تاريخ: ۱۴۰۲ شنبه ۸ مهر ساعت ۲۲:۸ بازدید: 961      نظرات: 0      کد مطلب: 21916

کۆڕی ڕێزلێنان لە هونەرمەندێکی مەهابادی بەڕێوە چوو


ئەمڕۆ، شەممە، ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەر، کۆڕێکی ڕێزلێنان بۆ جەعفەر ڕەشادەت، خۆشنووس، ژەنیاری مۆسیقا، ئاهەنگساز و شاعیری مەهابادی بە ئامادەبوونی کەسایەتییە فەرهەنگی و ئەدەبییەکان، لە لایەن ئەنجومەنی خۆشنووسیی مەهاباد لە هۆڵی فەرهەنگ بەڕێوە چوو.

 

لەم ڕێوڕەسمەدا، جەعفەر ڕەشادەت، وێڕای بەخێرهاتنی میوانان و سپاس لە بەڕێوەبەران، گوتی: فەرهەنگ و هونەری کوردی جێی ئەوەیە خزمەتێکی زۆرتر و چڕتری پێ بکرێ، بایخدان بە هونەری کوردی ئەرکێکی سەر شانی هەمووانە.

 

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند: زۆر کەس لە ژیانی مندا کاریگەریان هەبووە، بەڵام ئەوەی بەرچاو بێ و هاندەری من بووبن، مامۆستاکانی من لە قوتابخانە بوون، هەروەها پزیشکەکان کە لەکاتی برینداربوونم زۆریان فیداکاری کرد و هاوژینی من لە مەودای تەمەن و کار فەرهەنگی و هونەری و ... پاڵپشتی من بووە.

 

ئازاد مەحموودی، بەرپرسی ئەنجومەنی خۆشنووسانی مەهاباد لەم کۆڕەدا گوتی: کاک جەعفەری ڕەشادەت، هونەرمەندێکی خامەڕەنگین و لێهاتوویە و لە خۆشنووسانی مەهابادە کە بڕوانامەی فەوقی مومتازی وەرگرتووە. تەواوی کارەکانی ناوبراو لە خۆشنووسیدا بەخۆشحاڵییەوە کوردین و خەتی ئەو، خەتێکی پوخت و ڕێکوپێکە.

 

حاجی عەزیز یۆسفی، ئەندامی ئەنجومەنی خۆشنووسانی مەهاباد لە ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە جەعفەر ڕەشادەت گوتی: کاک جەعفەر، هونەرمەندێکی بەئەخلاق و کارامە و کارزانە و لە کاری خۆشنووسی و مۆسیقا و شێعردا، وەک کەسێکی مامۆستا چاوی لێ دەکرێت.

 

ئەحمەد ئیسلامی، هونەرمەندی دەنگخۆش، لەبارەی، هونەری مۆسیقایی جەعفەر ڕەشادەت گوتی: سەرەڕای لێزانی و کارامەیی ئەو کەسە لە بواری مۆسیقا و هونەرگەلێکی دیکە، ناوبراو کەسێکی بەئەخلاق و ئەدیبە کە لە چەند کاردا، ئەرکی ئاهەنگسازیی لەسەر شان بووە.

 

جەعفەر ڕەشادەت، ساڵی ١٣۴٣ی کۆچیی هەتاوی لە گەڕەکی باغی سیسەی شاری مەهاباد لەدایک بووە. ساڵی ۵٩، بەهۆی تەقینەوەی خۆمپارە، توانای ڕۆیشتن بەپێی لەدەست داوە. لە دەیەی شێستی هەتاوی دەستی کردووە بە کاری هونەری و بووەتە یەکێک لە خۆشنووسان و ژەنیارانی بەتوانای ناوچە. هەروەها ناوبراو شاعیرە و لە ساڵانی شێست، ئەندامی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەهاباد بووە.





برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد