| تاريخ: ۴ مهر ۱۴۰۵ ساعت ۱۱:۳۲ | بازدید: 92 نظرات: 0 کد مطلب: 26363 |
دیالێکتیکی بوون و نەرێنییەت لە نێوان هێگڵ و هایدگەردا
پاییز کۆتایی هیچ ڕەوتێک نییە؛ لۆژیکی پڕۆسەی "نەرێنییەت"ـە کە کۆتایی دە نەرێنییەتدا دەکاتە پرسیار، یا ئەو نەرێنییەتەیە کە کۆتایی پرساژۆ دەکا. پاییز تەنیا وەشانی زەردی نییە؛ "کات"ــە و بە شێوەی ڕژان دەردەکەوێ. ئەوەی دەڕژێ تەنیا گەڵا نییە؛ "ئێستا"یە. ئێستا نەتەنیا ئێستای کڕۆنۆلۆژیک و ڕۆژژمێرییانە کە هەڵگری ئەو شتەیە کە هاتووە بەپێی دیالکتیک. پاییز ئاشکراکردنی نەبینراوەکانی "کات"ە. گەڵای زەرد، ڕابردووی درەختە و داهاتووی "بوون"ـی. "ئێستا"، "بوون" و داهاتوویەکە کە دە ڕژاندا دەبێ بە دەرکەوتە. لە نێوان ئە دووانەدا، "ئێستا" وەک کەلێنێک دەردەکەوێ. ئەو کەلێنە "کات"ە. "کات" تەنیا تێپەڕبوونی ساتەکان نییە؛ ئەو درزەیە کە "بوون" تێیدا لە نێو خۆی نییە، لەگەڵ خۆیەتی. ئەوەیکە هایدگەر "کات" وەک ژمارە و ئەندازە تێناگا؛ مەبەست ئەوەیە کە "کات"، وەک ئاسۆیەکە کە "بوون" تێیدا بەخۆی و دەخۆی دەگا. "بوون" لە "کات" نەک جیاواز کە شێوەی خۆدەرخستنی "کات"ە، وەک پاییز کە بوونی خۆی دەگۆڕێ بۆ جەستە. بەهار، شاردنەوەی "کات"ە دە گەشەدا، هاوین دە شکۆفاییدا؛ بەڵام پاییز، ئەو پەردەی "کات" لادەبا. گەڵا زەرد دەبێ و "کات" لەسەر لەشی نووسراوە. "کات"، لەشی بێ ئەندامی پاییزە. ڕەنگ دەبێ بە یادەوەری "کات" و ڕژان دەبێ بە دەرکەوتی داهاتوو. لەو ڕووەوە، ڕژانی گەڵا تەنیا ڕووداوێکی سروشتی نییە؛ لۆژیکێکی "کات"ییە. گەڵا لە هەمان ساتدا دەڕژێ کە داهاتووی دەبێ بە ئێستا. ئەوە لۆژیکی دیالکتیکی پاییزە کە داهاتوو پێش ڕابردوو و ئێستا دەکەوێ. داهاتوو لە دەرەوەی ئێستا نییە؛ دەنێو ئێستادا کار دەکا. ڕابردووش مردوو نییە؛ بە شێوەی ڕەنگ هێشتا دەژی. زەردیی گەڵا، ڕابردووی سەوزە و داهاتووی دار. "کات" لە پاییزدا هێڵ نییە؛ شکاوێتی و ڕووشاوییە. پاییز وەرزی کاتە ڕووشاوەکانە، نەک تەنیا پڕۆسەی داشکانی زەمان. پاییز شوێنێکە کە "کات" خۆی لەسەر بوون دەنووسێ. ئەوەی لە گەڵادا دەبینین مەرگ نییە؛ بەرەو "مەرگ" چوونە. بوون، دە مانای هایدگەری خۆیدا، تەنیا ئەو شتە نییە کە هەیە؛ بوون ئەو شتەشە کە بەرەو داهاتوو کراوەیە و ڕابردوو هەڵدەپەسێرێ. پاییز ئەو کراوەییە دەکا بە ڕەنگ. گەڵا هێشتا لەسەر درەختە، بەڵام نەک بەو مانایەی پێشتر. هێشتا هەیە، بەڵام بەرەو نەبوون دەچێ. ئەو "دەهێشتادا بوونە"، خۆی "کات"ە و ڕەنگە پاییز تاکە وەرز بێ کە ئەو هێشتایە نیشان دەدا. ڕژان، دەنێو بوونیدا ئامادەیە. هێشتا نەمردووە؛ بەڵام مەرگ دەنێو هەمان ئەو هێشتایەدا کار دەکا. ئەوە هەمان نەرێنییەتی ڕەهایە(منفیت مطلق) کە شتێک لەگەڵ خۆی مەرگی خۆی هەڵدەگرێ: نەبوون دەنێو بووندا. پاییز ئەو ساتەیە کە "بوون"ی بەستراوەتەوە بە ونبوونی "کات". ڕەنگ لە خۆی دوور دەکەوێتەوە؛ گەڵا لە درەخت و ئێستا لە خۆی. ئەوە هەمان نەرێنییەتە. هەر شتێک کە هەیە، دەنێو خۆیدا بەرەو ئەوەی نییە کراوەیە. پاییز هەمان ئەو کراوەییە. بۆیە پاییز کۆتایی "کات" نییە؛ دەرکەوتنی "کات"ە. "کات" خۆی ئاشکرا دەکا، چونکە شتەکان دەست بە ونبوون دەکەن و دەنێو ئەو ونبوونەدا، "بوون"، خۆی دەگۆڕێ بۆ پرسیار. پاییز پرسیاری بێدەنگی و وڵامی ڕەنگە. ئەگەر هەموو شتێک بەرەو ونبوون دەچێ، کەوابێ "بوون" چییە؟ "بوون" ئەو ڕووداوەیە کە دە "کات" دا، لە خۆی دەردەچێ تا خۆی بێ. پاییز ئەو لەخۆدەرچوونەیە. ئەوەی دەڕژێ تەنیا گەڵا نییە؛ شێوەیەکی بوونە. لێرەدا پاییز و هێگڵ و هایدگەر لە شکاویتێ دا پێک دەگەن: "بوون" بەبێ "نەرێنییەت" مەحاڵە و "نەرێنییەت" بەبێ "کات" دەرناکەوێ. پاییز ئەو ساتەیە کە "نەرێنییەت" دەبێ بە ڕەنگ، کات بە لەش، و بوون بە ڕژان. گەڵا دەڕژێ، بەڵام ئەو ڕژانە کۆتایی نییە؛ لۆژیکی "کات"ە. پاییز، لەو ڕوانگەیەوە، تەنیا وەرزێک نییە کە دە ساڵدا ڕوو دەدا؛ پاییز ئەو بوونێتییەیە کە تێیدا "نەرێنییەت" خۆی وەک بنەمای دەرکەوتنی "بوون" ئاشکرا دەکا. واتە ئەو خاڵەی کە بوون لەخۆی تێدەپەڕێ بۆ ئەوەی خۆی پشتڕاست کاتەوە. لێرەدا دیالێکتیک نەک وەک لۆژیکێکی زەمان، بەڵکوو وەک جووڵەی ناوەکی "بوون" خۆی دەردەخا: "بوون"، بۆ ئەوەی "بوون" بێ، دەبێ لە خۆی تێپەڕێ، دەبێ ببێتە ئەویتری خۆی، دەبێ بە نەبوونی خۆیدا تێپەڕێ. ئەو تێپەڕبوونە لە پاییزدا ڕەنگی هەیە، بۆن و شێوەی هەیە. گەڵا کە زەرد دەبێ، ئەو زەردییە نە تەنیا ڕەنگە، بەڵکوو نەرێنییەتە کە خۆی دەنووسێ لەسەر ڕووخساری "بوون". هەر بۆیە پاییز نە تەنیا وەرزی مەرگی گەڵا نییە، بەڵکوو وەرزی خۆدەرخستنی ئەو نەرێنییەتەیە کە "بوون"ی "نەرێنییەت"، پێی دەژی. ئەگەر هایدگەر دەڵێ "بوون"، بەرەو مەرگچوونە، پاییز ئەو شوێنەیە کە ئەو بەرەو مەرگچوونە دە ڕەنگدا دەنووسێ. ئەگەر لە سووچێکی ئانتۆلۆژیکاڵ و بوونناسانەدا لەو ڕەوتە بڕوانین، دەردەکەوێ کە پاییز هاوکات ئەو شوێنەیە کە تێیدا ڕابردوو وەک ڕابردوو دەگەڕێتەوە، نەک وەک یادەوەرییەکی مردوو، بەڵکوو وەک ئامادەییەکی زیندوو کە دەنێو ئێستادا هەیە. زەردیی گەڵا ڕابردووی سەوزە کە هێشتا دەنێو ڕەنگدا ماوە، واتە ڕابردوو بە تەواوی نەڕۆیشتووە، بەڵکوو بە شێوەیەکی دیکە گەڕاوەتەوە. لێرەدا دیالێکتیکی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو لە پاییزدا تێکەڵ دەبن: ڕابردوو لە ڕەنگدا ئامادەیە، ئێستا لە ڕژاندا دەرکەوتووە و داهاتوو لە ونبووندا خۆی ئاشکرا دەکا. ئەوە هەمان ئەو شتەیە کە دەکرێ بە نەرێنییەتی دیالێکتیکی ناو ببرێ: هەر شتێک دەنێوخۆیدا نەرێنییەتی خۆی هەڵدەگرێ. بەڵام ئەوەی هایدگەر بەو نەرێنییەتە دیالکتیکییەی دەلکێنێ، ئەوەیە کە ئەو نەرێنییەتە دە "کات"دا ڕوو دەدا و "کات"، خۆی ئەو "نەرێنییەت"ـەیە. واتە "نەرێنییەت"، نە تەنیا لۆژیکییە، بەڵکوو "کات"ییە. پاییز، بوون و دەرکەوتنی نەرێنییەتە دە فۆڕمی "کات" دا و "کات" دەبێ بە نەفی و "نەرێنییەت". پرسیاژۆی "بوون" دە پاییزدا نە پرسیارێکی ئەبستراکت بەڵکوو پرسیارێکە کە لە ڕەنگ و ڕژان و وەشانەوە دێ. پرسیار ئەوەیە کە ئەگەر "بوون"، نەفی و "نەرێنییەت"ی خۆی دەنێو خۆیدا هەڵگرتووە، چۆن دەتوانێ "بوون" بێ؟. وڵامی هایدگەر ئەوەیە کە "بوون" خۆی ئەو نەفی و نەرێنییەتەیە، واتە "بوون"، نەرێنییەتی خۆیەتی و بە نەرێنییەتەوە، "بوون"ە. ئەوە ئەو گرێیەیە کە پاییز دەیبەستێ: گرێی "بوون" و "نەبوون" دەنێو "کات"دا کە "بوون" خۆی وەک یەکگرتنی "نەرێنییەت" و "ئامادەیی" دەردەخا. ئەگەر بەهار و هاوین شاردنەوەی "کات" بن، پاییز، ئاشکراکردنی "کات" ە و زستان نەک کۆتایی پاییز بەڵکوو درێژەدان و جێگیرکردنی "نەرێنییەت"ی پاییزە دە پڕۆسەیەکی بەردەوام و جۆاروجۆردا. بەو شێوەیە، پاییز، دیالێکتیکێکی بوونناسانەیە کە لە "نەرێنییەت"ـەوە دەبێ بە "بوون" و لە "بوون" ـەوە، دەگاتەوە بە "نەرێنییەت".
|