ئامادەکردنی: نووسینگەی هەمیشەیی شوناس بۆ ئەدەبی منداڵان لە کامێران
شارام ئێقباڵزادە، ئەندامی شۆرای کتێبی منداڵانی ئێران و هەروەها ئەنجوومەنی نووسەرانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، لە وتەکانی خۆی لە ڕێوڕەسمی کۆتایی پێنجەمین خولی فستیڤاڵی نەتەوەیی ئەدەبیی منداڵانی شوناس، کە لە ڕێکەوتی ۲۱ی جۆزەردانی ساڵی ۱۴۰۴ی ک.ه بە بەشداری کۆمەڵێک لە نووسەران، شاعیران و توێژەرانێ ئەدەبیی منداڵانی وڵات لە شاری کامێران بەڕێوە چوو، جەختی لەسەر گرنگیی کامێران لە بواری داهێنان لە بواری ئەدەبی منداڵاندا کرد. ئێقباڵزادە دوابەدوای پەردەلادان لەسەر نووسینگەی هەمیشەیی شوناس و خەڵاتی نووبەهارا بچووکان وەک یەکەمین خەڵاتی تایبەتی ئەدەبیی کوردی منداڵان، بە خستنە بەرچاوی چەندین خاڵی گرنگ، کامێرانی وەک پایتەختی ئەدەبی منداڵانی کوردستان دەستنیشان کرد و لە وتەکانیدا گوتی: چەند هۆکارێک هەیە کە ڕاشکاوانە بڵێم کە دەبێ کامێران پایتەختی ئەدەبی منداڵانی کوردستان بێت، هۆکارەکان بریتین لە:
۱ـ دامەرزاندنی فستیفاڵی شوناس تایبەت بە ئەدەبی منداڵان لە ساڵی ١٣٩٧ی ک.هـ ەوە، بەشێوەی بەردەوام تا ئەمڕۆ بۆ گرنگیدان بە نووسین و داهێنانی منداڵان.
۲ـ لە ژێر چاوەدێریی دوکتۆر موحەڕەم ئاقازادە ڕاوێژکاری باڵای یوونسکۆ لە بواری فێرکاریدا کاری گەورەی وەرگێڕان بەشێوازی دەنگی و دیجیتاڵی بۆ منداڵان بە زمانی کوردی(لەکی، کەڵهوڕی، هەورامی و سۆرانی) لە ساڵی ١٣٩٨ی ک.هـ ەوە کە بەرپرسی پرۆژەکە جەبار شافعیزادە بووە.
۳ـ ئامادەکردن، چاپ و بڵاوکردنەوەی زیاتر لە ۵٠ بەرگ کتێبی جیدی و ئەمڕۆیی منداڵان لە ساڵەکانی ۱۴۰۱ و ۱۴۰۲ی ک.هـ لە ڕێگەی دوو نەشری "مانگ" و "ڕێگا"ی بانەوە
۴ـ پەردەلادان لە ١۵ کتێبی ئەدەبی منداڵان لە شاری کامێران
۵ـ بردنەوەی خەڵاتی یوونیسف و چەندین خەڵاتی گرینگ لە ئاستی ئێراندا، داوەریکردنی چەندین فستیڤاڵی ئەدەبی منداڵان لەلایەن نووسەری ناوداری ئەدەبی منداڵانی کامێرانی و هاوکاریی بەردەوامی نووسەرانی کامێرانی لەگەڵ گۆڤارەکانی تایبەتەکانی ئەدەبی منداڵانی ڕۆیان، وانیار و ئاوزین کە تایبەتن بە ئەدەبی منداڵان.