تاريخ: ۱۳۹۵ دوشنبه ۱۶ اسفند ساعت ۹:۴ بازدید: 2819      نظرات: 0      کد مطلب: 3339

خاک و کشت‌وکاڵ بنەماکانی ئافراندنن

ئەرسەلان بورنا


 

خاک و کشتوکاڵ بە درێژایی مێژوویەکی دیاریکراوی چەند هەزار ساڵە کاریگەرییەکی زۆر و بەرچاوی لە سەر ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگاکان تاکوو ئەمڕۆکە داناوە. هەر بۆیە، ڕاشکاوانە دەتوانین باس لەوە بکەین کە، کۆمەڵگا مرۆڤییەکان ژیانی خۆیان لە سەردەمی "شۆڕشی کشت‌وکاڵی" لە سەر بنەماکانی خاک و کاری کشتوکاڵی دامەزراندووە کە بەم هۆیەوە، پەیوەندییەکی هەمەلایەنە و تێکچنراوە وێڕای ڕێزگرتن لە ژینگە بەدی و ژیان کراوە.

"شۆڕشی پیشەسازیی" یەکێک لە شۆڕشە بە باندۆرەکانی سەردەمی هاوچەرخە کە بە ڕادەی شۆڕشی کشتوکاڵی گرینگایەتی هەیە. بەدڵنیایی ئەم شۆڕشە پەیهاتی جیاواز و جۆراوجۆری لێ کەوتووەتەوە کە جێی تێڕامان و لێ ورد بوونەوەیە. سەرەڕای ئاسەوارە ئەرێنییەکانی سەرهەڵدانی ئەم قۆناغە بەڵام پیشەسازیبوون بە پێچەوانەی شۆڕشی کشتوکاڵی هەڵگری زۆر خاڵی نەرێنی بووە کە دەبێ تاک و کۆمەڵگا بە باشی ڕاوەستە لە سەر ئەم بابەتە و دیاردەکانی بکات.

جێی حاشا کردن نییە ئەگەر پیشەسازیی و کەرەستە بەرهەم هاتووەکان لە ئەو لە خزمەت کۆمەڵگا و جڤاتە مرۆڤییەکان و یا پاراستنی ژینگە ببێ؛ قازانجمەند و بە بایەخە. هەر بۆیە، سەرەڕای هەستیاری ئەم بابەتە بەڵام کێشەی سەرەکی نەک خودی پیشەسازیبوون بەڵکوو شێوازی بە کار هێنانی ئەو بە هەژمار دێ. مرۆڤ بەپێی ئەم نزیکایەتی و تێڕوانینە هەردەم پیشەسازیی بۆ دەستەبەر کردنی سوود _ سەرمایەی زۆرتر بە کار هێناوە و بەم جۆرە خەسارێکی بە بێ گەڕانەوەی لە ژینگەی دەوروبەریی داوە.

 

ئەمڕۆکە بارودۆخی دڵتەزێنی ژینگە نەک تەنیا کۆمەڵگا مرۆڤییەکان بەڵکوو ژیانی تەواوی گیاندارانی خستووەتە ژێر هەڕەشە و مەترسی لەناوچوونەوە. لە ڕاستیدا، پیشەسازیبوون زەبرێکی گەورە و کارتێکەری لە کشتوکاڵ وەشاندووە کە یەکجار تۆقێنەرە. هەر وەها، نابێ لە بیر بکەین کە کشتوکاڵ کاریگەرییەکی باش و قووڵی لە سەر کۆمەڵگای مرۆڤیی داناوە و بە شێوەیەک پێناسەی بە ئەوان داوە. جیاواز لە ئەوە، کەڵکی نابەجێ لە پیشەسازیی هۆکاری سەرەکی تێکدانی ئەم ڕەوتە و گرێدراویی نێوانیان بووە و لە لایەکی دیکەوە، پەرەی بە پەروەردە کردنی تاکێکی کۆیلە و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی بەکاربەر لە گۆڕی بەرژەوەندییە تایبەتەکان داوە.

دیاردە و پەیهاتەکانی ژیانی شارنشینی خێراییەکی زۆری بەم ڕەوتە داوە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ نامۆتر لە دوێنێ دەبێ. وێدەچێ، داپچڕانی کۆمەڵگا لە ژینگەی دەوروبەری یەکێک لە مەترسیدارترین هەڕەشەکانە کە مرۆڤ و گیانداران لە پاش کۆتایی هاتنی سەردەمی سەهۆڵ بەندان لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا ڕووبەڕووی دەبنەوە. ئەم هەڵسوکەوتە هاوشێوەی بۆمبێکی ئۆتۆمییە کە بە تەواو بێدەنگ بەڵام قۆناغ بە قۆناغ ڕوو دەدات. بە کورتی، لەناوچوونی کشتوکاڵ یا خاکی بە پیت کە بە درێژایی چەندین میلیۆن ساڵ پێک هاتووە لە ئەگەری خراپ بوونی؛ نۆژەن بوونەوەی مەحالە. کەواتە، کۆمەڵگای مرۆڤی لە ڕێگەی پەیوەندییەکی پتەو و دوولایەنە لە گەڵ ژینگە دەتوانێ درێژە و بەردەوامی بە هەبوونی بدات ئەگەر نا کۆتایی ئەو دڵتەزێن و چاوەڕوانکراوەیە.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد