تاريخ: ۱۴۰۱ شنبه ۵ شهريور ساعت ۲۰:۳۶ بازدید: 1187      نظرات: 0      کد مطلب: 20213

سەید کامیل ئیمامی زەنبیلی ئەم شاعیرەی بەهاری کوردەواری لە شێعردا دەڕەنگێنێت


سەید کامیل ئیمامی زەنبیلی ناسراو بە ئاوات ساڵی ١٢٨٢ی هەتاوی / ١٩٠٣ی زایینی لە گوندی زەنبیل سەر بە شاری سەقز لە دایک بووە. ئەم شاعیرە کوڕی سەید عەبدولحەکیم زەنبیلە کە لە ڕێبەڕانی تەریقەتی نەقشبەندی و قادری لە ئەژمار دێت.

 

ئەم شاعیرە لە نێو خوێندەوار و فەقێدا پەروەردە بووە و لە لای مامۆستایانی ئایینی ناسراوی ناوچەکە وانەکانی خوێندووە.

ئیمامی زەنبیلی لەگەڵ زۆربەی شاعیر و ھونەرمەندی ئەو کاتە وەک سوارە ئیلخانی‌زادە، ھەژار، هێمن، عەباس حەقیقی و حەسەن زیرەک پەیوەندییەکی نزیکی بووە.

مامۆستا هەژار لەسەر شێعر و ئەدەبی سەید کامیل ئیمام زەنبیلی دەڵێت: " بە بیروڕای من هیچ بوێژێکی کورد وەک کاک کامیل ناتوانێ بەهاری کوردەواری وێنە بگرێ، سەیریش نییە؛ ئەو پیاوە هەموو تەمەنی لە لادێ و لە کوێستانی کوردستان ژیاوە و زەینی زۆر ڕوونە و هەرچی دەیبینێ دەتوانێ لە مێشکیدا بێ کەم و کەسری، عەنباری بکا و زۆر بە ئامان و زامان نیشانمانی بداتەوە."

دیوانی سەید کامیل ئیمام زەنبیلی(کامیل شا) بە ناوی شاری دڵ (دیوانی ئاوات) ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لەلایەن ئەحمەد مەولانی و سەلاحەددین ئاشتی پێداچوونەوەی بۆ کراوە و لەلایەن بڵاوکراوەی ئانا لە تاران چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

 

زۆر یەک لە شێعرەکانی سەید کامیل ئیمامی زەنبیلی لە لایەن هونەرمەندانی دەنگبێژ وەک مامۆستایان محەممەد ماملێ، ناسر ڕەزازی، سمایل ئاغای چۆگانی گووتراونەوە و مۆسیقای کوردیان دەوڵەمەندتر کردووە.

شایانی ئاماژەیە سەید کامیل ئیمامی زنبیلی لە ڕێکەوتی ٥ی خەرمانانی ١٣٦٨ی هەتاوی / ٢٧ی ئاگۆستی ١٩٨٩ی زایینی لە شاری سەقز کۆچی دوایی کردووە و تەرمەکەی لە خانەقای زەنبیل ئەسپاردەی خاک کراوە.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد