| تاريخ: ۲۴ آبان ۱۴۰۴ ساعت ۱۷:۳۸ | بازدید: 714 نظرات: 0 کد مطلب: 25324 |
گیوی موکریانی، لە مێژووی 344 ساڵەی فەرهەنگنووسیی کوردیدا، وەک باوکی فەرهەنگنووسیی کوردی ناسراوە؛ ئەویش بەهۆی ئەوەوە کە پێنج فەرهەنگی تۆکمە و تەکووزی کوردی نووسیوە و لەم پێناوەدا حەول و تەقەلایەکی لەڕادەبەدەری داوە و بە ئەوپەڕی پەیجۆری، خەمخۆری، شەونخوونی و بەدواداچوونێکی زانایانە، لێزانانە، قارەمانانە، بێمیناک، بەرپرسیارانە و شوناسخوازانەوە، ئەم پێنج فەرهەنگەی داڕشتووە، کوێکردووەتەوە، نووسیویەتی و تەتەڵەی کردوون.
ئەم فەرهەنگانە بریتین لەمانە:
1.فەرهەنگی ڕابەر/المرشد: فەرهەنگێکی عەرەبی‒کوردییە، لە شاری هەولێر، لە ساڵی 1950 و لە چاپخانەی کوردستاندا چاپی کردووە، کە نزیکەی 15هەزار سەروشە لەخۆ دەگرێ؛
2. فەرهەنگی کۆلکەزێڕینە: فەرهەنگێکی کوردی‒فارسی‒عەرەبی‒فەرەنسی‒ئینگلیسییە، لە ساڵی 1955، لە هەولێر، لە چاپخانەی کوردستان، چاپی یەکەمی لە 132 لاپەڕەی نێونجیدا چاپ کراوە، بەڵام چاپی دووهەمی لە ساڵی 1966دا و لە 240 لاپەڕەدا چاپ کراوە؛
3. فەرهەنگی مەهاباد: فەرهەنگێکی کوردی‒عەرەبییه، لە هەولێر، لە ساڵی 1961 و، لە چاپخانەی کوردستاندا چاپ کراوە، 800 لاپەڕەی نێونجییه و نزیکەی 30 هەزار سەروشە لەخۆ دەگرێ؛
4. فەرهەنگی نۆبەرە/الباکورە: فەرهەنگێکی عەرەبی‒ کوردییه، ئەم فەرهەنگە بە شێوازی فەرهەنگە مۆدێڕن و نوێیەکانی عەرەبی نووسراوە، تا ئەگەر قوتابییەکی سەرەتاییش بیهەوێ مانای وشەیەک بدۆزێتەوە، زۆر بە سانایی بیبێنێتەوە، بەپێچەوانەی فەرهەنگی هەرەناسراوی«المنجد» و فەرهەنگەکانی دیکەی عەرەبی، کە بەپێی ئەوەوە کە شێوازی تۆمارکردنی سەروشەکان، بەپێی ڕیشە و ڕەچەلەگی وشەکانە، نەک بە پێی ڕیزبەندیی ئەلفوبێی عەرەبی، کەسێکی تەواو لە ڕێزمانی عەرەبیدا پسپوڕ و شارەزا و لێزان نەبێ، ناتوانێ وشە/سەروشە پێویستەکان بدۆزێتەوە. ئەم فەرهەنگە لەخۆگری نزیک بە 25هەزار سەروشەیە و ساڵی 2005، لە هەولێر و لە لایەن دەزگای ئاراس چاپ و بڵاو کراوەتەوە؛
5. فەرهەنگی کوردستان: فەرهەنگێکی کوردی‒کوردییە، نزیکەی 60 هەزار سەروشە لەخۆ دەگرێ و گیو موکریانی لە کۆتایی شەستەکاندا، دوای پتر لە سێ دەیە، نووسینی ئەم فەرهەنگەی کۆتایی پێهێناوە؛ هەرچەند کۆڕی زانیاری کورد چەندین جار بەڵێنی چاپی ئەم فەرهەنگە گەورە و شازەیان بە بەڵگەی فەرمیی نووسراوە بە گیو داوە و، ماوەیەکی ئێجگار زۆر ئەم فەرهەنگەیان لە لای خۆیان ڕاگرتووە و، هەرجارەی بە بیانوو و بەهانەیەک پاشەکشەیان کردووە و پاشگەزبوون لە چاپی ئەم بەرهەمە بەپێز و بەهێز و تۆکمە و تەکووزە، بەڵام لە کۆتاییدا و بە هۆی گەلێک هۆکاری نەخۆازراو و ناخۆش و ناڕەوا و نادیار و شاراوە، ئەم فەرهەنگەیان له کاتی ژیانی خۆیدا بۆ چاپ نەکردووە و گیو موکریانی، دوای چەندین ساڵ چاوەڕێبوون و بە ئاکامنەگەیشتنی بەڵێنیی فەرمی و نووسراوەی کۆڕی زانیاری کورد، کە چەندین جار و هەرجارەی لە لایەن یەکێک لە ئەندامە سەرەکی و ناسراوەکانی ئەم کۆڕە ئەم بەڵێن و وادەیە دووپات و چەندپات دەکرایەوە، لە ڕادەبەدەر ناهومێد و ناڕەحەت و تووڕە دەبێ و ماوەیەکی کورت پێش کۆچی دواییەکەی، نامەیەکی زۆر دوورودرێژ و زۆر توند و تیژ و ڕەخنەگرانە بۆ کۆڕی زانیاری کورد دەنووسێ و هەڕەشەیان لێ دەکا کە ئەگەر لە زووترین کاتدا سەرجەم بەرگە دەستنووسەکانی فەرهەنگی کوردستانـم بۆ نەنێرنەوە، لە تەواوی دنیادا ئابڕووتان دەبەم. بەم جۆرە، ئەم فەرهەنگە دوای چەندین ساڵ چاوەڕانی و بەبێئاکامی و دوای هەڕەشەی زۆر توندی گیو موکریانی ڕادەستی خۆی دەکرێتەوە و تەنیا دوای ماوەی چەند ڕۆژ دوابەدوای وەرگرتنەوەی فەرهەنگەکەی، گیوی موکریانی کۆچی دوایی دەکا و ئاوای دنیای هەرمان دەبێ. ئەم فەرهەنگە، لە ساڵی 1999دا و بە سەرپەرشتیی کچی زانا و توانای گیوی موکریانی، دوکتۆر کوردستان موکریانی و بە یارمەتیی زانستی و پێداچوونەوە و هەڵەچنی و ڕاستکردنەوەی لێژنەیەک لە خەمخۆرانی زمانی کوردی، وەک: بەدران ئەحمەد، دوکتۆر عەزیز گەردی، ئەحمەد تاقانە، لوقمان مووسا، حیکمەت عیسا سەلمان، پەخشی مەلا ساڵح، سیڤەر مەحموود، شێرزاد فەقێ ئیسماعیل و کەریم سۆفی، لە لایەن دەزگای ئاراسـەوە، چاپ دەکرێ.
گیوی موکریانی ئاوا باسی بەسەرهاتی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ فەرهەنگەکەیدا دەکات: «لە هیچ سەردەمێکدا، کەموزۆر کاتی خۆم بەخۆڕایی ڕانەبواردووە، لە نانێکی هەژاری بەدەر بەندیواریم بە هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوە و خۆشڕابواردن و هاموشۆی سینەما و تیاترۆ و باخ و باخچە و سەیران و سەیرانگایانەوە نەبووە، لە کاتی نەخۆشیشمدا هەر خەریک بووم، له هەینی و شەممە و یەکشەممەشدا وچانم نەداوە و له نێوانی 50 ساڵاندا ڕۆژی جێژنانیش نەحەساومەوە. بەندیخانەی هیج دوژمنێک نەیتوانیوە ڕستەی کاروبارم بپسێنێ» (پێشەکیی فەرهەنگی کوردستان، 1999، لII) لێرەدا پرسیارێکی هەستیار و گرنگ بەربینگمان پێ دەگرێ، ئەویش ئەمەیە کە ئاخۆ وێڕای گرنگایەتیی لەڕادەبەدەری ئەم بەرهەمە، بۆچی وای بەسەرهات کە چارەگەسەدەیەک دوای دانانی و دوای کۆچی دوایی گیو چاپکرا؟
لێرەدا بەبۆنەی وڵامی ئەم پرسیارە جێی خۆیەتی هەر لەم بابەتەوە دوو بەڵگە/دوو نامەی کۆڕی زانیاری کورد، بخەمە ڕوو کە لەواندا پەیجۆری و بەدواداچوون بۆ پێکهێنان و بەرهەمهێنانی فەرهەنگێکی یەکگرتووی گشتگیر و هەروەها داواکاری و حەول و دەول و تەقالای ئەم کۆڕە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی کوردستانـی گیو موکریانی دەردەکەوێ؛ هەرچەند ئەم دواکاری و ئیرادەیە لە ئاکادامدا نە تەنیا نەبوو بەهۆی بەکردەوەبوونی حەول و دەول و پەیجۆرییەکانی کۆڕ، بەڵکوو گلە و گازندەی زۆری گیو و بنەماڵەکەشی(بەتایبەتی دوکتۆر کوردستان موکریانی) لێ کەوتەوە و لە لایەن پڕۆفیسۆر جەماڵ نەبەزیشەوە زۆر پەڕاوێزی خرایە سەری و...؛ بەڵام ئەم بەڵگە و نامانە کە 11 بەڵگە/نامەن، تەنیا دوو نامەیان لێرەدا دێنم، کە هەر هەموویان و بەتایبەت ئەم 2بەڵگە/نامانە، لە سێ لایەنەوە جێی تێڕامان و لێوردبوونەوە و تێفکرین وئاوڕلێدانەوەن:
1. مێژوو و سەربووردەی سەرەتا و دەسپێکی ئیرادەیەکی فەرمی و ڕێکخراوەیی لە نێو مێژووی گشتیی زانستی‒ڕۆشنبیریی سەردەمی کورد، لە بابەت حەول و تەقالا و پەیجۆری بۆ دانانی فەرهەنگێکی یەکگرتووی گشتی؛
2. گرنگیی فەرهەنگی کوردستانـی گیو موکریانی لەم پێوەندییەدا، کە لە لایەن کۆڕی زانیاری کورد، وەک وێنە و نموونەی فەرهەنگێکی ئاماڵ-گشتی و ئاماڵ-یەکگرتوو حەول و دەولی بۆ دراوە تا چاپ و بڵاو بکرێتەوە؛
3. درمناسی و خەسارناسی و هۆکارناسیی ناسەرکەوتوو بوون و بەئاکامنەگەیشتنی حەول و دەولەکانی کۆڕی زانیاری کورد بۆ چاپ و بڵاوبوونەوەی ئەم فەرهەنگە مەزنە، لەم کات و ساتەی وا کۆڕی زانیاری بەنیاز بوو چاپ و بڵاوی بکاتەوە، تا ئەو جێیەی کە 25 ساڵ(چارەگەسەدەیەک) دوای ئەم بەڵێنییە درۆیینەی کۆڕی زانیاری، ئەم فەرهەنگە لە لایەن دوکتۆر کوردستان موکریانییەوە حەولی بۆ دراو و چاپ و بڵاوکرایەوە.
لێرەدا ئەم 2 نامەیەی کۆڕی زانیاری کورد (لە نێوان کۆی 11 نامە پێوەندیدارەکەدا) پێشکەش دەکەم:
نامەی یەکەم
نووسراوەی ژمارە 76/10 لە ڕێکەوتی 1973/2/19ـدا
کۆڕی زانیاری کورد
المجمع العلمی الکردی
الوزیریە‒بغداد
مامۆستای بەڕێز... مامۆستا گیو موکریانی
سڵاوێکی گەرمی برایانە
کۆڕی زانیاری کورد خەریکە فەرهەنگێکی (یەکگرتوو)ـی ئەوتۆ ئامادە بکا زیاترین وشەی کوردی کۆ بکاتەوە کە له دەسەڵاتی کۆکردنەوەی دا بێ. یەک لە هۆی هەموارکردنی کۆسپ و سەختی ئەم ڕێبازە وەدەستهێنانی کۆمەڵە وشە و فەرهەنگی چاپکراو و چاپنەکراوە، کە تا ئێستا لە لایەن ڕۆشنبیرانی کوردەوە نووسراون.
دەزانین بەڕێزتان لەو زەمینەدا تەواوێک خەریکبوون بە کۆکردنەوەی وشە کوردی [و] خزمەتێکی گەورەی زمانەکەتان گەڵاڵە کردووە. لێرەدا تکای برایانەمان ئەوەیە بۆ مەبەستی پێکهێنانی ئەو فەرهەنگە یەکگرتووە[ی] لەسەرەوە باسمان کرد، سوود وەرگرین لە کۆشش و بەرهەمتان. بۆیە لەم نامەیەدا زەحمەتی ئەوەتان دەخەینە پێش، کە هەوڵ و تەقەلای کۆڕ بەردارتر بکەن بە ناردنی کۆمەڵە وشەیەکی تا ئێستا کۆتانکردۆتەوە. هەڵبەت کۆڕ درێغ ناکا لەوەدا بۆ ئەو کارە میللەتپەروەرانەتان هەر ئەرکێکی ماددی پێویست، کە خۆتان ڕەچاوی دەکەن، پێشکەشتانی بکا. چونکە دەزانین هەرچەند دڵسۆزی ڕووت و سادە بیەوێ بە لەخۆبوردن خزمەت بکا لە زۆر جێگە و کاتدا بێ یارمەتی و ئاسانکردنی ماددی لە خزمەتەکەیدا دادەمێنێ. ئەو کارەی وا بەسەر شانی کۆڕیشەوە وا داوا دەکا لە ئێوە هەندێ لە قورساییەکەی بخاتە سەر شانی خۆتان لە هەر دوو لانی ئەرک و پاداشەوە بۆ هەمووان یەکێکە، چونکە کۆڕ ماڵی هەموو کوردیکە.
ئەم ڕاستییە بوو هانیدام وا بە برایانە و جۆرێکی ڕوون و کراوە لەگەڵتان بدوێم.
شایانی وتنە ساڵی ڕابوردووش لەم بارەیەوە نامەیەکمان بۆ نووسین، بەڵام بەداخەوە وەراممان وەرنەگرتەوە.
ئەمە و ئەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستیمان.
دڵسۆزتان‒ مسعود محمد
ئەندامی کۆڕی زانیاری کورد
سەرۆکی لێژنەی فەرهەنگ
نامەی دووەم
کۆڕی زانیاری کورد
المجمع العلمی الکردی
الوزیریە-بغداد
التاریخ ‒/1975/1
(نامەکە بە بێسەردێڕ نووسراوە)
کۆڕی زانیاری کورد بۆ پێکهێنانی فەرهەنگێکی کوردی یەکگرتووی وردپێوی بەرفراوان لە سەرەتای دامەزرانییەوە خەریکی گردوکۆیە.
لە ڕێی لێژنەی فەرهەنگەوە بە نامە و ڕاسپاردن لەگەڵ هەموو ئەو کوردە بەڕێزانەی خەریکی فەرهەنگسازی، یا وشەکۆکردنەوەن پەیوەندی بنیاتناوە و خواهشی هاریکاری و یارمەتی لێکردوون. یەکێک لەو بەڕێزانە مامۆستا گیو موکریانی بوو، کەوا جگە لەو فەرهەنگانەی تا ئێستا بڵاویکردوونەوە، فەرهەنگێکی گەورەی(کوردی بۆ کوردی) بە ناوی (فەرهەنگی کوردستان) لە ماوەی چەندین ساڵی هەوڵ و تەقەلادا پێکهێناوە و وشە و زاراوەی زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی گەورەی پێ گرتۆتەوە.
بۆ سوودوەرگرتن لەم کارەی مامۆستا گیو، لێژنەی فەرهەنگ چەند جاران بە نامە و چاوپێکەوتن لەگەڵ مامۆستا گیودا ڕاوێژی کرد تاکوو لە ئەنجامی کاردا بڕیاردرا، کەوا لە پێشەوە کۆڕ ئەرکی مەسرەفی لەچاپدانی ئەم فەرهەنگەی وا لەبەر دەستاندایە بخاتە ئەستۆی خۆیەوە. هەر لەو ماوەیەشدا مامۆستا گیو خەریکی ڕێکخستن و ئامادەکردنی فەرهەنگە گەورەکەی(کوردستان) بێت بۆ لەچاپدانی. مامۆستا گیو لەڕووی دڵسۆزییەوە بە خەتی خۆی ئامۆژگاری نووسیوە بۆ ئەوە فەرهەنگی کوردستان لە هەموو حاڵ و ئیحتیمالێکی دواڕۆژدا بە ماڵی کۆڕی زانیاری کورد بژمێرێت، کە ئەمە کارێکی جوانمێرانە و شایانی ڕێز و سپاسە.
هەڵوەستی کۆڕ لە چاپکردنی ئەم فەرهەنگەدا بە نیازی خزمەتی زمان و ڕۆشنبیری کوردییە کەوا مامۆستا گیو خۆیشی تەمەنی هەر لەم مەیدانەدا بردەسەر. لە ڕێکخستن و ئامادەکردنی فەرهەنگەکەدا کۆڕ بە هیچ جۆرێک خۆی تێکەڵ نەکردووە. تاکە بەرپرسی لایەنی چەندوچۆنی فەرهەنگەکە مامۆستا گیو خۆیەتی.
بەچاپگەیاندنی ئەم فەرهەنگە ئاڵقەیەکە لە زنجیرەی خزمەتی کوردەواری، کەوا لێرەدا کۆڕ بە شانازییەوە پێشکەش خوێنەری کورد و کوردی دەکات.
کۆڕی زانیاری کورد
ئەم 11 نامەیەی کۆڕی زانیاری کورد، لە نێوان ڕێکەوتی 1973/2/10 تا ڕێکەوتی 1976/12/19دا، بۆ گیوی موکریانی ناردروان. گیو موکریانی، ڕێکەوتی 1977/6/9 (ڕێک 18 ڕۆژ بەر لە کۆچیدوایی)، نامەیەک بە سەردێڕی «دوانامەی گیوی موکریانی بۆ کۆڕی زانیاری» دەنووسێ لە 20 لاپەڕەدا، کە نامەیەکی دوورودرێژی پڕ لە زانیارییە و وڵامدانەوەیە بە نامەکانی کۆڕ و، گلەیی و گازندە و هەڕەشەیە بەرانبەر بەو هەمووە بەڵێنی و وادە ناڕاست و درۆیانەی لەو ماوە دوورودرێژەدا پێیدراوە لە لایەن کۆڕی زانیاری کورد و لە بەرانبەر گریمانە و ئەگەری داگیرکردن، شاردنەوە و حاشاردانی فەرهەنگەکەی! لە کۆتایی نامەکەدا هەڕەشە دەکا لە ئەندامانی کۆڕ و دەڵێ هەرچی زووتر فەرهەنگەکانم بۆ بنێرنەوە دەنا...! سەیدا گیو موکریانی، لە چەند بەشێکی ئەو نامەیەدا ئاوا دەڵێ:
«ئایا بۆچی هەر کەسێکی چەند چیرۆک و پەند، یان دیوانێکی لەو دیوانەکانی من، کە چەندجار چاپ و پەخش کراون، شیدەکاتەوە بۆی چاپدەکەن و گیرفانیشی بە پارە دەئاخننەوە!! خۆ ئەمن فەرهەنگەکەم بە خۆڕایی پێشکەش کردوون، بەبێ ئەوەی کە چاوەڕوانی فلسێکتان لێ بکەم، واتە دەسکەگوڵێکی کە بەلای کەمییەوە 30‒40 ساڵان ڕەنجمکێشاوە، هەروا پێشکەشکردن، کە هەموو قوتابخانەکانی سەرەتایی و ئامادەیی و بەشی زمانی کوردی زانکۆیەکان ئاتاجیان پێیەتی، چونکوو هیچ فەرهەنگێکی وا گەوره و پوختیان لەدەستدا نییە...دەزانن کە ئەگەر لەبەر پیریش نەمرم لەبەر ئەو نەخۆشییە کوژندانەی کە ئێخەیان گرتووم بەو زووانە لەبەرچاوتان تەفروتوونا دەبم و دەستبەجێ بە ناوی کۆڕ و پسپۆڕە زمانەوانەکانی کۆڕ چاپیدەکەن و شەقێکی لە ناوی گیو هەڵدەدەن، کە لە ناو گۆڕی تنگوتاریکیشدا نەسرەوم، دە ئێستا کە داوا دەکەم بۆ نامدەنەوە؟!... پەرتووکی هەموو کەسێکی لەکاتی چاپیدا خۆتان سەرپەرشتی دەکەن و چەندسەد دینارێکیشی بە چەندسەد بەرگێکەوە پێشکێش دەکەن. خۆ بەندە فەرهەنگەکەم بە هەموو مافییەکییەوە پێشکەش بە کۆڕی زانیاری کورد کردبوون، سەرەڕای ئەوەش هێشتا دەبێ یەکێکی لە بەغدایە بدۆزمەوە و چەند سەد دینارێکیشی لە کیسەی خۆم بدەمێ، تا لە کاتی چاپیدا سەرپەرشتی بکا! هەزاران ئافەرین بۆ ویژدانی پاکتان و بۆ هەستی بەرزی بێپەڵەی کوردایەتیتان، خودا هەڵناگرێ کەرێکی باشتان دۆزیوەتەوە کەوا خەریکبوون بار و سەرباریشی لێبنێن، کەرانەشی لێ بستێنن! زانا و فەیلەسووفینە...کە ئارەزووی چاپکردنتان نەبوو، بۆچی هەمووتان بە کاردۆ و مەلا عەبدوڵڵا نووسییەوە؟ ئەمن دام بە ئێوە کە چاپیکەن، یان نوسخەیەکی لێبنووسنەوە و هەڵیگرن بۆ دوای مردنی من؟ ئەگەر مەبەستتان دزی نەبا، کە مەلا عەبدوڵڵا و کاردۆ نووسیانەوە، چاپتان دەکرد، یا ئەو پارەی دەتاندا بە مەلا عەبدوڵڵا، بۆ سەرپەرشتی چاپ بتاندایە بە مەلا شوکور. ئێمە لە گەرمێندا هەروا ڕێز گیرواین! ئەگینا چاپخانەیەکی 62 ساڵ دامەزرابێ بۆچی دەبێ مەکینەیەکی گەورە و هەندێک تیپی تازەمان نەبێ، کە بتوانێ پەرتووکی گەورە چاپ بکات و نەگەینە ڕادەیەکی وا، کە له بەر چاوی ئەم و ئەو کەنەفت بین و بۆ چاپی قامووسەکانی خۆم و 22 بەرگە مێژووەکانی کاکم داوێنگیری ئەم و ئەو بین...جا بۆ ئەوەی ئەو گلە و گازندانە لە ڕۆژنامەکاندا پەخشنەکەم، نەوەکوو نەیارانی ئێوە قامکی تێوەردەن، تکایە بە بێدەنگی ئەوانەی خوارەوەم بۆ بنێرنەوە: ... .کە خوا نەخوازتە نەیاننێرنەوە وەباڵی ئێوە و منیشتان بە ئەستۆی، چونکوو بەڕاستی نەک دزیتان لە من کردووە و بەس و ئەمنتان شکاندووە، بەڵکوو هەتکێکتان پێکردووم کە بە کەس نەکرابێ.
/دزیلێکراو و ئابڕووبرا و دڵشکاو و هەتککراو:
گیوی چارەڕەش موکریانی: (دوانامەی گیو بۆ کۆڕی زانیاری کورد، د. کوردستان موکریانی، هەولێر، چاپی دووەم،2015، چاپخانەی ڕۆژهەڵات)
|