سڵاو لە هەموو ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست، سڵاو لە مەهاباد بۆ سنە، سڵاو لە سەهۆڵبەندانی سابڵاغی بۆ ئاویەر، سڵاو لە موکریان بۆ ئەڕدەڵان. سڵاو بەڕێزان و خۆشەیستان، خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە لە خزمەت ئێوەی ئازیزدام، بەڵام سەرەتا پێمخۆشە دەستخۆشییەک لە بەڕێوەبەرانی ئەم کۆڕە پیرۆزە بکەم، بەتایبەتی لە کاک ماجد مەردوخ ڕوحانی، کاک هادی مورادی و کاک سەلاحەددین ئاشتی و بەتایبەتی لە زانستگای کوردستان، هەر کاتێک باسی زانستگای سنە دەکرێت، یادی دوکتۆر موستەفا خوڕڕەمدڵ -خوا دەرەجاتی عالی کات - و دوکتۆر مەحموود ئیبڕاهیمی کە ئەم دوو بەڕێزە لە شاری مەهابادەوە هاتنە شاری سنە و ئەوپەڕی ڕێزیان لێگیراو خزمەتێکی باشیان کرد. خۆشەویستان! مامۆستا هەژار ئاوێنەیەک بووە کە هەموو مڕۆڤەکان، هەموو زمانەکان توانیویانه خۆی تێدا ببیننەوە، هەر لە لە ڕۆماننووس و هەر لە شاعیر و هەر لە وەرگێڕ و هەر لە ڕاڤهکاری قورئان؛ مامۆستا هەژار زمانحاڵی ئەم خەڵکە بووە. پرسیار ئەوهیه بۆچ شاعیران و نووسەرانی ئێمە ناتوانن پەل باوێنە سنوورەکانی دیکە؟
لەبەر ئەمەیکە هەژار فرەڕەهەند بوو، مڕۆڤێک بوو کە تەنیا وەرگێڕ نەبوو، تەنیا موفەسسیری قوڕئان نەبوو، تەنیا کاری لەسەر ژیاننامەی خۆی نەکردووە، بەڵکوو هەموو ئەو دەلاقانەی کردووەتەوە، پیاوێکی فرەڕەهەند بوو. مامۆستا هەژار بە وەرگێڕانی «قانون در طب» ئەبووعەلی سینا بەڕاستی فارسەکانی مەبهووت کرد، دەبێ چ کەسێک بێ؟ لە چ زانکۆیەک و لە چ زانستگایەکی خۆێندبێتی کە توانیبێتی ئەم پەڕاوە کە ئەوا قورس و سەنگینە وەریگێڕێتە سەر زمانی فارسی، هەر وەها ئەو شاکارە ئەدەبییەی کە مامۆستا خوڵقاندویەتی لە شەڕەفنامەی میرشەڕەفخانی بەدلیسی و هەر وەها لە وەرگێڕانەکانی د. عەلی شەریعەتیدا. خۆشەویستان! من پێمخۆشە ئاوڕدانەوەیەکمان هەبێ لە سەر تەفسیری قوڕئانی پیرۆز، دیارە یەکەم کەسێک کە قوڕئانی وەرگێڕا سەر زمانی کوردی ساڵی 1935ی زایینی، مامۆستای بلیمەت، کوردیزانی ناودار، “مامۆستا خاڵ” بووە، هەمان ئەو کەسەی کە یەکەمین فەرهەنگیشی نووسی. ئەگەر وابێ دەستپێکی فەرهەنگنووسی کوردی و دەسپێکی وەرگێڕانی قوڕئان بە زمانی کوردی لە مامۆستا خاڵەوە بووە؛ دوای مامۆستای خاڵ مامۆستا مەلا موحەممەد جەلیزادە، ناسراو به مەلای گەورەی کۆیە، ئەم کارەی کردووە. خۆشەویستان! مامۆستا هەژار لە وەرگێڕانی قوڕئاندا(دەبێ بڵێم) من نزیکەی شازدە سیپارەم له وەرگێڕانەکەی مامۆستا هەژار بە وردی خوێندۆتەوە، لاپەڕەی وا هەبووە، چوار پێنج کەڕەتم خوێندۆتەوە، هەستم بەوەی کردووە، مامۆستا هەژار ئەگەر تەمەنی درێژبا - چونکە ئاخرین بەرهەمی مامۆستا هەژار وەرگێڕانی قوڕئانی پیرۆزە - ئەگەر تەمەنی درێژتر با و پێیدا هاتباوە، بێگوومان دەبوو بە شاکارێکی دیکەش، چون لە هەندێک جێگایاندا وا هەستدەکەم کە مامۆستا هەژار لەبەر ماندوویەتی یان نەساغی، وەکوو باسیش دەکرێ و کاک هادیش تەشریفی لێرەیە، ئاخرین بەرهەمی مامۆستا هەژار بووە، بە هەرحاڵ ئەم بەرهەمەی خوڵقاندوە، ئەگەر چاو لە سوڕەتی موباڕەکەی تەکویر دەکەی اذا الشمس کورت... بکەین، بۆ هەر یازدە "إذا"یانه که لەوێدا هاتوون، وشەیەکی تایبەتی داناوە. مامۆستا هەژار دەیهەوێ زمانی کوردی دەوڵەمەندکا، زمانێک کە نیشانەیەک لە نیشانەکانی خوای پەروەردەگار و دانراوێکی خوایییە. خۆشەویستانم! مامۆستا هەژارێک کە لە حوجرە پەروەردە بوو، لە حوجرە پێگەیشت لە حوجرە بوو بە ئەم کەسایەتییە! مامۆستا هەژارێک لە خانەقای شێخی بوڕهان سەری هەڵدا. مامۆستا هێمن دەڵێ: خانەقای شێخی بوڕهان وەک کەشتی حەزرەتی نووح وابوو هەموو زمانێک، هەموو دەنگێک، هەموو ڕەنگێک قسەی هەبووە بۆ کوتن. بە بڕوای من، مامۆستا هەژار زۆر لەژێر کارتێکەری و کاریگەری سەیفولقوزات دابووە، ئەم هەستە نیشتیمانییە، ئەم پتەویە، ئەم زمانزانییە، بە بڕوای من بەشی زۆری، سەیفولقوزات تەئسیری لەسەر داناوە، لە ژێر کارتێکەری سەیفولقووزاتدا بووە و سەیفولقوزاتیش لەژێر کارتێکەری و کاریگەری حاجی قادر کۆییدا بووە، حاجی قادر کۆیە ڕوحێکی زیندووی ئەحمەدی خانی بووە؛ چونکە یەکەم ڕەشنووس کە ساغ کراوەتهوە و درا بە بنەماڵەی بەدرخانییەکان، نووسخەی حاجی قادر کۆیی بووە، ئەم نوسخەیە ساغ دەکاتەوە دەیدا بە بنەماڵەی بەدرخانییەکان کە چاپی بکەن، لەئاکامدا مامۆستا هەژار ڕوحێکی ناڕاستەوخۆی ئەحمەدی خانی بووە، هەر لە وەرگێڕانەکەی ئەحمەدی خانیدا ئەمە تەواو تەواو دەردەکەوێ.
خۆشەویستان! مامۆستا هەژارێک لەم کەشوهەوایەدا خوڵقاوە، لە هەمانکاتدا کە کاری وەرگێڕانی کردووە، ژیاننامەی خۆی نوسیوەتەوە بۆ بەرەی داهاتوو و زۆر بابەتی دیکەی خوڵقاندووە کە دەبێ ئەم کەسانەی کە پسپۆڕن، لەو بابەتە بدوێن، بەڵام من پێمخۆشە بە خوێندنەوەی ئەم ئایەتەی کە خوای پەروەردگار دەفەرموێ: «وَمِنْ آيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافُ أَلْسِنَتِكُمْ وَأَلْوَانِكُمْ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَاتٍ لِّلْعَالِمِينَ» ﴿الروم: ٢٢﴾ هەر لە نیشانانی ئەوە، داهێنانی ئەم عاسمانان و زەمینە و وێک نەچوونی زمانی پێ ئاخافتن و رەنگ و ڕووتان؛ کە لەمەدا بەڵگە زۆرن بۆ زانایان. (وەرگێڕاوی قورئانی پیرۆز هەژار) خۆشەویستان من پێموایە کەسێک کوردزبان بێ و خزمەت بە زمانی خۆی نەکات، گوناحی دەگاتێ، بۆ؟ چونکینە قوڕئان دەفەرموێ: «من آیاته خلق السموات»، یەکێک لە نیشانەکانی عەزەمەتی خوای پەروەردگارە بەدیهێنانی ئاسمانەکان و عەردە و لەدواییدا دەفەرموێ: «اختلاف السنتکم و الوانکم»، گۆڕینی زمانەکان و ئیختیلاف(جیاوازی) زمانەکان، ئەوە کوردە ئەوە تورکە ئەوە فارسە. ئەمن پێموایە، کوردێک ئەگەر شانازی بە زمانی خۆی نەکات و خزمەت بە زمانی خۆی نەکات، بە زمانی خۆی نەنووسی، بە زمانی خۆی قسە لەگەڵ منداڵەکانی نەکات ئەم مرۆڤە، نکۆڵی له ئایەتێک لە ئایەتەکانی خوای پەروەردگار کردووە. پێمناخۆشە لە هەندەک له بنەماڵەکاندا دەبینین کە بە زمانی دیکە قسە لەگەڵ دەکهن و دەڵێن با لەهجەی نەبێت! بە بڕوای من ئەمە خەیانەتە، لەحاڵێکدا خوای پەروەردگار ئەم مافەی داوە بە ئێمە کە ئێمە بە زمانی خۆمان قسە بکەین، بە ڕەنگی خۆمان[بنوێنین]. ئەم بۆچوونانە ئەم سەلیقانە، هەموو نیعمەتەکانی خوای پەروەردگارن کە خوا لە پەنا یەکی داناون. دیسانیش دەسخۆشی لە بەڕێوەبەران دەکەم، دەسخۆشی لە زانکۆی کوردستان دەکەین کە ئەم هەلودەرفەتەی ڕەخساند و توانیمان لە خزمەت ئێوەی بەڕێزدا بین. وتەکانم بەم موناجاتەی مامۆستا هەژار کۆتایی پێدێنم: ئیتر من هەر بەمە ئوممێدەوارم کە تۆ کەریمی و منیش هەژارم
چوارشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی سنە، زانستگای کوردستان