تاريخ: ۱۶ آبان ۱۴۰۵ ساعت ۱۲:۵۰ بازدید: 311      نظرات: 0      کد مطلب: 26646
دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان؛ زمانناس، لێکۆڵەر و میدیاکار

یادەوەریی بەرنامەی زانستی-ئەدەبیی «گوڵستان» لە تەلەڤیزیۆنی مەهاباد

بە بۆنەی یازدەهەمین ساڵوەگەڕی دەسپێکی ستایلی نوێباوی بەرنامەی «گوڵستان»


بەرنامەی گوڵستان، بەرنامەیەکی کەلتووری، ئەدەبی، هونەری و زانستیی کاناڵی تەلەڤیزیۆنیی مەهاباد بوو کە خولی هەوەڵی ئەو بەرنامەیە، لە سەرەتای دەیەی نەوەدی هەتاوی بۆ ماوەی چوارساڵ بە پێشکەشکاریی بەڕێز لەتیف عادڵخانی بەڕێوە دەچوو. لەم بەرنامەیەدا بانگهێشتی کەسایەتییە ئەدەبی، هونەری، زانستی و ڕۆشنبیرییەکانی مەهاباد و ناوچە دەکرا، بۆ ئەوەی لە بابەت ژیان و ئاسەواری کەسایەتییە ناودارە کۆچکردووەکانی کورد لە بواری وێژە، هونەر و ڕۆشنبیڕی‌دا بۆ بینەران و بەردەنگانی تامەزرۆی بەرنامەکە لێدوان و گفت‌وگۆ بکردرێ؛ یان لە بابەت چالاکیی هونەری، ئەدەبی و کەلتووریی کەسایەتییە بانگهێشت‌کراوەکان‌، باس و دیالۆگ بکردرێ. لە مانگی جۆزەردانی 1394، کاتێکی وەک میوانی بەرنامەی گوڵستان بە پێشکەشکاریی ڕێزدار لەتیف عادڵخانی بانگهێشت کرام و دوای پەسندبوونی تایبەتیی لێدوانەکەم له بابەت ئاستی کواڵیتە و پڕۆفێشناڵ‌بوونەکەی لە لایەن کارناسان و دەرهێنەری بەرنامەکه، حەوت جاری تر و بۆ حەوت بابەت و بەرنامەی تر دوابەدوای یەکەم بانگهێشت و یەکەم بەرنامە، سەرلەنوێ بانگهێشت کرام و سەرجەم هەشت‌جار بەشداریم کرد لەم بەرنامەیە و هەر جارەی وەک میوانی بەرنامە، بابەتێکی دیاریکراو و پێشنیارکراوی نوێ و جیاوازم تاوتوێ دەکرد و وەبەر تیشکی شڕۆڤە و لێدوان و ڕەخنەی ئەدەبی و زانستیم‌ دەدا. بە بڵاوبوونەوەی ئەم چەند بەرنامەیە، بابەتەکان و لێدوانەکان و شێوازی ڕەخنە و هەڵسەنگاندن و نرخاندنی ئەدەبی و زانستیی بەرنامەکانم، بوون بە هۆی ڕەزامەندیی لەڕادەبەدەری بەرپرسانی فەننی و زانستیی بەرنامەکە؛ بە جۆرێک کە هاوکات هەم سەرەنجی بەرنامەداڕێژەران و کارناسانی تەلەویزیۆنی ناوەندی مەهابادی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، هەم بوو بە هۆی ڕەزامەندیی لەڕادەبەدەری بینەران و بەردەنگانی تامەزرۆی ئەم بەرنامەیە. هەر بەم بۆنەیەوە و، هەروەها بەبۆنەی ئەوەوە کە کاناڵی تەلەویزیۆنیی ناوەندی مەهاباد ڕێک لەم ماوە ئاماژەپێکراوە و لەم ڕێکەوتەدا، ببووه کاناڵێکی یوونێڤێڕساڵ و جیهانی و بەرنامەکانی لەمەودوا لە تەواوی دونیادا بڵاودەبووەوە و، دەبوو چۆنییەتی و ئاستی کواڵیتەی بەرنامەکان هەتا دەکرێ و دەلوێ بەرزبکردرایانەوە؛ بەم دوو هۆکارانەوە، لە لایەن بەرهەمهێنەر و پێک‌هێنەری بەرنامەی  گوڵستان، خاتوو بەشیری، داوام لێکرا کە: (هاوکات) ئەم 5 ئەرکە جیاوازە لە بابەت بەڕێوەبردنی بەرنامەی گوڵستان، سەربەخۆ و بەتەنیا، وەئەستۆ بگرم: 1.«پێشکەشکار»؛ 2.«نووسەری ڕووداوە فەرهەنگی و مێژووییەکان»؛ 3.«کارناسی ناساندنی کتێب»؛ 4.«لێکۆڵەری بەرهەمی نووسەرانی بەرباس و میوانەکان»؛ 5. «بەرپرسی بانگهێشتی میوانەکان»ـی بەرنامەی گوڵستان. ئەوە بۆ هەوەڵین جار بوو کە پێشکەشکارێک هاوکات 5 ئەرکی جیاوازی لە بەرنامەیەکی فەرهەنگی-ئەدەبیی تەلەفیزیۆنی مەهاباد پێ دەسپێردرا؛ پێشتر و لە بەرنامەکانی هاوچشن‌دا، ئەم 5 ئەرکە، لانی‌کەم بە 3 کەسی جیاواز دەسپێردران؛ هەر بۆیە ئیشێکی هەتا خودا حەز دەکا دژوار، تاقەت‌پڕوکێن، بڕست‌بڕ و کات‌گر بوو و پێوێستی بە وزە و ورە و توانست و زانست و بڕشت و لێهاتوویی و لێبوردەییەکی زۆر هەبوو؛ بەڵام بە هۆی ئەوین و ئۆگرییەکی زۆر بە ڕاژەی کەلتوور و زمانی زگماکی و نەتەوەیی، هەروەها بووژاندنەوەی میرات و کەلەپووری پێشینیانمان، هەروەتر بواری پیرۆزی کەسایەتی‌ناسی و، لەسەرووی هەمووی ئەوانەشەوە هەست بە بەرپرسیاریەتیی لە حاند چێ‌کردن و بەرهەم‌هێنان و ئافراندنی ئاڕشیوێکی تاقانە و بێ‌میناک و هەمەڕەنگ و هەمەڕەنگی کەلتووری، زانستی، مێژوویی، وێژەیی، هونەری و کەسایەتی‌ناسیی نەتەوەیی، بەڕاستی جێی خۆی بوو و ئەو بایەخەی هەبوو کە بۆ ماوەی چوارساڵ و نیو، لانی‌کەم بە ڕادەی 3 هێندەی پێشکەشکارێکی ئاسایی بەرنامە تەلەویزیۆنییەکانی تر، خۆم شەکەت و ماندوو کەم و لەم ڕێگەیەوە بەشێکی بچووک لە بەرپرسیاریەتیی کەلتووری و ڕۆشنبیریی خۆم لە ڕێگەی ئەو هەل و دەرفەت و دەرەتانەی وا هەڵکەوتبوو، بە چەشنێکی ماندوویی‌نەناسانە و شێلگیرانە و خۆبەخشانە ڕاپەڕێنم و بەرهەم و دەرکەوتەکەی پێشکەشی بارەگای پیرۆزی گەل و نەتەوەکەم بکەم.

 بۆ وەبیرهێنانەوەی بەشێک لە دژوارییەکانی بەرنامەکە تەنیا ئاماژە بە خاڵێک دەکەم. من خۆم بە دەروەست دەزانی کە هەر میوانێکی بانگهێشتی دەکەم بەرهەمەکانیم خوێندبایەوە؛ زۆر جار کەسایەتیی وەهام بانگهێشت دەکرد کە بەرهەم و ئاسەوارەکانیم نەخوێندبوونەوە؛ دەبوو لە ماوەی یەک حەوتوودا تێکڕای بەرهەمەکانیم خوێندبایەوە؛ زۆر جار(ڕێک ڕێک 18جار) وا هەڵدەکەوت ئەم ئیشە تاقەت‌پڕووکێن و بڕست‌بڕە، بەهۆی ئیشی فێرکاری-پەروەردەیی خۆم ڕێک دەکەوتە ئەم شەوەی وا بۆ سبەی بەرنامەکە زەبت دەکرا!!

دوای پەیجۆری و بەدواداچوونی جیددی و شێلگیرانە و درێژخایەنی ئیشە پێوەندیدارەکانی ئیداری و کارگێڕی، بۆ بانگهێشتی من وەک پێشکەشکار، نووسەر، کارناس و لێکۆڵەری بەرنامەی گوڵستان، لە لایەن خاتوو پڕشنگ بەشیری، کە وەک پێک‌هێنەری بەرنامە و بەرپرسیاری سەرەکیی بەرنامە دەبوو مشووری لێ‌خواردبایه و بەدواداچوونی بۆ بکردبایە، ئینجا دوای جێ‌بەجێ‌کردنی تەواوی ئەم کاروبارانە لە لایەن خاتوونی ناوبراوەوە، لە ڕۆژی سێ‌شەممۆ ڕێکەوتی 12ـی خەزەڵوەری 1394ـی هەتاوی‌دا، هەوەڵ بەرنامەی گوڵستان بە شێوازی نوێ و ستایلی نوێباو، لە بابەت ژیان، بەسەرهات و ئاسەواری ئەدەبی و ڕۆشنبیریی عەللامە ئەحمەدی تورجانی‌زادە، بە بەشداریی ڕێزدار محەممەد عەبدولی(سەرنووسەری وەرزنامەی «کەشکۆڵ»)، تۆمار کرا و لە شەوی پێنج‌شەممۆ لەسەر هەینی، ڕێکەوتی 14خەزەڵوەردا بڵاوکرایەوە و هەروەها دووپاتەی بەرنامەکە لە شەوی هەینی لەسەر شەممۆ، ڕێکەوتی 15ـی خەزەڵوەردا بڵاوکرایەوە.

بەشێک لە تایبەتمەندییە جیاواز و نوێباوەکانی خولی نوێی بەرنامەی گوڵستان، بریتی بوون لەمانەی خوارەوە:

1. بەربڵاوکردنەوەی جەغزی بەرپرسیاریەتییەکانی پێشکەشکار، لە پێشکەشکاری تەنیاوە، بۆ: 1.نووسەری بەرنامە؛ 2. کارناسی بەرنامە؛ 3. لێکۆڵەری بەرنامە؛ 4. پێناسەکاری کتێب لە بەشی ناساندنی کتێب؛ 5. ڕێکخەری و بەڕێوەبەری و پەیجۆری و مشوورخۆریی کردەیی کاروباری پێوەندیدار بە بانگهێشتی میوانانی بەرنامە؛ 5. نووسین و بەڕێوەبردنی بەشی ڕووداوە مێژوویی-فەرهەنگییەکانی بەرنامە.

جیا لەم ئاڵوگۆڕە، هەروەها لە بابەت بەرفراوان‌کردنی جەغز و پانتایی جوغڕافیایی بۆ بانگهێشت‌کردنی میوانەکانی بەرنامەکەش‌، پێشنیاری ڕاشکاوانەم دا و داکۆکیم کرد کە دەبێ میوانەکانی بەرنامەکە(کە پێشتر تەنیا لە مەهاباد و ناوچە بانگهێشت دەکران)، لە هەموو شوێنە جوغڕافیاییەکانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێرانەوە بانگهێشت بکرێن. ئەم پێشنیارەشم، دوای بەڵگەهێنانەوە، مکوڕبوون، پەیجۆری و بەدواداچوون بۆ بەکردەوەکردنی، بە ڕەزامەندییەوە پەسند کرا؛ بە جۆرێک کە لە تێکاب، سەڵماس، ورمێ، شنۆ، پیرانشار، نەغەدە، مەهاباد، بۆکان، سەقز و سەردەشت‌ڕا، هەتا مەریوان، سنە، هەورامان، کرماشان، سەلاسی باوەجانی، ئیلام، کەلاردەشت‌ (لە باکووری ئێران) و تەنانەت خوراسان، میوانانی زانا و لێزان و دەستەبژێر و ڕۆشنبیر و شوناسخواز، میوان و بەشدار و هاریکاری ئەم بەرنامەیە دەبوون. ئەوە بۆ هەوەڵین و(وێدەچێ بۆ)ئاخرین جار بوو کە بە پێشنیار، پەیجۆری، پێداگری و بەدواداچوونی شێلگیڕانە و ماندوویی‌نەناسانەی پێشکەشکارێکی بەرنامەیەکی فەرهەنگی، هونەری، ئەدەبی، لە کاناڵێکی تەلەویزیۆنیی شارێک(نەک ناوەندی پارێزگایەک)، لە ئەوسەرئەوسەری ئێران‌ڕا میوانی زانا و دەستەبژێر و لێزان و ڕۆشنبیر بانگهێشت دەکران بۆ دەنگ‌وڕەنگی ناوەندی مەهاباد، بۆ باس و لێدوان لە بابەت مژارگەلی هونەری و ئەدەبی و زانستی و هزری و ڕۆشنبیری؛ بە ناوەرۆک و ناوئاخن و تام و چێژێکی کوردانە و شوناسخوازانە و خۆماڵییانە و خۆمانەوە. هەروەها پێشنیارم کرد کە چون ئەم میوانانە لە دوورڕا دێن بۆ مەهاباد، دەبێ حەتمەن ماشێنێکیان بۆ تەرخان کرێ و ڕانەندەی تایبەت بچێ لە دوویان و بەئەوپەڕی ڕێزەوە بیانهێنێ بۆ مەهاباد/ئیستۆدیۆی دەنگ‌وڕەنگ؛ هەروەها ئەگە شوێنی نیشتەجێ‌بوون و ژیانی ئەوان زۆر دوور بێ و نەکرێ بە ماشین لەدوویان بچن‒وەک کوردەکانی باکوور و باکووری خوراسان‒، کارئاسانییان بۆ بکردرێ و تێچووی هاتووچۆیان، لەبری وەسیلەی هاتووچۆی شیاو، بۆ بگەڕێننەوە. هەروەها ئەو کەسانەی لە شوێنی زۆر دوورڕا دێن بۆ مەهاباد‒وەک کوردەکانی باکوور و باکووری خوراسان‒، جیا لەم ئاسانکارییە ئاماژەپێکراوە، دەبێ بۆ شوێنی مانەوە، میوانسەرای دەنگ و ڕەنگی مەهابادیان لە ئیختیار بنێن و هەر لەوێ هەموو پێداویستییەکیان بۆ مسۆگەر بکەن؛ وەک جەمی شیاوی بەرچایی و فراوێن و شێو و... . ئەوجار، من وەک پێشکەشکار، نووسەر، لێکۆڵەر، کارناس و ڕێکخەری بانگهێشتنەکانی بەرنامە، لەگەڵ تێکڕای مێوانەکان، دە ڕۆژ پێشتر یان لانی‌کەم حەوتوویەک پێش ئەوەی ئەوان بێن بۆ ئیستۆدیۆ، هاوئاهەنگیم لەگەڵیان دەکرد، لە بابەت مژاری بەرباسی بەرنامەکە؛ جۆرێک کە میوانەکان سەرپشک بوون و سەربەخۆ بوون بۆ هەڵبژاردنی مژاری بەرباسی بەرنامەی تایبەت بە خۆیان. دوای ئەوە، میوانەکانم سەرپشک دەکرد و لێم دەپرسین کە ئاخۆ پێتان خۆشە کە بەرنامەکە چەڵنج و کێشمەکێشمی تێدابێ یان بە ڕەوتی ڕووتین و ئاسایی بەڕێوە بچێ؟ هەر کامێکیان هەڵبژاردبایە، دیسان لەبابەت تایبەتمەندییەکانی جۆراوجۆری هەرکام لەم دوو چەشنە بەڕێوەبردنانە، ئاگاداری و زانیاری و ڕوونکروونەوەی پێویستم بۆ باس دەکردن. گەر هەر کام لە میوانەکان، پێیان خۆش‌بایە کە پێش بەرنامەکە، پرسیارەکانیان پێ ڕاگەیێنم و ڕادەستیان بکەم، ئەو ئاسانکارییەشم بە وردەکارییەوە بۆ دەکردن. تەنانەت گەر میوانەکان، بۆ ئاگاداریی پتر لە شێوەی بەڕێوەچوونی بەرنامەکە، داوای ویدئۆی بەرنامەکانی پێشوویان بکردایە، چەند بەرنامەی بڵاوکراوەی پێشووی «گوڵستان»ـم بۆ دەناردن ‒لە ڕێگەی تێلێگڕام/واتسەپەوە‒، تا لەگەڵ شێوازی بەڕێوەچوونی بەرنامەکە پتر ئاشنا ببن؛ بەڵام زۆربەی هەرەزۆری میوانەکان، بەهۆی بەربڵاویی پانتایی لەڕادەبەدەری ڕێژەی بەردەنگانی ئۆگر و پەیجۆر(لە بەراورد لەگەڵ بەرنامەی هاومژار و هاوشێوەی خۆی)، چ لە ژوورەوەی وڵات و چ لە دەرەوەی وڵات‒کە دیارە ئەو میوانانەش بەشێک بوون لەم پانتاییە بەربڵاو و داگرە‒، تا ئەم کاتەی بانگهێشت دەکران بەشێکی زۆر لەم بەرنامانەیان بینیبوو؛ بەم هۆیەوە ئاگاداری شێوازی بەڕێوەچوون و ستایلی نواندنی بەرنامەکە بوون. دەی ئەوجار، گەر ڕادە و ڕێژەی پسپۆڕیی ئەم میوانانە لە بابەت مژاری بەرباس، لە ئاستێکی بەربڵاو دابایە و یان لە چەند بواری تایبەت‌دا پسپۆڕییان هەبوایە و ئاسەوار و بەرهەمی جیاجیایان هەبوایە، بۆ کەڵک‌وەرگرتنی هەرچی پتر لە زانیاری و زانست و توانستی ئەم میوانانە، یەکێک لەم دوو کارە دەکرا:1. ئەگەر میوانی بەرنامەکە لە شارە نزیکەکان‌ڕا بانگهێشت کرابایە، ئەوە داوامان لێ‌دەکرد کە سەرلەنوێ وەک میوانی بەرنامە بێتەوە؛ 2. ئەگە میوانی بەرنامە له شارێکی دوورڕا بانگهێشت کرابایە، هاوئاهەنگیمان لەگەڵ دەکرد کە کاتی هاتنی بۆ ئیستۆدیۆ، 2 یان 3 بەرنامەی جیاوازی لێ تۆمار بکردرێ.

بەرنامەی گوڵستان، لە خولی دووهەمی خۆی‌دا و بەم مشوورخۆری، پەیجۆری، بەدواداچوون و حەول و تەقەللای بێ‌وچان و شێلگیرانەی بەندەوە، وەک پێشکەشکار و نووسەر و لێکۆڵەر و کارناس و هاوئاهەنگی‌کەری بەرنامە و، بە هاوکاری و هاریکاریی بەرچاوی تاقمێکی زۆر لە نووسەران، لێکۆڵەران، شاعیران، بیریاران، کەسایەتییە ئاکادێمیسیەنەکان، وەرگێڕان و هونەرمەندانی دەستەبژێر و ناسراو و بەئەزموون و خاوەن‌بەرهەمی کوردستانی ئێران، بووبوو بە مەکۆیەک بۆ باس و لێدوان لە بواری هونەر، ئەدەب، بیر، هزر، فەلسەفە، زمانناسی، وەرگێڕان، تێئۆلۆژی، داهێنانی هونەری و ئەدەبی، مێژوو، پەروەردە، کەسایەتی‌ناسی و...؛ لەم بەرنامەیەدا بابەت‌گەلی جواروجۆری وەک: مێعماری، خۆشنووسی، وێنەگەری، نیگارگەری، سینەما، شانۆ و دڕاما، ئینیمەیشن، وەرگێڕان، زمانناسی، فەرهەنگ‌نووسی، فەلسەفە، مێژووی کورد، مێژووی کوردستانی ئێران، ڕۆژنامەگەریی کوردی، ڕەخنەی ئەدەبی، پێشکەشکاریی هونەری، دار-وێنەگەری(معرق‌کاری)، شێعری نوێ، شێعری جیاواز، شێعری کلاسیک، چیرۆک و ڕۆمان، تەنز و کاریکاتۆڕ، کاریکلیماتۆڕ، ئەدەبی مناڵان و مێرمناڵان و زۆر بابەتی تر دەهاتە بەر تیشکی لێکدانەوە و لێدوان و شڕۆڤە و ڕاڤەی زانستی.

جێی خۆیەتی بۆ بیرەوەری، ناوی هێندێک لەم هاوڕێ و میوانە ئازیز و بەڕێزانەی وا لە ماوەی 4ساڵ‌ونیودا، لە 188 بەرنامەی جیا جیادا، لە خەزەڵوەری 1394 هەتا خاکەلێوەی 1398، به بەشداریی هونەری، ئەدەبی، زانستی، شوێن‌دانەر، دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و دەروەستیان، یارمەتیدەر و پشتیوان و داڵدە و داشداری ڕاستەقینەی بەرنامەی گوڵستان‌ بوون، وەبیر بێنینەوە؛ ئازیزان و ڕێزداران:

خوالێخۆشبووان فتاح ئەمیری، عومەر فاڕووقی، ناسر ئاغابرا(ژاکاو)، عەزیز نیعمەتی، برایم قادری، لوقمان نادرپوور؛ هەروەها بەڕێزان: سەید محەممەد سەمەدی، عەبدوڵڵا سەمەدی، عەلی ئیسماعیل‌زادە(ڕێبوار)، قاسم موئەییەدزادە(هەڵۆ)، ئەمین گەردیگلانی، محەممەد ڕەمەزانی، ئەمجەد غوڵامی، د. ئەحمەد غوڵامی، ئەمیر غوڵامی، وریا غەفووری، ئەحمەد چاک، د. سەعید قادری، د. ڕەحیم عەبدوڵڵاهی، د. شەهباز موحسێنی، د. بەیان کەریمی، فائیزە عەزیزی، لەیلا بەهرامبەگی(لاولاو)، سەعید حەسەن‌زادە، ئازاد سەید ئیبڕاهیمی(هۆگر)، خالید عەلیزادە، ڕەزا شەجیعی، فەرهاد ئەمین‌پوور، د. ئیبڕاهیم محەممەدحوسێنی، د. سەعید حاجی ڕەشیدیان، موحسین جڵدیانی، کەماڵ حەسۆ، سەلاح پایانیانی، سوارە فتووحی، شۆڕش عابید، سەید کەماڵ قوڕەیشی، ئازاد مەحموودی، سەدیق ئیسلامیان، محەممەد ئەحمەدیان، مەلا عومەر ئیمام، مەلا غەفوور کەسنەزانی(ژاکاو)، مەلا کامیل شەریف‌پوور، د. شلێر ئیبڕاهیم‌شەریفی، د. مەهدی ئیسماعیلیی‌موود، حەمەساڵە سووزەنی، د. محەممەد ڕەحیمیان، د. ئیبڕاهیم مورادی، د. محەممەد عەبدولی، ناسر عەلیار، موژگان کاووسی، مستەفا بەیگی(ڕوودووس فەیلی)، سولێمان پیرۆتی، عەزیز ئالی، شەهباز شاهین‌پوور، تاهیر میرسەیدی، کەژاڵ فەرهادی، ئیبڕاهیم سەعیدی، بەختیار پەنجەیی، د. ڕحیم عەبدوڕڕەحیم‌زادە، د. حوسێن محەممەدزادە، د. عەلی‌ڕەزا عەزیزی، هاشم سەلیمی، یۆسف فازیلی، فەریدوون حەکیم‌زادە، لوقمان ڕەحیمیی بۆکانی، ڕێبین حەیدەری، موراد ئەعزەمی، فریا یوونسی، سەید یاسین قوڕەیشی، سەید محەممەدئەمین قوڕەیشی، شەپۆل مەجیدی، د. هەتاو خورشیدی(حوسنا)، کاوە فەقێ‌زادە، شۆڕش مەحموودی، عەبدولکەریم سرووش، کەماڵ ڕەشیدپووری، پێژمان عەلی‌پوور، شەوبۆ محەممەدیانی، د. زاگڕۆس حەسەنیانی، سەید کەماڵ عەبدوڵڵاهی و هەروەها پتر لە 80 میوانی بەرز و بەڕێز و ئازیزی تر لە بوارە جیاجیاکان‌دا.

جێی وەبیرهێنانەوەیە کە ئەم بەرنامەیە جیا له ژوورەوەی وڵات کە بێنەر و بەرەدەنگێکی زۆری لە چینی بژاردە و ئێلیتی کۆمەڵگای کوردەواری، بە ئەوپەڕی تامەزرۆییەوە لە دەوری خۆی کۆکردبووەوە، هەروەها لە دەرەوی وڵاتیش، لە زۆریک له وڵاتەکانی دونیادا کە تاکی کورد لەوان‌دا نیشتەجێن، چ لە ئورووپا و چ لە ئاسیا و چ لە ئوستڕاڵیا، بینەران و بەردەنگانێکی زۆر تامەزرۆ و شێلگیر و مکوڕی لە چینی دەستەبژێر و ئێلیت و ڕۆشنبیر بۆ خۆی دەستەبەر کردبوو، کە بە شێوازی جۆراوجۆر لەگەڵ بەندە وەک پێشکەشکار، کارناس، لێکۆڵەر، ڕێکخەر و نووسەری بەرنامە و هەروەها لەگەڵ باقی بەڕێوەبەرانی بەرنامە لە پێوەندیی بەردەوام دابوون و ڕاوبۆچوون و هەڵوێستی خۆیان لە بابەت بەرنامەی گوڵستان و مژارەکانی بەرباس لەم بەرنامەیەدا، ڕادەگەیاند.

یادی یازدەساڵەی ئەو بەرنامە بەوەج و ڕەنگامە و ڕەنگین و زەنگین و سەنگین و جیاواز و داهێنەرانەیە و، هەروەها بیرەوەریی ئەو کات و ساتە دڵگر و دڵحەسێنە بەخێر، کە زۆرێک لە نووسەران و شاعیران و وێژەران و توێژەران و لێکۆڵەران و هونەروەران و زانایان و پسپۆڕان و خاوەن‌ڕایانی دەروەست و دەستەبژێر و شوناسخوازی کوردستانی ئێران پشتیوان و یارمەتیدەرم بوون بۆ پێک‌هێنان و چێ‌کردن و تەتەڵەکردنی ئارشیوێکی لەڕادەبەدەر بەوەج و بێ‌میناک و هەرماو، کە داگر و لەخۆگری دەنگ‌وڕەنگ و هەست‌وهەڵوێست و ئافران‌وداهێنان و ڕوانین‌ونەرین و تێفکرین‌وهزرینی کوردانە و شوناسخوازنە و خۆمانە و خۆماڵییانەی چینی دەستەبژێر و ئێلیت و ڕۆشنبیری کۆمەڵگای کوردەواری بوو و، هەیە.

لە کۆتایی و بۆ وەبیرهێنانەوە، جێی خۆیەتی هاوکارانی زەحمەت‌کێش و ماندوویی‌نەناس و هێژا و ئازیز و کارامە و لێزانی بەشی تەکنیکی و فەننیی ئەم بەرنامەیەش ناو بێنم، ئەوەندەی ناوم لەبیر مابن؛ بەڕێزان و ڕێزداران:

1. خاتوو پڕشنگ بەشیری(پێکهێنەری بەرنامە)؛ 2. خوالێخۆشبوو خاتوو بەهار ئەرسەلانی (دەستیاری پێکهێنەر)[بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ئەم خاتوونە هێژا و ئەرکناس و پەیجۆر و ڕووح‌سووکە، لە خاکەلێوەی 1399دا، بە هۆی پەتای کڕۆناوە کۆچی‌دوایی کرد؛ ڕۆحی بەرزی شاد بێ]؛ 3. ڕێزدار حوسێن عەزیزی ( دەرهێنەر)؛ 4. ڕێزدار شەهرام میکائیلی(دەرهێنەر)؛ 5. ڕێزدار کاوە دەبباغچی موکری (فیلم‌هەڵگر و دەنگ‌هەڵگر)؛ 6. ڕێزدار لوقمان عەلیزادە (فیلم‌هەڵگر)؛7. ڕێزدار خەلیل موهاجیری (فیلم‌هەڵگر)؛ 8. ڕێزدار سەلاح ئێرەمی (فیلم‌هەڵگر)؛ 9. ڕێزدار ڕزگار یووسفی (یاریدەدەری فیلم‌هەڵگر)؛ 10. ڕێزدار یۆسف مێهرجوویان (دەنگ‌هەڵگر)؛ 11. ڕێزدار ئومێد لاڵ (دەنگ‌هەڵگڕ)؛ 12. ڕێزدار مەنووچێهر مەعسوومی (دەنگ‌هەڵگر)؛13. ڕێزدار جەمشید شێخ‌ئاغایی (بەرپرسی بەشی هاتووچۆ/ڕانەندە)؛14. ڕێزدار سوارە بایەزیدی (ڕانەندە)؛ 15.ڕێزدار بایەزید ڕەش‌ئەحمەدی (ڕانەندە)؛ 16. ڕێزدار عەلی عەلی‌دوخت (بەشی خزمەتگوزاری).








ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد