تاريخ: ۱۴۰۱ سه شنبه ۱۸ مرداد ساعت ۱۸:۴۴ بازدید: 872      نظرات: 0      کد مطلب: 19968

بنەماڵەی کۆنکورییەکان بیخوێننەوە

پێشەوا کاردانی


لە هەر وڵاتێک خوێندکارانی فێرگەکان، پاش تەواوبونی قۆناغی خوێندنیان لە دواناوەندی لەڕێگەی جۆراوجۆر بۆ درێژەدان بە خوێندنی سەرتر، دەچنە زانستگەکان و لەم بەشەی کە هەڵیدەبژێرن درێژە بە خوێندن دەدەن. لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپایی و ئەمەریکا، سیستەمێکی ناوەندی و مەرکەزی نیە بۆ وەرگرتنی خوێندکار و زانستگە و ڕێکخراوە پەروەردەیەکان، بەشێوەی جۆراوجۆر دەتوانن خوێندکار وەربگرن. بەڵام لە وڵاتانێکی وەکو: (چین، تورکیا، ئێران و...) سیستەمێکی ناوەندی و حوکمی هەیە کە تەواو لەژێر وەزارەتی خوێندنی باڵاوە، تاقیکاری بەڕێوە دەچێت و لەم ڕێگەوە خوێندکارەکان وەردەگیرێن.
هەمو ساڵێ، لەگەڵ دەرکەوتنی دەرئەنجامەکانی تاقیکاری سەرتاسەری کۆنکور لە ئێران، ڕای جۆراوجۆر و جیاواز لەنێوان بەشداربوان و بنەماڵەی ئەم کەسانە دەردەکەوێت و بڵاو دەکرێتەوە و تەوژمێکی پسکۆلۆژیکی تایبەت بەرۆکی ئەم کسانەی گرتوە کە دەیانهەوێت لەڕێگەی ئەم تاقیکاریەوە بچنە زانستگەکانی ئێران.
بەداخەوە بەهۆی ڕای نازانستی و ئاگانەبونی زۆر کەس و بنەماڵه لە پڕۆسەی خوێندن، بەگشتی فەلسەفەی پەروەردە و بارهێنانەوە، گوشارێکی ڕەوانی و دەرونی یەکجار زۆر لەم کاتەوە لەلایەن بنەماڵەکان و دەوروبەری بەشداربوانی کۆنکور، دەخرێتە سەر خوێندکاران و ئەمە خەسارێکی زۆر گەورە دەتوانێت بۆ داهاتوی ئەم خوێندکارانە و تەنانەت کۆمەڵگەش دروست بکات. بەهۆی دۆخی ئابوری وڵات و کێشەی بێکاری لە ئێران بەشێکی زۆر لە خوێندکاران ڕو لەم بەش و ڕشتانە دەکەن کە لەبواری پیشیەوە تەزمینیان هەبێت. ڕوتێکردنی بەشێکی زۆر لە خوێندکاران لە زانستگەی فەرهەنگیان (تربیت معلم) و ڕشتە پزشکیەکان سەلمێنەری ئەم ڕاستیەیە.
باوەڕی و فەرهەنگێکی وا جێکەوتوە کە ئەگەر هەر خوێندکارێک لەم دو بەشەوە وەرنەگیرێت، ئەمە بە مرۆڤی ناسەرکەوتو دەناسێندرێت! 
پاڵاوتنی بەمشێوەی مرۆڤان و لاوان کارێکە لەگەڵ ڕۆحی پەروردەی دیموکراسیانە ناگونجێت و دابەشکردن دەبێت، دابەشکردنی تواناکان و هۆگریەکان بێت، نەک دابەشکردنی مرۆڤی باش لە خراپ و سەرکەتو لە ناسەرکەوتو! سیستەمی پەروەدە+دۆخی ئابوری‌ـ‌سیاسی وڵات+کۆمەڵگە و نەریتەکان بونەتە سێگۆشە و ماشێنێکی زەبەلاح بۆ کوشتنی ڕۆحی هێز و تواناسروشتیەکانی لاوان بەناوی کۆنکور! 
زۆر توانایی و هێز و هۆگری هەنە کە لەلایەن بنەماڵەکانەوە خەفە دەکرێن و ناهێڵن بێنەدەرێ و چرۆ بکەن و ببنە سەرمایە بۆ کۆمەڵگە و لەژێر عەقڵیەتێکی ئابوریەوە، زۆر ڕۆح دەکوژرێن. 
بەڕای من دو چەمکی مرۆڤی "سەرکەوتو" و "ناسەرکەوتو" تەواو لە داهاتودا خەسارەکانی وەڕێدەکەون. بۆ وێنە ئەمەی کە زۆر کەس هەیە پیشەکەی لەگەڵ ئەم بەشەی کاری تێدا دەکات، یەک نیە یا پزیشکی ناسەرکەوتومان زۆر دەبێت و یا بەڕێوەبەران و کارناسانی وڵاتەکەمان شارەزایی بەشی خۆیان نین، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ڕۆژانە کە بنەماڵەکان ڕێگە نادەن ئەم توانایی و هێزانە خۆیان پێبگەێنن و چالاک بن.
هەر کەسێک دەتوانێت سەرکەوتو بێت و ئەم پێناسەیەی کە باسمکرد تەنیا لۆژیکێکی ئێکۆنۆمیکی و ئابوری دەتوانێت هەبێت کە هەر کەس نەتوانێت ببێتە خاوەن پیشەیەک کە داهاتێکی مسۆگەر و تەزمینکراوی هەبێت، ئەمە مرۆڤی ناسەرکەوتویە!
بەڵام بنەماڵەکان دەبێت بیر لەم خاڵەش بکەنەوە کە ئەگەر مرۆڤێک بەشێوەیەکی ناسروشتی و بەداوای کەس یا کەسانێک و لەژێر گوشاری ڕەوانیەوە، ڕو لەو بەشانە بکەن کە توانایی و هۆگریان نیە، ئاکامەکەی دەبێتە مرۆڤی ناسەرکوتو کە ئێستا لە زەمانێکی هەڵە، ئێمە بەکاری دێنین.
دایک و باوکانی بەڕێز؛ تکایە دەرفەت بدەن بە منداڵەکانتان با بیربکەنەوە و لە چوارچێوەی کیان و ڕۆحیاتی خۆیانەوە، هەڵبژێرن کە دەیانهەوێت چ بخوێنن و چ بکەن. دەبینین کە زۆر کەس لە دەرەوەی ئەم دو بازنەش (پزشکی و تربیت معلم) خوێندویەتی یا نەچۆتە زانستگەش، بەڵام مرۆڤێکی پێگەیشتوە و لەبوارەکانی جۆراوجۆدا چالاکی دەکەن. ئەم بابەتە کە پێوەندی بە لاوانەوە کە هێزی دینامیک و چالاکی کۆمەڵگەن نابێتە بە هیچ شێوازێک بکەوێتە بازنەی تەنگی ئابوری و شوغڵیەوە. ئەمەی گرینگە خۆناسینی ئەم خوێندکارانەیە. ئەگەر مرۆڤ خۆی بناسێت و لە هەندێک بابەتی دەوروبەر و جیهان تێبگات و بیر و مێشکی ئاواڵە بێتەوە، بەدڵنیایەوە دەتوانێت خوڵقێنەر و داهێنەر بێت. دەتوانێت زۆر خزمەت بە خۆی و کۆمەڵگە و مرۆڤایەتیش بکات. من پێم وایە نابێت ئەم بابەتە ئەمندە سنوردار بکرێتەوە بە پیشەیەکەوە، سەدان پزیشک و مامۆستای فێرگەی ناشارەزا دەکرێت بونیان هەبێت و هەزاران بیرمەند و زانا و نوسەری گەورەشمان هەیە کە ڕەنگە بە زۆر پیشەی دیکەوە سەرقاڵ ببن.
بۆ خوێندکاران: لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ڕشتە، بەشێکی زۆری سرنجتان بۆخۆتان دانێن، نەک فڵان زانستگە و فڵان ڕشتە. پرسیاری تایبەت بکە و لە دەرون و ڕۆحیاتی خۆت قوڵ بەوە. هەوڵ بدە لە ڕاوێژکارەکان لەم بوارەوە کەڵک وەربگریت و هەوڵ بدەیت خۆت بناسیت. خۆناسین دەتوانێت زۆر شتی تایبەت و بەنرخت پێببەخشێت و ئامادەت بکات کە ببیتە کەسێکی بەختەوەر و چالاک.
بۆ بنەماڵەکان: تکایە لەم کاتە هەستیارەدا کەشێکی ئارام و هێمن بۆ خوێندکاران بڕەخسێنن و بەجێی وەی گوشاریان بۆ بێنن کە لە بەشێکی تایبەتەوە، درێژە بە خوێندن بدەن، یارمەتیدەریان بن کە خۆیان بدۆزنەوە و توانایەکانیان بدەنە دەرەوە و لێیان خەفە مەکەن. هەر کام لەم لاوانە دەتوانن لە داهاتودا خوڵقێنەر بن و ئەگەر بە ڕۆح و هەستێکی ئازادەوە بەدوایی ویست و هاڵۆزیەکانی بیریان بچن، ئەمە دەتوانن زۆر شت دابهێنن و خزمەتی ئێوە و کۆمەڵگەشی پێبکەن، بەڵام بەزۆری منداڵەکانتان بکەن بە پزیشک و... هونەر نیە و تەواو بە تێکدانی ڕۆح و دەرونیان ئەژمار دەکرێت.
بەختەوەری و سەربەرزی بۆ هەمو لاوان و خوێندکارانی هێژا.


برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد