تاريخ: ۱۴۰۳ سه شنبه ۱۸ ارديبهشت ساعت ۱۸:۵۸ بازدید: 940      نظرات: 0      کد مطلب: 23015
پێشەکییەکی مامۆستا هەژار بۆ کۆمەڵەشیعری "چەپکەگوڵ"

درەختی هەژار، پەلی پێشەکینووسین

ئامادەکردنی: کەسەر پیرزادە


زیندانیی سێ گرتووخانە!

کۆمەڵە شیعری "شامی"کرماشانیم خوێندەوە، دەگەڵ هەر شیعرێکیدا بزەم دەهاتە سەر لێوان و کزەم لە جەرگەوە دەهات، زەردەخەندەم دیت بە سەر گریان هەڵکێشراوە، خەم و مەینەت بە بێژنگی گەپ و گاڵتە دابێژراوە، هەناسەی سارد، لە دڵێکی گەرم و بەکوڵ هاتۆتەدەر، ژەهراوی تاڵاوی ژیانی پڕ لە ژانی چارەڕەشێک، کەفی گەمە و تیز بەدنیایەکردنی هاتۆتە سەر.

ئەوی ڕاست بێ، تا خوا حەزکا شیعرەکان تەڕ و پاراون و لە مرخێکی زۆر ڕەوان و لەبار و جوان، خەبەر دەدەن. تەنیا عەیبێک کە پیاو بە چاو هەستی پێ بکا، کوردی بوونی شیعرەکان و کورد بوونی شاعیرەکەیە. کە بە ناشوکری خوا نەبێ، کوردی و کورد بوون لە بازاڕی دنیا، پووڵە سووتاوێکیش ناژی و کەس ئاوڕی لێ ناداتەوە.

شامی سەرەڕای کورد بوونی، تەنیا چاوی دڵی ڕوونە و لە سەرەتای ژیانییەوە لە بینایی بەشبڕاوە. هەژارێکە هیچ ئاشتەبای خوا شک نابات، شانی هەر پێست و ئێسقانی داوەتە بەر گرانایی باری ژیان و لە تاریکی شەوەزەنگی چارەڕەشی و دوورەبەشی، دەستەکوتە و پەلەقاژەی بژیو پەیدا کردنییەتی، ناوی ژیانی بە ڕەحەتی و ئاسوودەیی، جارجار لە دەمی خەڵکەوە بە گوێ گەیوە، بەڵام هێشتا نەیزانیوە شادی بەری چ دارێکە و لەوەڕی چ هەوارێکە. واتا: ئەگەر تاوانبارانی ئاسایی لە زیندانێکدا دەگیرێن، شامی شاعیر، لە سێ زینداندا گیراوە. لە گرتووخانەی بێ چاوی، لە زیندانی بێ نانیدا، لە بەندیخانەی حەستەمی کوردزوانی و کوردڕەسەنی چوارپەلی شەتەک دراوە و قەڵەمی ئەژنۆی شکاوە، دەمی قسەی ئاخنراوە، دەرەتانی لێ بڕاوە. ((ئاسمان دوور و زەوی سەخت)) بە کام کەلێندا دەرکەوێ؟ چۆن بتوانێ پەل ببزێوێ؟ چۆن دەنگ بڵند کا و هاوار کا؟ ئەوسا ئەگەر هاواری کرد کێ تێی دەگا؟ یا کێ بە هاوارییەوە دێت؟ خۆ ئەگەر جاروبارەیەک دەرد و زووخاوی ژینی خۆی بە چەند شعرێکەوە دەربڕیوە، کەس نەبووە زەحمەت بکێشێ و بۆی بخاتە سەر قاقەز و لە ناو نەچێ.

ئەو چەند شعر و هەڵبەستانەی لەم نامیڵکەدا کۆوە بوون، هەر ئەوانەن کە خۆی بەرێ لە بەری بوون و لە بیری نەچووبوونەوە. خودا ماڵی کاک ماجد مەردووخ ڕووحانی ئاوەدان کا، کە فریای ئەم کەمەش کەوت و لە چاپی دا.

ئەگەر  شامی سەر بە گەلی کورد نەبوایە، ئەگەر هێندە بێکەس و هەژار نەبوایە، ئەگەر لە بەهرەی بینایی بەشی بوایە، ئەگەر و ئەگەر و ئەگەر... کە بە داخی گرانەوە هەزاران ئەگەر و خۆزیا، هەرگیز هیچیان لێ شین نەبووە، لێم ڕوونە ناوبانگی شیعری لە زۆر ئاقاران دەبیسرا.

بە بڕوای من هەر تەنیا ئەو پارچە شیعرەی کە دەربارەی کرانشینی دایناوە و ژیانی چینی لێقەوماوی بەخت و ئیقباڵ وەرگەڕاوی تاڵە ڕەش و ژیان تاڵی بێ سەر و سامان و ناهومێد و کەس نەناس و سەر لێشێواو و کەساسی، بەو جۆرە وێنە کێشاوە باشترین گەوای هونەر و هونەرمەندی و دەسڕەنگینی و شیعرجوانی و ڕەوانی شاعیری هەڵکەوتەیە.

با لە خوا بپاڕینەوە کە "شامی"ش و خزم و کەسی هاوڕەسەنی، لە ژیانی دیلی و زەلیلی و دڵبرینی و هیچ‌نەبینی و بێ مالی و کرانشینی، ڕزگار بین و بتوانین بە ڕاشکاوی، کر و هونەری هێژامان ئاشکرا کەین و بیدەینە بەر چاوی تیژی گەلانی خواپێداوی ئەم جیهانە. ئامین.

هەژار

تاران، پایزی ۱۳٦۳(1983)

 

سەرچاوە: چەپکەگوڵ(چەند پارچەیێک لە شیعرەکانی شامی کرماشانی)، ئامادەکردنی ماجد مەردۆخ ڕۆحانی، ئاراس، ٢٠٠٦، هەولێر.



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد