تاريخ: ۲۱ اردیبهشت ۱۴۰۴ ساعت ۱۹:۳۰ بازدید: 497      نظرات: 0      کد مطلب: 24336

فێستیواڵی سەراسەری چیرۆکی کوردی له مه‌هاباد

جەلال پوورحەسەن
مودیرمەسئولی بنکەی فەرهەنگی هونەری موکریانی مەهاباد


فێستیواڵی سەراسەری چیرۆکی کوردی ڕۆژی چواشەممە دەستی پێکرد و لەو چواچێوەیەدا بە خوێندنەوەی چیرۆک، بەڕێوەبردنی پەنێلی زانستی و وتاری مامۆستایانی خۆشەویست لە چواپاژ دا درێژەی پێدرا.
هەر پاژەی فێستیواڵ پێشکەشی یەکێ لە کەساییەتی ڕۆماننووس، چیرۆکنووس و نووسەری کورد کرا، کە بە ڕای زۆربەی بەشداربووان ئەو ئیدەیە وەک کارێکی پەسەندکراو لێی ڕواندرا. کەسایەتیەکان ئەمانە بوون: فەتاح خان ئەمیری، بێهزاد سەیفی، مەنسوور یاقووتی و عەزیز نێعمەتی.
هەر وەها بۆ ڕێز لە کەسایەتییەکی پێشەنگی ڕەوتی ڕۆمان‌نووسی لە مەهاباد و کوردستان کەسێکمان دیاری کرد و خەڵاتی ڕێزلێنان و تەندیسی فێستیواڵی پێشکەش کرا و ئەویش کامڕان حامیدی بوو کە تا ئێستا زیاتر لە 5 ڕۆمانی چاپکراوی هەیە. 
لە کۆتایی ڕۆژی دووهەم پەیامی داوەران خوێندرایەوە و بە ڕێزلێنان لە بەشێک لە بەشداربووان گەیشتینە ئەو ئاستەی براوەکانی ئەو دەورەیەی فێستیواڵ ڕاگەیەنین.
براوەکانی ئەو دەورەیە بریتن:
1 – ئالان عەڕەب
2 – کیوومەرس بەلەدە
3 – ڕەزا فرووغی
4 – پەروین دانشپەژووە
5 – عەلیڕەزا خزری
6 – خالید گویلیان
7 – شادمان دەستوور
8 – شاهۆ قەناعەتی
9 – بێهزاد قادری
10 – سارا سوڵتانی
براوەی لاوی ئەو دەورەیە
ئەوین عەزیمی بوو.
ئەوەی شایانی باسە و دەبێ بە ئاگاداری دۆستان و لایەن و ڕاگەیەندراوەکان بگات باس لە ئامانج و چوارچێوە کارییەکانی ئەو فێستیواڵە لە لایەن دەبیرخانە و بەڕێوەبەرەکانییەوە بوو:
1 – ئامانجی یەکەم ئەوە بوو بتوانین وەک بزاڤێکی ئەدەبی پەخشان‌نووسی کوردی لە تەواوی کوردستان، ئەوانەی چیرۆک دەنووسن هان بدرێن چیرۆکێکی بڵاونەکراوە ئامادە بکەن و هەناردەی دەبیرخانەی فێستیواڵی بکەن. کە بە خۆشحاڵییەوە دوای کۆتایی هاتنی دەرفەتی دیاریکراو 198 چیرۆک لە 198 نووسەرەوە لە هەموو شوێنەکانی کوردستان، ئێران، هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکی هەناردە کرابوو. ئەوە زۆر زیاتر لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی دەبیرخانە بوو کە ئەو ڕێژەیە لە نووسەران بەشداری بکەن. چوون بە پێی ئەوەی ئێمە ڕێژەی واژەمان دیاری کردبوو کە هەر چیرۆکێک لە مابەینی 2000 تا 4000 وشە بێت، بە لێکدانەوەیەکی سەرئەنگووستی زیاتر لە 600 هەزار واژەی چیرۆکی ڕەوانەی دەبیرخانە کرابوو. ئەو ڕێژە لە پێشوازییە نیشانی دا لە هەنووکە دا ئەوە چیرۆکە لە حەوزەی فەرهەنگی ئێمە دا قسەی یەکەمی پێیە و زەینی شاعیریمان خەریکە دەگوازرێتەوە بۆ پەخشان و چیرۆک‌نووسی کە بۆ ئێمە پێویستییەکی هەنووکەییە.
2 – کۆ کردنەوەی چەند بەرەی نووسەر لە دوو ڕۆژی فێستیواڵ. ڕەنگە لاوترین کەسێک کە بۆ ئێمە چیرۆکی هەناردە کردوو و لە بژاردەی لاوەکان پلەی دووهەمی هێنابوویەوە خاتوونێکی تەمەن 15 ساڵان بوو، هەر وەها کەسایەتیگەلێک بانگهێشت کرابوون کە تەمەنی کار و چالاکی ئەدەبییان سەرووی 4 جار 15 ساڵ بوو. لەو لای ئەوەش لە هەموو تەیفی فکری و ژانرییەوە نووسەران دەعوەت کرابوون هەر لە نووسەرانی ڕۆمانی کلاسیک تا ڕۆمان و چیرۆکی نوێ هەتا دەگات بە نووسەرانی ڕۆمان و چیرۆکی پۆستمۆدێرن. کۆکردنەوەی نووسەران بەو هەموو جیاوازی تەمەنی و سەبکی و ژانرییەوە هەل و دەفەتێکی پێک هێنا تا لە پەڕاوێزی بەرنامەکانی فێستیواڵ ئەوانە یەکتری بناسن و بەیەکەوە دیالۆگ و گفتوگۆ بکەن.
3 – کۆ کردنەوەی نووسەرانی سەر بە هەموو زارەکانی کوردی. بۆ دووهەم جار بنکەی فەرهەنگی هونەری موکریانی مەهاباد توانی نووسەرانی هەموو زار و بنزارەکانی کوردی لە مەهاباد بەشداری پێ بدات و ڕەنگاڵەیەکی تایبەت بە هەموو زارەکان بەشدار بوون. چاوت لە گۆشەیەکی ساڵۆن دەکرد بۆن و بەرامەی هەورامانی دڵان دەهات، گۆشەیەکی دیکە کۆمەڵیک نووسەری کرماشان و ئیلام مەیدانداریان دەکرد، نووسەرانی کورمانج کە هەمیشە لە بۆنەکان کەم دەدیتران شان بە شانی زارەکانی دیکە دەق و چیرۆکیان دەخوێندەوە، بگرە چەند کەس لە خۆراسانەوە زەحمەتی هاتنیان بە خۆیان دابوو. ئەردەڵانییەکان بە ناردنی دەیان چیرۆک و بە بەشداری دەیان ئۆستاد و نووسەر، پردێکی هەمیشەییان لە نێوان ئەو دوو مەڵبەندە لێدا کە بۆ چەندین ساڵان لە بیرگەکان دا دەمێنێتەوە. کاتێک ئەو زار و بن‌زارانە ئاوا لە دەوری یەک کۆ دەکرێنەوە تێگەیشتنێکی بەرین لە ڕەوتی کار و چالاکی لە هەر ناوچە و پارێزگایەک درووست دەکات و ئاوا هاوبەشی و هاودڵی پێک دێت کە خۆی یەکێ لە ئامانجە دیاریکراوەکانی ئەو فێستیواڵە بوو.
4 – بەشداری کردن بە تازەلاوان. یەکێ لەو ئیدانەی هەمانبوو و توانیمان ئیدەکە بگەیەنینە ئاستی دیاریکراو، کردنەوەی فەزا بوو بۆ بەشداری گەرم و گوڕی تازەلاوان. کاتێک ڕێژەیەکی بەرچاو و لە ئاستێکی باڵا لە چیرۆکی تازەلاوان گەیشتە دەبیرخانە، ئێمە بۆمان ڕوون بوویەوە کە ئەو نەوەیە خەرێکە ڕێگەی سەد ساڵە یەکشەوە دەبڕێت؛ بۆیە کەوتینە بیری ئەوەی ئیزن بدەین لە لابەلای دوو ڕۆژی فێستیواڵ بەشداربووان، ڕەنگدانەوەی کاری ئەوان ببینن.
لەو لای ئەوەش یەکێ لە پەنێلە زانستییەکانمان تەرخان کرد بۆ لێکدانەوە و خەسارناسی ئەدەبیاتی منداڵان تا فێستیواڵ بتوانێ لەو بەستێنەش دا چرایەک بۆ نەوەکانی کە دەگەنێ ڕووناک بکات.
5 – بەڕێوەبردنی کارگا فێرکارییەکان بۆ گەورەساڵان و تازەلاوان. یەکێکیتر لە ئامانجە هەرە دیاریکراوەکانی ئەو فێستیواڵە وەڕێخستنی ئەو دوو کارگایە بوو لە پەڕاوێزی فێستیواڵ دا و هەردووک بە بەشداری دەیان فێرکار لە دوو تایمی دیاریکراو کە بۆ هەر یەک 4 کاتژمێر تەرخان کرابوو و بەڕێوەچوو. ئێمە نیشانمان دا دەتوانین لە بەڕێوەبردنی کاری تەرکیبی و لێکتەنراو بە فێستیواڵیش حەولەکانمان چڕ و پڕتر بکەین.
لە کۆتایی دا پێویستە ڕایبگەیەنم وەک یەکەم فێستیواڵی سەراسەریی چیرۆکی کوردی لە مەهاباد، بە پێی پێشبینییەکانی کە کردبوومان هەر ئاواش گەیاندمانە ئەنجام. ئا: دیاریکردنی ڕێژەیەکی چاوەڕوانکراو لە بەشداری: دیارە وەک هەر کارێکی زانستی، هەمایش، سەمپۆزیۆم، کۆنگرە و فێستیواڵ تایبەتن بە بەشداری کەسانێک کە ئێلیتی تایبەتیی کۆمەڵایەتیین. چەند ڕۆژ پێش ئەوەی بگەینە کاتی فێستیواڵ لە گەڵ ئاغای فەرماندار باسی ئەوەمان کرد و گوتم ئاسۆی چاوەڕوانی بەڕێوەبەران ئەوەیە ئیزنی بەشداری بە 300 کەس زیاتر نەدات و هەر ئەوەندەش کارتی بانگهێشت نووسراوە و لە هیچ یەک لە ڕاگەیاندنەکانیش بەشداری بۆ هەمووانەمان نەنووسیوە. نامانهەوێ ساڵۆن بە کەسانێک پڕ بکەینەوە کە تاقەتی چەندین کاتژمێر دانیشتن و بیستنی چیرۆک و باسی زانستیان نییە. هەرگیز بە تەما نین کوالێتی و کەیفییەتی کارەکە فەدای ڕێژە و کەمییەت بکەین. عەرزم کرد کە بە هۆی نەبوونی ساڵۆنی 300 کەسی ناچارین بچینەوە تالار وەحدەت، چوون ساڵۆنەکانی دیکە ڕێگەی هاتن و چوونیان خۆش نییە. بێ: دابەش کردنی پۆستەکان بە پێی توانایی دەورگێڕان بۆ بەشە ئیجڕاییەکانی وەک میوانداری، پشتی سێن، دیوی فەرمان، دێکۆڕ، سەحنە و نوور، دیوی کۆنتڕۆل و چاوەدێری نێو ساڵۆن، بەرپرسی ڕاگەیاندن و.... توانایی لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکان و پێکهێنانی کەشێکی ئارام و دوور لە هەر حاشییە و گرفتی جیدی کارەکە بۆ زۆربەی میوان و بەشداربووان وەک کاڵایەکی بە نرخ هێنایە بەر دیدە. جێ: هەماهەنگی ئیدارییەکان: دیارە کارەکە دوای ئەوەی لە لایەن بەرێوەبەرایەتی بنکەی موکریان پێشنیار درا بە ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشاد و لە گەڵ دیتری لایەنەکان وەک شوورا و شارەداری و فەرمانداریش هاتە بەر باس، هەموویان بە یەک دەنگ پشتیان گرت و ئەوە وایکرد موجەویزی بڵاو کردنەوەی پۆستێڕ وەرگرین و ئاسانکاری ئەوان بوویە هۆی وەدی هاتنی ئەو بۆنەیە. دێ: پێشوازی و لایەنگری نووسەرانی نێوشار، کە بنکە بتوانێ بە خاترجەمی ئەو ئەرکە قوورسە ڕاپەڕێنێت. هێ: دڵگەرمی و پێشوازی و بەرەوپیر هاتنی ئەندامانی بنکەی فەرهەنگی هونەری موکریان و هەموو ئەنجومەن و بنکە فەرهەنگییەکانی دیکەی مەهاباد، تەنیا بەو یەکگرتووییە دەکرا چاوەڕێ بکەین ئەو ئەرکە قوورسە بە ئەنجامی خۆی بگات. 



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد