تاريخ: ۱۴۰۲ چهارشنبه ۲۲ شهريور ساعت ۱۰:۲۳ بازدید: 1125      نظرات: 1      کد مطلب: 21847

لە کرماشانەوە چاوم لە «تا زرێبار و دێڕێک» بوو

ئاکۆ جەلیلیان


وێڕای دەستخۆشی و ماندوونەبوون لە کارگێڕان، زەحمەتکێشان و بەڕێوەبەرانی هەنینی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریوان، بەتایبەت کومێتەی شێعرەکەی، بۆ بەڕێوەبردنی دووهەمین کۆڕەشێعری ساڵانەی کـوردی  «تا زرێبار و دێڕێک»

دان بەوەدا دەنێم که لە شێعر و مژاری شێعردا، بەتەواوەتی کۆڵم و لە شێعردا هیچ نازانم. بۆیه ناپەرمم لەسەر شێعر و دەقی خوێندراوەی بەشداربووانی ئەم کۆڕه جوانە دێڕێک بنووسم یان گلەییی ئەوەم ببێت کە فڵانەکەس و فیسارەکەس بۆ بانگهێشتی کۆڕەکە نەبوونە، کەچی سوور دەزانم لێژنەی هەڵبژاردن و پەسەندکردنی کۆڕەشێعرەکە، بە پەرۆشەوە پێداچوونەوەیان لەسەر بەرهەمەکان هەبووه و بێ‌لایەنانە پێوەی چوونە.

سەرەڕای ئەوەی کە بۆ بەڕێوەچوون و دابینکردنی شوێن و جێگەی مێوانەکان لەم کاتە تایبەتەی مەریواندا ئەستەم بووە، بۆ پێڕاگەیشتنی شیاوی مێوانانی کۆڕەکە، بەڕێوەبەران و ئەندامانی چالاکی ئەنجومەن و دڵسۆزانی ئەدەبی کوردی لە مەریوان بەگشتی کەوتوونەتە هەوڵ‌ و تێکۆشانەوە تا مێوانەکان بە بیرەوەریی خۆشترەوە لە ئێستاوە تا زرێبار و دێڕێکی تر چەوەڕێی شێعر و مەریوان بمێننەوە، کە جێی پێزانینی چەند ئەوەندەیه؛ ئەوەی کە هەست و قەناعەتی من بێت "تا زڕێبار و دێڕێک" بەرەبەره خەریکە دەبێتە شوناس و ناسنامەی پڕبەپێست بۆ شاری «مەریوانی هەمیشە پێشەنگ»مان بەتایبەتی و بۆ کوردستان بەگشتی. وەک چۆن ئەم ڕەنگامەیییەی شێعری کوردیمان، لەم دوو کۆڕەی تا زرێبار و دێڕێکدا بینیمان.

بێگومان بەڕێوەبردنی کۆڕەشێعرێکی ئاوا لەم دوو ساڵەدا، کە هەڵگری هەموو زاراوە و بنزارەکانی زمانی کوردی بێت، بەبێ هاودڵی و دڵفراوانیی مەریوانییەکان و بەرپرسی فەرهەنگ و ئیرشادی ئەو شارە و هاوکارەکانی لەگەڵ ئەنجومەنەکەی گشتماندا نەبوایە، ئەوپەڕی مەحاڵ و نەکراوە بوو، بەڵام مەریوان و مەریوانی، لەم قۆناخەشدا ڕووگەش و ڕووسپی دەرچوون تا شاری ڕێکخراوە مەدەنییەکان هەروا چالاک بمێنێتەوە و ببێتە سەرچەشنێک بۆ شارەکانی دیکەمان.

هەرچەند بەختی ئەوەم پێ نەبڕا کە بۆ جارێکی تریش سەردانی مەریوان بکەم و بەشداری کۆڕەشێعرەکەمان بم، بەڵام بە ڕۆح لە مەریوان بووم و دڵم دراوسێی دڵی هاوڕێیان و شێعر تا زرێبار و دێڕێک بوو و لە کرماشانەوە چاوم لێتان بوو.

ئەوەی که لە ڕاگەیاندراوەکان و کورتەفیلمەکاندا بینیم، دیار بوو کە پەنێلەکان بەجوانی و ڕێکوپێکی تەرخان کرابوون و هەر پەنێلێک بەناوی شاعیرێکی ناوداری نیشتمانەکەمانەوە ڕازێندرابووەوە کە بۆ خۆی جێی پێزانین بوو، تاکوو هەڵبەستڤانان هەست بەوە بکەن کە پێزان و درێژە پێدەری ڕێگەیەکن که بەرەی بەر لەوان خۆشی کردووە و ئەوان بەرە و نەوەی ئەوانن و دەیسپێرنە داهاتووان.

بابەتێ دیکە کە زۆر بە دڵم بوو و بوو به هۆی بزواندنی هەستی بێخەوشی هەموان؛ بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی دوو کەسایەتیی کۆچکردووی ئەدەبی کوردی (مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕیس و نەمر عەباس چەمچەماڵی) و هەروەها مێژوونووسی گەورەی کورد نەمر (دوکتۆر ئەفراسیاو هەورامی) و دەستخۆشی و ڕێزگرتن لە سەرجەمی بەشداربوان و کارگێڕانی کۆڕەشێعرەییەکە بوو.

وتەکانی سەرەتایی کۆڕەکە لەلایەن هاوڕێم عەتا وەلەدی یەک لە پێشکەشکارانی کۆڕەکەوە، لەسەر گرینگی‌پێدان بە مژاری شێعر و پێوەندیی بە ڕۆحی کوردەوارییەوە کە پێشکەشی کرد، بێوێنە بوو، پەیامی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریوان که لە لایەنی ئەندامی لێژنەی کومێتەی شێعر و شاعیری ناسراو عەزیز ناسرییەوە پێشکەش کرا بەڕێ و بەجێ بوو، هەر وەک پەیامەکەی ساڵی پێشوو جێی تێڕامان بوو، هەروەها بەخێرهاتنی مێوانان لەلایەنی هونەرمەندی شانۆکار و بەرپرسی ئیدارەی ئێرشادی مەریوان، مایەی دڵخۆشی بوو و هیوادارم وێنەیان بۆ خزمەتی ڕاستەقینە بە فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی زۆر بێت. داخم من وەک تاکێکی کورد لە کرماشانی ئێلیناسیوونکراوی هێشتا هەر کورد، ڕۆژێک وێنا دەکەم کە بەرپرسی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئێرەش هەوڵ بۆ بەڕێوەبردنی کۆڕەشێعرێک، جەژنوارەیەک، فیستیڤاڵێک بدات و خۆی یان نوێنەری بێتە سەر سێن و بەم شێوەیه بەخێرهاتنی مێوانانی بکات!

داخەکەم بۆ کرماشان و ئەو هەموو تەگەرە و بەربەسته 

چەند بابەتی جوان و لەپێشدا تەرخانکراوی دیکە هەبوو کە ئەم کۆڕەشێعرەی پڕبایەختر کردبوو و بەکورتی ئاماژەیان پێ دەدەم:

نووسینی دیالێکتەکان لە لوڕییەوە بۆ سۆرانی بەپێچەوانەی کۆڕی یەکەم لە پووستێر و ڕاگەیاندنەکانی کۆڕدا، دەبێ وەک گرنگیدانێکی بێ‌جیاوازی و کوردانە بۆ ئەم سەرمایە زمانییانەی نەتەوەکەمان سەیری بکەین.

- وەک ڕێزدانانێک بۆ بەشداربووانی نەهاتوو بۆ کۆڕەکە، خوێندنەوەی ناویان وێڕای پێشەکیی پێشوازی، هێشتنەوەی کورسییەکەی و لە کوتاییشدا بەخشینی سپاسنامه و دیاریی ئەنجومەن.

- ڕەخنەی پێشکەشکارەکەی دیکەی کۆڕەکە کاک ئەیووب حەقبین، لەو ژنە شاعێرانەی کە جێی داخە بە زمانێکی تری جگە لە کوردی بانگی منداڵەکانیان کردبوو، ڕەخنە و داچڵەکاندنێکی کوردانەی بەجێگە و شیاو بوو بۆ دەربازبوون لە خۆبەکەم‌زانین و بڕوای ڕاستەقینە هێنان بە خۆمان.

- هەڵبژاردنی چوار کەسایەتیی چالاک لە چوار دیالێکتی زمانی کوردی بۆ تەمەنێ خزمەتیان بە زمانی کوردی، بە تایبەت کچە چالاکی کوردی قووچانی؛ گولی شادکام.

- سپاسنامەی تایبەتی تەمەنێ خزمەتی مامۆستایانی کـورد «هەڵۆ» و «لەکەمیر» کە درایە دەستی دوو شاعیری ناودار و خۆشناومان (بەڕێزان عەزیز ناسری و ئارەش ئەفزەڵی) کە ڕادەستیان بکەن، هەڵگری پەیامێک جوان بوو.

- ڕازاندنەوەی ناوی پەنێلەکان بەناوی هەڵبەستڤانانی گەورەی کورد و دەسپێکی هەمان پەنێل بە دیالکتێکی دیکەوە وەک ڕۆحێکی یەکپارچەیی و نەتەوەیی.

- خوێندنەوەی دێڕێک یان چەند دێڕ لەو هەڵبەستڤانانە که پەنێلەکە بەناویەوە ناو نرابوو بۆ ئاشنایەتیی دانیشتوان و مێوانان لەگەڵ شێوازی دیالێکت و نووسینی ئەو هەڵبەستڤانە.

- بەرچاوگرتنی هەڵبەست و دەقی کوردانی پەراوێزکەوتوو و گرینگی‌پێدان و پێشوازیی شیاو لەلایەنی لێژنەی کومێتەی شێعری ئەنجومەنەوە.

- لەبەرچاوگرتنی پانتاییی گەورەتر و ڕەنگامەتر بوونەوەی کۆڕەکە لەچاوی کۆڕی پێشوو.

- لە هەمووی گرنگتر، دەسپێکی زۆرینەی پەنێلەکان بوو بە شێعری هەڵبەستڤانانی ژنەوە وەک ڕێزگرتنێک لە ئەدەبی ژنانی کورد.

لەکوتاییشدا وەک پێشنیارێک و وەک وەبیرهێنانەوەیەک عەرز دەکەم کە ناوەڕۆک و کاکڵەی بەڕێوەبردنی ئاوەها کۆڕەشێعرانێک و جەژنواره و ... ناساندنی قەڵەمی نوێ و بیچم و بیری نوێیه تا بکەونە بەردیدەی بەردەنگ و خۆیان تێدا تاقی بکەنەوە، هەرچەندە کە ئەمساڵ ئێمه لەگەڵ چەند بیچم و بیری نوێ و تازەلاودا ئاشنا بووین و چووزەی هومێد لە دڵماندا گەشایەوە، هەروەها ئەگەر دەروەست و دەرەتانی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریوان هەیه ڕێگە خۆش بکرێت کە لە باکوور و باشوور و ڕۆژاوایشەوە بەشداریی کۆڕەشێعری تا زڕێبار و دێڕێک بکرێت، تەنانەت گەر هەر ناردنی دەقە شێعرییەکانیش بووبێت، هەرچەندیش کە شاعێرەکان خۆیان وەک تاکیش لە کۆڕەکەدا ئەگەری بەشداریشیان بۆ نەلوێ.



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

محێدین ئەمجەدی. ڕووانسەر ۱۴۰۲/۷/۲۴
ئەمنیش سپاس و ڕێز و پێزانینی خۆم ئاراستەی ئەو هەموو چالاکی و زەحمەت و ماندووبوونەی ئێوە دەکەم. بە ڕاستی ماندوو بوون لە پێناو فەرهەنگ و کەلتوور و ئەدەب و وێژەی کوردیدا، خەباتێکی ئێجگار گەورەی فەرهەنگییە و ئێمە لەسەر خۆمان فەرزی دەزانین دەست خۆشی و سپاس و ماڵ ئاوایی خۆمان ئاراستەی ئێوە بکەین. بە ڕاستی بە ڕێوەچوونی ئاوەها جەشنوارە و فیستیواڵێک دەتوانیت بۆ گەنجان و لاوان و تازەپێگەیشتووانی ئێمە ڕێ نیشاندەر بێت. دەزانین بەڕێوەبردنی ئاوها کۆڕێک چەندە زەحمەتە و چەندە پێویستی بە خۆبەخشین و ماندووبوون هەیە. ئێمەش سپاسی ئێوە دەکەین و دەستی ماندووتان دەگوشین.
سپاستان دەکەم. هەروەها سوپاس و ڕێزی خۆم ئاراستەی بابەتە جوانەکەی مامۆستا ئاکۆ جەلیلیان دەکەم.

مامۆستا ئاکۆ جەلیلیان بە ئەو پەڕی خۆنەویستی و تەوازوعەوە بابەتەکەی نووسیبوو کە جێگەی سپاسە. هەروەها سپاس بۆ مامۆستا ئاکۆ جەلیلیان و ئەو هەموو چالاکی و خەباتە فەرهەنگییە کە ساڵەهای ساڵە نواندوویەو بووەتە سەنگەرێک بۆ پاراستنی زمان و ئەدەبی کوردی. بە هیواین ساڵەهای ساڵ بە سەلامەتی و سەربەرزی پارێزەری وشە و ئەدەبی کوردی بن.

نظر خود را براي ما ارسال كنيد