هونەرمەندی شێوەکاری ڕچەشکێن، ئەرسەلان ڕۆستەمزادە بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ لە وڵاتی ئوستڕاڵیا ماڵئاوایی له ژیان کرد.
ئەرسەلان ڕۆستەمزادە هونەرمەندی ڕچەشکێن و نوێخوازی بۆکانی ڕۆژی سێشەممە 14 ی جۆزەردان 1404(2025) لە وڵاتی ئوستڕاڵیا بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ ماڵئاوایی هەتاهەتایی لێکردین. ئەرسەلان برای مامۆستا نامۆ مامۆستای شێوەکاری بوو. لە ساڵی 79(1998) وە لەوڵاتی ئوستڕالیا دەژیا.
کاری هونەری لە ساڵی 72(1993) وەوە لە ژێر چاوەدێری مامۆستا نامۆ دەسپێکرد و بە بیرو باوەڕێکی سەردەمیانە و مۆدێڕن کاری شێوەکاری دەکرد.
ئەرسەلان چەندین پیشانگای شێوەکاری لە بۆکان و مەهاباد و سەقز و تاران و... دامەزراند.
کارەکانی کۆلاژێک بوون لە هەندێک کەرەستەی درومان و زیپ و شتی سەرەتایی کە بۆ کاتی خۆی زۆر سەرنجڕاکێش و سەردەمیانە بوون.
ساڵی 78(1997) لە تاران خوێندکاری گڕافیک بوو و دواتر چوو بۆ خاکی ئوستڕاڵیا. پیشانگایەکی تاکەکەسی لە گالێری هوری تاران دامەزراند و سەرنجی زۆر هونەرمەندی بۆلای خۆی ڕاکێشابوو.
کۆتا پیشانگای لە بۆکان بە شێوەی هاوبەش لە ساڵی 98 (2019)دامەزرا و چەند بەرهەمێکی کۆنی لە گالێری ئاڵ پیشان دڕا. بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا کاری هونەری وەلا نابوو . ڕۆحی نەسرەوتوی ئەرسەلان شاد بێت و یادی بۆ هەمیشە دڵماندا بمێنێ.