تاريخ: ۱۱ مرداد ۱۴۰۴ ساعت ۱۹:۴۲ بازدید: 613      نظرات: 1      کد مطلب: 24749
دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان؛ زمانناس و نووسەر و لێکۆڵەر

[بەبۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا عەلی بەختیارپوور (1336‒1404هـ]

مامۆستایەکی ماندوویی‌نەناس و خاوەن‌بڕوا و خاکەڕا؛ مرۆڤێکی خۆنەویست و خۆشەویستی خەڵک و خوا


مامۆستا عەلی بەختیارپوور، هەتا خودا حەز دەکا مرۆڤێکی هێدی و هێمن و لەسەرەخۆ و لەبەردڵان و خاکەڕا و خۆنەویست و گەل‌دۆست و هەمیشە لێوبەبزەی خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک و کۆمەڵگاکەی بوو. ئەو مامۆستا بەوەفا و سەفا و بەوەج و ماندوویی‌نەناسە، پتر لە 45 ساڵ (30 ساڵی فەرمی و 15 ساڵ دوای خانەنشینی)، وانەی بیرکاری، بە ئەوپەڕی لێهاتوویی و شارەزایی و لێزانی و لەخۆبردووییەوە، لە قوتابخانە ناوەندی و دواناوەندییەکانی مەهاباد بە مێرمناڵان و لاوانی مەهابادی گوتەوە. مامۆستا بەختیارپوور جیا لە فێرکاریی بیرکاری، بە چەشنێکی کردەیی و هێمایین، بە کردار و ڕەوتار و وتاری خۆی، وانەی ئەدەب و ئەخلاق، گەل‌دۆستی، ڕاستگۆیی، خۆنەویستی، نەفس‌بەرزی، سەفا و وەفا و خواپەرستی، بە قوتابییان دەگوتەوە.

 

مامۆستا بەختیارپوور چون لە بنەماڵە و جڤاک و ژینگەیەکی بێ‌فڕوفێڵ، بێگەرد، بەش‌مەینەت، ئازارچێشتوو، ستەملێکراو و نەحەساوەدا پەروەردە ببوو، کوڕی ڕۆژە-سەختەکان و پیاوی شەوە-نووتەکەکان بوو، هەر بۆیە کار و زەحمەت و خزمەت و تەقەللا و ئەرک و ئیش و ڕاژەی، بە جەوهەری ئافرێنەر و پەروەرێنەری مرۆڤ دەزانی و ماندوویی‌نەناسانە و خۆنەویستانە، شانی وەبەر کاریتەی کۆخی چەرمەسەری و کۆڵی ئەرکە تاقەت‌پڕووکینەکانی خانوولەی ژیان و مان و بوون دەدا و قەڵافەتی نەچەمیوی خۆی وەک ئەستوندەکی تاوڵی خۆنەویستی و ژین‌پەرستی، دەکردە ڕەمزی مانەوە و ژیانەوەی سەرلەنوێی کۆمەڵگە و جڤاک، پەروەردە و قوتابخانە و بنەماڵەکەی. مامۆستا بەختیارپوور مرۆڤێکی ساردوگەرم‌چێشتووی ورەبەرزی نەحەساوەوەی ماندوویی‌نەناس و ئەرکناس و ئاکاربەرز و خاوەن‌هەڵوێست بوو.

 

مامۆستا بەختیارپوور چون مرۆڤێکی خاەون‌بڕوا و تاکپەرست و خوداویست و سەربەخۆخواز بوو، زۆر بڕوابەخۆ و باوەڕبەخۆ و متمانەبەخۆ بوو، بێ‌منەت بوو لە هەموو دەسەڵاتێکی چووک و گەورە و دەرەکی و ژوورەکی و هەروەها بێ‌منەت بوو لە هەموو چەشنە سامان‌خواز و ساماندارێکی خۆیی و خۆماڵی و لە هەموو سۆرە و تۆرەیەک؛ بە کوردی و بەکورتی، مامۆستا بەختیارپوور مرۆڤێکی «قائم بە ذات» بوو، لە سەر پێی خۆی ڕادەوستا و تۆزقاڵێک منەتی هیچ کەس و کەسایەتی و دەسەڵات و ساماندار و دەزگا و ڕێکخراوەیەکی هەڵنەدەگرت؛ هەر بۆیە 45 ساڵی ڕەبەق، ڕاستگۆیانە و جوامێرانە و ماندوویی‌نەناسانە و بەرپرسیارانە و بێ‌منەتانە و لێبڕوانە و شارەزایانە و لێزانانە، وانەی «بیرکاری» و «جوان‌-ئاکاری» بە قوتابییان گوتەوە؛ تەنانەت یەک جاریش بەدڵی‌دا نەهات و بیری ختووکە نەدا کە، بۆ بەرژەوەندی و حەسانەوەی ڕێژەیی، لەجیات ئەرک و ئیشی تاقەت‌پڕووکێنی وانەوتنەوە و فێرکاریی دەرسی بیرکاری، بۆ وێنە، ماوەیەک بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک بێ، یان بە ڕاسپاردنی کاربەدستێک و نوێنەرێک و سەرۆکێک و قوڵەمیرێک، پۆستێکی ئیداری یان کارێکی دیکەی هاوچەشنی ئەوە، بۆ خۆی دەستبەبەر و جێ بەجێ بکات؛ دەکرێ بەشێک لە هۆکاری ئەم نەفس‌بەرزییەی بگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستەقینەیە کە مامۆستا بەختیارپوور لەو دەگمەن موعەللیمانە بوو کە کەم‌ هەتا زۆر «کتێب‌خۆشەویست» و «کتێب‌خوێن»ـن!

 

مامۆستا بەختیارپوور لەگەڵ ئەم چەند تاقمە، هاتوچۆ و دۆستایەتیی زۆر گەرم‌وگوڕی هەبوو:

1. مامۆستایانی ئایینی؛ بەتایبەت مامۆستایانی خاوەن‌هەڵوێستی ساڵی ساڵانی کوردەواری؛

.مامۆستایانی پەروەردە و بارهێنان؛ بەتایبەت مامۆستایانی زانا و خاوەن بڕوا و گەل‌دۆست و کوردپەروەور و خاوەن‌هەڵوێست و نەفس بەرز و خوێندەواری بواری پەروەردە و بارهێنان؛

3. قوتابییانی پێشووی خۆی؛ بەتایبەت قوتابییانی زانا و توانا و خوێندەوار و گەل‌دۆست و خاوەن‌بڕوا و بەرپرسیار و خاوەن‌هەڵوێست؛

.تاق و تاقمی بەوەفا و سەفای زەحمەتکێش و بەش‌مەینەتی گوندنشینی کۆمەڵگا؛ بەتایبەت چینی چەوساوە و ڕەنجەر و کارگەر و وەرزێر و، تەنانەت شوان و گاوان و سەپان؛ گەر لەگەڵ ئەم تاقمە دیتبایەت، هێندە لەگەڵیان خۆمانە و خۆیی دەبوو کە وەک یەکێک لەوان دەهاتە بەرچاو، کە ئەوە هێما و سەمبوولی ئەوپەڕی نەفس‌بەرزی و خاکەڕایی و مرۆڤ دۆستیی ئەم مرۆڤە ئاکارتەز و ڕەوتاربەرزە بوو .

 

خوای تاک و پاک و بێ‌میناک بە بەزەیی بێ‌سنووری خۆی، مامۆستا عەلی بەختیارپوور، بارتەقای ئەم هەمووە ماندوویی و شەکەتی و نەحەساوەیی و دڵپاکی و بیرڕووناکی و بڕواداری و خاکەڕایی و نەفس‌بەرزییەی، لە هەرچی سووچ و تاوانە جەبەی کات و لە بەهەشتی وادەپێدراوی خۆی دا، لە پەنا پاکان و چاکان و پیاوماقووڵانی گەلی کورد، بیحەسێنێتەوە و بیلاوێنێتەوە و بیحەوێنێتەوە و یاد و ناوی بەرزی ئەو مامۆستا ماندوویی‌نەناس و پایەبەرزە، بۆ هەمیشە لە نێو دڵی کۆمەڵانی ئەمەگناس و قەدرناسی کۆمەڵگای کوردەواری‌دا بە نەمری بمێنێتەوە، ئینشاڵڵا، ئامین.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

سید اوات زهرایی ۱۴۰۴/۵/۱۱
دست خوشی بو ماموستا احمدیان
و مبارکبادی بو ماموستا بختیارپور
که عهدی راستی و خزمتی له گل کوملگا
و بندایتی له گل خوداوندی برده سریه
و بوخچه ی ایمان و انسانیتی تحویلی خودای مزن دا
و ماندونبویی بو اوانه ی که له ریگای
دروستی اوین به خلک و خودا هن
بزانن که ریگاتان حقه
و آواته کان نیزیکن

نظر خود را براي ما ارسال كنيد