تاريخ: ۱۴۰۲ سه شنبه ۵ ارديبهشت ساعت ۱۹:۴۳ بازدید: 457      نظرات: 0      کد مطلب: 20972

كتێبخانەی كۆنگرێس، ڕووخساری شارستانی‌ و كەلتوری ئەمریكا


بە پێی هەواڵی هاژە، كتێبخانەی كۆنگرێس كۆنترین دامەزراوەی كەلتوری فیدراڵیی ئەمریكایە. تەمەنی ئەم كتێبخانەیە ٢٢٣ ساڵە‌ و لە ٢٤ی ئاپریلی ١٨٠٠ی زایینی لە مەڕاسیمێکی فەرمی لەلایەن "جۆن ئادەم" دووەمین سەرۆكی ئەمریكا كراوەتەوە.
سەرەتا ئەم كتێبخانەیە تایبەت بووە بە بواری توێژینەوە بۆ ئەندامانی كۆنگرێس بۆ ئەوەی لە بوارە یاساییەكانی ناوخۆ‌ و دەرەوەدا سوودی لێ وەر بگرن.
 
ئەم كتێبخانەیە لە واشنتۆن دی سی پایتەخت‌ و لەناو بارەگای كۆنگرێس دا هەڵکەوتووە کە تەلارێكی گەورە‌ و تایبەتی بەناوی تەلاری كاپیتۆڵا هەیە، ڕووبەری ئەم تەلارە ٣٩ هێكتار هەژمار دەکرێت کە لە سێ‌ بەشی ژێره‌وە پێكهاتووە:
بەشی یەكەم: بەشی تۆماس جیفرسۆن "سێهەمین سەرۆكی ئەمریكا"، ئەم بەشە ساڵی ١٨٧٩ كراوەتەوە‌ و بە كتێبخانەی سەرەكی كۆنگرێس دادەنرێت. لەسەر شێوازی تەلارسازیی سەردەمی ڕێنیسانسی ئیتالیا دروست كراوە.
بەشی دووەم: بەشی جۆن ئادەمز "دووەم سەرۆكی ئەمریكا"، ئەم بەشە لەلای باكووری تەلارە سەرەكییەكەوە هەڵکەوتووە کە لە ڕۆژی ١٢ی دێسامبری ١٩٣٩ كراوەتەوە.
 
بەشی سێهەم: بەشی جیمس مادسیۆن "چوارەمین سەرۆكی ئەمریكا"، ئەم بەشە لە دوو بەشەكەی تر نوێترە‌ و لە ساڵی ١٩٨١ كراوەتەوە.
كتێبخانەی كۆنگرێس، دوو جار سووتاوە، جاری یەكەم لە ڕۆژی ٢٤ی ئاگۆستی ١٨١۴ لەلایەن سپای داگیركەری بریتانیاوە سووتاوە. ساڵی ١٨١۵ تۆماس جیڤرسۆنی سێهەمین سەرۆكی ئەمریكا، كتێبخانە تایبەتەكەی خۆی پێشكەش بە كتێبخانەی كۆنگرێس كرد، كە ۶۴٨٧ كتێب بووە.
جاری دووەم لە ساڵی ١٨۵١ بەهۆی كێشەی لوولەكێشەكانییەوە سووتاوە، لە كۆی ۵۵ هەزار كتێب ٣۵ هەزار كتێبی سووتا‌ و ٢٠ هەزار كتێبی مایەوە.
دواتر کە بڕیاری دروست كردنی كتێبخانەی نیشتمانی درا، ساڵی ١٨٧٠ یاسای مافەكانی چاپ‌ و بڵاوكردنەوە لە لایەن كۆنگرێسەوە دەرچوو. بەپێی ئەو یاسایە، دەبوو ژمارەی سپاردن بۆ چاپكردنی هەر كتێبێک وەربگیرێت‌ و لە دوای چاپ كردنی كتێبەكە دوو نوسخە بەم كتێبخانەیە بدرێت.
ڕۆژی ١ی ئۆکتۆبەری ١٨٩٧ یەكەم كتێبخانەی گشتی بە ڕووی خوێنەراندا كرایەوە.
 
كتێبخانەی كۆنگرێس دەوڵەمەنترین كتێبخانەی جیهانە، درێژی ڕەفەكانی ٨۵۶ كلیۆمیترە، ١٧٠ میلیۆن بابەتی جۆراوجۆری تێدایە، لەوانە ٣٨ میلیۆن كتێب‌ و بابەتی چاپ كرا‌و بە ۴٧٠ زمانی جیاواز، ٧۵ میلیۆن بەڵگەنامە، زیاتر لە ١٢ میلیۆن وێنە، زیاتر لە ۵ میلیۆن نەخشە، نزیكەی ۵ میلیۆن‌ و ۵٠٠ كاسێت، ۶۵٠ فیلمی كۆن‌ و كلاسیک،  ۴٠٠ هەزار كتێبی عەرەبی‌ و چەندین بەڵگەنامە‌ و دەستنووس‌ و تابلۆی عەرەبی‌ و ئیسلامی.
لە ساڵی ٢٠٠٩ تا ئێستا كتێبخانەی كۆنگرێس بۆتە كتێبخانەیەكی دیجیتاڵی‌ و ئەلكترۆنیکی، لە هەموو شوێنێکی گۆی زەوییەوە، توێژەران‌ و ڕووناكبیران دەتوانن لەڕێی ئینتێەرنێتەوە سوود لەم كتێبخانەیە وەربگرن‌ و لە سەرچاوە بەنرخەكانی بەهرەمەند بن.
 
ساڵانە بڕی ٨٠٠ میلیۆن دۆلار وەک بودجە بۆ كتێبخانەی كۆنگریس خەرج دەكرێت، ٣ هەزار كارمەند لە بەشە جیا جیاكانی كتێبخانە خزمەت دەكەن.
ئەم كتێبخانەیە بۆتە ڕووخسارێكی كەلتوریی گەشتیاری‌ و ساڵانە سەدان هەزار كەس سەردانی دەكەن‌ و لەدیمەنە كەلتوری‌ و شارستانی‌ و كەلەپوورییەكەی ڕادەمێنن‌ و لە بەرهەمەکانی کەڵکی پێویست وەردەگرن.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد