تاريخ: ۱۴۰۳ يکشنبه ۲ ارديبهشت ساعت ۲۳:۲۳ بازدید: 238      نظرات: 0      کد مطلب: 22951

به بۆنه‌ی ساڵیادی کۆچی دوایی ئەرسەلان قانع زادە

شۆڕش ئه‌بووبه‌کری


ئەمڕۆ ساڵیادی کۆچی سەلامە
(ئەرسەلان قانع زادە)

بێ‌وێنە بوو، لەناو هونەرمەندانی موسیقای مەهاباد کوڕێکی هێمن و هێدی و هونەرمەند بوو، لە هەشتاکان لەگەڵی ئاشنا بووم لەگەڵ کۆمەڵێک کوڕی باشی دیکە، ئەو کات مەهاباد  زۆر زیاتر بوو، سەلام ئەوکات ئارایشگای هەبوو کە شوێنی کۆبوونەوە و باسی هونەری و موسیقایی بوو، زۆر بە حەزەوە کاری موسیقای دەکرد و جیا لەوەش کەسێکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆز بوو. لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی هاتبۆ دونیا وەک هونەرمەندانی دیکە، دایکێکی هەبوو وەک ئاوی ڕوون سادە و مێهرەبان، جاروبار دەچومە ماڵیان پڕ لە سۆز بوو، تا لە مەهاباد خەریکی فێرکاری بوو پاشان هاتوچۆی تارانیشی کرد بۆ تەواو کردنی کاری هونەرییەکەی، زۆر غەمی نیشتمان و لاوانی وڵاتی هەبوو و بە ئەوینەوە کاری لەگەڵ دەکردن و پەروەردەی دەکردن و لە پشتگیری هاوڕێیانیشی زۆر بە ئەمەگ بوو. سەلام کە دواتر ناوی خۆی کرد بە ئەرسەلان بە ئەخلاق و هونەری جوانی وای لە خۆی کردبوو مێهری چوبوو دڵی هەموان و خۆشمان دەویست، لە سەرەتای دامەزرانی فێرگەی موسیقای سوارۆ (ئاوای کورد)  داوام لێکرد بۆ ئەوەیکە بێتە سەردەشت و وانەی تۆمبەک و دەف بڵێتەوە و ماوەیەک بە یەکەوە کارمان کرد و یەکێک لە باشترین ماموستایانی موسیقای فێرگە بوو و توانی چەندین کەس لەو بوارە بۆ موسیقای سەردەشت پەروەدە بکات کە ئەوڕو دەبینین کار دەکەن.
لە کۆنسێرتی موسیقای پاییزە ساڵی 1383
لە شاری سەردەشت بۆ ماوەی 5 شەو وەک ژەنیاری دەف و زەرب هاوکاری کرد و هەروەها بەشداری فێستیواڵی موسیقای بەیت و حەیران بوو. ساڵی 1387 لە بەرنامەیەکی تایبەت بۆ دەرچوانی زانکۆی پەیامی نوری سەردەشت بە یەکەوە بەشدار بووین.
ئەرسەلان قانع‌زادە لە زۆر فێستیواڵ و بەرنامە و کۆنسێرتدا لە شاری مەهاباد و سنە و تاران و هەرێمی کوردستان بەشداری کۆنسێرت و... بوو و جێ پێی دیارە...
ئەرسەلان زۆر بیرۆکە و ئاواتی گەورەی هەبوون بۆ هونەر و موسیقای کوردی
بەڵام بەداخەوە لە سەفەرێکدا کە بڕیار بوو بەرەو ئوروپا بڕوات بۆ کۆنسێرتێکی موسیقا
بە هۆی پێکدادانی ماشێن گیانی لەدەستدا و ئێمە و دۆستان و یاران و خۆشەویستانی تازیەبار کرد.
ئەرسەلان چەن ساڵە بارگەی لە کۆڵناوە و ئێمەی جێهێشتووە بەڵام یادی نەمرە و لە دڵماندایە
و نامرن ئەوانەی لە دڵی میللەتا دەژین.
هەموو ساڵێک یادی پیرۆز ڕادەگرین

شۆڕش ئەبووبەکری
سەردەشت
2 گوڵانی 2724


برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد