تاريخ: ۴ مرداد ۱۴۰۵ ساعت ۱۲:۲۹ بازدید: 43      نظرات: 0      کد مطلب: 26064
عەبدولقادر نیازی | "کارناسی باڵای توێژینەوە کەلتوورییەکان"

لە بزرکراوێتی کەونارای کوردەوە تا فەڕشی سووری هالیوود

خوێندنەوەیەکی کەلتووری لەسەر گوارەکانی زەندایا


ماوەی چەند ڕۆژێکە گوارەکانی زەندایا، ئەکتەری ناسراوی هالیوود، کەوتوونەتە ژێر باس و لێکۆڵینەوەی توێژەرانی مێژوو و کەلتوور لە کوردستان دا. ئەو یادداشتە هەوڵی ئەوەیەتی کە لە ڕوانگەیەکی فەرهەنگییەوە سەیری ئەو دیاردەیە بکا و نیشان بدا کە چۆن پارچەیەک زیوەری بچووک بووەتە شوێنی کۆبوونەوەی هەموو ئەو کێشانەی کە فەرهەنگی هاوچەرخ تێیدا دەناڵێنێ: ناسنامە، مێژوو، جەستە، دەسەڵات، بازاڕ، کات، یادەوەری و ڕەسەنایەتی و مۆدیزەکردن. بە گوێرەی ئەوەی وترا دەبێ ئەوەش بوترێ کە ئەو گوارەیە وێڕای ئەوەیکە شتێکی ورد و ڕازاوەیە، لە ڕاستی دا بارگاوییەکی قورسیشی لە مانا لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە کە شیکردنەوەی ئەو ماناگەلە دەتوانێ ئەوە ڕوون کاتەوە کە نیشانەکانی کەلتوور چۆن لە نێوان مێژوو و ئێستادا دە هاتوچۆ دان و دەو هاتوچۆیەدا بە چ شێوەیەک دەردەکەون. دە گوتاری مۆدێرندا، بەکارهێنانی زیوەر، کە زەندایا نموونەیەکی بەرجەستەی ئەو شێوازە بەکارهێنانەیە، جەستە دەبێتە تابلۆیەک بۆ نیشاندانی چێژ و سەلیقە و وێنەی تاکەکەسی، کە لەلایەن بازاڕ و مێدیاوە کاناڵیزە دەکرێ و ماناکانی پێشتر لەلایەن ستایلیست و برەندەکانەوە دیاری دەکرێن. گوارە لێرەدا نیشانەیەکە بۆ پێوەندی گرتن لەگەڵ بینەری جیهانی و یۆنیڤێرساڵ، بەڵام ئەو پێوەندییە زیاتر لەسەر ئاستی ڕووکار و جوانیی و مەیل بۆ دیترانە نەک بەمەبەستی وەبیرهێنانەوەی چیرۆک و یادەوەری کۆمەڵایەتی بە دانستە بزرکراوی نەتەوەیەک وەک نەتەوەی کورد. بە پێچەوانەی مەیلی زەندایا، دە وێژمانی گوارەکاندا، کەونارای کورد وەک سیستەمێکی نیشانەیی کار دەکا کە پێوەندی ڕاستەوخۆی بە شوێن، نەسەب، چینایەتی کۆمەڵایەتی، ڕووداوەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵگا، تەنانەت بە کات و وەرز و ئاھەنگە کۆنەکانیشەوە هەیە. جەستەی ژن دەو جیهانەدا نە تەنیا وەک مەکۆی جوانی خوێندنەوەی بۆ کراوە، بەڵکوو لە ڕەهەندی نیشانەکانەوە، چیرۆکی خێزان و بنەماڵە و ژیاری کوردیشی پێ گێڕدراوەتەوە. بەو پێیە کەونارا دەقێکی زیندوویە کە مێژووی کۆمەڵگا لەسەر پێست و جەستە دەنووسێتەوە. ئەو جیاوازییە بنەڕەتییە، لە نێوان سیستەمێکی نیشانەیی کە مانا لە بازاڕ وەردەگرێ و سیستەمێک کە مانا لە مێژوو و قۆناخی ئاڕکائیک وەردەگرێ، خۆی دەبێتە سەرچاوەی زۆربەی ئەو مشتومڕە فەرهەنگییانەی کە ئەو چەند ڕۆژە لەسەر گوارەکانی زەندایا دا ڕوویان داوە. بەڵام ئەو بەراوردە مەترسییەکانی خۆشی هەیە کە پێویستە بە هۆشیارییەوە ڕێگەیان لێ بگیرێ. یەکەم مەترسیی، ڕۆمانتیزەکردنی ڕابردوو و قۆناخی ئاڕکائیکی کوردە؛ واتە ئەو مەترسییە ئەو کاتە خۆ دەردەخا کە کەونارا وەک جیهانێکی پڕ لە یەکڕیزی و بێگەردی ببینین، لە کاتێک دا ڕاستەقینەی کەونارا، خۆی بەرهەمی پێوەندییە ئاڵۆزەکانی هێز و دەسەڵات بووە، چەندین سنووری کۆمەڵایەتی و ڕەگەزیی لەسەر جەستەی ژن دیاری کردووە و هەرگیز ئەو جیهانە بێ کێشەیە نەبووە کە لە بیرەوەرییە نۆستالۆژیکییەکان دا دەردەکەوێ. ڕۆمانتیزەکردن لە ڕاستی دا خۆی جۆرێکە لە نەدیتەگرتنی بوارە پڕ لە ململانییەکانی مێژوو، بەو پێیە نۆستالۆژیککردن و ڕۆمانتیزە کردنی کەونارای کورد، دەبێتە بەربەستێک بۆ تێگەیشتنێکی ڕەخنەیی لە ڕابردوو. دووهەم مەترسی، دووانەیی کردن یا دوو جەمسەری کردنە. جیاکردنەوەی «کەلتووری کوردی» و «کەلتووری جیهانیی مۆدێرن» بەمەبەستی سازدانی بوارێکی ئانتاگۆنیستی نەک ئاگۆنیستی، ئەویش لە کاتێک دا کە هەردووکیان لە ناو تۆڕێکی ئاڵۆز و پێکەوەی پێوەندییەکاندا کار دەکەن و لە سەر یەکتر شوێندانەرن. ئەویش لە کاتێ دا کە کەونارای کورد خۆی لە ڕێگای بازرگانییەوە پێوەندی بە کەلتوورەکانی دیکەوە هەبووە و زیوەری مۆدێرنیش خۆی بەرهەمی مێژوویەکی درێژەدراوە، نەک شتێکی دەرکەوتوو لە نا/کوێ یا بۆشایی. بۆیە هیچ ڕووبەرێکی بێگەرد و بێ کێشە دە نێوان کەلتوورەکان دا نییە و جەختکردن لەسەر جیاکاریی ناچەمەواز خۆی جۆرە ناسیۆنالیزمێکی تۆخ و خەستی کەلتوورییە کە کەونارا وەک چەکێک بەکار دێنێ بۆ دیاریکردنی سنوور، نەک وەک پردێک بۆ پێوەندی لەگەڵ دیکەی کەلتوورەکان. سەرەڕای ئەوەش، ئەگەرچی گرینگترین کێشەی فەرهەنگی هاوچەرخ بەکاڵابوون و ئێگزۆتیککردنە، کە دوو ڕووی یەک پرۆسەن بەڵام، کاتێ کەونارا دەچێتە ناو جیهانی زەندایا و سینەمای جیهانی، دەرفەتێکی گەورە بۆ دەرکەوتن دروست دەبێ، بەڵام مەترسییەکی تریش هەیە: ئەوەی کە ئەو نیشانەیە لە چیرۆکی خۆی داببڕێ و ببێتە تەنیا وێنەیەکی «جوان» و «نامۆ» بۆ وێژمانێکی تر کە هەمیشە خۆی وەک جیهانی باڵادەست پێناسە کردووە.
ئەو پرۆسەیە، کە دە ڕەخنەی پۆست کۆلۆنیال دا بە ئێگزۆتیککردن ناسراوە، واتە کەلتوورێک وەک شتێکی سەیر دەردەکەوێ، بەڵام مێژوو و ئازار و تێکۆشانی پشتەوەی لەبیر دەکرێ و وەک کاڵایەکی بازاڕی یا سینەمایی و مۆدیزە و کۆمۆدیتەکراو دەردەکەوێ. ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە ئەگەر کەونارای کورد، وەک جوانکارییەکی بێدەنگ بخرێتە ناو فیلمێکی هالیوودی، دەبێتە نیشانەیەکی بەتاڵ و داماڵراو، نەک دەنگێک کە چیرۆکی خۆی بگێڕێتەوە. ئەوەش پرسیاری ڕەخنەیی سەرەکی دەخاتە ڕوو: ئایا دەرکەوتنی بەشێک لە کەونارای کورد بەو شێوەیەی زەندایا دەری خست، دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دەنگی کورد، یا تەنیا جوانتر دەرکەوتنی وێنەیەکە کە مێژووەکەی لەوەی کە هەیە زیاتر ون دەکا؟ ئەو شێوە ڕوانینە ڕەنگە بگاتە پرسیارێکی بنەڕەتیتر: کێ مافی نووسینەوەی مانای جەستەی هەیە ئەویش لە کاتێکدا کە ئەو جەستەیە بارگاوی کراوە بە بەشێک لە مێژووی نەتەوەیەکی تر؟ ئایا جەستەی مرۆڤێکی وەک زەندایا خاوەنی دەنگێکی سەربەخۆیە یا هەمیشە لە نێوان هێزەکانی بازاڕ و دەسەڵات و مۆد و کۆمۆدیتەدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێ؟ دە کەلتووری کورد دا، هەر گوارەیەک بە گوێی ژنێکی کوردەوە، نە تەنیا شتێکی ماددییە، بەڵکوو شوێنێکە بۆ خوێندنەوەی مانا. جیاوازییەکە دەوەدایە کە ئایا زەندایا بە دەگوێ کردنی گوارەکانی زێویە، بەشێ لە مێژووی کوردیشی لەگەڵ دەگوازێتەوە بۆ ناو فیلمەکەی نۆلان یا ئەو بەشەش لە مێژوو و کەونارای کورد، دیسان لەلایەن سووژەی کۆلۆنیالیستەوە بێدەنگ و بزر دەکرێ؟. ڕەخنەیەکی تر کە زۆر کەم باسی لێ دەکرێ ئەوەیە کە کەونارای کورد، پێش ئەو سەردەمە، خۆی لە سیستەمی ئاڵوگۆڕ و بازاڕدا کاری کردووە و هەرگیز لە بازاڕ بێگانە نەبووە. زیوەر هەمیشە بەشێک بووە لە دیاری و کاڵا و پەیوەندییە بازرگانییەکان، بۆیە بەکاڵابوون بەو شێوازەی زەندایا کردی، نەتەنیا کردارێکی نوێ نییە، بەڵکوو بەردەوامییەکی مێژووییە کە ئێستا چڕتر و خێراتر ڕوو دەدا ئەویش دە عەسری فراکتاڵ و پۆست مۆدێڕن دا... ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە کێشەکە لە خودی بەکاڵابوونەکەدا نییە، بەڵکوو دە شێوازی بەکاڵاکردن دایە کە خۆی لە جۆرێ فێتێشیزم دەدا. ئەو جیاوازییە، هەرچەندە لە ڕووکاردا وردە، دە ڕاستیدا هەمان جیاوازییە کە لە نێوان کەلتوورێکی زیندوو کە دەتوانێ خۆی لە گۆڕانکارییەکاندا نوێ بکاتەوە و کەلتوورێکی مردوو کە تەنیا وێنەیەکە بۆ دیترانی لەلایەن ئەوانی تر. لێرەدا پرسیارەکە بەرەو ئاستێکی ڕەوشتی و سیاسی دەڕوا. زەندایا خۆی، ڕەگەزی ئافریقایی/ئامریکایی هەیە. پرسیار ئەوەیە کە جەستەی زەندایا، بە گوارەی کوردی، چۆن شوێنی نووسینی دەسەڵات و کۆیلایەتی و جیاکاریی ڕەگەزی و کەلتووری بووە لەکاتێک دا خۆی لەناوچەیەکی تاڵانکراودا هاتووەتە سەر دونیا؟. ئەو هۆشیارییە دەتوانێ جێگایەکی نوێ بۆ تێگەیشتن لە گوارەکەدا بکاتەوە ئەویش نەک تەنیا وەک پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی نێوان کەلتووری کورد و ئافریقا، بەڵکوو وەک پێوەندییەکی سێ گۆشە کە تێیدا کورد و زەندایا و بینەری جیهانی، هەر سێکیان دە مێژوویەکی جیاوازدا تووشی ستەمی ناسنامەیی و دابەزاندنی کەلتووری بوون. ئەو هۆشیارییە هاوبەشە دەتوانێ کاربوردی گوارەکە لە کاڵایەکی کەلتوورییەوە بگۆڕێ بۆ پردێکی هاوبەشی ئازار و خەبات و مانەوە. ئەو شێوە ڕوانینە پێشنیاری ئەوە دەدا کە لە جیاتی ئەوەی پرسیاری «ئایا زەندایا پاسەوانی لە ڕەسەنایەتی و کەونارا دەکا؟» بگۆڕدرێ و بە شێوەیەکی تر خۆی ئاراستە کا. «ئایا دەتوانین ئەو گوارە بەکاربێنین بۆ دروستکردنی پێوەندییەکی نوێ لە نێوان کەلتوورە جیاوازەکاندا، کە بنەمای لەسەر هۆشیاریی مێژوویی هاوبەشی کورد و بەرپرسیارێتیی هالیوود و زەندایا بێ، نەک لەسەر کۆلۆنیالیزمی کەلتووری و گەشتیاریی فەرهەنگی؟» کەونارا لەو ڕوانگەیەوە، نە تەنیا شتێکە بۆ پاراستن یا ڕەخنەگرتن یا بەکارهێنان، بەڵکوو دەرفەتێکیشە بۆ بیرکردنەوەی بنەڕەتی لەسەر ئەوەی کە چۆن دەتوانین لە جیهانی ئەوڕۆدا، کە پڕە لە جیاکاریی کەلتووری و ناهاوسەنگیی دەسەڵات و بەکاڵابوونی هەموو شتێک، نیشانەکان بوەستێنین بەرامبەر بە دابەزاندنیان و لە ڕێگەی ئەو نیشانانەوە چیرۆک و ئازار و خەباتی کورد بناسین و بەرپرسیارێتیشی بکەین. ئەو بیرکردنەوەیە دەڵێ کە ناسینەوەی مێژوو، خۆی کردارێکی ڕەوشتییە کە بەرپرسیارێتیی ئێمە لە بەرامبەر ئەو مێژووە دا زەرووری دەکا. بەو پێیە، ئەگەر زەندایا تەنیا گوارەکە وەک جوانکارییەکی سەر جەستە بەکار بێنێ، دیارە کە کەونارای کوردیی دە گوارەکاندا نەناسیووە. بەڵام ئەگەر گوارەکە ببێتە هۆی ئەوەی بینەرانی جیهانی پرسیار لە مێژوو و کەسایەتیی کورد و کەلتووری کورد بکەن، ئەوا ئەو نیشانەیە بووەتە جێگای دیدارێکی ڕاستەقینە، نەک جوانکارییەکی بەتاڵ. ئەوەی دیارە ئەوەیە کە گوارەی کورد بەگوێی زەندایاوە، وەک هەموو نیشانەیەکی فەرهەنگی تر، ڕووی لە داهاتوویەکی ئابووری و سەرمایەدارییە، نەک سەربوردە و ڕابردووی نەتەوەی کورد.
لایەنی داهاتووی ئەو هەڵوێستەی زەندایا و هالیوود، پەیوەستە بە مامەڵەکردنی ئێمەی کورد لە گەڵی: ئایا وەک کاڵا، وەک مۆزەخانە، وەک زینەت، وەک گەشتیاریی فەرهەنگی سەیری کەین یا وەک پرد بۆ دروستکردنەوەی جیهانێکی هاوبەشتر کە تێیدا هەموو کەلتوورەکان خاوەن دەنگ و مێژووی خۆیان بن یا وەک بەجیهانیبوونی کەلتووری کەونارای کورد و چێ کردنی شوێن پێی کورد دە مەیدانە جیهانییەکان دا؟ ئەو پرسیارە ڕووی دەهەموو قۆناخە سیاسی و مێژوویی و کەلتوورییەکانمانە...




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد