تاريخ: ۳۰ مرداد ۱۴۰۴ ساعت ۱۹:۳۶ | بازدید: 657 نظرات: 0 کد مطلب: 24874 |
بە تایبەت شاعێری پایەبەرز مەلا مارف کۆکەیی لە لایەن شووڕا و شارەداری
ڕێز و پێزانین و سپاسی تایبەت لە خزمەت شارەداری هێژا و تێکۆشەر و ئەندامانی بەڕێزی شووڕای شار، بێگومان زیندوو ڕاگرتنی یاد و ناوی ئەو شاعێرە بێمرادانە کارێکی بە نرخە و بۆ هاوشاریان دڵخۆشکەرە. هەروەها دەسخۆشی دەکەم لە هونەرمەندی پەنجە زێڕین، کاک بەشیر ناسری کە کورد گوتەنی ڕوحی وەبەر هێناوە، چاوەکانی ئەو سەردیسە خەمی شاعێرێکی جەرگ سووتاو و ڕۆڵەکوژراوی پێوە دیارە. شاعێرێکی بێناز کە ژیانێکی یەگجار ناخۆشی ڕابواردووە. هەڵبەت زۆربەی شاعێران و هونەرمەندانی ئێمە بە ناکامی ژیاون و خەفەت و پەژارە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانیان بووە، مەلا مارف لەو بارەوە دەفەرموێ:
منم آن شاعر معروف به هر شهر و بلد |
مرکز دایرهی بخت بد و طالع بد |
بەڵام سەرەڕای ئەو هەمووە تاڵی و دەستکورتی لە ژیاندا، دیوانێکی هەتا بڵێی پڕناوەڕۆک و دەوڵەمەندی جێهێشتووە کە زۆر لایەنی تێدا بەدی دەکرێ وەک عیرفان، ئەدەب، ڕەخنە، کۆمەڵناسی، دینناسی، ئەستێرەناسی، زانستی بیرکاری، هەندەسە، جوغرافیا و... .
مامۆستا هێمن دەفەرموێ من دیبووم و دەمزانی چەند زانا و خوێندەوار و چەند کۆمەڵناسە... ئەو شاعێرە مەزنە بە پێی هێندێک سەرچاوە، ساڵی ١٢٥٤ و هێندێک سەرچاوە وەک مەشاهیری کورد، ساڵی ١٢٥٣ی.هـ لە ئاوایی حاجیخۆشی ناوچەی مەهاباد لەدایک بووە و نازناوی «شاعێر»ی بۆخۆی هەڵبژاردووە.
هەر لە چاخی منداڵییەوە هەڵوەدای خوێندن بووە، هەر بۆیە سەری خۆی هەڵگرتووە و چۆتە خانەقای مەحوی لە شاری سلێمانی و ماوەی دوو ساڵ و نیو لەو ناوەندە خوێندوویەتی. دوای گەڕانەوە لە تورجان و سەردەرئاباد لە لای مامۆستایانی تورجانیزادە (قزڵجی)، درێژەی بە خوێندن داوە. وێدەچێ هەر لەو شوێنە ئیزنی وانەبێژی و فەتوای وەرگرتبێ.
خوێندنگەی تورجان کە لەو سەردەمەدا چرای زانستی لێ هەڵکرابوو و وەک زانستگایەک، زانستە جۆر بە جۆرەکانی وەک علوومی عەقڵی و نەقڵی و زانستی بیرکاری و سەرف و نەحوی عەڕەبی و ڕاڤەی قوڕئانی پیرۆز لەو ناوەندە دەگوتراوە و زۆربەی گەورەپیاوان بۆ نموونە ئەحمەد تورجانیزادە کە دواتر بوو بە مامۆستای زانستگای تەورێز، لەو ناوەندە و لە ژێر چاوەدێری عەللامە قزڵجی پەروەردە بوون.
مەلا مارف شاعێرێکی بە توانای سەبکی کلاسیکە کە بە چوار زمانی کوردی، تورکی، فارسی و عەڕەبی شێعری گوتووە و لە باری دەسەڵاتی شێعری و هەبوونی دیوانێکی دارماڵ لە خەزێنەی وشە، من کە ماوەی هەشت ساڵ دێ بە دێ بە دوای دەسنووسەکانیدا گەڕاوم و چوومە خزمەت ئەو کەسانەی شێعری ئەو بەڕێزەیان لەبەر بووە، بە ڕاشکاوی دەتوانم بڵێم دوای وەفایی شاعێر، لە پلەی دووهەمدایە و شێعری ڕەخنەگرانەی گەیاندۆتە لوتکە. پێنج خشتەکی ڕەخنە لە عێلات و عەشایر، شێعرێکی دێکۆمێنتی و بەڵگەمەندە بۆ ئەو بابەتە. هەروەها ڕووناکبیری و بیری نەتەوەخوازی و هەڵوێستی ئازادیخوازانە و هاندانی خەڵک و وشیارکردنەوەیان بە شێعرەکانییەوە دیارە.
|
چ ڕۆژێکە، لە لایەک گرمەگرمی هەور و ناڵەی با |
لە لایەک شیوەن و گریان و قوڕپێوان و فەریادە |
لەبەر لاشەی جەنازەی ئادەمی و ئەقسامی حەیوانات |
خەیاڵ دەکرا کە یەومی نەفخی سوورە، حەشری ئەجسادە |
مەلا مارف دوای شەهیدبوونی مەلا عەلی کوڕی، دێتەوە سابڵاغ و لە مزگەوتی شادەروێش دەبێتە وانەبێژ و پێشنوێژی ئەو مزگەوتە.
مامۆستا هەژار دەفەرموێ: ئەوانەی من خۆم دیتمن و لە خۆم زۆر شاعێرتر بوون، مەلا مارفی کۆکەیییە و دەگێڕێتەوە: ڕۆژێک لە سابڵاغ لەسەر تاتەکانی مزگەوتی شادەروێش لە لای مەلا مارف دانیشتبووم و داوای شێعری تازەم لێدەکرد چونکە هەموو شێعرەکانیم لەبەر بوو. وەک دابی عەڕەبی پێشوو، من ببوومە ڕاویەی مەلا مارف، بە مینگە و سەرخوراندنەوە گوتم مامۆستا شێعرێکم گوتووە، بۆتی دەخوێنمەوە، تکایە لەبەر خاتری من مەفەرموو باشە. ئەگەر پێت باش نەبوو پێم بڵێ.
پێکەنی گوتی: شێعریش ئەو سەنعاتە رەزیلە خاتر و ماتری دەوێ!؟ دەی بزانم، شێعرە هەر باشەکەم کە جوابنامە بوو، بۆم خوێندەوە کە لێ بوومەوە گوتی: ڕۆڵەم ئەمە مێعریش نەبوو، زۆر منداڵانەیە، هەر ئێستا بیدڕێنە و خۆتی لێ نامۆکە... .
مەلا مارف ڕۆژی سێشەممۆ، شەشی خەرمانانی ١٣٢٤ی.هـ لە نۆزدەی ڕەمەزان (١٩٤٥ی.ز) لە گەڕەکی مزگەوتی سوور لە خانووبەرەیەکی ئیجارەییدا مۆمی تەمەنی کووژایەوە و لە گۆڕستانی مەلاجامی بە ڕێز و حورمەتەوە لە لایەن مامۆستایان مەلا عەبدوڵڵای مودەڕڕیسی و مەلا سەدیقی سیدقی، پێشنوێژی خانەقای شەمزینان، مامۆستا مەلا محەممەدی لاهیجانی و سەید عەبدوڵڵای ئەتەری، کوڕی حاج شێخ عەبدولقادری بەرزەنجی و ژمارەیەک لە خەڵکی سابڵاغ لە تەنیشت سەیدزادە خانمی سریلاوا بە خاک دەسپێردرێ. گۆڕی سەیدزادە خانمی سریلاوا ئێستا لە سەرەوەی دەرمانگای تەئمینی ئیجتماعی هەر ماوە.
گۆڕستانی مەلاجامی لە کاتی دەسەڵاتی سەرتیپ وەرەهرام بە بۆنەی گۆڕینی نەخشە و پلانی شار کاول کرا و گۆڕی دەیان کەس لە کەسایەتییە ناسراوەکانی شار بۆ وێنە مەلا مارف و حەریقی شاعێر لەناو چوون و هیچ ناو و ئاسەوارێک لەو بەرزە ناوانە نەمایەوە. تەنها بە پێداگری خەڵک، گۆڕی مەلاجامی لە شوێنی ئێستا مایەوە.
لە کۆتاییدا وێڕای دەسخۆشی دووبارە لە شووڕا و شارەداری مەزن، هیوادارم هەموو کات سەرکەوتوو و سەربەرز بن.
ژێدەر:
١- تاریک و ڕوون، مامۆستا هێمن، چاپەمەنی سەیدییان، بێتا.
٢- چێشتی مجێور، مامۆستا هەژار، چاپی پاریس ١٩٩٧، ل ٤٧.
٣- دیوانی مەلا مارف کۆکەیی، کۆکردنەوە و ساغکردنەوە: ماپەرە لاهیجانی، ١٣٩٤، نەشری کیان.