تاريخ: ۱۰ شهریور ۱۴۰۴ ساعت ۱۱:۴۶ | بازدید: 95 نظرات: 0 کد مطلب: 24941 |
ئەوە چارەنووسی تۆنییە هەڵاڵە!، ئەوە هەڵبژاردنی خۆتە کە خەنجەرێک شاخەوشاخ، شارەشار و وڵاتەووڵات شوێنت بکەوێ، تا لێرە، لە ستۆکهۆڵم، لە گەڕەکی فلەمینسبێرگ، نهۆمی چوارەمی باڵەخانەی ژمارە هەژدە لە سنگت بچەقێ.
ئەدەبیات هەمیشە سەکۆیەکی گرنگ بۆ نوێنەرایەتیکردنی ئەزموونەکانی ژیانی ژنان بۆوە.
سیمۆن دی بۆڤوار لە کتێبی ڕەگەزی دووەمدا ڕوونی دەکاتەوە کە زۆرجاران ژن، لە مێژوو و کولتووری پیاوسالارانە دا نەک وەک "سوژەیەکی سەربەخۆ" بەڵکو وەک "ئەوەی تر" یا وەک بابەتێکی پەراوێزخراو پێناسە دەکرێت؛ بوونێک کە تەنها لە پەیوەندی لەگەڵ پیاوان دا مانای پێ دەبەخشرێت. یەکێک لە تەوەرە هەرە سەرەکیەکانی دی بۆڤوار پەیوەندی جەستەی مێینە بە سیستەمی باڵادەستەوەیە . بە درێژایی مێژوو جەستەی مێینە گۆڕەپانێک بۆ کۆنترۆڵکردن و ئینکار و چەوساندنەوەی ژنان بووە.
لە ڕۆمانی گرەوەی بەختی هەڵاڵە دا کەسایەتی سەرەکی ڕۆمان نەک بە تەنیا هەڵگری ویست و شوناسی تاکەکەسی خۆیەتی، بەڵکو دەبێتە سەنگەرێک بۆ خۆڕاگری لەهەمبەر توندوتیژی کۆمەڵایەتی و سیاسی و پیاوسالارانەدا. ژیانی هەڵاڵە وێنەیەکی ئاشکرا لە هەمان بارودۆخی مێژوویی دەخاتە ڕوو کە دی بۆڤوار باسی لێوە دەکات و دەڵێت: لە گۆڕەپانی چەوساندنەوەی ڕەگەزی و بارودۆخی کۆمەڵایەتی-سیاسی و هەل و مەرجی داگیرکاری دا، ژنان جەستەی خۆیان نەک لە دەستی خۆیاندا بەڵکو لە خاوەندارێتی دەسەڵاتە دەرەکییەکاندا دەبیننەوە.
لە ڕوانگەی دی بۆڤوارەوە دەتوانین بڵێین هەڵاڵە ڕەمزی ئەو ژنانەیە کە له جەنگەی شەڕ و قەیرانە سیاسییەکاندا دوو جار پەراوێز دەخرێن:
جارێکیان بەهۆی "ژن بوون" و دووهەمیان بە هۆی ژیان لە ناو جوگرافیایەکی چەوساوەدا.
بەڵام هەڵاڵە هەر لە تەمەنی منداڵی و هەرزەکارییەوە نموونەی ڕۆحێکی یاخی و ئازادە. بۆ هیچ یاسا و نەریتێکی داسەپێندراو مل نادات. هەڵاڵە نەک تەنها لەگەڵ ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتووری دەوروبەریدا، بەڵکو لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی و بەتایبەت لەگەڵ باوکیدا، کە دەیویست هەڵاڵە وەک کوڕێکی ئازا پەروەردە بکات و هیچ تایبەتمەندییەکی ژنانەی لە جەستەی دا قبوڵ نەدەکرد، بەردەام لە ململانە دایە.هەڵاڵە لەگەڵ ئەوەی لە سەردەمی منداڵی دا جیلوەیەکی بەرچاو بوو لە ئارکی تایپی ئانیموس، بەڵام لەگەڵ پێ نان لە دەورەی هەرزەکاری دا پەیوەندی لەگەڵ جسنی ژنانەی خۆی نەپچڕاند و خۆی لە پێناسە پیاوسالارییەکانی باوکیدا نەبەستەوە. ئەم ململانەی نێوان داسەپاندنەکانی باوکی و خۆئاگابوونی هەڵاڵە بناغەکانی کەسایەتیەکی سەرکەش پێک دێنێت و دەیکات بە کەسێکی سەربەخۆ و بوێر و خۆئاگا کە بەرەنگاری هەر شێوە داسەپاندن و چوارچێوەیەکی بەرتەسک دەبێتەوە.
هەڵاڵە هەرگیز لە ژێر کاریگەری ئایدۆلۆژیا و جیهانبینی ئەندامانی بنەماڵەکەی نابێت؛ نە فکری سۆسیالیزمی مەجید و نە ناسیۆنالیزمی کاروان وشێرزاد و باوکی، نە تیپیکاڵی گوێڕایەڵانەی دایکی، هیچیان نەیانتوانی ڕۆڵێکی کاریگەر لە داڕشتنی خۆئاگایی و هەڵبژاردنەکانی هەڵاڵە بگێڕن. لە ڕوانگەی فێنۆمۆنۆڵۆژیەوە چەمکی ئازادی لە گۆشەنیگای هەڵاڵەوە دیاردەیەکی جیاواز لە ئازادی هەر کامێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەیەتی.
ئازادی هەڵاڵە، ئازادی بۆ زاتی ئازادیە و بەس.
هەڵاڵە هەر لەسەرەتای بوونیەوە ئازادی و هەڵبژاردن و دڵەڕاوکێی وەباڵ ئەستۆیەتی.
هەر لە منداڵییەوە توانی سنووری نێوان ویستی خۆی و ویستە سەپێنراوەکانی دەرەوە بناسێتەوە.
من کچ نیم، من کوڕم!
من کوڕم، کوتنەکانی هەڵاڵە لەگەڵ کوڕی من، کوتنەکانی باوکی دوو جیهانی لێکجیاوازن یەکەمیان جیلوەدانی ئانیموس لەپەیکەرەی ژاندارکی زەمانە دایە و دووهەمیان نەسەلماندنی جەستە و حەز و ویست و ئیرادەیەکی ژنانەیە کە بۆ کۆمەڵگایەک دە قەبارەی حەمەڕەشیدئاغا داهەمیشە تابۆ بووە.هەر وەک لە شانۆی ژاندارک دا لە بەرامبەر پیاوە ئایینیەکانی کلیسا کە تۆمەتباریان دەکرد بەوەی کە جلی پیاوانی لەبەر کردووە و لاسایی ئاکاری پیاوان دەکاتەوە، دەوەستێتەوە و دەڵێت: من لە جەوهەری ژنانەی خۆم دەرنەچوومە، من تەنیا ئەرکی نەتەوەیی خۆم جێ بە جێ کردووە.
هەڵاڵە بە هۆی یاری کردن لەگەڵ ڕەگەزی نێرینە و کورت کردنەوەی قژی و لەبەرکردنی جلی کوڕان، نیشان دەدا دەتوانێت لایەنە جیاوازەکانی کەسایەتی خۆی تێکەڵ بکات و هیچ چوارچێوەیەکی دەرەکی ناتوانێت ڕێگری بکات لە ناسین و دەربڕینی خۆی. ئەم بوێری و سەربەخۆییە دواتر لە هەڵس و کەوتەکانی لەگەڵ پیاوان و کۆمەڵگادا ڕەنگدانەوەی دەبێت.
لە ماوەی هەرزەکاریدا، هەڵاڵە تووشی ئەزموون گەلی جیاواز دەبێت کە بۆ داڕشتنی ڕۆحی شەڕانگێزی و سەربەخۆیی تاکی خۆی یاریدەدەرن. چوون بۆ شاخ و ئامادەبوون لە سەنگەری شەڕی حیزبایەتی دا لە پەیڕەوکردنی ئایدیاڵەکانی حیزبی و بنەماڵەکەی دا نییە، بەڵکو نیشانەی زاتی شەڕەنگێزی ئەو و هەروەها نیشانەی گەڕان بەدوای جیهانێکی نوێ دایە.
هەڵاڵە کاتێک بۆ یەکەمجار ڕووبەڕووی ئاوێنە دەبێتەوە وەک ئەوە وایە دووبارە لە دایک دەبێتەوە، جوانی و سیفەتی ژنانەی خۆی و بە تایبەت "خۆی" وەک سووژەیەکی سەربەخۆ دەدۆزێتەوە و دەبینێت. ئه م ئه زموونه به پێی تیۆری قۆناغی ئاوێنە یی ژاک لاکان، بۆ دامه زراندنی خۆئاگایی و شوناسێکی سه ڕبه خۆ و به ڕه نگاری هه ڕچه شنه ئۆبژەیەکی داسەپاو یارمەتی دەرن.
ئەو لە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ کلتوور و مێژوو و حیزبە سیاسییەکان کە تابۆی پیرۆزی بنەماڵەکەیەتی ناترسێت. هەڵاڵە ڕاشکاوانە ڕەخنەی لە حیزبە چەکدارە کوردییەکان دەگرێت و لە بەرامبەر دەرهەڵ بوونی شیرزادەکان و حەمە ڕەشیدئاغاکان د پابەندی پرنسیبەکانی سەربەخۆیی فیکریی خۆی دەمێنێتەوە و بێ باکانە شێرزاد گوتەنی وەک سەگ لە کونی خۆی دەوەڕێت.
بەڵام بە پێچەوانە،بیرۆکەی شێرزاد و شێرزادەکان لە ناو پیڤازێکی توێ دەر توێ دا بەستراونەتەوە،توێیەکانی ڕەگەز و ئایین و زمان و نەتەوە و...
سەعید حەجەمە؟. نا کوردی کرماشانە.کەواتە شیعەیە!
شێرزاد لە هێچێک لەم توێیانە دا نەیهاوێ دەرباز بێت، بە پێچەوانەی هەڵاڵە کە بەستراوەی هێچێک لەم توێیە دوگمانە نییە.
بڕیاری جێهێشتنی خاک لە لایەن هەڵاڵەوە دەتوانرێت لە ڕوانگەیەکی فەلسەفی و دەروونناسیەوە قووڵتر شی بکرێتەوە بۆ ئەوەی نیشان بدرێت کە ئەم هەڵبژاردنە تەنیا کردەوەیەکی جەستەیی نەبووە بەڵکو دەرکەوتنی کردەوەیەکی ئێگزیستانسیاڵە. لە ڕوانگەی هادیگێرەوە مرۆڤ هەمیشە بەشدارە لە “بوون لە جیهاندا” و دەبێت لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانیەوە مانای ژیانی خۆی دروست بکات. هەڵاڵە لە ژینگەی سنووردار و نەریتی زێدی خۆیدا خەریکی “تێوەگلان لەگەڵ ئەوانی تر” بوو؛ لەو شوێنەی کە باوک و براکانی و کۆمەڵگا و بەها نەریتییەکان چوارچێوەی ژیانی ئەویان داڕشتبوو. هەر لە منداڵییەوە ئەزموونی کردبوو کە ئەم چوارچێوانەن کە پێناسەی ئەو سنووردار دەکەن و ڕێگەی پێنادەن تاکایەتی و ئازادیی فیکریی خۆی دەرببڕێت. بڕیاری جێهێشتنی زێدی خۆی، هەنگاوێکە بەرەو "خۆبوون"، هەنگاونان لە دەرەوەی دۆخی خاوەندارێتی و کۆنترۆڵکردنی ئەوانی دیکە و قبوڵکردنی بەرپرسایەتیەکی تەواو لە ژیانی خۆی دا و لە هەڵبژاردنەکانی دایە. ئەم هەڵبژاردنە هاوشێوەی ئەوەیە کە سارتر بە "مەحکوم بە ئازادی" ناوی دەبات؛ واتە مرۆڤ لەگەڵ هەر هەڵبژاردنێکدا ئازادی خۆی دەسەلمێنێت و لە هەمان کاتدا بەرپرسیارە لە دەرئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە.
هەڵبژاردنی هەڵاڵە بۆ جێهێشتنی زێدی خۆی، دەرکەوتنێکی ڕوونی یاخی بوونی مرۆڤ لە ژینگەیەکدایە کە ئەوانی تر دەیانویست ڕێگای ژیانی بۆ دیاری بکەن، بڕیاریدا ژیانی خۆی بەپێی هەڵبژاردنی خۆی بنیات بنێت. ئەم ئازادییە هەمیشە لەگەڵ “دڵەڕاوکێ”دایە، چونکە هەڵبژاردن واتە قبوڵکردنی بەرپرسیارێتی و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جیهانێکی نەناسراو؛ هەڵاڵە بە هۆشیارییەکی تەواوەوە بەرەو ئەم جیهانە نەناسراوە هەنگاو دەنێت. ڕووبەڕووی غەریبایەتی و کولتووری جیاواز و ئەزموونی کۆمەڵایەتی نوێ دەبێتەوە و بەم شێوەیە شوناسی سەربەخۆ و خۆئاگایی لە دەروونیا دادەمەزرێنێت.
هەڵاڵە هێمای یاخی گەری و سەرپێچی ژنێکی ڕەهایە. لە جیهان بینی دا، لە هەڵس و کەوتەکانی دا لەگەڵ ئەوانی تر، تەنانەت لە شێوە ی لەبەر کردنی جلوبەرگی دا ئاسوودەترین شت و مەکەکان لەبەر دەکات.جل و بەرگێک کە دەرکەوتنی جەستەی ژن نەک وەک جیلوە و نمایش دانی لەش وەک هێمایەکی سێکسی بۆ خۆ نواندن ، بڵکو هێمای یاخیبوونی ژنێکی بوێر و ئازاد لەبەرامبەر نەریتی شێرزادەکان و حەمەڕەشید ئاغاکان دایە. نەک تەنها بۆ نمایشکردن یان سەرنج ڕاکێشان. ئەو تیشێرتەی کە بەشێک لە جەستەی دەردەخات، دەربڕینی بوێری ویاخی گەریگەریەکی ژاندارکانەیە، نەک ئامرازێک بۆ ڕاکێشانی سەرنجی پیاوان . هەر کاتێک کەسێک وەژوور ماڵی هەڵاڵە و شێرزاد دەکەوێت و تابڵوێ ئەو ژن و پیاوە ڕووتە دەبینێت شێرزاد تەریق دەبێتەوە. ڕووتی لە م ڕۆمانە دا بە دوور لە هەر چەنە خوێندنەوەیەکی ئێرۆتیک ، هێمای بیرکردنەوەی قووڵ و ڕەنگدانەوەی فەلسەفی و گەڕانە بە دوای حەقیقەتی سروشتی مرۆڤدایە. ڕووتی ئەوە دەردەخات کە مرۆڤ لە حاڵەتێکی ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەدا، لە دەمامک و چوارچێوە بەرتەسکەکانی کۆمەڵایەتی ڕزگاری دەبێت و ڕووبەڕووی خودی ڕاستەقینەی خۆی دەبێتەوە. هەروەها جەستەی ڕووت هێمای کامڵبوون و جوانی و سروشتی مرۆڤە، جەخت لەسەر گشتگیربوونی بیری مرۆڤ دەکاتەوە. بەم شێوەیە ڕووتی تێکەڵاوێک لە هێزی عەقڵ و قووڵایی ڕەنگدانەوە و پاکی مرۆڤ نیشان دەدات.
هەڵاڵە مەحکومە بە ئازادی و بەرپرسیاربوونە. ناتوانێت لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی خۆی ڕەها بکات و دەبێت بەردەوام خۆی لە جیهاندا و لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی تردا بدۆزێتەوە. جێهێشتنی زێدی خۆی و کۆچ بۆ هەندەران، هەڵبژاردنی هاوسەرگیری لەگەڵ شێرزاد یان ڕەتکردنەوەی. ڕەخنەگرتن لە پارتە سیاسییەکان و کولتوور و مێژووی کۆمەڵگاکەی، هەموو ئەو هەڵبژاردنانەن کە لەبەرمبەریاندا خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت و لەو ڕێگەوە بە بوونی خۆی مانا دەبەخشێت.
ئەو نیشان دەدات کە ئازادی تاک پێویستی بە هۆشیاری و ئیرادە و قبوڵکردنی بەرپرسیارێتی هەیە و تەنیا بە زاڵبوون بەسەر چوارچێوە بەرتەنگەکان دا مرۆڤ دەتوانێت ژیانێکی ڕەسەن ئەزموون بکات. هەڵاڵە بەرەنگاری چارەنووسێک دەبێتەوە کە باوک و براکانی وچوارچێوە کۆمەڵایەتیەکان و کولتوری پیاوسالارانە ڕەخساندوویەتی و بەم شێوەیە نیشان دەدات کە مرۆڤ دەتوانێت بە هۆشیاری و ئیرادەی خۆی ژیان بکات.
تەنانەت کاتێ ڕەعنا دەڵێت من چارەنووسی خۆم پێ ناگۆڕدرێت هەڵاڵە بە گژی دا دەچێت و قسەکەی ڕەت دەکاتەوە، کە واتە هەڵاڵە نەک تەنیا دەرهەق بە بەرپرسایەتی خۆی هەستیارە، بڵکو ئەوانی تریش هان دەدات کە دەرهەق هەڵبژاردنەکانی خۆیان بەرپرسیار بن.
تەنانەت لە بەرامبەر شێرزادیش هەڵوێستەکی هاوشێوەی دەبێت، کاتێک شێرزاد ترسی هەیە کە سەرتاشخانەکە، ئەم کوردستانە بچووکە بە جێ بهێڵێت و لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێت.
کۆتاقسە، هەڵاڵە نموونەی "بوون-لە-جیهان" و "بوون-بۆ-خۆی"یە. ئەو بە ئاگادارییەوە مەرجەکانی ژیانی قبوڵ دەکات.
بەسەرهاتی هەڵاڵە ڕەنگدانەوەی بابەتیی دۆخی مێژوویی ژنانە لە سیستەمی پیاوسالاریدا. ڕۆمانەکە وێڕای وێناکردنی تراژیدیای تاکەکەسی ژنە کوردێک، ڕەنگدانەوەیکە لە پێکهاتە جیاکاریەکان و توندوتیژی بنەڕەتی دژ بە ژنانە.
لە ئاکام دا ئەرکی ڕۆمان تەنیا گێڕانەوەیەکی ئەدەبی نییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی کۆمەڵایەتییە کە نوێنەرایەتی دۆخی ژن دەکات لە چوارچێوەی نەریتێکی تێکەڵاو بە توند و تیژی و کلتووری تێکەڵ بە خوڕافات دا.
سەرچاوەکان:
مارتین هایدگر/نوسینی:مایکل ویلێر ، وە: سید مەحموود حسێنی . نشر ققنوس
ڕەگەزی دووەم/سیمۆن دی بۆڤوار و:قاسم سەنعەوی
ئێگزیستانسیالیزم و ئۆمانیزم/ژان پۆل سارتر/وە: مستەفا ڕەحیمی
ژاک لاکان/نوسینی شون هومێر/ نشر ققنوس
ضمیر پنهان/کارل یونگ/نشر قطرە