تاريخ: ۱۴۰۲ چهارشنبه ۴ مرداد ساعت ۱۸:۵۳ بازدید: 718      نظرات: 0      کد مطلب: 21586
له لایه‌ن ئەنجومەنی ئەدەبیی دیالۆگی مەهاباد

کۆبوونەوەیەک لەسەر کتێبی "سەفەرەمیوان" لە نووسینی هاجەر هووشیار پێک هات


"ئەنجومەن ئەدەبیی دیالۆگی مەهاباد"  سی و پێنجەمین دانیشتنی مانگانەی خۆی بۆ  شڕۆڤەو لێکدانەوەی کتێبی" سەفەرە میوان" لە نووسینی هاجەر هووشیار  تەرخان کرد.
ئەو کۆڕە،  بەپێی ڕاگەیاندراوی پێشوو، بە بەشداری زۆربەی ئەندامانی کارا و بەڕێوبەرانی ئەنجومەن، ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ۱ی مانگی گەلاوێژی ۲۷۲۳ی کوردی بە ڕێوە چوو. جیاوازی ئەو کۆڕە،  دەگەڵ دانیشتنەکانی پێشوو، هاوڕێیەتی  دۆستانی هۆگر بە ئەدەبیات لە "دەستەی نووسەرانی گزینگ "ی بۆکان" و ئامادە بوونی نووسەر کتێبی بۆ شرۆڤە  (سەفەرەمیوان ) لە کۆڕی لیکدانەوەکە دابوو.
لەم دانیشتنەدا وێرای بەخێرهێنانی میوانانی ئازیز و بەشداربووان بەڕێوبەری کۆڕ"چرۆ پەرویزنیا" کۆنداکتۆری دانیشتنەکەی ئەمجارەیان پێشکەشی هۆگرانی کۆڕ کرد و هەروەها "عیشرەت موشفێق" وێرای بەخێر هێنان وتەکانی خۆیان ئاراستەی ئامادەبووان کرد، ئەو ئازیزانەی لە کۆبوونەوەی ئەمجارەمان وتار، لێکدانەوە یا خوێندنەوەیان ئاراستەی بەشداربووان کرد بریتی بوون:
۱. "گەلاوێژ بەیگ نیا" لە لێکدوانەکەی خۆیاندا ئاماژە بەم باسە دەکات کە چیرۆکەکانی سەفەرە میوان دیکتاتۆری مرۆڤ بەسەر سروشت و ئاژەڵەکاندا وەسف دەکەن، مرۆڤ یا دەبێ ڕەنگێکی تۆخ بێ لەنێو ڕەنگە گەشەکان، یا بە دڵنیایی خۆی لە شەپۆڵی ئاسایی بووندا نووقم بکات. بەڕێزیان لە بەشێکیتر باس لە هێما و نیشانەکان دەکا و دەڵێن هۆنەری هێما هێندە بەهێزە کە دەتوانی هەموو شتێک لە زەین و خەیاڵی مرۆڤ ڕا ڕاگوێزێتە نێو دونیای واقیع و بیاننەخشێنی لە ڕاستییەکاندا.
۲. "تروسکە بەرخانە" بە خوێندنەوەیەک لە ڕوانگەی گشتی بۆ کتێبەکە پێمان دەڵێ کە چیرۆکەکان ناوەرۆکێکی خەیاڵاوی و ئەدەبی، فەلسەفی، کۆمەڵایەتییان هەیە و پڕە لە وشەو وتاری جوان، ئەو کاتەی مرۆڤ لە کۆدا هیچ کۆتاییەک نادۆزێتەوەو و هەروەها لەوەدەچێ ئێمە لە بازنەیەکی بێ دەرئەنجام بەدەوری خۆماندا دەسووریێنەوە.
۳. "نیشتمان قادریان"بە ئاوڕدانەوەیەک لە کتێبی سەفەرە میوان ـی خاتوو هاجەر هووشیار چێژێکی تایبەتیان بە دانیشتنەکەی ئەمجارەمان دابوو.
٤. "فەوزیە یاهو" بە خوێندنەوەیەکی ناوەرۆکیانە، لەسەر ئەم باوەڕەن کە ئەم کتێبە بەگشتی هەڵگری تاقمێک ڕەخنەی کۆمەڵایەتییە کە نووسەر ئاراستەی کۆمەڵگای دەکاتەوە. 
٥. "عیشڕەت موشفێق"لە وتارێکدا، دوای باسێک لە سەر ئەدەبیاتی ژنان بە ڕوویکردی نێوان دەقی"جوولیا  کریستووا"، چیرۆکی"یادداشتە ڕۆژانەکانی گوڵدانێک"ی لە کتێبی (سەفەرە میوان) خستە بەر تیشکی خوێندنەوەیەکی فێمێنیستی.
٦."فەرەح پیران"خوێندنەوەیەکی کورتیان لەسەر هەر چوار چیرۆک ئاراستەی هۆگران کرد.
۷. "لەیلا بەهرام‌بەگی" وتارەکەی لە ژێر ناوی چوارپاژی سەفەرەمیواندا پێشکەش کرد ئەم وتارە کە لە دوو بەش پێک هاتبوو، بەشی هەوەڵی بەرچاوڕوونییەکی گشتی لەسەر کتێبەکە بوو. هەروەها پێشینەی فابل، حەقایەت و گێڕانەوە لە زمانی ئاژەڵان لە وڵاتانی دنیادا و بەرجەستەکردنەوەی چەند شاکاریکی ناوازە لەم بوارەدا بوو. بەشی دووهەم ڕەخنەکارییەکی فۆڕمالیستی لە سەر چیرۆکی"بەهەشتی کەڵەشێر" بوو، لە ڕوانگەی "ئێدگار ئالێن پۆ"وە. بەهرامبەگی چەند دانە لە توخمە سەرەکییەکانی چیرۆکی زەق کردەوە و ڕوانگەی پۆی بۆ نەبوونی ئیزافات لە چیرۆکدا هێنا بەر باس و خەسارناسیی بەش یا بەشە ناپێویستەکانی لەم چیرۆکەدا باس کرد. دەقی تەواوی ئەم وتارە لە فایلێکدا ئاراستە کراوە.
٨. "شازاد ڕیحانی" بەشداربوویێکی دیکەی ئەنجوومەن بە ڕەستە زێرینەکانی ناو کتێب لە دانیشتنی ئەمجارەماندا چالاکی خۆیان نواند.
۹. "مەنیرە فەیزە"خوێندنەوەی خۆیان لەسەر کتێبەکەو بە چیرۆکی بەهەشتی کەڵەشێر بەم چەشنە ئاراستە دەکا کە: ئەم چیرۆکە جەغز دەکاتە سەر نێوەکەی بە بیستنی بەهەشتی کەڵەشێر پرسیارمان بۆ ساز دەکا و هەوڵ دەدەین زوو پچینە سەر دەقەکە، لە ئەوەڵەوە تەعلیق ساز دەکات و دەنووسێ مریشکە ڕەشە خۆی ئەمباروبار دەکا و بە پڕتەو بۆڵە دەنگ هەڵدێنێ: نەخێر ئەگە هێشتیان تێر خەو بین... یا نەجاتیمان نایە.
۱۰. "مەلی قادری" بەم چەشنە لێدوانەکانی خۆی دەخاتە بازنەی ئاخافتن هەڵمێک هێمای نوتفەی مرۆڤ لە هیچەوە بەرەو دنیای بوون دەچێت و لە لێڵایی دنیای منداڵی بەرەو خۆناسی و مەعریفە و هەستی نەتەوایی دەچێت و سەرەڕای زانینی ئەوەی کە هەر سەرهەڵدانێک و هەر بەرەو ڕزگاری چوون و دەربازبوونێک  لە ئیسارەت، ئەگەری لە ناو چوونی هەیە بەڵام بە ڕێکاری یەکگرتوویی حەولی ڕێبرین دەدەن. بەوە دەگەنکە بوون لە یەکگرتوویی دایە، گەر وانە بێت شوێنکەوتەی تۆفانێکی کاتین.
۱۱. "کوبرا خالەندی"خوێندنەوەی خۆیان لەسەر چیرۆکی دڵۆپەکانی باران پێشکەشی هۆگرانی کۆڕەکە کرد.
۱۲. "عیسمەت ئیسماعیل زادە" خوێندنەوەی خۆیان لە مەر چیرۆکی نامەکانی سەگێکی بەڕەڵڵا بۆ خاوەنەکەی لە شارەوە ئاراستەی ئامادەبووانی کۆڕەکە کرد.
۱۳. "لەیلا عەبباسی تاهیر" لە لێکدانەوەی خۆیان باس لە چوار خاڵی گرینگی ڕۆمان بەپێی دابەشکردنەکانی باختین وەبیر دەهێنێتەوە: ۱. ڕۆمان نابێ شاعیرانە بێ، ۲. قارەمانی ڕۆمان تایبەتمەندی تێکەڵاوی چاکی و خراپی هەیە، بەڵام لێرە خوێنەر هەر چاکی دەبینێ ۳. قارەمانی چیرۆک کەسایەتی دارێژراوی بێ ئاڵ و گۆڕی نییە ٤. ڕۆمان لە سەدەی هاوچەرخ دا ڕووی لە حەماسەی لە دوونیای قەدیم  وەردەگێڕی، واتە تایبەتمەندی سەرەکی ڕۆمان دوابینی و بەرپرسیارییە.
۱٤. "چرۆ پەرویزنیا" بە وتارێک لە ژێر سەردێڕی خوێندنەوەی کۆمەڵناسی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، پرسی ژنان لە کۆمەڵگادا لەگۆشە نیگای تایبەتەوە، ئەو کتێبەی خستە بەر تیشکی ڕەخنەو هەڵسەنگاندن.
مریەم قازی چیرۆکنووسی نەمر لە بارەی چیرۆکەوە دەفەرمێ: ژیان گردووکۆیەکە لە رووداوەکان کە ئێمەی مرۆڤ بە تەواوی هەستیان پێدەکەین و لە پاشان لەوانەیە پێمان خۆشبێ سەرلەنوێ بیان نووسینەوە، لە راستیدا هەر لە کۆنەوە، هەر لەورۆژەوە کە مرۆڤ لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان دەستی کرد بە وێنەکێشانەوە ،خەریکی گێڕانەوە بوو .... تا ئێستا بەرە بە بەرە و زمان بە زمان و شێواز بە شێواز  ئەم رەوتە درێژەی هەبووە و بە هەزاران چیرۆکی هەرمان نوسراونەتەوە و وەلای سەرەوەی چینی پەرتووک خانەکان کەوتوون، واتە نووسەری بەتوانا توانیویانە لەبابەتە ئاساییەکان رۆمان و چیرۆکی سەرنجڕاکێش و بە چێژ داڕێژنەوە ، وەک ئەوەی کە خەریکە لەودیوی واقعەکانی دەوروبەری سەرقاڵی ئەزموون کردنی بابەتێکی نوێیە. کەوابوو هەموو نووسەرێکی چیرۆک دەبێ بزانێ نووسەر کێیە و نووسراوەی هەرمان کامەیە؟
سەرەتا با بزانین کاتێک نووسەر دەیەوێ چیرۆکێک بخوڵقێنی چی بە دەستەوەیە؟ واقعەیەکی زەینی یان غەیری زەینی ، پێنووسێک و چەن لاپەڕەیەک و.... بەڵام  کاری ئەستەم لێرەوە دەس پێدەکا کە بیهەوێ دۆزراوە زەینییەکانی خۆی راگوێزێتە سەر لاپەڕەکان. جیاوازییەکەش ئەلێرە ساز دەبێ واتە لەسەر بابەتێکی دیاریکراو چەندین چیرۆک دەنووسرێ تاقمێکییان هەرمان و ئەبەدی دەبن بەڵام تاقمێکیان سەرناکەون و وەلادەندرێن.... و لێرەشە کە دەردەکەوێ کێ نووسەرە و کێ نووسەر نیە یان بە زمانێکی دیکە کامییان چیرۆکە و کامییان چیرۆک نیە؟؟؟
بەشێکیتری ئەم دانیشتنە خاتوو "هاجەر هووشیار" وێرای سپاس و دەربەرینی سۆز و خۆشەویستی بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی دیالۆگ، لەسەر هێندی خاڵی گرینگ سەبارەت بە کتێبەکەو تایبەتمندییەکانی چیرۆک لەگەڵ بەشداربووان کەوتنە دیالۆگ و ئاخافتن و بە پرسیار و وڵام لەنێوان ئامادەبووانی کۆڕ چێژێکی تایبەتیان بە دانیشتەکە بەخشی. 
ئێنجا بۆ حەسانەوەی و زاخاوی مێشکی  هۆگرانی ئەدەب و هونەر، خاتوو"کیمیا ڕەسووڵپوور" ژەنیاری لاو چەند پارچە مۆسیقای بە ئامێری تار پێشکەش کرد و  چەند خۆڵەکێک  میوانداری  هاوڕێیانی کۆڕەکە بوو و بە هۆنەری پەنجە نەخشینەکانی فەزایەکی پڕ لە هەست و جوانی بۆ کۆر پێک هێنا. 
وەکوو پاژی ئاخری دانیشتنە کە لە لایان ئەندامانی "ئەنجومەن ئەدەبیی دیالۆگی مەهاباد" ڕێز گیرا لە خاتوونی چیرۆکنووس "هاجەر هووشیار" و هاوڕێیانی وتاربێژی لە کۆبوونەوەکە و هەر وەها ژەنیاری خۆشەویستمان خاتوو "کیمیا ڕەسوولپوور".
جێ خۆیەتی هەر لێرەوە سپاس و ڕێزی تایبەتیمان هەبێت لە«دەستەی نووسەرانی گزینگ لە بۆکان» کە لەم بانگهێشتنەدا لەگەڵمان هاوڕاو هاودەنگ بوون و "بەڕێوبەرانی ئەنجومەن ئەدەبیی موکریانی مەهاباد" کە بە هاتنیان شکۆیەکی تایبەتیان بە دانیشتنەکەی ئێمەدابوو، سپاسی بێبرانەوەش بۆ سەرجەم ئەندامانی «ئەنجوومەن ئەدەبیی دیالۆگی مەهاباد» بە تایبەت خاتوونانی"ژووری دیالۆگ" هەموو هۆگرانی ئەدەبیات.
بۆ زانیاری دۆستان و هۆگرانی ئەدەبیات بە تایبەتی لە بەشی کتێب و خوێندنەوە ڕادەگەیەنین بژاردەی مانگی داهاتووی ئەنجوومەنی دیالۆگ کتێبی«خشم و هیاهو لە ویلیام فاکنێر بە وەرگێڕانی سالێح حوسێنی»یە. هیوای سەرساغی و سڵامەتی بۆ هەموو لایەک، دەخوازین کۆڕ و کۆبوونەوەی لەم چەشنە لە نێوان ئێمەدا زیاتر پەڕە بستێنێ و خاتوونانی چالاکی کۆمەڵگا، شیلگێرانەتر هەنگاو بەرەو زانست و زانیاری هەڵبێنینەوە بژین و بمێنن.
«لێژنەی بەڕێوبەرایەتی ئەنجومەن ئەدەبیی دیالۆگی مەهاباد»



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد