تاريخ: ۴ مرداد ۱۴۰۴ ساعت ۲۰:۳ | بازدید: 352 نظرات: 1 کد مطلب: 24688 |
ڕێبوار عەجەمی
لە ئەدەبی نووسیندا چەمکی ڕۆمان ژانرێکی تایبەتە کە لەودا «دەورگێڕ» و «فەزای گێڕانەوە» پەرژینێکی قایم بە دەوری دورە دەراوی سەردێڕدا دەکێشن.
لە ئێستادا ڕۆمانی کوردی لە سوژەکردنی پرسەکان خول دەخوات و هەر کام خێوەتێک لە وشە و ڕستە لە بابەتگەلی کۆمەڵایەتی، سیاسیی، فەرهەنگی ، شانۆنامە و... بۆ ئاخێوەران هەڵدەدات.
شوناسی ڕۆمان لە «پێکهاتەی دارێژراو» پێدەگرێت و «جیهانبینی مرۆڤ» بە نیسبەت ڕووداو و پرسەکان دەخاتە کایەوە.
ڕۆمانی «نەفرەتی نۆبەهاران» بەختیار عەلی باس لە دێمۆگرافیایەکی عەشیرەتی ـ خێڵەکی و نەریتی دەکات کە هەڵەیەکی عاشق (کامیل ئاغا) بۆ گێلاسی هاوسەری چۆڕاوگەکەی بە تەرتیب تێداچوونی بنەماڵە، عەشیرە، دانیشتووانی شارێک هەتا چل ساڵان بەدوادا دێت.
لە کۆمەڵگای عەشیرەتیدا ئەوەی لەرزۆک و نزۆکە «یەکسانی چینایەتی» و بە کەم گرتنی خەڵکانی لە پلەی خوارەوەیە، بە جۆرێک کە بە کەمگرتنی کرێکارێک وەک «ژنە خزمەتچییەک ـ ئیشکەرێک» قینی تۆڵەی پشتاوپشت لەیەک خێڵ و کۆمەڵگا دەستێنێت و کایە بە هەست و نستی مادی و ڕووحی مرۆڤە بەشداربووەکان دەکات .
پێکهاتەی ڕۆمانەکە لە «دوازدە چیرۆک» پێکدێت. کامیل ئاغا کە گێلاس خانی هاوسەری لە جوانیدا بێوێنە بووە و دوو منداڵی بە ناوەکانی «شەمدین و زۆزان» بووە و ئەوکات کە هاوسەرەکەی لەسەر جێگا لە گیانەڵا دادەبێت و ناوبراو نەکا جوانی و شۆخ و شەنگی هاوسەرەکەی نەبینێتەوە لە ڕووی عەشقەوە وێنەیەکی «لەش جوانی» ئەو دەگرێت و هەر ئەو وێنەیە سەری زۆر کەسان بە با دەدات.
کایەی یەکەم بەم وێنەیە لە «کوشتنی گەنجێکی خێڵی دەرەوەشاری» دەستپێدەکات کە ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە خزمەتکاری ماڵە ئاغای بە پارەیەکی زۆر وێنەکە بە دەرەوەشاریان بفرۆشێت و کەماڵی برای کەریم ئاغا وەک یەکەم قوربانی ناوی تۆمار بکرێت.
مامەڵە کردن بەم وێنەیەوە سەری کەریم ئاغا و بنەماڵەی نەوبەھاران دەخاتە هەڵدێڕی کوژران و کوشتن و بڕینەوە بە جۆرێک کە هەر خوێنە سەران دەبات.
جوانی گێلاسی نەوبەھاران هەر سەری سەراوان و بنەوانی بنەماڵەی خۆی و شوویەکی نابات بەڵکوو خەلیفە، حاکم و خەتیبی مزگەوتیش تێوەدەگلێنێت. بە جۆرێک لە کۆتایی هەر چیرۆکێکدا «هەڵکردنی با» وەک ئەوەی ئەم شەڕەنگێزییە لە یادەوەرییان بەرێتەوە، دەوری سەرەکی دەگێڕێت، بێخەبەر لە ئەوەی تا دەڵاڵ و وێنەی گێلاس مابێ ئەم پارە چڵکنە هەر هەڵەسوون دێنێتەوە.
گێلاس تاقە خوشکی پێنج برای عەشیرەتی سوورەباران و جمکەی زیائەددینی کە بە هۆی ئەوەیەوە کە لە زگێکەوە بوون، زیاتر یەکتریان خۆشدەویست، هەر بۆیە ئەو دوای ئەم کارەساتەی کە خوشکی باری هێنا و «نەفرەتی نەوبەهاران»ی لێکەوتەوە، بوو بە هۆی ئەوەی کە شارۆچکەیەکی بچووک بەناوی «نوورئاوا» بە یاساگەلی تایبەت بە بنەماڵەکان وەک (باڵاپۆش بوون، دیواری بڵیندی خانووەکان و نەبوونی پەنجەرە) لە قەراغ شار درووست دەکات و تەنیا کەسانێک دەتوانن لەوێ نیشتەجێ بن کە ئەم مەرجانەیان قەبووڵ بێت، بێخەبەر لە ئەوەی کە ئابڕووبەرەی خوشکەکەی وەک بێئەنوایەک خۆی لە ئەوێدا حەشار داوە کە دواجار بە دەست خوشکەزاکانی شەڵاڵی خوێن دەبێت.
شەمدین دوای کوژرانی «گورجی» لە تەمەنی کەمدا ڕوو لە کێوان دەکات و دەیهەوێت ئاڵاهەڵگری ڕزگاری بێت، ئەمجارە بە فریوی «زوهیر مۆسۆ» لە حاند ئازادی دوو کوڕەکەی دەیهەوێت مامەڵەی وێنەکەی دایکی لەگەڵ بکات، بەڵام شەمدین ئەمجارە لە تۆڵەی ئەم وێنەیەدا وێنەی تەواوی ژنەکانی دوژمنی دەکێشێت و لە ئاست وێنەی دایکیدا مامەڵەی پێدەکات کە ئەوە دەبێتە هۆی بەردێک لەسەر ئەم پرسە دابندرێت و سەری «زوهیر مۆسۆ»ش بە فەتەڕات بچێت.
دوای ساڵانێک ئەمجارە لە هەزارەکانی ئێستادا گێلاسی نەوبەھاران تۆڵەی خۆی لە سەنگەساری خەتیب کە وەک مشکی تاقیگە سەیری کردووە، دەکاتەوە و ئەوینی بەتینی بۆ کەریم ئاغای کە سەری چەندها کەسی تێوەگلاند، ئەمجارە بە هەرزەکاری پیاوانی هەوەسباز دەکاتەوە و سەری زیائەددینی براشی خەڵتانی خوێن دەکات.
پانۆڕامای «شەڕەف» لە داوێنی ئەم ڕۆمانە هەموو لایەنە نەرێنی و بنەماڵەیی و خێڵەکییەکان شەنوکەو دەکات بە جۆرێک کە لە پشتی هەر چیرۆکێک مژارێک خۆی حەشار داوە.
پەلکێش کردنی زۆرەملی گەنجان بۆ بەرەی شەڕ و قۆچی قوربانی عەشیرەتی کە تا ئێستاش لە کۆمەڵگای کوردستان دانەبڕاوە گوێڕایەڵییەکی مایەپووچە کە هیچی بە بیر و مەنتق نییە و تەنیا بۆ «عەقڵییەتی خێوەتی خێڵەکی» دەگەڕێتەوە کە وەک تراویلکەیەکی دوورەدەست سەیری دەکرێت.
گوزارەی «نامووس» لەم ڕەهەندەدا دەستەواژەیەکی قەتیسە کە لە چوارچێوەی پیاو و کۆمەڵگادا هێڵی سوورە کە بەزاندنی و یان خەوش دارکردنی پەرژین دەشکێنێت و باهۆزی سووتمانی پاش ئاگر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
![]() ![]() ![]() |