تاريخ: ۱۴۰۱ جمعه ۳۱ تير ساعت ۱۷:۳۱ بازدید: 1366      نظرات: 1      کد مطلب: 19798

ئاخۆ بنەبڕبوونی دیاردەی توندوتیژی و پەتای کڕۆنا لەیەک دەچن؟!

دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان، زمانناس و لێکۆڵەر


 
بۆ بەرەنگاربوونەوەی توند و تیژی پێش هەموو شتێک پێویستە هۆکارە سەرەکی و جەوهەرییەکانی بدۆزینەوە و پێناسەیان بکەین و ئینجا کەرەسە و ئامرازی پێویستی بۆ دابین بکەین.
هۆکارەکانی توند و تیژی، ڕەچەلەکێکی کەلتوورییان هەیە، کەوابوو بۆ بەرەنگاریی توند وتیژی‌ـیش پێویستە لە ڕێچارەی کەلتووری بگەڕێین؛ واتە بە ئامێر و کەرەسەی کەلتووری بەرەنگاری ببینەوە، بە واتایەکی تر پێویستە ڕوانگەکان لەباری کەلتوورییەوە بگۆڕدرێن. ڕوانگەکان چلۆن ئاڵوگۆڕیان بەسەردادێ؟ بۆ گۆڕینی ڕوانگەکان لەباری کەلتوورییەوە هاوکات ئیشی ڕۆشنبیری و ڕووناکبیریی کورت‌خایەن و درێژخایەن و شوێن‌دانەر پێویستە؛ بەڵام ڕوونە ئەوەی پتر و قووڵتر و، بە چەشنێکی شیاوتر و کاراتر شوێندانەرە، ئیشی ڕۆشنبیری و ڕووناکبیریی درێژخایەنە کە پێویستی بە کات و مەودای شیاو و بەرنامە و پلان و تێچووی پێوەندیدار هەیە و لە ماوەیەکی زەمەنیی درێژخایەن دا جێگر و وڵامدەر دەبێ. هەر وەکوو دیاردەی توند و تیژی خۆی، بەستێن و مەودا و کات و تێچوو و بەرنامە و پلانی پێویست بووە تا جێگیر و سەقامگیر بێت، هەر وەها بۆ بنەبڕبوون و لەناوبردن و بۆ تەس‌دانەوەشی تێکڕای ئەم کەرەسە و ئامراز و ئامێر و مەودا و زەمەن و دیاردانەی پێویستن. ئاڵوگۆڕیی کەلتووریی بنەڕەتی و هەروەها چاکسازی و سەرلەنوێ گەڕانەوەی کۆمەڵگا بۆ دۆخی پێشووی خۆی، کات و مەودا و زەمەن و تێچووی ماددی و واتایی و هزری پێویستە. دیارە ئەو کارە و ئەم ئیشە تاقەت‌پڕووکێن و درێژخایەنە هەرەوەزێکی هەمووانی گەرەکە و تێکڕای تاق و تاقمی کۆمەڵگا، هەرکام دەبێ دەست بدەنە لایەنێک لەم ئیش و کارە و هەموو لایەک دەبێ هەستێکی قووڵی بەرپرسیاریەتییان هەبێ و دەروەست و مولتەزیم بن بە ڕاپەڕاندنی ئەو مڵۆزمە زل و فیتەرە و ئەم ئاستەنگە زەبەلاحە و ئەم قەیرانە ماڵ‌کاول‌کەرە و ئەم پەتا و فەتا ڕووخێنەر و داپلۆخێنەرە؛ هەروەک چۆن بۆ لەناوچوون و بنەبڕبوونی پەتای کڕۆنا و بەرگری لە شوێنەوارە چەتوون و مەرگ‌هێنەرەکانی ئەم هەمووە دام ودەزگا حکوومی و ناحکوومی و گشت ناوەندە جۆراوجۆرەکان، لە سەرجەم جومگەکانی کۆمەڵگادا، دەستیان دا یەک و بە پلان و بەرنامە و هەرەوەز و هەستی بەرپرسیاریەتی و هەروەها دەروەست‌بوون بەم بەرپرسیاریەتییەوە، ئیشەکەیان ڕاپەڕاند و هەنووکەش هەر سەرقاڵن و لە داهاتووش‌دا هەر دەبێ هەستیار و مشوورخۆر و پەیجۆر و خەمخۆری ڕاپەڕاندنی هۆکارەکان و شوێنەوارەکانی ئەم پەتایە بن؛ هەروەها دیاردەی توند و تیژی‌ـیش لە نێو تێکڕای کۆمەڵگاکان‌دا و لەوانیش کۆمەڵگای ئێمە، ڕێک ئەم تایبەتمەندییانەی هەیە و دەبێ هەر ئاوا لەگەڵی بجووڵێینەوە و بەرەوڕووببینەوە؛ بەڵام کەرەسەکان و ئامرازەکان و ئامێرەکان کە لە بابەت پەتای کڕۆنادا پتر و پتر کەرەسە و ئامێر و ئامراز و پێداوێستیی تەندروستین، لەبابەت دیاردەی توند و تیژی‌دا ئەم کەرەسە و ئامێر و پێداویستی و ئامرازانە پتر و پتر لە ڕەگەز و ماکەی کەلتووری و ڕۆشنبیری و ڕووناکبیرین و لە مەودایەکی درێژخایەن‌دا وڵامدەر دەبن. هەر چەند وەک پێشەکی و سەرەتاتکێ، ئامادەکاری و بەرەڕووبوونەوەی کاتی و کورت‌خایەن پێویستە، بەڵام پتر کارکەردی بەرگریکەرانەی ئەهوەن‌کەرەوە  و ئێمێرێجینسی و کاتییان هەیە ئەم بەرەوڕووبەنەوە کورت‌خایەنانە و ڕەگ و ڕەچەڵەکییان فراژۆ نابێ و پەل ناهاوێن و شوێندانانی کاتی ‌و کەم‌مەودایان هەیە و پتر وەک چالاکی و هەڵمەتی ئاگر کووژاندنەوەی ئاگرکووژێنەرانیان دەچن، کە دەبێ دوابەدوای ئاگرکووژاندنەوەکە هەر بەپەلە و بەلەز، بەرنامە و پلانێک داڕێژدرێت بۆ قەرەبووکردنەوە و نۆژەن‌کردنەوەی سەرلەنوێی بینا ڕووخاو و کاول‌بووەکە؛ یان وەک ئیشی ئەندازیارانی بیناسازی وایە کە دوابەدوای بوومەلەرزەیەک و ڕێک لەدوای ئیشی بەپەلە و ئێمێرێجێنسیی یارمەتیدەرانی فریاکەوتن، بۆ سەرلەنوێ بنیات‌نانی بنەما و بناخەیەکی قایم و پتوون و خۆڕاگر و نەچەمیو و نەبەزیو لە ئاست بوومەلەرزەدا پلان و بەرنامەی شیاوی تێچووهەڵگری درێژخایەن بۆ سەرجەم ناوچەکە و سەرجەم دانیشتوانی باژێڕەکە دادەڕێژن.
بۆ پشت‌ڕاست‌کردنەوەی ئەم ڕاوبۆچوونە هەر ئەوەندە بەسە کە سیلەچاوێک و سووکەئاوڕێکی تێپەڕ بەسەر ڕەوت و ئەزموونی پڕاکتیکی دیاردەی توند و تیژی لە نێو مێژووی سەردەمی ئایدیۆلۆژیی ڕادیکاڵ و پاوانخوازانەی چەپ و کۆمۆنیزم دابخشێنن، چ لە دونیادا و چ ناوچەی خۆمان‌دا، کە ئێستاش کە ئێستایە دوای تێپەڕ بوونی پتر لە سی‌ساڵ لە فەشەل‌بوون و کاول و کڵێس‌بوونی کۆشکی حوکماتی ڕامیاریی ئەم بیرۆکەیە و دوای داڕمان و تێک‌ڕووخان و هەرەس‌هێنانی ئەم ئایدۆلۆژییە و داوی تێکڕمان و تێکقرمانی ئەم بیرە خەیاڵخواز و خەیاڵپەردازە، ئاکام و دەرکەوتە و دەرەنجامی پاوانخوازانە و دەمارگرژانەی توند و تیژی و توندئاژۆیی ڕادیکاڵ و داپلۆخێنەری ئەم ڕەوتە، بەتەواوی کۆتایی پێنەهاتووە!



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

هێرش ۱۴۰۱/۴/۳۱
بنەبڕ بوونی کڕۆنا؟! بۆخۆت بەخێرێیەوە! تازە ئەوە سەرەتای پیکی حەوتەمە! وەڵا چاکت ئاگا لە وڵاتە!
کەماڵ ۱۴۰۱/۵/۱
کاکی برا وێدەچێ تەنیا سەردێڕەکەت خوێندووەتەوە و بەس!! تازە وێدەچێ سەردێڕەکەشت هەر بە تاڵووکە خوێندۆتەوە!! بنەبڕبوونی کڕۆنا!!کوجا مەرحەبا!! سەرلەنوێ دەقەکە بەوردی و بەبێ‌دەمارگری بخوێنەوە تا تێبگەی نووسەری بەڕێز لە هیچ کوێ ئاماژەی بەوە نەکردووە کە پەتای کڕۆنا ئێستاکە بنەبڕ بووە...تەنانەت باسی بەدوادچوون و مشوورخۆری و خەمخۆری بۆ ڕێچارەی هەنووکە و داهاتووش دەکا لەمەڕ پەتای کڕۆنا.

نظر خود را براي ما ارسال كنيد