تاريخ: ۵ مرداد ۱۴۰۵ ساعت ۱۷:۵۸ بازدید: 171      نظرات: 0      کد مطلب: 26073
جەعفەر قارەمانی

لە ملوانکەی شینەوە تا سۆزی نیشتمان؛ گەڕان بە دوای ڕەسەنایەتی لە شیعری "مامۆستا شەریف"دا


پوختە

شیعری کوردی لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژووییدا هەڵگری پەیامی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و سۆزداری بووە. لەم ڕێڕەوەدا، هەندێک لە شاعیران بە دەنگێکی ڕەسەن و تایبەتەوە دەرکەوتوون و توانیویانە قووڵایی ژان و چەوساوەیی کۆمەڵگا لە ڕێگەی شیعرەوە بگێڕنەوە. شەریف حسەین پەناهی ناسراو بە «مامۆستا شەریف»، یەکێکە لەو شاعیرانەی، شیعرەکانی بوونەتە بەشێک لە گەنجینەی ئەدەبی بەرخۆدانی کوردی.

ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ شیکردنەوەی بەشێک لە لایەنە هزری، هونەری و مەعریفییەکانی شیعری مامۆستا شەریف لە «ملوانکەی شین»دا. ئامانجی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە دەرخستنی ئاستی فکریی ئەو شاعیرەیە کە لە تێکەڵبوونی هەژاری، ئازاری چینایەتی و سۆزی ڕۆمانتیکی پێکهاتووە. لە ڕووی زمانییەوە درێژەپێدەری ڕەوتی ئەو شاعیرانەیە، زمانی شیعریان کردە قەڵغانێک بۆ پاراستنی ناسنامە؛ چونکە شاعیر تەنیا خاوەنی خەیاڵێکی ناسک نییە، بەڵکوو پێشڕەوی کۆمەڵگایە و بە چەکی پەیڤ و وێنەی هونەری، بڵێسەی هۆشیاری و بەرخۆدان لە دەروونی جەماوەردا ڕووناک ڕادەگرێت.

مەبەستی سەرەکیی ئەم خوێندنەوەیە خستنەڕووی ئەو ڕاستییەیە کە چۆن لە کۆمەڵگا ژێردەستەکاندا، ئەدەب لە بابەتێکی سادەی چێژوەرگرتن دەردەچێت و دەبێتە سەنگەری بەرگری. ئەم لێکۆڵینەوەیە بە شێوازی وەسفی ـ شیکاری، شیعرەکانی شەریف لە سێ تەوەری جیاوازدا شرۆڤە دەکات؛ یەکەم: ئاستی فکری و پەیوەندیی زمانی و ئەدەبی؛ دووەم: فرەڕەهەندیی ناوەڕۆک کە لە تێکەڵکردنی خۆشەویستیی نیشتمان، ژانی چینایەتی و سۆزی ڕۆمانتیکی پێکهاتووە؛ سێیەم: لایەنی زمانی و ئاوازی بەهۆی کێشی ڕەوان و سادەییی پەیڤەکانەوە، شیعرەکانی لە چوارچێوەی کاغەز دەرباز کردووە و بوونەتە بەشێک لە گەنجینەی مۆسیقای ڕەسەن و گۆرانیی کوردی.

لە ئەنجامدا، توێژینەوەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە مامۆستا شەریف تەنیا خاوەنی خەیاڵێکی ڕازاوە نییە، بەڵکوو هێمایەکی ئەدەبی و نەتەوەییە کە بە گواستنەوەی ژانە تاکەکەسییەکان بۆ ناو خەمی گشتیی نیشتمان، شوێنپەنجەیەکی هەرمانی لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا جێهێشتووە و تا ئەدەبی کوردی هەبێت، ملوانکەی شینی شیعرەکانی بە گەردنی وێژەی کوردییەوە دەدرەوشێتەوە.

وشە سەرەکییەکان: مامۆستا شەریف؛ ملوانکەی شین؛ شیعری کوردی؛ ژینگەی فکری.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد