تاريخ: ۱۴۰۲ جمعه ۱۸ اسفند ساعت ۲۲:۱۶ بازدید: 795      نظرات: 1      کد مطلب: 22728

کاری وا هەیە یەک بە هەزارە وەکوو تیشکی خۆر ترووسکەدارە

سەلاحەددین ئاشتی


نامهەوێ "پرسنامە" بنووسم، دەمهەوێ "شانازی‌نامە"یەک تۆمار بکەم بۆ شادڕەوان کاکە برایمی بەشارەت، نەوەی ئاغامەجیدی ساوجبڵاغی، کە هەتاهەتایە لە مێژووی "موغبەرەی شاعیران"ی موکریان (مەهاباد)دا بدرەوشێتەوە.
   پاش نێژرانی مامۆستا هێمن بەتەنیا لەو باسک و بەندەنەی نێو قەبران، ئێمەمانان هەمیشە لە بیری ئەوەدا بووین جێگاکە پارێزراو بێ و کەسانی هەڵکەوتە و جێ‌پەنجە دیاری نیشتمان لەوێ ئەسپاردەی خاک بکرێن. زۆرمان سەر هێناوبرد و واژۆمان کۆکردەوە و ئێروئەوێ چووین، بەڵام لەبەر نەبوونی تێفکرینێکی ورد و باریک، ئەو کاتە دەسەڵاتی خۆجێیی چەتی تێخست.
   وا هات ئاخروئۆخری ساڵی ١٣٧٣/ ١٩٩٥، کۆبوونەوەیەک کرا لە نووسینگەی پارێزەری خۆشەویست و خۆشناو کاک قادری ئەحمەدی و ئەو لاباسکەی نێو قەبران لەلایەن کاک سەعید و کاک عەبدوڵڵای حەسەنزادەوە وەقف کرا.
ڕۆژی ٣٠/ ١٠/ ١٣٧٣، باوەڕپێکراوان و بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بریتی بوون لە بەڕێزان:
١. حاجی مامۆستا مەلا ڕەشیدی قەرەنی‌زادە
٢. محەممەدسەعیدخانی هومایوون
٣. میرزا عەبدوڵڵای شەرەفکەندی (برای مامۆستا هەژار)
٤. سەید حەسەنی کولیجی
٥. قادر ئەحمەدی
٦. محەممەدسەعیدی حەسەنزادە
٧. عەبدوڵڵا حەسەنزادە
٨. سەلاحەددین ئاشتی
  چەند ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەکە و بڕانەوەی پرسی ڕەزامەندی، لە عەکاسخانەی کاک خالیدی ئەمینی (کوردفووکا)، تووشی کاک برایمی بەشارەت بووم. لە گەرمەی قسان‌دا باسی موغبەرەی شاعیران کرا و گوتم: دەمانهەوێ هەر نەبێ جارێ خەندەکێکی بە دەوری‌دا بکێشین تا پارێزراو بێ. پێوەین بانگاوازێک بڵاو بکەینەوە و پووڵ کۆکەینەوە! خوابەخشیو کاک برایم پرسی: باشە ئەو خەندەک لێدانە چەندی دەوێ؟
گوتم: وەک دەڵێن پازدە‌بیست هەزار تمەنێکی دەوێ. ئەویش زۆر پیاوانە بیست‌هەزاری بۆ بژاردم و فەرمووی: ئەمن ئەوەم لە دەست دێ، فەرموون بڕۆن بیکەن.
   ئەم هەڵوێست و پیاوەتییەی لە دڵم‌دا بوو بە گوڵێکی نەمر، کە دای لە بەرۆکی دایکی نیشتمان.
بەندەش وەک وەرگێڕکەی بەردەستی دەستەی باوەڕپێکراوان لەڕێوە ڕووم لە بەڕێز موهەندیس مەقسوودی مەقسوودی، ناسراو بە موهەندیس لەند نا هەتا بێ و کرۆکیی شوێنەکە دیاری بکا و ئەویش ئازایانە هەم ئەو کارەی کرد و هەم دواتر تۆپۆگرافیی جێگاکەشی هەڵگرتەوە هەتا ڕێزدار موهەندیس سمایلی ڕۆستەمی نەخشەی بۆ بکێشێتەوە.(تێبینی: ئەو ڕێزدارانە بابەتی کارەکانیان هیچیان وەرنەگرت و بەشی خۆیان تێهاویشت.)
   بەو بڕە پووڵەی کاکە برایم دابووی خەندەکێکی قووڵمان بە دەوری شوێنەکەدا لێدا، کە دووهەزار میترێک دەبوو، یانی زۆر زیاتر لەوەی سازکراوە...
‌  ئەو شوێنەی ئێستا کراوەتە جێگایەکی تاقانەی کوردستان و دڵ پێی دەگەشێتەوە، تێچووی یەکەمی، بە زیادەوە لە سایەی بەخشینی کاکە برایمەوە دابین کراوە و نابێ لە بیر بچێتەوە.
  ڕۆژی ١٧/ ١٢/ ١٤٠٢، کاک برایم لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد. هیوادارم گیانی شاد بێ و خۆی و بنەماڵەی بەناوبانگی ئەم میداڵە درەوشاوەشیان لێ پیرۆز بێ.


برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

soroushebrahimii ۱۴۰۲/۱۲/۲۰
رۆحی شاد بێت ،یادی هه‌ڕمان🖤

نظر خود را براي ما ارسال كنيد