| تاريخ: ۶ تیر ۱۴۰۵ ساعت ۱۷:۱۷ | بازدید: 509 نظرات: 0 کد مطلب: 25935 |
وتووێژ لەگەڵ نووسەر و لێکۆڵەر، بەڕێز موحەممەد ئەحمەدیان
پرسیاری ئەوەڵ: تکایە سەبارەت بە مێژووی ئاوەدانکردنەوەی “مزگەوتی قیبلە”ی مەهاباد و ئەو مامۆستایانەی لەو ماوەدا مەلا و مودەڕڕیسی ئەو مزگەوتە بوون، ئەوەندەی ئاگاداریت هەیە بیفەرموو:
وڵام: سەبارەت بە مزگەوتی قیبلە یان بە زاراوەی خەڵکی مەهاباد، مزگەوتی قوبڵە، ئەو مزگەوتەی ئەو ڕۆ لە ناوەندی شاری مەهاباد هەڵکەوتووە و لە ڕۆژاوای شەقامی مامۆستا مەجدی دێتە بەرچاو، پێویستە بڵێم: مێژووی ئاوەدانکردنەوەی ئەو مزگەوتە بۆ زیاتر لە سەد ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، لە چاو مزگەوتەکانی تری مەهاباد، مزگەوتێکی نە زۆر لە مێژینەیە و نە زۆریش تازەیە.
حوسێن حوزنی موکریانی لە کتێبی “کوردستانی موکریان”دا نووسیویە: سابڵاغ سێزدە مزگەوتی تێدایە و یەکێک لەو مزگەوتانە “مزگەوتی قیبلە”یە، ئەو کتێبە سەدەیەک بەر لە ئێستا، ساڵی 1299ی هەتاوی/1938ی زایینی نوسراوە. [سەرجەمی بەرهەمی حوزنی موکریانی، بەرگی، 2، ئاراس 2007، ل 109]، ئەو کاتە حوسێن حوزنی ئەو کتێبەی نووسیوە دیارە ئەو مزگەوتە، مزگەوتێکی ناسراوبووە، ئەو کاتە شوێنی ئەو مزگەوتە لە باشووری شار واتە لە لای قیبلەی شار هەڵکەوتووە، هەر لەبەر ئەوە بە مزگەوتی قیبلە، واتە ئەو مزگەوتەی لە لای قیبلەی شار هەڵکەوتووە نێودێرکراوە و ئەو گەڕەکە بە نێوی گەڕەکی مزگەوتی قیبلە ناوبردراوە. ڕوون نییە نێوی ئەو مزگەوتە لەسەر ئەوگەڕەکە داندراوە، یان نێوی ئەو گەڕەکە لەسەر ئەو مزگەوتە داندراوە.
وەک “مام مەحموود” مجێوری ئەو مزگەوتە ساڵی 1360ی هەتاوی باسی دەکرد، دەیکوت لەو ساڵەوە کە سێڵاوی سابڵاغ هاتووە [1315] خزمەتی ئەو مزگەوتە دەکەم، ئەو کاتەی من هاتوومە سەر ئەو مزگەوتە، لای قیبلەی ئەو مزگەوتە واتە (باشوور)ی ئەو مزگەوتە تەنانەت تاقە ماڵێکی لێنەبوو، دیوار و شوورەی حەساری لای قیبلەی ئەو مزگەوتە درووست نەکرابوو، بەر ئاواڵا بوو، ئەو کاتە میحڕابی ئەو مزگەوتە دەیڕوانییە ئەو باغ و بێستان و شینایی و وێنجانەی لە باشووری شار دەهاتنە بەرچاو.
“گەڕەکی مزگەوتی قیبلە” و “گەڕەکی سەرخڕێ” لە تەنیشت یەک، واتە لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی یەک هەڵکەوتبوون، ئەو دوو گەڕەکە لە شوێنە ناسراوەکانی شاری مەهاباد دەژمێردرێن.
ئێستا کەوتوونەتە ناوەندی شار، لە مێژووی ڕابردووی ئەو شارەدا شوێنێکی تایبەتن بە هۆی ئەوە شوێنی هاتنە دنیا و شوێنی ژیانی چەند کەسایەتی هەڵکەوتەی ئەو شارەن، وەک شاعیری ناسراوی مەهابادی “میرزا عەبدوڕڕەحیمی وەفایی” و “مامۆستا هەژار” و دەنگ خۆشی موکریان “موحەممەد ماملێ”.
گەڕەکی مزگەوتی قیبلە شوێنی لە دایکبوون و ژیانی شاعیری ناسراو و زمان پاراوای سابڵاغ “میرزا عەبدوڕڕەحیمی وەفایی 1223 ـ1281” کوڕی مەلا غەفوور بووە، مامۆستا هەژار لە “بەرەو موکریان”دا نووسیویە:
“گەڕەکی قوبڵە” نەبوورین پێیدا
بێ سەر و شوێنە وەفایی تێیدا
شیرنێک لێرە بە ناز تەشیەکی ڕست
شیرنی کۆکە نەکەی لە برەوخست
(بۆ کوردستان، بەرەو موکریان، هەولێر، 2001، ل 199)
مامۆستا هەژار لێرەدا ئاماژە بەو شێعرەی وەفایی دەکا کە دەڵێ: “وەفایی ئاخری خێربێ دەمێکە بێ سەر و شوێنە”، هەروا ئاماژە بە شێعرە بەناوبانگەکەی وەفایی دەکا کە دەڵێ: “شیرین تەشی دەڕێسێ”، هەروا گەڕەکی “سەرخڕێ” یان “خڕێ” لە باشووری شار لە تەنیشت گەڕەکی قیبلە هەڵکەوتووە، لە ڕابردووا خڕو دۆڵێکی سێڵاوگر بووە لە وەرزی بەهاردا لافاوی پێدا هاتووە، سێڵاوی مەشهووری سابڵاغ لە ساڵی 1315ی هەتاوی، لەو شیوو دۆڵەڕا هاتووتە ناوشار، ئێستا ئەو خڕ و دۆڵە کەوتووتە ناوشار و سەری داپۆشراوە و شەقامی مامۆستا مەجدی بەسەردا ڕاکێشراوە، سەد و چەند ساڵ بەر لە ئێستا “مامۆستا عەبدوڕڕەحمانی شەڕەفکەندی ـ هەژار 1300 ـ 1369” لە گەڕەکی خڕێ، تەنیشت گەڕەکی قیبلە هاتووەتە دنیا. مامۆستا هەژار لە بەرەو موکریاندا زۆر بە تاسە و سۆز و خۆشەویستی باسی گەڕەکی سەرخڕێ دەکا و دەڵێ:
“سەرخڕێ” زۆرتری هەموان بەشی تۆم
کۆرپەیێکی خڕەکەی باوەشی تۆم
یەکەمین جێیەکی، لێم دانا پێم
کوڕی خۆتم، بتەوێم یا نەتەوێم
(بۆ کوردستان، بەرەو موکریان، مامۆستا هەژار، هەولێر، 2001، ل 199)
هەروا کتێبی “کاروانی هونەریی ماملێ” نووسیویە: “هونەرمەندی دەنگ خۆشی ناسراوی مەهاباد محەممەدی ماملێ ساڵی 1304ی هەتاوی لە “گەڕەکی سەرخڕێ” لە مەهاباد هاتووەتە دنیا. [کاروانی هونەریی ماملێ، سمایل ماملێ، پاریس 2001] بەو هۆیە ئەو دوو گەڕەکەی سابڵاغ “گەڕەکی قیبلە و گەڕەکی سەرخڕێ” جێی سەر بڵندی و شانازی خەڵکی موکریان و سابڵاغە و شوێنی هاتنە دنیا و ژیانی عارف و شاعیر و هونەرمەندانە.
سەبارەت بەو مەلا و مامۆستایانەی لە ماوەی ئەو سەد ساڵە، ئەرکی مەلایەتیان لە مزگەوتی قیبلە ئەنجام داوە، وەک بیستوومە، هەوەڵین مەلای مزگەوتی قیبلە “قازی مونعیم” بووە، قازی مونعیم لە بنەماڵەی قازییەکانی سابڵاغ و باپیری کاک ئەحمەد قازی بووە [ئەحمەدی قازی، نووسەری ناسراو کوڕی قازی کەریم، قازی کەریم کوڕی قازی مونعیم، قازی مونعیم کوڕی قازی وەهاب، قازی وەهاب برای میرزا فەتاحی قازی بووە]. بەڵام وادیارە سەرچاوەیەکی ڕوون لەبەر دەست دانیە کە “قازی مونعیم” مەلای مزگەوتی قیبلە بووبێ، بەڵام لە بەڵگەنامەیەکدا کە لە ڕێکەوتی (15جمادی الاول1332ق، 23فروردین 1293ش) سەبارەت بە فرۆشتنی گوندی “قۆیتەڵ” لە ناوچەی یەڵتەمری سابڵاغ نوسراوە، یەکێک لەو شاهیدانەی ئەو بەڵگەنامەی مۆرکردووە، قازی مونعیم بووە، لە تەنیشت مۆری قازی مونعیم، مۆرێکی تر دێتەبەرچاو، لە قەراغی ئەو مۆرە نووسراوە “امام مسجد قبله” لەگەڵ ئەوە ئەو مۆرە، مۆرێکی زۆر جوانە، بەڵام بەداخەوە نووسراوی ناو ئەو مۆرەم بۆ نەخوێندراوە، ئەوەی بۆ ئێمە لێردەا گرینگە ئەوەیە، ساڵی1293ی هەتاوی کەسێک بە ناوی “امام مسجد قبلە” ئەو بەڵگەنامەی مۆرکردووە، واتە (111) ساڵ بەر لە ئێستا مزگەوتی قیبلە ئیمام و پێشنوێژی بووە. [کشکۆڵ، ژمارە، 4، هاوینی 1395، ل 13].
دواتر مامۆستایەک بە نێوی “مەلا سەید فەتاحی عینایەتی” پێشنوێژی مزگەوتی قیبلە بووە، لەو سەردەمەدا ڕێوڕەسمی دەروێشان لەو مزگەوتە بەڕێوە چووە، ئەو جار مەلا ڕەحمانی ئەحمەدی ماوەیەکی زۆر مەلا و پێشنوێژی مزگەوتی قیبلە بووە، مەلا ڕەحمان زاوای مەلا سەیید هاشمی حوسەینی بووە، دوای مەلا ڕەحمان ساڵی 1352ی هەتاوی ئەو مزگەوتە نۆژەن کراوەتەوە، پایزی ئەو ساڵە باوکم مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان بوو بە مەلا و مودەڕڕیسی مزگەوتی قیبلە تا ساڵی 1382ی هەتاوی ماوەی سی ساڵ ئەرکی جەماعەت و وتاردان و ڕێوڕەسمی ئایینی و دەرسدادانی فەقێیان لە حوجرەکانی ئەو مزگەوتە لەسەر شانی بابم بوو. ئەوجار ساڵی 1382ی هەتاوی کە بابم تووشی ناساغی هات، “مامۆستا مەلا ئەبووبەکری ئابخزر” کە پێشتر فەقێی بابم بوو، بوو بە مامۆستا و پێشنوێژی ئەو مزگەوتە کە هەتا ئێستا لەسەر ئەو ئەرکە بەردەوامە.
لێرەدا ڕوونکردنەوەیەک پێویستە، پێشئەوە ئەو مزگەوتە نۆژەن بکرێتەوە و پێشئەوە بابم ببێتە مامۆستای ئەو مزگەوتە، هەموو حەوتوویەک دوو شەو ـ شەوی سێشەممە و جومعە ـ دەروێشەکانی سەر بە ڕێبازی قادری کە موریدی “حاجی شێخ مستەفای بەرزەنجی” بابی شاعیری ناسراو “خاڵەمین”ی بەرزەنجی بوون، دوای نوێژی خەوتنان لەو مزگەوتە کۆدەبوونەوە و خەریکی ڕێوەڕەسمی دەروێشانە دەبوون و تیغبازیان دەکرد و شمشێر و زەرگیان لە خۆیان دەدا بە داب و ڕەسمی خۆیان، بەڵام دوای ئەوە ئەو مزگەوتە نۆژەن کراوە و بابم ساڵی 1352 بوو بە مەلای ئەو مزگەوتە، ڕێوڕەسمی دەروێشان لەو مزگەوتە دوایی پێهات ئەو جار ئەو مزگەوتە تەنیا بوو بە شوێنی عیبادەت و پێنجفەڕزە نوێژی جەماعەت لەو شوێنە بەڕێوە دەچوو. هەروا بوو بە شوێنی خوێندنی چەند فەقێ و ڕێوشوێنی دەروێشان لە مزگەوتی قیبلە دوایی پێهات.
هەروەک باسمان کرد ساڵی 1352ی هەتاوی ئەو مزگەوتە لە لایەن حاجی ڕەحیمی خەڕڕازی، لەسەر وەسیەتی بابی بەڕێزی واتە “حاجی ساڵحی خەڕڕازی” نۆژەن کراوە بەو شێوەی کە ئێستا دێتە بەر چاو، بە شێوەی شیروانی سەری داپۆشراوە، هەموو تێچووی نۆژەنکردنەوەی ئەو مزگەوتە و کاروباری ئاوەدانکردنەوەی لە لایان حاجی میرزا ڕەحیمی خەڕڕازی جێبەجێ کرا و لە ڕۆژی 23 / 7 / 1352 جارێکی تر بۆ تاعەت و عیبادەتی موسوڵمانان و دەرسدادانی فەقێ ئاوەدانکراوە.
نووسراوەیەک وەک “دەعوەتنامە” لەبەر دەستی مندایە، ئاماژە بە کاتی ئاوەدانکردنەوەی مزگەوتی قیبلە دەکا دوای نۆژەنکردنەوە، بەو شێوەیە: “با نهایت احترام .... به شکرانه اختتام تجدید بنا و تبدیل به احسن ساختمان مسجد قبله که به هزینه شخص “جناب حاج صالح خرازی” انجام یافته است از جنابعالی دعوت میشود که برای افتتاح مسجد عصر روز شنبه 23 ـ 7 ـ 52 و بازدید از مسجد، اهل مسجد و مردم محله و هیئت أمنا را قرین تشکر و امتننان قرار دهید ـ هیئت امنای مسجد قبله”
پرسیاری دووهەم: سەبارەت بەو بابەتە کە مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان چۆن بوو هاتە سەر ئەو مزگەوتە و ئەو کاتەی هاتە سەر ئەو مزگەوتە چ ئەرک و چالاکییەکی ئەنجام داوە، چ ئاگادارییەکەت لەو بابەتە هەیە بیفەرموو:
وڵام: خوالێخۆشبووی بابم ساڵی 1351ی هەتاوی لە گوندێکی ناوچەی محاڵ ڕا بە نێوی “شێخاڵی”هاتە مەهاباد، لە ئیدارەی ڕادیو تلویزیونی مەهاباد بۆ ئەرکی نووسەری و بەڕێوەبردنی بەرنامەی کوردی دامەزرا، دوای تێپەڕینی ساڵێک، باوەڕپێکراوانی گەڕەکی مزگەوتی قیبلە “هیئت أمنا” کە ئەو کاتە بریتی بوون لە “حاجی هەمزەی ساران، حاجی حەسەنی ئەسکەندەری و ڕەحمانی سانی” و چەند کەسێکی تر، هاتنە ماڵی ئێمە و داوایان لە بابم کرد، بابم ڕەزامەندی دەربڕێ بۆ ئەوە ببێتە مەلا و مودڕڕیسی مزگەوتی قیبلە، دوای چەند مانگ واڕێکەوت لەسەر ویست و داوای خەڵکی ئەو گەڕەکە و بڕیاری ئیداڕەی ئەوقاف بابم هاتە سەر ئەو مزگەوتە و بووبە مەلا و مودەڕڕیسی مزگەوتی قیبلە.
لێرەدا وەبیر هێنانەوەیەک پێویستە، پێش ئەوە بابم ببێ بە مەلا ومودەڕڕیسی ئەو مزگەوتە، مامۆستایەکی بەڕێز بە ناوی “مەلا ڕەحمانی ئەحمەدی” پێشنوێژی ئەو مزگەوتە بوو، ماوەی نزیک بیست ساڵ لەو مزگەوتە مابۆوە، ئەو مامۆستایە جیا لە ئەرکی مەلایەتی مزگەوتی قیبلە، لە لایان شەهرەداری مەهاباد وەک ئەندامێکی “غسالخانە” دامەزرابوو، ئەو کاتە شوێنی غەسالخانە لە تەنیشت مەزاری بداغسوڵتان، واتە پۆمپی بێنزینی سەلیمی ئەوڕۆ بوو، ئەو مامۆستایە پێویست بوو لە مەزارگەی شار دایمە ئامادەبێ بۆ ئەوە ئەگەڕ ڕووداوی مردن و گیانلەدەستدانی مڕۆڤێک هاتە پێش، کەس و کاری ئەوگیان لەدەستداوە بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ئایینی مەحتەل نەبن، ئەو مامۆستایە هەمووکات ئامادەبێ وەک ئەرکێک کە پێی سپێردراوە، ڕێوڕەسمی ئایینی سپاردن و تەڵقین دادان بێ مەحتەل بوون ئەنجام بدات. ئەو مامۆستایە بە هۆی سەرقاڵی بەو ئیشە ـ کە بۆ خەڵکی شار بەڕاستی پێویست بوو ـ بە تەواوی کار و بار و ئەرکی مەلایەتی مزگەوتی قیبلەی بۆ بەڕێوە نەدەچوو. بەو هۆیە دوای نۆژەنکردنەوەی ئەو مزگەوتە لە لایان میرزا ڕەحیمی خەڕڕازی لە ساڵی 1352، “هیئت امنا”ی ئەو مزگەوتە بۆ گۆڕینی مەلای ئەو مزگەوتە هەنگاویان هەڵێنا و بە وتەی خۆیان لەگەڵ تازەکردنەوەی مزگەوت، مەلای مزگەوتەکەشیان گۆڕی و تازەیان کردەوە، بەو شێوە لەسەر داخوازی خەڵکی گەڕەک و ڕەزامەندی ئەو مامۆستایە و ڕەزامەندی ئیمام جومعەی شار “مامۆستا شێخعیزەددین” و بڕیاری ئیدارەی ئەوقاف، خەرمانانی 1352 بابم بووبە مامۆستای پێشنوێژ و دەرسوێژ لەو مزگەوتە، ئەوە دەقی بڕیاری فەرمی ئیدارەی ئەوقاف:
اداره اوقاف شهرستان مهاباد، شماره، (714) ـ 31 ـ 4ـ 1352
آقای حاج حمزه ساران متصدی مسجد و سایرین، چون اکثر اهالی مسجد قبله حضوراً و کتباً و قلباً مایل هستند که “حاج ملا عبدالله احمدیان” پیشنماز و مدرس آن مسجد باشد، لذا این اداره موافقت خود را با تعیین مشار الیه اعلام میدارد.
رئیس اداره اوقاف شهرستان مهاباد ـ مجید نزهتزادە (امضا)
گیرندگان:
ـ جناب آقای ملا عبدالله احمدیان
ـ میرزا علی شریفیان جهت اطلاع
پرسیاری سێهەم: تکایە بفەرموون ئەو ماوەی مامۆستا مەلای ئەو مزگەوتە بوو، لە چ شوێنێک دەژیا، هەروا ڕۆژانە کاتی خۆی چۆن بەسەر دەبرد؟
وڵام: ئەو ماوە ئێمە لە خانوێکی سەد میتری لە تەنیشت مزگەوتدا دەژیاین، ئەو خانوە، خانوی مەوقووفە و تایبەتی مەلای ئەو مزگەوتە بوو، بیرەوەرێک باس دەکەم کە پێوەندی بەو خانوەوە هەیە، پێش ئەوە ماڵمان پێتە ئەو خانوە، ئەو خانوە لاڕووخاو بوو، لەسەر ئەو حاڵە پیاوێکی بێ ئازاری بێ دەنگی کزی باریک بە نێوی “هاشمی موسیقەچی” لەو خانوەدا دەژیا لە بەرامبەر کرێیەکی کەم کە مەلای ئەو مزگەوتە وەری دەگرت، هاشمی موسیقەچی کێ بوو؟ هاشمی موسیقەچی یەکێک لەو کەسانە بوو کە وەختی خۆی لە ڕێوڕەسمی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، لەگەڵ دەستەی کۆڕ بۆ لێدانی ماڕشی نیزامی و موسیقای ڕەزمی لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆمار هاوبەشی کرد بوو، وێنەی کاک هاشم لە کتێبی بیرەورییەکانی حەمەدی مەولوودی بە ناوی “کوردبوون” لە لاپەڕەی 194و 516 دوو جار وەبەر چاو دەکەوێ، لەژێر وێنەی کاک هاشم لە لاپەڕەی 194دا نووسراوە: “ئەو وێنەیە لە فیلمێک هەڵگیراوە تایبەتە بە سەردەمی کۆماری کوردستان، ئەو کەسەی دەهۆڵەکە لێدەدات کاک هاشمی فەرەجییە کە بە هاشمی موزیقەچی ناودێر بوو” [کوردبوون، ژیانی حەمەدی مەولوودی، وریا ماملێ، چاپی سێهەم، سۆئێد، 2023، ل 194].
کاک هاشم دواتریش لەبەر ناچاری لە پادگانی مەهاباد ئەو ئیشەی ئەنجام دەدا، دوای ئەوە بابم بوو بە مەلای مزگەوتی قیبلە، میرزا ڕەحیمی خەڕڕازی و دەستڕۆیشتووەکانی گەڕەک یارمەتی کاک هاشمیان دا و خانووی کڕی و ئەو خانوێەی جێهێشت، دوای ساڵێک ئەو خانوە نۆژەن کراوە و ئێمە ئاوەدانمان کردەوە ـ ئەو ماوە ئێمە لە خانووی حاجی ساڵە شینە “کەبوودی”دا دەژیاین کە بنەماڵەیەکی ڕەسەنی سابڵاغی بوون ـ ئێستا ئەو خانوە دوای پەنجا ساڵ هەروەک ئەو کاتە ماوەتەوە و شوێنی ژیانی مامۆستای ئەو مزگەوتەیە. خانوێکی هەراو نەبوو، بەڵام بە هۆی ئەوە لە ناو شار و بازاڕ و مزگەوت و مەدرەسە نزیک بوو، ئێمە ساڵیانی ساڵ لەو خانوەدا ژیانما بەسەر برد. لەو خانووەدا من ساڵی 52 تا 56 قوتابی ناوەندیم تەواو کرد، ئەوکاتە ئەحمەد و حەمیدی برام لە قۆناغی سەرەتایی دەیانخوێند. بەڕەحمەتبێ دایکم “سارا خانمی ناسری” هەمووجارێ سەبارەت بەو خانووە دەیکووت: “خاوەنی ئەو خانووە مەوقووفەیە هەزارجار لە بەهەشت بحەسێتەوە” ئەو خانووە زۆر سەر بە ڕسق و پڕ پیت و بەرەکەتە.
لێرەدا بیرەورییەکی خۆشی کاک هاشم دەگێڕمەوە ـ بێڕێزی نەبێ ـ خەڵکی گەڕەک هەموو کاک هاشمیان زۆر خۆش دەویست، بیرەوەری زۆر خۆشیان لەگەڵ کاک هاشم هەبوو، دەیانگێڕاوە ڕۆژێک کاک هاشم فەڕشێکی سێ و چواری کڕیبوو هێنابوویەوە لە ماڵێ ڕایخا، کاتێک دەبینێ فەڕشەکە گەورەترە لەوەتاغەکەی، بەبێ دەنگی چەقۆیەکی تیژ دەست دەداتێ و لایەکی فەڕشە نوێیەکە هەڵدەڕێ، لە ناکاو خێزانی دەگاتێ و ئاگادار دەبێ و دەڵێ ئەیڕۆ ماڵوێران بووین، ئەوە چ دەکەی؟! لەسەرە خۆ دەڵێ هیچ ناکەم! زۆرم بیرکردەوە ئەو وەتاغەم بۆ گەورە ناکرێتەوە، ناچارم ئەو فەڕشە، چکۆلە دەکەمەوە بە ئەندازەی ئەو دیوە دەریدێنم ئەوجار ڕایدەخەم، یادی بەخێر کاک هاشم مڕۆڤێکی چەند سەحەتسووک و بێ زەڕ بوو
بە کورتی تا ساڵی 1382ی هەتاوی جگە لەو ماوەی بابم بۆ تاراوگەی “دامەغان” دوورخراوە، لە جۆزەردانی ساڵی 1362ی هەتاوی تا ڕەزبەری ساڵی 1363، لەو ماوەدا “مامۆستا مەلا محەممەدی وەتمانی” لە جێی بابم لە مزگەوتی قیبلە پێشنوێژی دەکرد. بابم تا دوایین ساڵی ژیانی لە حوجرەی ئەو مزگەوتە چەند فەقێی زیرەک و دەرسخوێنی ڕادەگرت، لەو دە دوازدە ساڵەی دواییدا زۆربەی فەقێکانی لایەنگرانی خودالێخۆشبوو کاک ئەحمەدی موفتیزادە بوون کە زۆر دەرس خوێن و بە پارێز و بە هەڵوێست بوون.
لەو ماوەیەدا خودالێخۆشبووی بابم، هاوکات دوو ساڵ 59 تا 61 ئیمام جومعەی هەڵبژێردراوی خەڵکی مەهاباد بوو، ئەوساڵانە شاری مەهاباد لەوپەڕی ئاڵۆزی دابوو، هاوکات لە ڕادیو مەهاباد بەڕێوەبەری بەرنامەی ئایینی و ئەدەبی بە زمانی کوردی بوو، هاوکات لە قوتابخانە ناوەندییەکانی مەهاباد مامۆستا بوو. بەو شێوە لە بەڕەوێوەبردنی کاتی ڕۆژانەی خۆی بە باشترین شێوە کەڵکی وەردەگرت. ئەو کتێبانەی بابم دایناوون زۆربەیان لە حوجرەی مزگەوتی قیبلە و لەو خانووەی تەنیشتی مزگەوت نووسیونی. ئەو خاووە ئەوڕۆ شوێنی نیشتە جێبوونی مامۆستای ئەو مزگەوتەیە.
پرسیاری چوارەم: لەو ماوەدا چ کەسانێک هاموشۆی مامۆستایان دەکرد، چ بیرەوەرێکت هەیە؟
وڵام: بیرەوەری ئەو سەردەمە زۆرە، زۆر کەسایەتی گەورە و زانا و بڕوا پێکراو دەهاتنە لای بابم و سەری حوجرە و مزگەوتی قیبلەیان دەدا، یان بە بۆنەی جیاواز وەک ڕۆژی جێژن و هاتنی سەریساڵ دەهاتنە ماڵی ئێمە سەری بابمیان دەدا، ئەو کەسایەتیانەی هاموشۆی بابمیان دەکرد و نێویان لە بیرم ماوە زۆرتر ئەو بەڕێزانە بوون: بەڕێزان دوکتۆر موستەفا خوڕڕەمدڵ، حاجی خەلیلی موەفەقی، سەعیدخانی هومایوون، میرزا قادری تەوەککولی، مامۆستا مەلا مەحموودی سالیکی، میرزا ڕەحیمی خەڕڕازی، دوکتۆر محەممەدی مەجدی، عومەرئاغا عەلیار، بەڕێز موتەللیبی وەهابپوور، بەڕێز سەدیق حەیدەری، ئەوانە و کەسانیتر لە دۆستانی نزیکی بابم بوون. هەروا هاوکارانی رایوتلویزیون زۆر دەهاتنە ماڵی ئێمە. لەوماوەدا لە شارەکانی تر میوان دەهات و لەو خانووەی تەنیشت مزگەوت سەری بابمیان دەدا، کەسایەتی وەک دوکتۆر جەعفەر شیعار، ئایەتوڵڵاساڵحی نەجەفئابادی و لەودوایانەدا دوکتۆر سادقی زیبا کەلام و کەسانی تر...
وەک بیرەوری پێویستە بڵێم، کەسایەتێکی کە بەردەوام لەو ساڵانەی بەر لە شۆڕشی ئێران سەری بابمیدەدا، بە نێوان چەند حەوتوو جارێک ڕۆژانی پێنجشەممە دوای نوێژی عەسر تەشریفی دێنا بۆ ماڵی ئێمە، مامۆستا مەلا شێخعیزەددینی حوسەینی ئیمام جومعەی ئەوکاتی مەهاباد بوو، بابم لەسەر دەمی فەقێیەتیدا لە خزمەت مامۆستا دەرسی خوێند بوو. سەبارەت بە زۆر بابەتی ئایینی و دژایەتی لەگەڵ خوڕافات هاوبیربوون، هەر لەبەر ئەوە مامۆستا و بابم پێوەندێکی تایبەتیان پێکەوە هەبوو، هەتا سەرهەڵدانی شۆڕشی ئێران ئەو پێوەندییە بەردەوام بوو.
مامۆستا شێخعیزەددین زۆرجار ڕۆژانی پێنجشەممە پاش نوێژی عەسر زەنگی لێدەدا ـ ژمارە تەلەیفوونی ئەوکات چوار ڕەقەمی بوو، ژمارەی ئێمە 3592 بوو، ژمارەی ماڵی مامۆستا وەک لەبیرم مابێ 3812 بوو ـ زۆرجار مامۆستا لە ماڵی خۆیانڕا واتە لە کووچەی حوسەینی پشت مزگەوتی هەباساغا بەبێ هیچ وەسیلەیەک بەرەو کووچەی خوسرەوی و مزگەوتی قیبلە وەڕێ دەکەوت ـ مەودایەکی کەم بوو ـ دەهاتە حەساری مزگەوتی قیبلە مجێورەکەی دەنارد بۆ ماڵی ئێمە بۆ ئەوە ئاگادار بێ و بزانێ بابم لە ماڵێیە، ئەوجار دەهاتە ماڵێ ئێمە، بابم زۆر ڕێزی لێدەگرت، زۆرجار کەسێک دوو کەسی لەگەڵ بوو، یەک دوو ساعەت دەماوە و باس و بابەتی جۆراوجۆریان دێنا گۆڕێ، لەبیرمە من بەپەلە دەچوومە بازار لە چواررێ لە دووکانی حوسینی توومانی میوەی جوانم دێنا و خێرا دەگەڕامەوە، ئەوجار چاییم بۆ دادەنان و خزمەتم دەکردن و گوێم بۆ قسەکانیان ڕادەگرت، مامۆستا ئەمنی دەدواند و دەیفەرموو چ دەخوێنیەوە؟ دەیان بیرەوەریم لەو کۆڕ و مەجلیسانە هەر لەبیرە. ئەو کۆڕ و مەجلیس و کۆبوونەوانە هەموو لەو خانووە چکۆلەی تەنیشت مزگەوتی قیبلە بەڕێوە دەچوو، یادی ئەو ڕۆژانە و ئەو بیرەوەریانە و ئەو کەسایەتیانە بەخێر کە هیچ کامیان لە ژیاندا نەماون.
لەوەرزی بەهاردا بابم و مامۆستا شێخ عیزەددین جاروبار ڕۆژانی پێنجشەممە عەسر بە پێی ئاگاداری پێشتر، بۆ قەدەملێدان و پیادەڕەوی بەرەو داشامەجید و جەنگەڵی مەسنووعی دەڕۆیشتن، هەتا سەرهەڵدانی شۆڕشی ئێران، چوار پێنجساڵ ئەو پێوەندیانە بەوشێوەیە بەردەوام بوو.
پرسیاری پێنجەم: تکایە بارودۆخی تایبەتی مزگەوتی قیبلە و ئەو کەسانەی زۆرتر هاموشۆی ئەو مزگەوتەیان دەکرد و چۆنیەتی کاروچالاکی مامۆستا و سەرەنجامی کاری مامۆستامان بۆ باس بکە؟
وڵام: ئەو کاتە واتە پەنجا ساڵ بەر لە ئێستا، کە ئەو مزگەوتە نۆژەن کراوە وەک ئێستا دیمەنێکی کڕومات و بەرتەنگ و خەماوی نەبوو، دیمەنی جوانی پێکهاتەی ئەو مزگەوتە وەک خانوو بینایەکی نوێ، چێ کراو بە باشترین کەرەسەی جوان، لەچەشنی دیمەنێکی بەرچاو، داپۆشرا و بەشێوەی شیروانی و میچی لێژ دەهاتە بەرچاو، حەسارێکی هەراوو ئاوەدان پڕ لە گوڵی جوان و داری مێوی هەڵکشاو بەرەو بەرزایی تا گوێسوانەی ماڵەکان و بەرژەوندی سێبەری بەرینی چنارەکان وەک دیمەنێکی ڕازاوە، هۆشی هەموو ڕێبوارێکی بۆ لای خۆی ڕادەکێشا. لە پەنجەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەو مزگەوتە بەرزایی داشامەجیدی پڕ لە بیرەوەری دەهاتە بەرچاو، ئەو کاتە ئەو خانوانەی نێوان مزگەوت تا گەڕەکی سەرخڕێ و شەقامی مامۆستا مەجدی ئەوڕۆ هەموو سەر بە مزگەوت بوون و مەوقووفەی ئەو مزگەوتە بوون.
ئەوکاتە “مام مەحموود” مجێوری ئەو مزگەوتە وەک چاوی خۆی ئاگاداری لە پاک و خاوێنی مزگەوت و حەوشە و حەسار و دەرک و بانی مزگەوت دەکرد و هەموو ئێوەران باغچەی پڕ لە گوڵی ئەو مزگەتەی ئاودەدا.
لەوەرزی بەهار و هاوین، ئێواران پێشنوێژی شێوان مەلا و کەیخودا و مەزنە پیاو و پیاو ماقوڵانی ئەو گەڕەکە لە حەساری مزگەوت لەسەر سەکۆ و کورسیلەکان دادەنیشتن، هەر کام لە نوێژکەر و بانگددەر و مجێور بە نۆبەی خۆی باسی هەواڵی گەڕەک و نێوشار و وڵاتیان دەکرد، لەبەرەبەری سەرهەڵدانی شۆڕشی ئێران ئەو کۆڕ ومەجلیسە گەرمتر ببوو، زۆرجار ئەگەر هەواڵ و باسی گرینگ و تایبەت لە ئارادابوایە، ئێواران ڕادیوکەی مام مەحمودیان دێنا و لەسەر کورسیلەکانی حەساری مزگەوت تێکڕا بە سەرنج و هۆشەوە گوێیان بۆ هەواڵەکان ڕادەگرت. هەروا لە وەرزی پایز و زستان لەبن کوورەی نێڵدراو بە داری قەڵاشکاری ئەو مزگەوتە کۆدەبوونەوە و باسی ڕووداوی ڕابردووی ئەو شارە و سەردەمی ڕەزاخانی ڕەزا تاڵیان دەکرد، بە شێکی تر لە تەنیشت ئاوردانی پڕ لە سکڵ و پۆلووی گەشاوە کۆزیلکەیان دەگرت و باسی سەردەمی سمایلئاغا و ساڵی شکاک و ساڵی سێڵاو و ساڵی کۆماریان دەکرد و هەرکام بیرەوری تاڵ و شیرنی تایبەتیان بۆ یەکتر دەگێڕاوە.
ئەو کەیخودا و پیاو ماقووڵانەی ئەوکات هامووشۆی مزگەوتیان دەکرد و کۆڕی نوێژی بە کۆمەڵیان ئاوەدان دەکردەوە، ئەو مرۆڤە بەڕێزانە بوون: حاجی محەممەدی قفلساز، حاجی ساڵە شینە”کەبوودی” حاجی سەید محەممەدی ڕدێنسوور “سەیدی” وەستا محەممەدی تۆکمەچی، حاجی حوسێنی داودی، عەبدولعەزیزی باغەوان، ڕەحمانی سانی، حاجی محەممەدی نەعەدەیان، کاک لەتیفی نەقشی، میرزا حەبیبی داودی، حاجی سەید ڕەحمانی سەیدنژادیان، حاجی حەسەنی ئەسکەندەری، میرزا ڕەحیم و میرزا قادری لبادی، حاجی هەمزەی ساران، من خۆم بە خزمەت هەموو ئەو مرۆڤە دڵاپاکانە گەیشتبووم، بەداخەوە ئەوڕۆ هیچکام لەو بەڕێزانە لەژیاندا نەماون و بەرەو دنیای دی وەڕێکەوتوون.
سەبارەت بە چۆنیەتی کار و چالاکی و تێکۆشانی باوکم لە ماوەی ئەو سی(30) ساڵەدا پێویستە بڵێم، ژیان و گوزەرانی بابم لەسەر بناغەی داهاتی کارمەندی هەڵدەسووڕا، جیا لە داهاتی مووچەی ئیدارەی ڕادیو، مامۆستای قوتابخانە ناوەندێکانی مەهاباد بوو، وەک فەرمانبەرێکی فەرمی مووچەی وەردەگرت، مەبەستم ئەوەیە بڵێم وەک مەلای مزگەوت چاو لە دەست و چاوەڕوانی یارمەتی خەڵک نەبوو بۆ ئەوە بەرات و زەکات و سەرفترەی بدەنێ، ئەگەر بابەتێک هەڵدەکەوت وەک یارمەتی دەستەنگ و لێقەوماوێک، بابم لە پێش دەوڵەمەندانی گەڕەک دەستی بۆ گیرفانی دەبرد و ئەو دەستەنگ و لێقەوماوەی یارمەتی دەدا، زۆرجار پیاوماقووڵانی مزگەوت دەیانکوت مامۆستا دەستبۆ قووڵایی گیرفانت مەبە، نرخەکە مەگۆڕە. تەنیا قازانجی بابم، واتە قازانجی ماڵی و دنیایی لەو مزگەوتە، ئەو خانوەبوو کە ژیانی تێدا بردەسەر، بابم لە سەر بناغەی ئەو بیروبڕوایەی هەیبوو خزمەتی مزگەوتی کرد.
ئەوسەردەمە زۆربەی ئەو مەلایانەی لە ئیدارە دادەمەزران، لیباسی مەلایانەیان لەبەر خۆیان دادەڕنی و ئەرک و پیشەی مەلایانەیان وەلا دەنا، لیباسیان دەگوڕی و سەریان ڕووت دەکرد و کۆت و شاڵواریان لەبەردەکرد و بۆینباغیان دەبەست و لەبیرخۆیان دەبردەوە کە ڕۆژ و ڕۆژگارێک فەقێ بوون و بە نان و دۆی ئەو میللەتە پێگەیون و ئەرکی سەرشانیانە خزمەتیان پکەن و ئەمەک ناسبن.
بابم تادواکانی ژیانی لەبەرامبەر بەرپرسیارێتی ئایینی هەڵنەهات، ئەگەر چی دەیتوانی پیشە و ئەرکی مەلایەتی وەلانێ، لەو ماوە دوورودرێژەدا، لەو سی ساڵەدا کە لە مەهاباد دەژیا، پیشەی مەلایەتی و لیباسی مەلایانەی نەگۆڕی و بەردەوام لە قولینچکی حوجرەی مزگەوتی قیبلە ئەرکی دەرس دادانی فەقێی لەبیر نەچۆوە، ئەرکی ئایینی لە مزگەوت زۆر پێ گرینگتر بوو لەو سەر قاڵیانەی تر وەک ئەرک و ئیشی کارمەندی و ئیداری.
ئەو مزگەوتە و حوجرەکانی، هەرچەند لە باری بەرینایی و درێژایی و پانایی و هەراوی وەک مزگەوتێکی ئاسایی دەهاتە بەرچاو، بەڵام لەو سی ساڵەدا جیا لە ئەنجامدانی ئەرکی ئایینی و دەرسدانی فەقێ، شوێنی نووسینی جوابی پرسیاری ئایینی و چارەسەرکردنی کێشەی کۆمەڵایەتی و نووسینی چیهای چەند وتار و مەقالە نووسینی چەند کتێب و بەرهەمی بە پێز بوو، ئەگەر بڕوانینە بەرهەمە چاپکراوەکانی بابم، لە دوایین لاپەڕەی ئەو بەرهەمانە، پێشواژۆکردن دەینووسی “مەهاباد ـ مزگەوتی قیبلە” ئەوە نیشانەی ئەوپەڕی ڕێز بوو بۆ تێگەیشتن لە گەورەیی پێگەو و شوێنی مزگەوت و حوجرە لە کوردستان.
سەرەنجام دوای ئەو هەموو تێکۆشانە ساڵی 1382ی هەتاوی، باوکم بەداخەوە باری لەشساغی تێک چوو، توانایی ئەنجامدانی ئەرک و ئیشی مزگەوتی نەما، ئاواتی ئەوە بوو ئەرکی مەلایەتی ئەو مزگەوتە بە کەسێکی شیاو و لێهاتوو بسپێرێت، دوای ڕاوێژ لەگەڵ “هیئت امنا”ی مزگەوت و مامۆستا مەلا عەزیزی تەئیید، “مامۆستا مەلا ئەبووبەکری ئابخزر”یان هەڵبژارد، مەلا ئەبووبەکر ماوەیەک فەقێی بابم بوو، مەلایەکی مەند و ماقووڵ و زانا و حۆپارێزە، ئێستا ماوەی بیست و یەک ساڵە ئەرکی ئایینی لەو مزگەوتە ئەنجام دەدا، مامۆستا مەلا ئەبووبەکری ئابخزر ساڵی 1315ی هەتاوی لە ئاوایی “باغچە” هاتووتە دنیا خوێندنی ئایینی لە حوجرەکانی موکریان درێژەداوە، ساڵی 1340ی هەتاوی لە تورجان لە خزمەت “مامۆستا مەلا سیدیق عەلایی” ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە.
لە دواییدا بەشێک لە نووسینی بەڕێز “ناسری عەلیار” سەبارەت بە ژیانی بابم مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان ئەوکاتەی لە مزگەوتی قیبلە چالاکی بووە دێنمە بەر چاوی خوێنەری ئەو دێڕانە: “مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان ئەو ماوەی لە مزگەوتی قیبلە بوو حوڕمەتی عالمانەی خۆی وەک زانا و عالمێک ڕاگرت،بۆ ماڵ و سامانی دنیا ئەو قوورساییەی نەشکاند، لە پەنای خەڵک داماوە، ئەوندەی بۆی کرا و لە دەستی هات بە زمان و قەڵەم بەربەرەکانی لەگەڵ چەوتی کرد، بە مووچە و داهاتی موعەللیمی لە ماڵێکی ئاسایی بێ منەت گوزەراندی هەر لەو ماڵەدا دۆستان و لایەنگرانی لێی دەهاڵان، هەر لەو ماڵەدا نووسینەکانی هێنا بەرهەم، هەر لەو ماڵەدا میوانی بەڕێدەکرد، سەرەنجام هەر لەوماڵەدا ئاوای دنیای هەرمان بوو” [بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا ئەحمەدیان، سیروان، ژمارە (322) ڕەشەمەی 1383ی هەتاوی ـ ناسر عەلیار].
پرساری شەشەم و دوایین پرسیار: لەو وتوێژەدا چەند جار باسی “مام مەحموود”کرا کە زیاتر لە شێست ساڵ خزمەتی مزگەوتی قیبلەی کردووە، تکایە ئەگەر بیرەوەری زیاترت لەسەر مام مەحموود هەیە باسی بکەی:
وڵام: ئەگەر باسی مزگەوتی قیبلە بکەین و یادێک لە خزمەتی دووروودرێژی ماممەحموود نەکەین کەم تەرخەمیامان کردووە. ماممەحموود لە پێناسەدا ناوی “ئیسماعیل جیهانگیری” بوو، زیاتر لە شێست ساڵ خزمەتی مزگەوتی قیبلەی کرد، وەک بۆ خۆی باسی دەکرد، پێش سێڵاوی سابڵاغ [1315ی هەتاوی] لە گوندی “ترکاشە”ی بۆکان ڕا ئەوکاتەی گەنج بووە هاتۆتە سابڵاغ، زۆربەی تەمەنی لەو مزگەوتە خزمەتی کردووە، بۆخۆی و خێزانی “دایە خاتوون” لەگەڵ تاقە کچێکیان “ئایشێ خاتوون” لە خانوویەکی بەرتەنگی مەوقووفەی تەنیشت مزگەوتی قیبلە سەریان بەسەری یەکتروە نابوو، لەگەڵ ئەوە داهاتێکی وایان نەبوو لەگەڵ فەقیری و دەستەنگی خۆیان سازابوون، دڵخۆش و بە ورە بوون نە لە فەقیری دەترسان و نە لە قۆرتەکانی، دەنگی ڕادیوکەیان هەموو بەیانان بێدەنگی ئەو ماڵە کڕ و مات و بێدەنگەی دەشکاند. لە تەنیشت ئەو ماڵە بەرتەسک و تنگەبەرە، دووکانێکی چکۆلەیان بە تەختە و دار و کارتۆن سازکردبوو، پڕبوو لە وردەواڵە و بابەتی خواردنی منداڵان، شەمچە و سیغاری بە دەنک و هێلکە و غەڕغەڕە و دەزووی دروومان و زۆر شتی لەو بابەتە، منداڵی گەڕەک ڕۆژێ یەک دوو جار سەری دووکانی مام مەحموودیان دەدا، ڕەنگ و ڕووخساری “دایە خاتوون” بۆ ئەو منداڵانە ماوەێەکی زۆر وەبیرهێنەرەوەی تامی شیرنی تۆشە و شوکلێت و کوللێرەی بە تامی ئەو دووکانە بوو.
بیرەوەرێکانی مام مەحموود بۆ من زۆر جێی سەرنج بوون، بەداخەوە ئەو بیرەوەریانە نەنووسرانەوە، ساڵی 1352 ئەوکاتە قوتابی پۆلی ناوەندی بووین، لەگەڵ چەند هاواڵ وەک مەحموودی موکری، شەفیعی ئەحمەدی، عەبدوڵڵای سانی، یۆسفی لبادی، جەعفەری موفتی و یونسی دەوڵەتی زۆرجار دەهاتینە مزگەوت و دەرسمان دەوردەکردەوە.
مام مەحموود بەپێچەوانەی عادەتی هەموو مجێورێک، نە تەنیا لە ئێمە تووڕە نەدەبوو، بەڵکوو بیرەوەری ڕابردووی ژیانی بۆ دەگێڕاینەوە، من دوو بیرەوەریم لەبیر ماوە کە پێوەندی بە مزگەوتی قیبلەوە هەیە و باسیان دەکەم، مام مەحموود مڕۆڤێکی خاوەن بیر و بڕوا و لەسەرەخۆ و سەحەت سووک و بە هۆش و بە هەڵوێست بوو، جل و بەرگی جوان و پاک و خاوێنی لەبەر دابوو، زۆر لەسەرەخۆ ئەو بیرەوەرییانەی دەگێڕاوە.
ئەو بیرەوەرییە زۆر سەرنجی منی ڕاکێشا، کوتی: “حەمەڕەزاشا، بیست ساڵ پێشئێستا بەسەفەر هاتە سابڵاغ، شەوێک یان دوو شەو لەو شارە ماوە، بۆ ئەوە چاوی بە زیکر و تیغبازی و شمشێربازی و زەرگ وەشاندنی دەروێشان بکەوێ، دوای بەڕێوەبردنی کاروباری فەرمی دوای نوێژی خەوتنان لەگەڵ دارودەستەیەکی زۆر هاتنە مزگەوتی قیبلە، ئەوکاتە ئەو مزگەوتە حاڵەتێکی نیوە مزگەوت و نیوە خانەقای هەبوو، شەوی سێشەممە و جومعانە دوای نوێژی خەوتنان، دەروێشی ڕێبازی قادری دەهاتنە ئەو مزگەوتە بە پێی ڕێوشوێنی خۆیان خەریکی زیکر و تیغبازی دەروێشانە دەبوون. ئێوارەی ئەو ڕۆژە پێیان ڕاگەیاندین حەمەڕەزاشا لەگەڵ دارودەستەی دێنە ئەو مزگەوتە بۆ ئەوە چاویان بە تیغبازی دەروێشان بکەوێ. حەمەڕەزاشا، شەش جار هاتبووە مەهاباد، ساڵی 1315 لەگەڵ بابی هاتبوو، ساڵەکانی 1326، 1333، 1342، 1350، 1356، لە کاتی دەسەڵاتی خۆی هاتبووە مەهاباد ئەو ساڵەی هاتبووە مزگەوتی قیبلە، ساڵی 1333ی هەتاوی بووە، کوتی حەشیمەتێکی زۆری لەگەڵ بوو وەک تیمسار و دەرەجەداری باڵا هاتنە مزگەوت، ئەو کاتە مزگەوتی قیبلە دارەڕابوو، کاریتە و کۆڵەکەی ئەستووری تێدابوو، لە ماڵە دەوڵەمەندەکانی گەڕەک چەند چرای ڕووناکمان هێنا بۆ مزگەوت، مزگەوت کارەبای نەبوو، حەمەڕەزاشا و میوانەکان هەر بە پێوە ڕاوەستابوون ئەو زیکر و سەرڕاوەشاندەیان زۆر پێ سەیر بوو، لەگەڵ ئەوە دەروێشەکان بە حایوحوو سەریان لە کۆڵەکەی مزگەوت کوتا، ئەو میوانانە بستێک هەڵبەزینەوە و زەندەقیان چوو، هەر بەڕاستی خۆفیان لە دڵ نیشت و خووداربوون. ئەوجار زەرگ و شمشێر هاتە گۆڕێ، ئیدی هەرچاویان بەرایی نەدا، زوو بەپەلە مزگەوتیان جێهێشت، لە کاتی ڕۆیشتنیان، پووڵێکی کاغەزیان دابەمن، وێنەی ڕەزاشای تێدابوو، پێم وابوو زۆرە، دوایە چاوم لێکرد، دەتمەن بوو، تا چەند ساڵ ئەو دەتمەنیەم هەڵگرتبوو.”
بیرەورێیەکی تر کە مام مەحموود بۆیگێڕامەوە ئەوە بوو، دەیکووت: ساڵی دێموکڕاتی [1324] بە هۆی لەبەرچاونەگرتنی پاک وخاوێنی و حەشیمەتی زۆر کە لە سابڵاغ کەڵەکە ببوو، عرووسی لێبوو، خەڵکی هەندەرانی لێبوو، بارزانی بە ماڵ و منداڵەوە هاتبوون، خەڵکی گوندەکانی لێبوو، بەو هۆیانە مۆریانە هەموو وڵاتی داگرتبوو، لێفەوبان جلوبەرگ، ماڵ و تەنانەت مزگەوتی داگرتبوو، حەشیمەت هەموو ئەندامی لەشیان بە ئاڵۆش کەوتبوو، خارشت و خورو لە هەموو عالەمی گەڕۆڵ کردبوو. ئەعزای بەدەنی زۆربەی ئەو حەشیمەتە داگەڕابوو، بە زمانی دوکتۆران ئەو نەخۆشیە تووشە و ئەو حاڵەتە “تیفووس” بوو، هەموو شاری داگرتبوو، چ کەردن؟! عرووس کە ئەو کات لە سابڵاغ بوون، بۆ چارەسەری ئەو گرفتە بە هاواری ئەو خەڵکەوە هاتن. ناردیان لە باکۆ بە ماشێن دەرمانیان هێنا، دەرمان لە کیسەی گەورەدابوو، وەک کیسە سمیت، هەرکەس دەچوو بە لێشاو دەیاندا بە خەڵک، بڕی دمەپێمەڕەیەکیان لەو دەرمانە دەدانێ بۆ ئەوە بە جلوبەرگ و لێفە و بانیەوە کەن، جیا لەوە زۆربەی ماڵەکانیان سەمپاشی کرد، بۆنی ئەو دەرمانە بەڕادەیەک تووند و ناخۆش بوو، هەتا دەساڵیش هەر بۆنی مابوو، وردەوردە ئەو گرفتە چارەسەری هات.
هەر ئەو کاتە بە خەڵکیان ڕاگەیاند، عرووس مەکینەیەکی یەکجار گەورەیان هێناوە، لەوبەری مزگەوتی عەباسئاغا دایان مەرزاندوە وەک قالیشوویەکی گەورە بە لێشاو ئاوی مزگەوتی عەباساغایان بۆ دەکێشا، هاڕەهاڕێکی زۆر سەیری لێدەهات. خەڵک لێفە و جلوبەرگ و نۆێنیان هێنابوو بە نۆبە ئاپۆرەیان گرتبوو، بۆ ئەوە نۆرەیان وەبەرکەوێ و جل و بەرگ و شمەکیان بشۆن، ئەوجار ڕایانگەیاند، بە نۆبەفەڕش و بەرماڵی مزگەوتەکان دەشۆن، ڕۆژێک نۆبەی ئێمە هات، فەڕش و مافوورە و بەرماڵی مزگەوتی قیبلەمان بە داشقە هێنا و نۆبەمان هات، هەر ئەوەندەی یک دوو ساعەت لە نێو دەسگامان هاویشت و لەو لای بە پاک و خاوێنی هاتنە دەرێ، دوایە هەڵمانخستن و پاک و خاوێن ڕامان خستنەوە، ئەوە بیرەورێکی تر بوو لە زمان مام مەحموود کە پێوندی بە مزگەوتی قیبلە هەبوو.
سەرەنجام مام مەحموود دوای تەمەنێکی زۆر، نزیک بە نەود ساڵ، ساڵی 1379ی هەتاوی لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد، خودا لە بەهەشتی بەرینی خۆی بیحەسێنێتەوە، هیوای ژیانی دوا ڕۆژی ئەو خزمەتە بوو کە بە مزگەوتی کردبوو، جیا لەوە هیوای بە نەوەیەکی خۆشەویستی بوو بە ناوی “محەممەد ڕەئووفی” هەروەک چاوەڕوانی دەکرد لە سێبەری مزگەوت وەک مڕۆڤێکی سەرکەوتوو بە پەروەردەیەکی ئایینی ڕێک و پێک پێ گەیشت، لەگەڵ ئەوە گەنجێکی بەڕەوشت بوو لە خوێندن دا قوتابێکی سەرکەوتوو بوو، لە زانستگای سەنعەتی شەریف لقی کارەبا خوێندنی تەواو کرد، دوایە وەک ئەندازیاری کارەبا (مهندس برق) ساڵیانی ساڵ خزمەتی کرد.
زۆرتان سپاس دەکەم کاک موحەممەد گیان بۆ ئەو دیمانە جوانە هیوادارم بکەوێتە بەر دیدی خوێنەران و لێکوڵەرانی مێژوویی و مامۆستایانی ئایینی.
20ی بەفرانباری 1404ی هەتاوی، مەهاباد
|