تاريخ: ۱۴۰۳ جمعه ۲۴ فروردين ساعت ۲۰:۳۱ بازدید: 702      نظرات: 0      کد مطلب: 22878
بە بۆنەی 23ـی خاکەلێوە و 32هەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی خاڵەمین

خاڵە‌مین؛ شاعیری بیرمەند و ڕووناکبیری سەر بە قوتابخانەی "ئایینی_نەتەوەیی"

دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان؛ زمانناس و توێژەر و مامۆستای زانستگای ئازادی ئیسلامیی مەهاباد


زۆر لەمێژە تێکڕای ئێمە، بەردەنگانی تامەزرۆی شێعر و وێژە و کەلتوور و کەلەپووری کوردی، لە لاپەڕەکانی ئەو کتێب و پەڕتووکانەی وا باس لە مێژووی وێژەی سەردەمی کوردستان و بەتایبەت موکریان دەکەن، خوێندوومانەتەوە و بیستوومانە کە خاڵەمین هاوڕێ لەگەڵ سەید کامیل و حەقیقی و نووری و هێدی و هەژار و هێمن، هەرکام کۆڵەکەیەکی پتوون و خۆڕاگری وێژە و ئەدەبی سەردەمی موکریان و ڕۆژهەڵات لە ئەژمار دێن و لە گەشە و نەشە و پەرەی ئەدەبی بەرەنگاری و خۆڕاگری و ڕابوون و هەروەها شێعری بەرگریی هاوچاخی موکریان و ڕۆژهەڵات‌، هەر کام لەم شاعیرە مەزن و خاوەن‌شکۆیانە شوێن پەنجە و شەقڵی شوێنداریان دیار و بەرچاوە. باس لە مێژووی وێژە و شێعری سەردەمی موکریان و ڕۆژهەڵات و تەنانەت کوردستان، بە بێ یادەوەری و بیرەوەری و ناوهێنانی هەرکام  لەم شاعیر و هۆنەر و بوێژە گەورە و خاوەن‌‌شکۆیانە و باسکردنی شێعر و بەرهەم و ئاسەواری داهێنەرانەیان، نەتەنیا کەلەبەر و بۆشاییەکی گەورە و حاشاهەڵنەگری تێدەکەوێ، بەڵکوو لەباری شێوازناسیی لێکۆڵینەوی وێژییەوە، بە تێکۆشانێکی داکشاو و داشکاو و بێ‌بنەما و ئەستێور دەژمێردرێ.
شێعر و  بەرهەمی وێژەیی ئەو شاعیرانە، کە بە بەرەی دووهەمی شاعیرانی موکریان دەناسرێن، لایەنی هاوبەشیشیان هەیە و لایەنی جیاوازیش. لایەنی هاوبەشی شێعر و ئاسەواری ئەدەبیی ئەو شاعیرانە، دارماڵ‌بوونی شێعرەکانیانە لە بیری نەتەوەخوازی و هزری بەرگری و ئەندێشەی ڕابوون و خۆڕاگریی کوردانە و نیشتمانی و نەتەوەیی. هەروەها هەڵوێستی ئینسان‌تەوەر و ئینسان‌دۆستانە و ئازادیخوازانە و هەست و سۆزی یەکسانیخوازانەی مرۆڤدۆستانە و ئۆمانیستی، وەک بڕبڕەی پشتی کۆئەندامی شێعری بەرەی دووهەمی شاعیرانی موکریان وێنا و پێناسە دەکرێ  و بۆی هەیە بڵێین ڕایەڵ و پۆی داهێنانی وێژەیی و جوانیناسانەی هۆنراوەی ئەو هۆنەرانە بە ئاووگڵی ئینسان‌باوەڕی و مرۆڤدۆستی لێکدراوە و گیراوەتەوە و گۆش کراوە.
ئەوەی هەر ئێستا زۆر بەکورتی ئاماژەی پێکرا لایەنی هاوبەشی شێعری ئەو شاعیرانە بوو لە بابەت ناوەرۆک و کاکڵ و ناوئاخنەوە. لە بابەت توێکڵ و فۆڕم و ڕواڵەتیشەوە، شێعری ئەم شاعیرانە دارماڵە لە وشە و زاراوەی پاراو و ڕەسەن و پەتیی کوردی و پێکهاتەی ساغ و سەلیمی سێنتاکسیی کوردی و هەروەها پێکهاتەی گونجاو و شیاو و ڕێک و پێکی مۆڕفۆلۆژیکیی کوردی و ئینجا دارماڵ‌بوونی بەرهەم و ئاسەوار و هۆنراوەی ئەم هۆنەرە مەزن و خاوەن‌شکۆیانە لە دیاردەی گرێدراوی و تێکچندراویی تەکووز و هونەری و بێ‌تەک و لۆی هاوکاتی بار و بواری زمانزانی و زمانناسی و جوانیناسی.
بەڵام شێعری هەر کام لەو شاعیرانەش، لە بەراوەرد لەگەڵ شاعیرانی تری هاوچاخ و هاوبەرەی خۆی، خاڵی جیاوازی تێدا وێنا دەکرێ و چەشنێک سەربەخۆیی شێواز و ستایلی تێدا دەبیندرێ. بۆ وێنە هۆنراوەی هەژار، جیا لە شێعری تەرز و بەرزی "بەرەو موکریان" و چەند نموونە شێعری بەپێز و بەهێزی دی، لایەنی دروشم‌ئامێز و شێعاروێنەی ڕامیارییان بە خەستی تێدا بەرچاوە؛ هەڵبەت نابێ ئەو ڕاستییەش لەبیر بکەین کە بە هۆی زمانزانی و زمانناسیی بێ‌وێنەی مامۆستا هەژار، لەو شێعرانەش‌دا کە تایبەتمەندی و لایەنی دروشم‌ئامێزیان تێدا بەرچاوە، زۆر شێعری وا دەدۆزینەوە کە هاوکات لایەنی شێعرییەت و ئەدەبییەتیشیان زۆر بەهێزە؛ تایبەتمەندییەکی حاشاهەڵنەگری تری هۆنراوەی هەژار لە تێکڕای شێعرەکانی‌دا، دەروەست بوونی تۆخ و خەست بە بنەماکانی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و ڕۆحی نەتەوەیی و هەروەها خاوەنداریەتیی ‌هەڵوێستی پاکژی نیشتمانی و نەتەوەیییە، کە بە چڕ و پڕی لە سەرجەم ئاسەواری وێژەیی هەژاردا ڕەنگی داوەتەوە. هەژار هەروەها مێعمار و ئەندازیاری بێ‌وێنە و بێ‌ڕکابەری کۆشکی زمانی کوردییە و ئەو تایبەتمەندییە لە تێکڕای شێعرەکان و بەرهەمە وێژەییەکانی‌دا بە چڕ و پڕی ڕەنگی داوەتەوە. شێعری هێمن، چەشنێکی تایبەت لە سروشتگەرایی چڕ و پڕ و تەکووزی تێدا دەبیندرێ کە لەگەڵ بیری کوردانە و نیشتمان‌پەروەرانە و نەتەوەخوازانە، زۆر پسپۆڕانە و جوانیناسانە و لێزانانە و وەستایانە و مامۆستایانە پێکەوە شەتەک دروان و هەروەها بیرۆکەی ڕووناکبیرانە و ئازادیخوازانەش بەچڕ و پڕی لە شێعری هێمن‌دا ڕەنگی داوەتەوە. بەرگری لە مافی مرۆڤ و مافی ژن و پێداگریی شێلگیرانە بۆ بەرگری لە مافی ڕەوای ئینسانەکان، لە هەر چین و توێژ و ئایین و نەتەوەییەک، کاکڵ و ناوئاخنی زۆربەی هەرە زۆری شێعری هێمنی مەزنە.
شێعری نووری، هۆنراوەیەکە لە نێوان شێعری هەژار و هێمن‌دا و تایبەتمەندیی شێعری هەر دوو شاعیری تێدا دەدۆزرێتەوە، بەڵام پتر بەلای شێعری هەژاردا دەشکێتەوە. نووری لە وشەناسی و لەکارهێنانی موفڕەداتی زمانی کوردی و هەروەها لە زاراوەناسیی زمانی کوردی دا و لەکارهێنانی وەستایانە و لێزانانەی ئەم وشە و زاراوانەدا میعمارێکی زمانزان و زمانپاراو و پسپۆڕ و کەم‌هاوتایە.
شێعری هێدی، لە ناسک‌خەیاڵی و بیرۆکەی ئەوینداری و سرووشتگەرایی‌دا، پتر وەک شێعری هێمن دەچێ، بەڵام ماک و ڕەگەزی تاکخوازی و ئەزموونی تاڵی شکست‌خواردووی تاکیی، پتر لە شێعری هەمووی شاعیرانی ئەوبەرەیەی تێدا بەرچاوە. شێعری هێدی لە باری " شێعرییەت" و "ئەدەبییەت" و جەوهەری شێعرییەوە و هەروەها لە بواری "لواوی وشیاویی مووسیقایی و هاڕمۆنیک و غینایی"ـیەوە، شان بە شانی شێعری هێمن(داهێنەرترین و شارەزاترین شاعیری بەرەی دووهەمی شاعیرانی موکریان)، بەرەو لووتکەی شێعری ڕەسەن و جوانیناسانە و داهێنەرانە دەئاژوێ.
لە شێعری سەید کامیل‌دا، باس و خواسی ئەوین و خۆشەویستی و دڵداری و سۆفیگەری و سروشت‌گەرایی، سەرکەوتووانە پێکەوە لکێندراوە.
شێعری حەقیقی، لە زۆر بار و بوارانەوە وەک شێعری سەید کامیل دەچێ، بەڵام لە لایەک وشە و ڕێکەوەند و زاراوەی فارسی و عەڕەبی زۆر بە خەستی تێدا بەکارهاتووە و لە لایەکی دیکەشەوە بابەتی سۆفییەتی و عیرفانی زۆر کەم تێدا دەبیندرێ. هەروەها بیری نەتەوەخوازی و گەل‌ویستی لە شێعرەکانی حەقیقی‌دا، لە بەراوەرد لەگەڵ شاعیرانی تری هاوبەرەی خۆی و لەناو ئەوانیش دا سەید کامیل، کەمتر ڕەنگی‌داوەتەوە. بەڵام خاڵی بەهێزی شێعری حەقیقی دوو تایبەتمەندیی"سروشت‌گەرایی" و "لواوی و شیاویی مووسیقایی و هاڕمۆنیک و غینایی"ـیە کە بۆتە هۆی ئەوە کە شێعری حەقیقی لە لایەن زۆرێک لە گۆرانی‌بێژان و هونەرمەندانی دەنگخۆش و مووسیقی‌زان، وەک گۆرانی بخوێندرێتەوە. هەڵبەت لەو بار و بوارە دا، شێعری هیچ‌کام لە شاعیرانی ڕۆژهەڵات ناگەنە شێعری وەفایی(لە بەرەی هەوەڵی شاعیرانی موکریان) و هەروەها شێعری هێمن (لە بەرەی دووهەمی شاعیرانی موکریان). هەڵبەت شێعری سەید کامیل‌ـیش لایەنی مووسیقایی و هاڕمۆنیک و غینایی زۆر بەهێزە و ئەو لواوی و شیاوییە مووسیقاییە لە هۆنراوەی ئەویش‌دا بە ڕوونی هەست‌ پێ‌دەکرێ.
بەڵام خاڵی جیاواز و هەرە بەرچاوی شێعری خاڵەمین(1289ـی هەتاوی_1371ـی هەتاوی)، لە بەراورد لەگەڵ تێکڕای ئەو شاعیرانەی هاوچاخ و هاوبەرە و هاوئاقاری خۆی کە خاڵی هاوبەشی نێوان شێعر و هۆنراوەکانیان‌ هەرئێستا و بەکورتی باسی لێکرا، ڕەنگدانەوەی زۆر وەستایانە و مامۆستایانە و بڕوادارانە و بیرمەندانە و هۆزانوانانە و جوانیناسانە و سرووشتیی دیاردەی تێکچندراوی بیر و هزر و فەلسەفەی هاوقۆڵ و زۆر قووڵ و گەلێک ماقووڵی "ئایینی_نەتەوەیی"ـیە لە تێکڕای شێعر و هۆنراوەکانی‌دا.
بەڵام پرسیاری سەرەکی لەو پێوەندییەدا ئەوەیە کە ئاخۆ خاڵەمین ئەو بیرۆکەیە و ئەو فەلسەفە پێشڕەو و تێکچندراوە "ئایینی_نەتەوەیی"ـیەی لە کوێ و لە کێ فێر بووە کە ئاوا بە تۆخی و بە شێلگیری و ئەویندارانە و ئۆگرانە و بێ‌پسانەوە و بێ‌وچان و ماندوویی‌نەناسانە، ئەو ڕچە و ڕێبازەی داگرت و هاوکات لە هەڵس و کەوتی ژیانی ڕۆژانەی‌دا و لە هەڵوێستی شاعیرانە و جوانیناسانەی‌دا ، تا کۆتایی ژیانی پێی دەروەست و وەفادار مایەوە؟
بۆ وڵام‌دانەوە بەو پرسیارە نزیک بە یەک سەدە دەگەڕێینەوە دوایە و ئەو کات و ساتە لە مێژووی موکریان وەبیر دێنینەوە کە زانای بلیمەت و بیرمەندی هەڵکەوتە و ڕووناکبیری خاوەن قوتابخانەی بیری پێشڕەوی"ئایینی_نەتەوەیی"، عەللامە مەلا محەممەدی قزڵجی(1275ـی هەتاوی،مەهاباد_1338ـی هەتاوی،بەغدا)، لە ساڵی 1300ـی هەتاوی وەک سەرنووسەر و بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی "ڕۆژی کورد" لە لایەن سمایل‌ئاغا سمکۆ دیاری کرا و بە ئەوپەڕی خەمخۆری و پەیجۆری و مشوورخۆری و لێهاتوویی و بوێری و بەرپرسیاریەتی، تا کۆتایی مەودای بڕست و بڕشتی ئەو بزاڤە نەتەوەییە و تا سەردەمی نسکۆهێنانی شۆڕشە مەزنەکەی سمکۆ، چوار ژمارە لەو ڕۆژنامە مێژووخوڵقێن و بەوەج و مەزن و پڕناوەرۆکەی نووسی و بڵاوی کردەوە و ناو و ناوبانگی خۆی وەک باوکی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە مێژووی ڕۆژنامەگەری و ڕووناکبیریی ڕۆژهەڵات و لە مێژووی کورددا بۆ هەتاهەتایە تۆمار کرد. لە ڕاستی‌دا عەللامە مەلا محەمەدی قزڵجی هاوکات بنیاتنەر و دامەزرێنەری 2 دیاردەی لەڕادەبەدەر پیرۆز و مەزن و شکۆدار و شوێن‌دانەر و بێ‌میناک بووە لە مێژووی کوردستانی ڕۆژهەڵات‌دا:1.دامەزرێنەر و بنیاتنەری ڕۆژنامەگەریی کوردی بووە لە ڕۆژهەڵات بە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی "ڕۆژی کورد"، وەک هەوەڵ ڕۆژنامەی کوردی لە مێژووی کوردستانی ڕۆژهەڵات، کە هاوکات سەرنووسەر و بەڕێوەبەری ڕۆژنامەکەش بووە و هەر ئەم هەڵکەوت و ڕێکەوت و دەسکەوتە مەزن و شکۆدارە بۆتە هۆی ئەوەی وا ناسناوی باوکی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ڕۆژهەڵات بە باڵای واڵا و تەرز و بەرزی عەللامە مەلا محەممەدی قزڵجی ببڕدرێ؛ 2. دامەزرێنەر و بنیاتنەری قوتابخانەی بیریارانەی ڕووناکبیریی ئایینی بووە لە ڕۆژهەڵات و هەر ئەوەش بۆتە هۆی ناوزەدکردنی ئەو بیرمەندە بە "باوکی قوتابخانەی ڕووناکبیریی ئایینی لە ڕۆژهەڵات".
ڕێک ڕێک دوابەدوای نسکۆهێنانی شۆڕشە مەزنەکەی سمکۆی خاوەن‌شکۆ و کۆتایی پێ‌هێنانی چالاکیی ڕۆژنامەوانی عەللامە مەلا محەممەد قزڵجی، عەللامە قزڵجی ئەوجار لە مزگەوتی حاجی سەید بایەزیدی سابڵاغی ئەو کاتی دەست‌دەکا بە پەروەردەکردنی فەقێیان و قوتابییانی تامەزرۆی بیری پێشکەوتنخوازانە و پێشڕەوی "ئایینی_نەتەوەیی" لە حوجرەکانی ئەو مزگەوتە و لە مەدرەسەی ناسرییەی سەر بەو مزگەوتەدا. یەکێک لەو فەقێ و قوتابییە تامەزرۆ و خودان مرخ و لێهاتوویی و خاوەند بیر و بڕوایانە، سەید محەممەد ئەمین بەرزەنجی ناسراو بەخاڵەمین دەبێ. خاڵەمین هاوکات لە خزمەت عەللامە مەلا محەممەد قزڵجی و براچکۆلەی عەللامە قزڵجی، واتە عەللامە مەلا ئەحمەد تورجانی‌زادە(1280ـی هەتاوی، مەهاباد_1359ـی هەتاوی، تەورێز) وانەی  زانستەکانی عەقڵی و نەقڵی و فەلسەفە و کەلام و تێئۆلۆژی و ڕووناکبیری و...دەخوێنی و بیری تیژی بە فەلسەفە و بیری پێشکەوتنخوازانەی قوتابخانەی فیکری نوێباوی سەردەم واتە قوتابخانەی ڕووناکبیریی "ئایینی_نەتەوەیی" زاخاو دەدا و لە زەریای زانست و توانست و بیر و ئەندێشە و مۆڕاڵی ئەو دوو زانا و بیرمەندە بلیمەتە، ئەوەندەی بۆی دەلوێ، بە پێوانەی مرخ و لێهاتوویی و تامەزرۆیی خۆی هەڵیدێنجێ و خۆی تەیار دەکات بە زانست و بیری نوێباوی سەردەم.
خاڵەمین لە چەندین وتووێژی جیاجیادا جەختی کردووە لەسەر ئەو بابەتە و بەڕاشکاوی دەریبڕیوه کە لە قوتابخانە و زانستگای بیریارانە و پێشکەوتنخوازانەی ئەو دوو برا بیرمەند و فەیلەسووفە، هاوکات دوو وانەی بایەخداری بێ‌میناک فێربووم، کە ژیان و مان و بیر و هزر و ڕوانگە و دونیابینیی منی پێ گۆڕدرا و لەسەر تێکڕای بەرهەمی شێعریشم‌دا شوێندانەریی جەوهەری و هەناوەکی و هەرمانی هەبوو: 1. تەوحید و تاکپەرەستی و دووری کردن لە هەرچی هێمای شیرک و خوڕافات و دووڕوویی و خەڵک‌چەوساندنەوەیە بە ناوی دین و دینداری؛ 2.کوردایەتی، کوردخۆشەویستی، نیشتمان‌دۆستی، نەتەوەپەروری و خزمەت بە کورد و کوردستان و زمانی کوردی.
دیارە لەو کات‌وساتە هەستیارە مێژووییەدا کە خاڵەمین قوتابی و فەقێی عەللامە قزڵجی و عەللامە مەلا ئەحمەد تورجانی‌زادە دەبێ، چەندین ڕفیقە فەقێی دەبن کە دەکرێ بڵێین خاڵەمین لە بیر و بۆچوونی پێشکەوتنخوازانەی ئەو دوو هاوڕێ و ڕفیقەفەقێیانەش شوێنی تایبەت و تەواوی وەرگرتووە: عەللامە مەلا هادی ئەفخەم‌زادە و مامۆستا مەلا سەید محەممەدی حەمیدی( ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری پێشەنگ و بیرمەند)؛ کە هەردووکیان لە ڕووناکبیرانی ئایینیی هەرەناسراو و شوێندانەری سەردەمی ڕۆژهەڵات لە ئەژمار دێن.
دوابەدوای ئەو ماوەیە، عەللامە مەلا محەممەدی قزڵجی لە ئاکامی کۆمەڵە چالاکییە ڕامیاری و ڕۆژنامەوانی و ڕووناکبیرییەکانی ناچار پەڕیوەی گەرمێن و باشووری کوردستان دەبێ و لەوێ‌ڕا بەرەو وڵاتی میسر و زانستگای نێوبەدەرەوە و نێونەتەوەیی ئەلئەزهەر کۆچ‌دەکا و لە وڵاتی میسر دەگیرسێتەوە و دوای وەرگرتنی "الشهادة العالمیه"، واتە "شەهادەی جیهانی"، کە باڵاترین و مەزنترین و گرینگترین شەهادەی زانستی دینیی ئەوکاتی دونیای ئیسلام لە ئەژمار دەهات، دەگەڕێتەوە بەغدا و تا کۆتایی ژیانی لە زانستگای بەغدا و زانستگای نائیلە خاتوون و زانستگای شەریعەت و لە مزگەوتی گەورەی ئەعزەمییە، سەرقاڵی وانەگوتنەوەی زانستەکانی عەقڵی و نەقڵی و فەلسەفە و مەنتیق و حیکمەت و کەلام و تئێۆلۆژی و ڕیازییاتی عالی و هەیئەت و....دەبێ و لە تێکڕای وڵاتانی ئیسلامی قوتابییانی تامەزرۆ و خاوەن‌مرخ دێنە خزمەتی و لە خزمەتی‌دا چۆک دادەدەن. لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش قوتابییان و فەقێیانی ڕووناکبیر و بلیمەت و هەڵکەوتوو وەک : مامۆستا عەلائەددین سەججادی و عەللامە مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان و مامۆستا مەلا هادی ئەفخەم‌زادە(بۆ جاری دووهەم و ئەوجار لە بەغدا)، خۆ دەگەیێننە بارەگای زانستی و ڕووناکبیری و بیرمەندیی ئەو فەیلەسووفە گەورە و مەزنەی کورد. هەر لەو کاتەش دا مامۆستایانێکی وەک: شوکور موستەفا(نووسەر و کوردیزانی هەڵکەوتە و وەرگێڕی بلیمەتی کورد) و پڕۆفیسۆر موحسین عەبدولحەمید(بیرمەند و ئیسلامناسی هەرەناوداری کوردی کەرکووکی) لە خزمەت عەللامە قزڵجی‌دا ماوەیەکی زۆر سەرقاڵی خوێندن و فەقێیەتی و خۆپێ‌گەیاندن دەبن. جیا لەوانە زۆر کەسایەتیی هەرە ناوداری جیهانی عەڕەب وەک: پڕۆفسیۆر تاها جابیر ئەلعەلوانی، بیرمەندی هەرەناوداری جیهانی ئیسلام، لە خزمەت عەللامە قزڵجی‌دا سەرقاڵی فەقێیەتی و خۆپێ‌گەیاندن بوون. دیارە زۆر کەسایەتیی ڕۆشنبیر و زانای سەردەچووی تریش، پێشووتر و هەر ئەو ماوەیەی عەللامە قزڵجی لە مەهاباد بووە، قوتابی ئەو بیرمەندە گەورە بوون وەک: مامۆستای زانا و توانا و خاوەن‌ڕا، مامۆستا مەلا محەممەد خزری شنۆیی کە ئەو کەسایەتییە و سێ‌کەسایەتیی دی که پێشووتر ناوبران، واتە: مامۆستا مەلا هادی ئەفخەم‌زادە و عەللامە مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان و مامۆستا مەلا سەید محەممەدی حەمیدی، هەر هەموویان جیا لەوەی لە فەقێیان و قوتابییانی هەڵکەوتەی عەللامە قزڵجی بوون، هەروەها هەموویان لە دۆستان و هاوبیران و هاوڕێیانی نزیکی خاڵەمین لە ئەژمار دێن کە لە باری بیر و ئەندێشە و هزر و جیهانبینی و دونیابینیشەوە هەموویان سەر بە قوتابخانەی بیری پێشکەوتنخوازانەی"ئایینی _نەتەوەیی"بوون؛ بەو جیاوازییەی کە خاڵەمین هەر ئەو جۆڕەی خۆی ئاماژەی پێ دەکا بە هۆی تێک‌چوونی هاوکاتی باری تەندروستی و باری ئابووریی ژیانی، نەیتوانی ئەو جۆرەی پێویستە لە زەریای زانست و ئەندێشەی ئەو دوو زانا و بیرمەند و فەیلەسووفە واتە عەللامە قزڵجی و عەللامە مەلا ئەحمەدی تورجانی زادە(مامۆستای هەڵکەوتە و بلیمەت و هەڵبژاردەی زانستگای تەورێز)، کەڵک و چێژ و بەهرەی شیاو وەرگرێ. ناسناو و پێشناوی"فەیلەسووف"، ئەو ناسناو و پێشناوە بوو وا خاڵەمین لە ئاخافتن و لێدوان و وتووێژەکانی دا بەردەوام بۆ ئەو دوو برا هەڵکەوتەیە و بۆ ئەو دوو مامۆستا مەزنەی خۆی بەکاری دەهێنا. هەرچەند خاڵەمین نەیتوانی تا دواقۆناغەکانی خوێندنی مەلایەتی درێژە بە خوێندنەکەی بدا و نەبوو بە مەلای دوازدە عیلم، بەڵام لە باری خوێندەواری و ئاگاداری و سەردەرچوویی و شارەزایی لە زانستە عەقڵی و نەقڵییەکان و خوێندەواریی باوی ئایینیی ناو حوجرەکان، لە تێکڕای هۆنەرانی ناسراو بە بەرەی دووهەمی شاعیرانی موکریان، زاناتر و شارەزاتر و لێزان‌تر بووە، چون سەرجەم شاعیرانی هاوبەرەی خۆی تا قۆناغی میرزایەتی و تا نێوقەدی ڕێگا و ڕێچکەی فەقێیەتی، لە حوجرەکان دەرسیان خوێندووە، هەربۆیە بۆ نموونە کەسایەتییەکی وەک "نووری"، بە میرزا محەممەدی نووری ناسراوە؛ دیارە ئەوانی تریش هەر لەو ئاستە و لەو موستەوایە لە خوێندەواریی باوی فەقێیەتی و مەلایەتی دابوون، بەڵام خاڵەمین تا نزیک دواقۆناغەکانی ئەو ڕێچکە و ڕێبازەی داگرتووە و تەنانەت لە بەراوەرد لەگەڵ زۆرێک لە خوێندکاران و دەرچووانی حوجرەکانی ئێستای ڕۆژهەڵات، سەردەرچووتر بووە و گەلێکیش ڕووناکبیرتر بووە. خاڵەمین لە نێوان ئەو هاوبیر و هاوفیکرانەی وا ئاماژەیان پێکرا و هەر هەموویان قوتابیی و فەقێی عەللامە قزڵجی بوون، لەگەڵ دوو کەسایەتی پتر لەوانی‌دی پێوەندی هەبوو: عەللامە مەلا هادی ئەفخەم‌زادە و عەللامە مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان؛ لەگەڵ هەردووکیشیان گەلێک نامە‌گۆڕینەوە و شێعرگۆڕینەوەیان هەبووە، کە بەشێک لەو نامانە لە کتێبی دووبەرگیی"فراتر از زمان"دا چاپ و بڵاو بوونەتەوە.
خاڵەمین لە تێکڕای شێعرەکانی‌دا وەفادار و دەروەست بووە بەم بیر و هزر و فەلسەفە و گوتارە "ئایینی_نەتەوەیی"ـیەی
وا ئاماژەمان پێکرد، تەنانەت لە بەشی حەمدییە و مەدحییە و موناجات و گازە و پاڕانەوەکانی دیوانەکەشی‌دا ئەم ئەندێشە پێشڕەو و تێکچندراوە"دوو_گوتاری‌"ـیەی خۆی لەبیر نەکردووە، هەر بۆیە لە بەشی حەمدییە و موناجات و پاڕانەوانەکانی‌دا و لە کۆپلەیەک لەژێر سەر- ناوی:"خوداناسی[ـی‌ کوردانە]"، دوای ئەوەی تاقمی "خوانەویستوو"[=ملحد/لائیک] سەرکۆنە دەکا و بە توندی وەبەر ڕەخنەیان دەدا و بە "کەڕ" و "کوێر" و "لەڕێ‌دەرچوو" و "نەبیستوو"ـیان پێناسەدەکا، ئەوجار دڵسۆزانە و بەرپرسیارانە، بە زمان و ڕاوێژێکی ژیربێژانە و ژیریارانە و بیریارانە دەیاندوێنێ و ئاوا ئێژێ:
شتێکە و گیان لەبەریە، خوانەویستوو
کەڕ و کوێر و لەڕێ‌دەرچوو، نەبیستوو
دەبینێ ئەو هەموو دەزگای گەڕندە
زەوی و عاسمان و ڕۆیندە و پەڕندە
دەبینێ ڕۆژ بە تاشا سواری شەو بوو
شەو ئاوس بوو، سبەینێ کاتی زەو بوو
لەساڵا دوازده جاران مردنی مانگ
وەگیان هێنانەوە و لاوچاکی شەش‌دانگ
گوڵ و بولبول، پەپووله و شەم‌شەوانە
لە عاسمان دیتی سووڕی حەوتەوانە
هەزاران کاری سەرسووڕێنەری دی
نەدی و، ئەو کاروبارەی سەرسەری دی!
دەڵێ گشتی لەخۆوە هەڵقولیوە!
پڵاو و گۆشتی من بۆ خۆی کوڵیوە!
برا پێویستە زانا و هەڵقوڵێنێ
یەکێک ئاوری وەبەرکا و بیکوڵێنێ
ئەمن بۆ تۆمە، تۆ بۆ کێتە کاکە؟
بەخوا بەقسەم بکەی ئەوڕۆکە چاکە
سبەی بۆت نادرێ بڕیاری "وێتوو"
له حاندی ئایەتی "لما یحیطو"
ئەتۆ پێت وایە سەرداری جیهانی؟
لە عەرز و عاسمان تەرخان و خانی؟
دەبێ خوا بێتە لات و بتدوێنێ؟
بڕێک میوەی بەهەشتت بۆ بهێنێ؟
تکات لێ بکا کە بڕوای پێ بهێنی؟
بەخێرا خۆت ئەتۆش جا بیدوێنی؟
ئەتۆ چی؟ پیسی، بێ‌هێزی، نەخۆشی
بەدوو قوم ئاو و نانێک خۆفرۆشی!
لەژێر فەرمانی تۆی نێ کاروباری؟
دڵی تۆش چی نەویست بڕواتە کاری؟
ئەتۆ ئاوێکی شلوێ و بۆگەنیو بووی
لەدایکیشت کە بووی نادی‌وبدی بووی
دڵ و گوێ و چاو و بیر و هۆشی پێدای
لە نێو گش خەڵکی خۆیدا ڕێزی لێنای
ئەوێستاکەش لەجیاتی بەرمنەت بی،
دەبێ بوا خۆنەناس و چەوت و چەت بی؟
دەزانی چی؟ بە مێشێکی نەوەستای
کە وەستای تێگەیشتی کێی، نەوەستای
پەنام  هێنا  لە ترسی  تۆ  خودایە
لە ئەو  بێ‌باوەڕەی  لاسار  و  لایە
لەبەر تاوانی زۆرم، مات و سەرشۆڕ
وەخۆمان ناگرێ گۆڕیچە، گا گۆڕ
لە زۆری کاری بەد ئاکاری بەدفەڕ
سەری مووانم هەموو لێ بوونە نەشتەر
دەپارێزین بە تۆ خۆمان خودایە
کە ڕەدمم ناکەوێ ئەو بیر و ڕایە
ئەوێستاش هەر بە خۆتە چارەسازی 
لە گش بوون و نەبوونێ بێ‌نیازی
دڵم بۆ بەقسەکردنی خۆتی هان‌دەی
هەزار جار بووردی، ئەوجاریشی قان دەی...
ئەمجار خاڵەمین، لێرەدا و لەم چەند دێڕانەی دوایی ئەم شێعرە‌ی‌دا، وەک شاعێرێکی دەروەست بە گوتاری"ئایینی_نەتەوەیی"، ئاوا بۆ گەلی کورد دەپاڕێتەوە و لەخودای خۆی داوا دەکا بە هانای کوردانەوە بێ و مافی ڕەوایان پێ ڕەوا بدێرێ و گرێ و گرفنچکی ئیشی تێکهاڵاو و لێکهاڵاوی کوردان بکاتەوە و لەو دۆخە چەواشەیەی وا تێدا ماونەتەوە، ڕزگاریان کا:
....ئەوی ئیسلامە یاخوا سەر وەتۆ بی
پەنا و پشتی گەلی کورد هەر ئەتۆ بی
ئەتۆمان  ئافەرینی  ئافەریدەی
لەڕێی پێغەمبەرا مافێکە بیدەی
دەزانی ئێمە کورد و بەش‌بڕاوین
لەچوار پێنج قۆڵەوە دابەش کراوین
یەکێ کەڵ دەم، ئەوانی دیکە بۆم دێن
بەتەنیام و ئەوانی دیکە لە کوێن؟
ئەگەر دەس دەینە دەستی یەک بەجارێ
بەزەی خۆاشن بەسەردا دادەبارێ
دەهانام بێی خودای گەورە و گرانم
هەتا کەنگێ لە ڕێزەی  نۆکەرانم
ئەمەش وەک خەڵکی دی با سەربەخۆ بین
هەموو ئەستۆکەچی فەرمانی تۆ بین
لە کۆتایی‌دا و بۆ "جوان-ئاکامی"(=حسن ختام)، پێکەوە شێعری " بۆ کێلی گۆڕەکەم" و هەروەها سێ‌ کۆپلە شێعری کورت لە شێعره تەرز و بەرزەکانی خاڵەمین دەخوێنینەوە. هەر وەک  دەبینین خاڵەمین لە شێعری "بۆ کێلی گۆڕەکەم"دا گەلێک وەستایانە و شارەزایانە و بەچەشنێکی سروشتی  بیری کوردایەتی و نیشتمان‌پەروەری و نەتەوەخوازی لەگەڵ بیری ئیسلامەتی و بڕواداری و ئیمانداری پێکەوە شەتەک دەدا و لەیەکتریان گرێ‌دەدا و تکا لە خودای کارساز و کاربەجێ دەکا کە کورد لە دیلی و بێ‌بەشی ڕزگار کات و بەش و  مافی خۆی پێ ڕەوا بدێرێ. خاڵەمین ئەو شێعرە "بۆ کێلی گۆڕەکەی" دەنووسێ، بەڵام بەداخەوە دوای کۆچی دوایی خاڵەمین، بەقسەی ناکرێ و لەسەر کێلی سەر گۆڕەکەی نانووسرێ و ئەویش ڕێک وەک گەلە بێ‌بەش و  مافخوراوەکەی، بەش و مافی ڕەوای لە مەڕ نووسینی ئەم شێعرەی خۆی لەسەر کێلی گۆڕەکەی، لێ زەوت دەکرێ و پێی ڕەوا نابینن. لە شێعری "بۆ کێلی گۆڕەکەم"دا، خاڵەمین ئاوا دەڵێ:
دەزانی خاوەنی ئەو گۆڕە کێیە؟
کەوا بۆ فاتیحایەک چاوەڕێیە؟
برای خۆتان و کورد و "خاڵەمین"ـم
ئەگەرچی ڕووسیام، ئیسلامە دینم
مناڵی، پیاوی، پیریم دیت و مردم
دەبا هەرچێکی نەیکەم بۆچی کردم
لە هەر لایە خودا هیوام بڕاوە
بە غەیری تۆ پەنایێکم نەماوە
ئەمن کوردێکی دیل و دابەشی تۆم
تکای من بۆ گەلە نەک هەر بەشی خۆم
خاڵەمین لەو 3 کۆپلەشێعرە کورتانەی خوارەوەش‌دا، بە بیرگە و ڕوانگەیەکی "ئایینی_نەتەوەیی"ـی ڕەسەن، هاوکات هەم دەبێتە داشداری ئیسلامی ڕاستەقینە و ڕووناکبیرانە و بێ‌فڕوفێڵ و دوور لە خوڕافات و بەری له دووکان‌دانان بەناوی دین و هەم، بە ڕەخنەگرتنی تۆخ و توند لە داشداران و دواکەوتووانی "لێنین"، وەک هێمای بیری چەپی دژبەری نەتەوەخوازی، دەبێتە دژ و نەیاری بیری چەپی نەتەوی و دژی نەتەوەخوازیی ڕاستەقینه. پێکەوە ئەو 3 کۆپلەشێعرە کورتە پڕلەڕاسپاردە و بەرپرسیارانەی خاڵەمین دەخوێنینەوە:
1)کۆپلەی یەکەم:
فیدای پێغەمبەر و ئیسلام و قۆڕئان
چ ڕێ‌وشوێنێکە سادە و سووک و هاسان
خوداناسە و نەترسە بێجگە لە خودا
لەبەر خوا گیانلەبەر ناکا هەراسان
2)کۆپلەی دووهەم:
ئەمن ئیسلامی قوڕئانیم مەبەستە
بەدینە، ژیرە، ڕووناکە، بەهەستە
نە دووکانداری بەدفەڕ، گورکی سەرمەڕ
لەخوێنی میللەتی پاراوە، مەستە
3)کۆپلەی سێهەم:
ئەگەر تۆ عاقڵێکی ڕاستەقینی
دەبێ بۆ بچییە سەر بڕوای "لێنین"ـی
"لێنین" چین و عرووسی کردە دۆڵپا
دەبا چیدی نەڕێسێ، هەی لە دینی


برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد