تاريخ: ۱۴۰۲ يکشنبه ۲۲ بهمن ساعت ۱۳:۶ بازدید: 1721      نظرات: 1      کد مطلب: 22641

یەکەم بەرهەمی «قادر نیازی» شاعیری مەهابادی چاپ و بڵاو کرایەوە


بە پێی هەواڵی هاژه، یەکەم کتێبی شێعری قادر نیازی، شاعیر و نووسەری مەهابادی لە ژێر ناوی سەرەکی «لێرە زەوی بەرابەرم» و نێوی لاوەکی «ئانتڕاکتی ئۆستوورە» کە دەخۆگری سێ شێعری درێژە، لە لایەن بڵاوگەی «گوتار» هاتە نێو ماڵی کتێبی کوردییەوە.

لەم کتێبەدا حەول دراوە ئەزموونێکیتر لە زمان بێتە بەر چاو. لە بری پێشەکی، دە پاشکۆ و پشت بەرگی کتێبەکەدا هاتووە: «زمان، کردەی نێوانگری نادیاری و دەرکەوتووییە. واتا زمان، ڕۆنانی بوونێتییە لە حاند نەبوونێتیدا. زمان ئیمکانە نەک مومکین. شێعر، بەر لەوەی ڕوودان دە زماندا بێ، مومکین کردنی ئیمکانەکانی زمانە. شێعر ڕووداوە بە واتای زاڵبوونی کردەی نمادین بە سەر دۆخی واقعدا. بە واتای پڕبوونەوەی ئەو بۆشاییەی کە ئاگایی تێیدا هەست بە هێمنایەتی ئانتۆلۆژیک دەکا و هەڵپەسێردراوە. مەودای نێوان بوون و نەبوون، سەلبییەتە. شێعر درێخ کردنی سەلبییەتە لە زمان. شێعر، کاتمەند کردنی زمانە. زمان هەمان کۆناتووسە و چەشنێک بە بوون کردنی بوونێتی. شێعر بوونێتییە. درێژەی پڕۆسەی بوون. لەو سووچەوە شێعر، تەرخان کراوێتییە بە کات و دژبەرایەتییە لە گەڵ بێ کاتێیەتی زمان. بەو پێیە، نەبوون، نەک سەلبییەتی بوون کە قۆرغ کردنی ئیمکانەکانی زمانە و شاردنەوەی لە مومکین بوون. زمان، ستاندنەوەی بێ شوێن کاتییە لە بوون. زمان نەک ئیمکانی بوون کە مومکین کردنی بوونە».

ئەم کتێبە لەو شوێنانە دەست دەکەوێ: سەقز، بڵاوگەی گوتار _ مەهاباد، شەقامی ئوستاد مەجدی، ناوەندی کتێبی مانگ _ مەهاباد، پەنا دارووخانەی مووسا زادە، کتێبفرۆشی گزینگ _ مەهاباد، چوارڕێیانی ئازادی، سەرتر لە مزگەوتی هەباس ئاغا، کتێبفرۆشی مێهرەگان _ مەهاباد، چوار ڕێیانی ئازادی، کتێبفرۆشی ئاگۆرا.

شاعیر داوا لە پسپۆڕانی بواری شێعر و زمان و ئەدەبیات دەکا بە بێ ڕەچاوکردنی هیچ چەشنە خۆبواردنێکی زانستی و ئەدەبی و پسپۆڕانە و ئەخلاقی، ئەم بەرهەمەی بکەوێتە ژێر ڕەخنە و تێبینی و خوێندنەوە.

قادر نیازی لەدایک‌بووی ساڵی ٥٨ لە مەهابادە و جگە لەم بەرهەمە چەند بەرهەمی‌تری ئامادەیە کە تا ئێستا هەلی لە چاپ‌دانیان بۆ نەڕەخساوە. پێشتر زۆر بەرهەمی قادر نیازی لەچەندین گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕدا چاپ و بڵاو کراونەوە.



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

آرام بایزیدی ۱۴۰۲/۱۱/۲۲
ده ست خوشیت لی ده کم به راستی جگای ریزی.

نظر خود را براي ما ارسال كنيد