ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 9ی ڕەزبەر لە لایەن کۆمەڵێک گەنجی سەر بە ئەنجومەنی حامی تاران بە هاوکاری گرووهی گەشە و پەرەپێدانی فەرهەنگی کتێبخوێندنەوەی موکریان کتێبخانەیەک بە ناوی لاوان لە گوندی قالوێزەندان سەر بە شاری مەهاباد کرایەوە، لە ڕێوڕەسمی کرانەوەی کتێبخانەکەدا سەرەتا پەیامی ئاوایی لە لایەن محەممەد محمودپور پێشکەش کرا دواتر فەڕشید ڕەشیدی بە نوێنەرایەتی لە لایەن لاوانی ئەنجومەنی حامی پەیامی خۆشحاڵی خۆی و هاوڕێیانی پێشکەشی ئامادەبووان کرد پاشان خاتوو فەڕەح حەقنژاد کورتەباسێکی سەبارەت بە گرینگی و شوێندانەری کتێبخانە لە ئاوایی و گوندەکاندا کرد کە دەتوانێ دەلاقەیەک بێت بۆ وەدیهاتنی خەونی داهاتووی منداڵان لە بواری زانست و ئاگاهی و پێگەیشتندا. هەروەها ناوبراو ئاماژەی بە مسۆگەرکردنی چەندین پلە و شانازیی کتێبخانەکانی حامی لە ناوچەدا کرد کە بووەتە چرایەکی گەشاوە لە دڵی هێندێک گوند و ئاوایی لە مەهاباد و هیوای خواست کە گشت منداڵانی وڵاتەکەمان بەهرەمەند بن لە بەشی فەرهەنگی و پەرەسەندنی ئاستی موتاڵا لەم مەڵبەندەدا،
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا ئاغای جەوانبخت ڕەئیسی ئیڕشاد بە سرنجدان بە گرینگی بوونی کتێبخانە و چوونە سەری ئاستی موتاڵا لە ئاوایییەکان هەروەها ئاماژەی بە ڕێخستنی سامانەی نوین کرد کە وەک دێهکەدەیەکی مەجازی ڕۆڵێکی کارای دەبێت لە پێکوەسڵ کردنی دێهات و شوێنە جواراوجۆرەکانی سەراسەری وڵات.
لە درێژەدا خاتوو سونبولی پەیامی ڕێزلێنان و ئامانجی گرووهی گەشە و پەرەپێدانی فەرهەنگی کتێبخوێندنەوەی موکریانی پێشکەش کرد.
نێوئاخنی بەرنامەکە بە شێعر و سروودی منداڵان و هۆنراوەی شاعیرانی بەشداربوو ڕازایەوە.
لە کۆتاییدا ئەم کتێبخانەش بە دەستی منداڵان و لاوانی ئاوایی دەرگای بە ڕووی زانست و پەروەردەدا کرایەوە.