تاريخ: ۶ تیر ۱۴۰۵ ساعت ۱۷:۳۲ بازدید: 322      نظرات: 0      کد مطلب: 25936

ڕاگەیاندنی وەقفی مڵکایەتی ناوەندێکی فەرهەنگی لە مەهاباد


له‌ ڕووداوێکی کلتوری و مێژووییدا و به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌ فه‌رهه‌نگییه‌کان، ناوه‌ندێکی گرنگی ئه‌ده‌بی و میدیایی لە شاری مه‌هاباد بۆ هەمیشە وەک سەرمایەیەکی نەتەوەیی تایبەت تۆمار کرا. ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، کۆڕێکی بەپێز و بەشکۆ بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە ناوداران، ئەدیبان، نووسەران، ڕۆژنامەوانان و چالاکانی بواری فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی بەڕێوەچوو. لەم کۆڕەدا، بە شێوەیەکی فەرمی وەقفی تایبەتی مڵکایەتی شوێنی ئەنجومەنی جامی، گۆڤاری مەهاباد و نەشری بیر ڕاگەیەندرا.

ئەم هەنگاوە وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە مێژووی چالاکییە مەدەنی و فەرهەنگییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەیر دەکرێت، کە ئامانج لێی گەرەنتییکردنی بەردەوامیی ئەم ناوەندە و پاراستنیەتی بۆ نەوەکانی داهاتوو.

بەرنامەی کۆڕەکە چەندین وتار و لێکدانەوەی گرنگی لەخۆگرتبوو کە تیشکیان خستە سەر ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەم بڕیارە مێژووییە.

لە سەرەتای کۆڕەکەدا، یاقووب خزری وەک بەڕێوەبەر، ڕاپۆرتێکی کورتی لەسەر مێژوو و ئەزموونی دەوڵەمەندی چالاکییەکانی ئەنجومەنی جامی و گۆڤاری مەهاباد پێشکەش کرد. ناوبراو تیشکی خستە سەر ئەو کۆسپ و تەگەرانەی لە ڕابردوودا هاتوونەتە پێش و ڕایگەیاند، بڕیاری وەقفی مڵکایەتی ئەم ناوەندە، بڕیارێکی بەنرخ و ستراتیژی بوو بۆ ئەوەی دڵنیا بین کە ئەم سەکۆ ئەدەبی و فەرهەنگییە بۆ هەمیشە وەک مڵکی گشتی و کلتوریی کۆمەڵگە دەمێنێتەوە و لە هەر جۆرە مەترسییەکی سڕینەوە یان دەستبەسەرداگرتن دەپارێزرێت.

پاشان دکتور خالق جەلیل‌نیژاد بە نوێنەرایەتی لە ١٢ ئەندامی دەستەی ئەمینداران (هیئەت ئۆمەنا) وتارێکی پێشکەش کرد. دکتور جەلیل‌نیژاد بە شێوەیەکی زانستی و مێژوویی باسی لە پێگەی "وەقف" لە شاری مەهاباد و دەورانی ڕابردوودا کرد. ئەو ئازایەتی و دڵسۆزیی بەڕێوەبەرانی جامی و گۆڤاری مەهابادی بەرز نرخاند و وتی: ئەم بڕیارە تەنیا کارێکی یاسایی یان ئیداری نییە، بەڵکو بڕیارێکی بوێرانە و ڕووداوێکی دەگمەنە لە مێژووی نوێی گەلی کورددا. ئەمە نیشان دەدات کە تاک و کۆمەڵگەی ئێمە گەیشتوونەتە ئەو ئاستە لە هۆشیاری کە سەرمایە فەرهەنگییەکانی خۆیان بە فەرمی وەقف بکەن بۆ خزمەتی گشتی.

لە بەشێکی تری بەرنامەکەدا، تیمی ڕاوێژکاری یاسایی ناوەندەکە بۆ چەند خولەکێک لایەنە جیاوازەکانی یاسای بنەڕەتیی ئەم وەقفیاتەیان بۆ ئامادەبووان ڕوون کردەوە. ئەوان باسیان لەوە کرد کە چۆن ڕێکارە یاساییەکان بە شێوازێک داڕژاون کە مڵکەکە بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت بۆ مه‌به‌ستی تر به‌کاربهێنرێت یان بفرۆشرێت. لە کۆتایی ئەم بەشەدا، پارێزەران و ڕاوێژکارانی یاسایی وڵامی پرسیار و ڕاوبۆچوونی بەشداربووانیان دایەوە.

شارەزایان پێیان وایە کە وەقفی تایبەتی مڵکی (ئەنجومەنی جامی، گۆڤاری مەهاباد و نەشری بیر) دەبێتە نموونەیەکی باڵا بۆ ناوەندە فەرهەنگییەکانی تری کوردستان، تا بتوانن لە ڕێگەی یاسایی و کلتورییەوە سەربەخۆیی و بەردەوامیی خۆیان بپارێزن.

بەشداربووان هیوایان خواست ئەم هەنگاوە ببێتە هاندەرێک بۆ سەرمایەداران و خێرخوازان تا زیاتر ئاوڕ لە بەهێزکردنی ژێرخانی فەرهەنگیی وێژەی کوردی بدەنەوە.

کۆڕەکە بە هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیی بۆ دەستەی ئەمینداران و سەرجەم چالاکانی فەرهەنگیی شاری مەهاباد و کوردستان کۆتایی پێهات.







ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد