ و بەسەرهاتی سەیر و سەمەرە. هەربۆیە وەک خەڵکانی‌تر نەمتوانی بچمه باخچەی ساوایان و قوتابخانەی سەرەتایی، بەڵکوو دوای ۱٤ ساڵ تەمەن، لەشاری سەردەشت چوومە فێرگەی گەورەساڵان (نهضت سوادآموزی) و بە ٦ مانگ هەردووک قۆناغی دەستپێک و کۆتاییم(مقدماتی، تکمیلی) خوێند. هەر ئەوساڵە چوومە پۆلی چواری سەرەتایی، ساڵی دواتر چوومە پۆلی پێنجی سەرەتایی، بەڵام بۆ پۆلی یەکی ناوەندی (راهنمایی) بەهۆی تەمەنی زۆر وەرنەگیرام و چوومە قوتابخانەی شەوانە. پۆلی دووی ناوەندی دیسان هاتمەوە ڕۆژانە، بەڵام دیسان بۆ ساڵی دواتر ناردیانمەوە قوتابخانەی شەوانە، لەوێ بەهۆی تەمەنی زۆر تا نامەی  چوونە سەربازیم وەرنەگرت ڕانەگیرام. بۆیە بڕوانامەی سێی ناوەندی کۆتا قۆناغی خویندنم لە قوتابخانەکانی گەورەساڵان و ڕۆژانە بوو. دواتر بە ناچاری ساڵی ۱۳۷۱ی هەتاوی چوومە سەربازی و دووساڵ سەربازیم کرد. دوای سەربازی، پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، کار و پیشەو ژیانی ئاسایی، تا ساڵی۱۳۸۳ی هەتاوی لەخویندن دوور کەوتمەوە.

 

+کەی دەستت بە نووسین و چالاکی لەبواری وێژە و زمانی کوردی کرد؟

ساڵی ۱۳۸۳بەهۆی ئەو هۆگریەی بەزمان و وێژەی کوردیم هەبوو، چوومە فێرگەی سۆما لەشاری سەردەشت، لەوێ لەخزمەت مامۆستا هێرش بێتووشیدا، بە یەک ساڵ ۳ بڕوانامەی: نووسین و خوێندن، بە ئەلفبێی ئارامی، نووسین و خوێندن بە ئەلفبێی لاتین و ڕێزمانی کوردی ئەو ناوەندە فێرکارییەم وەرگرت و ساڵی ۱۳۸۹ی هەتاوی دەستم بە نووسین کرد.

 

+چەند بەرهەمی چاپکراوت هەیە؟

یەکەم بەرهەمم کە چاپ کرا کۆمەڵەچیرۆک و پەخشانی «پێڵاوی پاژنەبەرزی شیلان» بوو. دواتر  کۆمەڵەشێعری «نیشتمانێک پڕ لە خەیاڵی شاعیر»ـم چاپ کرد. «زاگرۆس و دارستان» دوایین بەرهەمی چاپکراوی منە. هەروەها دەیان وتار و شێعرم بەزمانی کوردی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا چاپ و بڵاو کراونەوە.

 

+بەرهەمی چاپ نەکراو چت لەبەر دەستە؟

ئێستا ڕۆمانێک و کۆمەڵێک وشەی ناوچەیی و کوردی کە لە فەرهەنگە کوردییەکاندا ئاماژە پێنەکراوە لەبەر دەستمە و هەروەها پتر لە ۱٠٠ پارچەشێعر، دەیان کورتەچیرۆک و پەخشانم ئامادەی چاپن.

 

+ لە بواری فەرهەنگی و هونەری و ئەدەبی‌دا چالاکی مەیدانیت هەبووە؟

ئەوەی ڕاستی بێت، دوو ساڵە ئەندامی سەرەکی و هەڵبژێردراوی "ئەنجومەنی ئەدەبی سەردەم" لەشاری سەردەشتم و لەوێ ئەرکی ڕاوێژکاریم پێ بووە و ئێستاش بەردەوامم. پێنج ساڵ لەگەڵ چەند هاوڕییەک وەک بەڕێوەبەر و پێشکەشکاری جەژنی بێڵندانە لە بێوران بەشدار بووم و زیاتر لە ساڵێک لە ئەنجومەنی ئەدەبی سەردەم مامۆستای وانەبێژی "مێژووی ئەدەبی کوردی"بووم. وەک هونەری پێشکەشکار و لەم لقە هونەرییەدا دەیان کۆڕ و کۆبوونەوەی فەرهەنگی، ئەدەبی، فستیواڵ، شەوەشێعر و هەروەها پەردەلادان لە کتێبم بەڕێوە بردووە.

 

+ وتەی کۆتاییت بۆ خوێنەرانی هاژه؟

لە کۆتاییدا ئەوەندە دەڵێم که هیچ شتێک لە خوێندنەوە زیاتر خۆشی بەدڵم نادا و ئارامم ناکاتەوە. بە باوەڕی من ئەگەر مرۆڤ بتوانێ بەسەر دوو هێزی"شەرم و ترس"دا سەرکەێ ئەوە پیگەیشتن و تێگەیشتن لە ڕەگی مل لە مرۆڤ نێزیکترن. هەربۆیە ئەگەر مەرگ بەربینگم پێ نەگرێت لە ڕێگەی خوێندن ناوەستم و باوەڕیشم وایە هیچ شتێک بۆ خوێندن لە ڕۆژگاری ئەوڕۆ، بەربەست نییە، چونکە لە ڕۆژگاری ئەوڕۆدا دەکرێ هۆدەیەکی بچووک، بۆ فێرخواز زانستگە و زانکۆی باڵا بێت، بەڵام دەبێ دڵ بخوازێت.

+سپاس کە میوانی هاژه بووی.

سپاس بۆ ئێوەش.

 
ئامادەکردنی: پێژمان ئیسماعیل‌نژاد 





ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

۱۴۰۱/۴/۳۱
کاک حه سه ن ره وش مایه ی ئیفتیخاری شاره که مانه.

نظر خود را براي ما ارسال كنيد