| تاريخ: ۱۶ دی ۱۴۰۴ ساعت ۱۲:۱۷ | بازدید: 329 نظرات: 0 کد مطلب: 25643 |
بەبۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا عوسمان رەحمانزادە، باوکە ژێپێتۆی ئێران
لەو ماوەیەدا کە وەستا عوسمانی رەحمانزادە لە نەخۆشخانەی تەورێز لەژێر چاوەدێری دابوو و بەداخەوە دەمبیست کە حاڵی باش نیە، بەردەوام ئەم کۆپلەیە لە شێعرەکەی شێرکۆی مەزن لە مێشکمدا دووپاتە دەبۆوە کە لەوێ مەمرە، وەستا عوسمان، لەوێ مەمرە. هەواکەی ناچیت و ئاوەکەی حەوزە گەورە بە سیەکانت سازگارترە. حەزم دەکرد شێعرم زانیبایە و بەشێعر دواندبایەم کە هەستەوە و رێگەی بۆکان بگرەوە، خەڵکی ئەم شارە جڵەوی ئەسپەکەت دەگرن و ئیزنی ئەم کۆچەت پێنادەن.
کەچی بەداخەوە قەڵەمی هەستی من کۆڵتر لەوە بوو ئەم خەمە بدوێنی و قەدەریش پەکی بە هەستی برینداری ئێمە نەکەوت و رکێفی لە ئەسپەکەی دا و رێگەی بێ گەڕانەوەی گرتە بەر. دڵنیاشم بۆخۆشی لەم ماوەیەدا لە دڵی خۆشی دا بوبێت، بۆ تەنیا جارێکیش بوبێت، گوتویەتی: لێرەم مەنێژن خاکەکەی سوورە، بمبەنە بۆکان، نێوم مەنشوورە.
ژیان و سەربوردەی مامۆستا عوسمان، هەرچیەک بوبێت، ئێمە وەک میراتگری هونەری وەستا عوسمان لەسەر خوانێکی گەورەی هونەری ئەو مامۆستایە دانیشتوین و کولتور و کەلەپوری ئێمە لەسەر حیسابی زەحمەتەکانی ئەو، دارایی و سەروەتێکی گەورەی بەنەسیب بووە.
مامۆستا عوسمانی رەحمانزادە لەو بەرە خەم خۆر و دڵسۆز و رەنج کێشانە بوو کە بە ئاوی حەوزە گەورە گۆچ کرابوون و هونەرێکی خودایی لە زاتیان دا هەبوو کە نە لە هیچ فێرگە و مامۆستایەک فێر ببوون و نە بەداخەوە توانیان کەس فێری ئەو هونەرەیان پکەن، لە دونیای ئاکادمیک دا پێیان دەڵێن «هۆنەرە خۆرسکەکان / هنرمندان خودآموختە». ئەمانە لە حەسەن زیرەک و قالەمەڕە و عەلی کەردار و عوسمانە سوورەوە تا خاتوزین و مامۆستا عوسمانی رەحمانزادە، کارنامەیەکی وەها درەوشاوەیان پێشکەش کرد کە بە شانازیەوە بتوانین بڵێین بۆکان شاری هۆنەرە خۆرسکەکانە.
شتێکیش هەیە کە ئەم زاتانە لە ئێمەمانان جوێ دەکاتەوە، ئەویش جوامێری و نەفسێکی بەرز بوو کە ئەوانە لە ژیانی خۆیاندا هەیانبوو. قالەمەڕە لە سوچێکی تاریکەبازاری بۆکان دادەنیشت و شمشاڵی بۆ خەڵک و بۆ دڵی خۆی لێدەدا و قەت بۆتاقەجارێکیش لە دەرگای ئیدارەیەکی نەدا کە وەرن دەستم بگرن. مامۆستا عوسمانیش هەروابوو، کە لە بەننایی و وەرزێڕی دەهاتەوە، عەمبارە چووکەکەی خۆی بە قەسرێکی شاهانە دەدیت و تێیدا خەیاڵی دەکرد و جوانی بەرهەم دێنا. تا ساڵانێک بووکەڵە دارینەکانی لە کارتۆن دەنا و لە کرمانەوە بۆ شیراز و لە تارانەوە بۆ سلێمانی پێشانگای دادەنا و کە لە بۆکانیش پێشانگای دادەنا، منەتی ئەوەیان لەسەر دەکرد کە کرێی ساڵۆنەکەمان لێ نەساندووی و بۆ یەکەم جار کە توانیمان لە ۱۳۹۰ی هەتاوی بە هاوکاری دۆستانێک، سەرەکی ترینیان ئارەش نوورئاقایی، لە بورجی میلادی تاران پێشانگایەکی بۆدانێین کە لە شان و شکۆی هونەرەکەی بێتەوە و هەر لەوێش نازناوی «پدر ژپتوی ایران»یان پێ بەخشی، دوای ئەو تازە لێرە، کارەکانیان بە هێند وەرگرت و دوای ئەوەش کە لە سازکردنی موزەیەک ناهومێد بوو، دەستی بە ئەژنووی خۆیەوە گرت و هەستایە سەرپێ و موزەیەکی لە زەمینەکانی خۆیدا ساز کرد و ناوی «موزەی پێدەر ژێپێتۆی» لێنا و ئێمەش لە حاند میوانان و گەشتیارانێک کە دەهاتنە بۆکان، شانازیمان دەکرد کە هاوشاری هونەرمەندێکی ئاوا گەورە و نەفس بەرزین.
ماڵیان ئاوەدان بێت، مورتەزا ئەدیبزادە، بەرپرسی ئەوکاتی ئیدارەی کوللی موزەهای ئێران و جیبرەئیل نەوکەندە، رەئیسی موزەی میللی ئێران، کە بۆ کرانەوەی پێشانگای خشتە چینکۆدارەکانی قەڵایچی هاتنە بۆکان و چۆینە خزمەت مامۆستا عوسمان، وەشوێنی کەوتن و مجوزی موزەکەیان بۆ دەرکرد.
بڕیار وابوو لەسەر نیەتی خێرخوازانەی دوکتور ئەمیر کەدخودا موحەممەدی بینایەک لە بۆکان سازکرێت بە نێوی «باغ موزەی پدر ژپتو» کە موزەیەکی تەواو حیرفەیی بێت و ئاسەوارەکانی مامۆستا بەسەرپەرەشتی خۆی بچێتە ئەو موزەیە و بەدەستی خۆی بچنرێن و جێگەی هەمیشەییان بێت. گەردنی ئازا نەبێت ئەو بەرپرسەی، سەرەڕای دەستوری فەرماندار، ساڵێک و نۆ مانگ نامەکەی راگرت کە کومیتەی سەرمایەگوزاری پێک نەهێنرێت و کرانەوەی ئەو موزەیە بە دەستی مامۆستای لێکردینە خەونێک و مەراقێک.
ماڵی بێهروز ئەسراری ئاوەدان بێت کە بە پشتگری دوکتور ئەمیر کەدخودامحەمەدی و کاک کەماڵ شەریف گیلانی لە دو ساڵی ڕابردو دا دەیان سەعات فیلم و بەڵگەی لە مامۆستا هەڵگرتەوە و بەشێکی ئێستا کراوەتە فیلم و دەدرێتە دەرێ.
کاتێک پاییزی ۱۳۹۵ بۆ خولێکی فێرکاری موزەداری چوومە ژاپۆن، لەوێ هەندێک وێنە و ویدئۆی کارەکانی مامۆستام نیشان خاتونیک دا کە بەرپرسی پێشانگاکانی موزەی ئوساکا بوو و داوام لێکرد پێشانگایەک بۆ ئەم مامۆستایە لە موزەکەیان ساز دات. هەوەڵی زستان کە هاتمەوە، دوای دو حەوتوو زەنگی لێدا گوتی دێم، لەگەڵم وەرە بۆ ناچیت.
چووینە خزمەت ئوستاد، مێردەکەشی لەگەڵ بوو کە پرۆفیسۆرێکی ئەلمانی بوو. ئەوان بە منیان گوت، ئەوەی مامۆستا کردویەتی، کاری نەفەرێک نیە، کاری دەوڵەتێکە. گوتی ئێمە لە ژاپۆن، بە حەو هەزار موزەوە، کە هەوڵمان داوە فەرهەنگ و کەلەپووری ژیانی پێش ماشینی بوونی ژاپۆن بپارێزین، و پشتگری چڕ و پڕی دەوڵەتی لە پشتە، جا توانیومانە شتێکی وا پکەین، ئەم کابرایە، بە بێ سەوادی خوێندن و توانای نەخشە کێشان و نووسین و پلان دانان، هەموو شت تەنیا لە مێشکی خۆیدا، کەس نەبووە بژیوی ژیانی بۆ دابین پکات، چۆنی ئاوەها کارێک کردووە، ئەویش هەژمارێکی ئاوا زۆر. قەزائەن ئەوکات مامۆستا تازە پەنیر ئاخنینەوەی ناو کوپەی تەواو کردبوو.
ئەو خاتوونە زۆری هەوڵدا ئەو پێشانگایە سەر بگرێت، سێ ساڵی خایاند تا لە کەناڵی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و ژاپۆن، رێکەوتننامه لەنێوان موزەی میللی و موزەی ئوساکا واژۆ بکرێت و کەچی بەداخەوە کرۆنا ریسەکەی لێ کردینەوە خوری و لەدوای ئەویش تۆخ بوونەوەی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان خەونەکەی لێ بەتاڵ کردین.
ئەگەر بمەوێ بە چەن دێڕ پێتان بڵێم کە مامۆستا عوسمان چی بۆ ئێمەی کورد کردووە و بۆچی بۆ کابرای ژاپۆنی و ئاڵمانی جێی سەرنج بوو، دەبێ بڵێم، بۆ ئەو شێوە ژیانەی باب و باپیری ئێمە کردویانە و بەهۆی هاتنی ماشینەوە خەریکی لەنێو چوونە، مامۆستا عوسمان ئەو شێوەژیانەی بەو بوکەڵانەی خۆی بۆ تەسویر کردوین و ئەگەر بمانەوێ بە نەوەی داهاتومان بڵێین کە باپیرەکانمان چۆنیان زەوی کێڵاوە و ئامێر و کەل و پەلی ژیانیان چ بووە، تەنیا سەرچاوەمان ئەو میرانەیە وا مامۆستا عوسمان بۆی جێ هێشتووین.
هەرچیەک بێت، ئێمە ئێستا لێرەین، لەبەڕێ کردنی مامۆستا داین و دەبێ نرخی ئەو میراتەی بۆی جی هێشتوین بزانین. هەندێک بەرپرسایەتی و قەرزیش کەوتۆتە سەرشانمان کە بە هاوکاری بنەماڵەکەی دەبێ خەونەکانی مامۆستا وەدی بێنین. لێرە بەدوا دانەیەک لە بوکەڵە دارینەکانی مامۆستا، حوکمی خشتێکی چینکۆداری قەڵایچی هەیە بۆمان. دەبێ چاوەدێریان پکەین تەڕ نەبن، نەقەڵەشێن، رەنگیان نەڕوا، ون نەبن، نەدزرێن، چونکە ئیتر خوڵقێنەرەکەیان لێرە نیە، چاکیان کاتەوە و پێیان رابگات. دەبێ موزەیەکی تەواو حرفەای بۆ دابین کرێت، لە وەزعێکی باش دا نمایش بکرێن، بەرپرسیان هەبێت (امین اموال / موزەدار)، و لەو ئەرشیڤی دەنگ و رەنگەی لە مامۆستامان هەیە، شیکردنەوەیان بۆ پکەین، بەجۆرێک کە بینەری پێشانگاکە بتوانێ لە بابەتەکان تێ بگات، کتێب و فیلمیان لەسەر دەربێنین و بیکەینە شوێنێکی گەشتیاری. ناوی بەرزی مامۆستا عوسمانیش لە دڵمان و لەسەر ناوچەوانی ئەو موزەیە و لە شاخ و دوندی کولتور و کەلەپورمان دا بەرز راگرین.
رووحی بەرزی شاد بێت و خوا نمونەیمان بۆ زیاد کات و رێگەی هیممەت و هونەری پڕ ڕێبوار بێت، ئەو وەستایەی تاقی بینای فەرهەنگی کوردی قاتێکی دیکە بەرزتر کردەوە و سەرفیرازی بەخشی بە خەڵک و نەتەوەکەی. رووحی شاد و ناوی هەرمان بێت.
|