تاريخ: ۴ شهریور ۱۴۰۴ ساعت ۱۱:۶ | بازدید: 372 نظرات: 0 کد مطلب: 24898 |
دەستەواژەی«اولیالامر»، یەکێک لە دەستەواژە پڕ گرێوگۆڵە ئایینی‒مەعریفییەکانی قوڕعان بووە لە مێژووی موسوڵمانەکاندا و ئێستاش بە تەواوی بۆ گشت کەس ڕوون نەبۆتەوە کە مەبەست لە «اولیالامر» واتە «خاوەندەسەڵاتە کارپێسپێردراوەکان» کێن و هەر کەسە بەپێی بیر و بۆچوون و بڕشتی فکریی خۆی واتای لێداوەتەوە یا کەوتووەتە شوێن یەکێک لە زانایان و ڕاڤەکارانی قوڕعان. بۆی هەیە بە هۆی پیویستبوونی دەسەڵات و حکوومەت، بەپێی ئایین یان ئاوەز له ڕوانگەی سوننییەکانەوە بۆ پێشگرتن لە زوڵم و زۆری خەڵک لە یەکتر و کوژاندنەوەی ئاگری شەڕ و داوەریکردن لە نێوانیان، هێندێک موسوڵمان، بەتایبەت لە ڕابردوودا، پێیانوابووە کە مەبەست لەو دەستەواژەیە، پاشا و حاکمەکانن و بۆشیان جیاوازی نەبووە کە ئەو پاشا و حاکمانە کێن و چ کەسن، چاکن یا خراپ، بیروبڕوایان چییە؟ بۆی هەیە ئێستاکەش ئەو کەسانە هەبن کە ئاوا بیر دەکەنەوە. ئەو جۆرە بیرکردنەوە بە تەواوی، لەگەڵ بۆچوونی قوڕعان دژایەتی هەیە. هەر کەس جارێکی قوڕعان خوێندبێتەوە‒تەنانەت ئەگەر بە کەموکووڕیش بێت‒بۆی دەردەکەوێ کە ڕووحی قوڕعان لەگەڵ گوێڕایەڵی بۆ دەسەڵاتداری زاڵم و ملهوڕ دژایەتی هەیە، هەر ئەو جۆرەی کە لە چیرۆکەکانی حەزەرەتی مووسا و حەزرەتی ئیبڕاهیمدا دەبیندرێ. هۆکاری ئەو بیروبڕوایەش دەکرێ بەپێی بۆچوونەکان، سەرچاوەی جۆراوجۆری هەبی. بیرمەندی ناوداری دونیای ئیسلام « عەبدوڕڕەحمان کەواکیبی»(م.1281هـ.) لە کتێبی «طبایع الاستبداد»دا دەڵی: ئەو موسوڵمانە سافیلکانە، بە هۆی لاوازی و داماوی، بۆ دڵخۆشکردن یان بە وتەی ڕەوانناسەکان وەکوو «مێکانیزمێکی دیفاعی»، بۆ پاساوی شێواوی و داماوی و بەلاسایی لە «تەوڕات»، ئەو ورکەقسە و حەدیسانەیان هەڵبەستووە: «پاشا سێبەری خودایە لەسەر زەوی»، «زۆردار شمشێری خودایە، بەو، تۆڵە وەردەگرێ و پاشان تۆڵەی لێ وەردەگیرێتەوە»، «پاشاکان ئیلهام و سەرۆیان پێدەکرێ». کەواکیبی لە درێژەدا دەڵێ: ئەگەر گوێڕایەڵی بۆ پاشاکان پێویست بێت، مەبەست ئەو پاشایانەیە کە دادپەروەرن، یا گریمان ئەو حەدیسانە ڕاست بن، دەبێ بەپێی عەقڵ و ئاوەز ڕاڤەیان بۆ بکرێ و شیبکرێتەوە و لەگەڵ ئەو ئایەتانە: «با ناحەقیکەران وەبەر نەحلەتی خودا کەون»(سووڕەی هوود، ئایەتی 18)؛ «دەستدرێژی هەر لە دژی ناحەقانە»( سووڕەی بەقەرە، ئایەتی 193) دژایەتییان نەبێ.
بە سووکەئاوڕێک بۆ سەر ڕاڤەکانی قوڕعان و بیروبۆچوونی ڕاڤەکاران لەبارەی واتای دەستەواژەی «اولی الامر»، بۆمان دەردەکەوێ کە بەگشتی کورتە و پوختەی بیروبۆچوونەکانیان ئەوەیە کە مەبەست لە واتای « اولیالامر»، دەسەڵاتدارانی موسوڵمان، قازی و داوەر، زانایانی ئایینی و سەرپەلەکانە(تەفسیرەکانی: «انوارالقران»، «المنیر» و «المنار».) هەڵبەت گشتی ئەوانە ڕایان وایە کە تا ئەو شوێنە گوێڕایەڵی بۆ ئەو کەسانە درووستە، کە حوکم و فەرمانەکانیان دژایەتی لەگەڵ حوکم و فەرمانی خودا و نێردراوی خودا(د.خ) نەبێ. جگە لەو بۆچوونانە، هێندێک وەکوو: «عەبدوڕڕەحمان کەواکیبی» و «شێخ سەعید حەووا»، ڕایان وایە کە گوێڕایەڵی بۆ پاشاکان و حاکمانی کافر و بێبڕواش ئەگەر دادپەروەر بن و تا ئەو شوێنە کە گوێڕایەڵییەکە دژایەتی لەگەڵ قوڕعان و سوننەتی نێردراوی خودا نەبێ و قازانجی کۆمەڵگای تێدابێ و ڕای گشتی لە پشت بێت، پێویست و درووستە. لە ڕوانگەی شیعەکانیشەوە مەبەست لە «اولیالامر»، پێشەوا مەعسووم و بێگوناهەکانن(تەفسیری «لاهیجی»). بەڵام بە بڕوای من، ڕێکوپێکترین و سەردەمییانەترین بۆچوون لەبارەی واتای دەستەواژەی «اولیالامر» هی هەڵکەوتە و بلیمەتی زانا، مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیانـە کە لە سێ گەوهەری بەنرخی خۆیدا لێیدواوە، واتە لە کتێبەکانی: 1.« سیمای صادق فاروق اعظم، حضرت عمر ابن خطاب»، لاپەڕەکانی 434 تا 439؛ 2. «کلید حدیثشناسی»، لاپەڕەکانی 9 و10؛ 3«ئایین و کۆمەڵ»، لاپەڕەکانی 120 تا 122. مامۆستا ئەحمەدیان، دوای هێنان و باسکردنی بۆچوونی شێخ محەممەد عەبدە لە «تفسیر المنار»دا، کە پێیوایە مەبەست لە «اولیالامر»، حاکم و زانا و سەرپەلەکانن کە خەڵک لە کاروبارەکانیاندا پرسیان پێدەکەن، هەروەها بۆچوونی ئیمام فەخرەددینی ڕازی لە «تەفسیر کبیر»دا، کە پێیوایە مەبەست لەو دەستەواژەیە، «اهل اجماع»ـە، بۆچوونەکانیانی بەدڵ نابێ و ڕەتیان دەکاتەوە و دەڵێ: «بە بۆچوونی من هیچکام لەو بۆچوونانە شیاو و گونجاو و قنیاتهێنەر نین چونکە بەپێی ئەو ئایەتە، واتە ئایەتی 9ی سووڕەی«نساء»، سەرچاوەی سێکوچکەی حوکم و فەرمانەکانی ئیسلام دەستنیشان دەکرێن کە موسوڵمانەکان دەبێ گوێڕایەڵیان بن. دەبێ بەوردی تێفکرین و بپرسین کە لە سەردەمی نێردراوی خودا‒دروود و سڵاوی خودای لێ بێ‒، جگە لە قوڕعان و نەریتی نێردراوی خودا(د.خ)، گوێڕایەڵی بۆ کامە سەرچاوەی تر پێویست بووە؟
لە سەردەمی نێردراوی خودا(د.خ) «ئیجماع» و «پاشاکان» لەگۆڕێ نەبوون. ئەگەر زانا و سەرپەل و سەرۆکەکانیش، بەپێچەوانەی قوڕعان و نەریتی نێردراوی خودا(د.خ)، فەرمانێکیان دابێت، گوێڕایەڵی بو فەرمانەکانیان ناڕەوا و حەرام بووە و ئەگەر فەرمانەکانیشیان لە قوڕعان و نەریتی نێردراوی خودا(د.خ) بووبێت، ئەوە هەر دەبێتەوە فەرمانی قوڕعان و نەریتی نێردراوی خودا(د.خ)، وە «اولیالامر» دەبێتەوە دووپاتەی ئەوان؛ لە حاڵێکدا ئایەتەکە باسی سێ سەرچاوە دەکا.» لە درێژەی ئەو باسەدا، مامۆستا دەڵێ: « بە بڕوای من، مەبەست لە ”اولیالامر“، بریتییە لە ”کۆڕی ڕاوێژپێکراوی قۆڕعانی” و ئەو فەرمانانەی کە ئەوان پەسندیان دەکەن. ئەو کۆڕە لە کەسانێکی پسپۆڕ و زانا و بەئەزموون پێکهاتووە‒ چ لە بواری فیقهـ، چ لە بواری زانستەکانی پزیشکی و کشتوکاڵ و چ لە بواری پیشەکان و سنعاتەکان و کاروباری عەسکەری و..‒ کە لە دەستوور و فەرماندەرکردنیاندا جگە لە قوڕعان و نەریتی نێردراوی خودا(د.خ)، لە ”زانست“ و ”ئەزموون“ و ”عەقڵ“ـیش کەڵکی شیاو و گونجاو و بەجێیان وەرگرتووە.»
![]() ![]() ![]() ![]() |