تاريخ: ۱۳۹۶ جمعه ۱۳ بهمن ساعت ۱۸:۵۸ بازدید: 1705      نظرات: 1      کد مطلب: 5051

کۆڵبەران دوا مرۆڤەکانی سەر زەوی


 نووسینی: عادڵ قادری

 
 
باسکردن لە سەر کەیسی کۆڵبەران و ئەو پەرچەکردارە نامرۆڤانە و دژە شارستانیانە لەهەمبەریان دەگیرێتە بەر، باسێکی تازە نییە و لە هەمان کاتیش دا بابەتێکی ئاسان نییە، ئەم پرس و مەسەلەیە ئەوەندە لە لایەن رۆژنامەنووسان و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کورد و هەندێ جاریش غەیری کورد(بە ئاراستەی بەرژەوەندی میدیایی یان دیسکۆرسیڤی خۆیان هەڵبەت!) باسی لە سەر کراوە کە خەریکە وشەی "کۆڵبەر" لە مانا خاڵی دەکات و دەبێت بە هەندێ تیتر و مانشێتی سەر رۆژنامە و ناو قسەکان و ئەمەش دیسان لە تێگەیشتن لە کارەسات و تراژیدیایەک کە بەسەر "کۆڵبەران" دا دێت بەیەکجاری دوورمان دەکاتەوە، بۆیە پێویستە بۆ خۆبواردن و تێپەڕاندنی ئەم حاڵەتە ناتەندرووستەی کڵێشە و سادەکردنی کێشە و کارەساتەکانی کورد، دیسان بگەڕێینەوە سەر واقیع و راستەقینەی وشە "کۆڵبەر". کۆڵبەر کێیە؟ کۆڵبەر ئەو کەسەیە کە کۆڵ یان بارێک بۆ بەدەسخستنی پارەی بژێوکردنی ژیان هەڵدەگرێت و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەیگوازێتەوە، بەڵام ئەم شوێنە کە کۆڵبەری کورد بارەکەی تێدا دەگوازێتەوە، هەم شوێنێکی شاخاویی و کوێستانییە و هەمیش بە دەست سیستەمێکی گومروکی ناتەندرووست و لار بەڕێوە دەبرێت کە لە دواجار دا بە کوشتنی کۆڵبەر و فەوتاندن و بێ رێزی کردن بە جەوهەری ئینسانی کۆڵبەران تەواو دەبێت. کۆڵبەر ئەو کەسەیە کە بار دەگوازێتەوە، کاڵایەک هەڵدەگرێت و بەسەر چەندین شاخ و هەڵەت و مای هەزار دا دەیگوازێتەوە، بەناو چەندین کەمین و ریسک و بکە و مەکەی دەروونی دا تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی کاڵایەک(تەلەڤیزیۆن، جگەرە و...) بگەیەنێتە ئەم دیو سنوور و لەوێش بگوازرێتەوە بەردەست و دیدەی کۆمەڵێک پایتەخت نشین و ئەوانەی لە ناوەندی ئێران نیشتەجێن،  واتە ئەگەر تۆزێک لەم رەوتی گواستنەوەی "کۆڵ" و بارە لە رێگەی کۆڵبەرەوە بۆ شارە گەورەکان بیر بکەینەوە تێدەگەین کە گیانی کۆڵبەر ئەوەندە ئەو کاڵایەی کە هەڵیدەگرێت بایەخ و نرخی نییە و قووڵایی کارەساتەکە هەر لێرە دایە. واتە برینی هەرە گەورە ئەوەیە کە کۆڵبەر لەم موعادیلە و هاوکێشەیە دا ئەوەندە ئەو کاڵا و بارەی هەڵیدەگرێت بایەخ و رێزی نییە بۆیە لە پێنج ساڵی رابردوو دا هیچ کات ئەم پرۆژەی کوشتن و فەوتاندنەی کۆڵبەران نەوەستاوەتەوە، پێدەچیت ئەمە هەر هەمان هەڵاواردن و خەمی گەورەی بێ کیانی و بێ ماڵ و حاڵی بێت کە وەها گیانی هەموو ئەو کوردە گوندەکی و شارییانەی کە لە سەر سنوور بەرگریکەری خاکی ئێران بوون، وەها بێ نرخ و بایەخ کردبێت، کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە کۆڵبەران چ رەنج و زەحمەتێکی جەستەیی و تەنانەت ترسێکی دەروونی لەماوەی گواستنەوەی بار و کاڵا دا دەچێژن، بەڵام کۆڵبەر تەنها نیشانەی رەنج و کۆست کەوتنی دوو بنەماڵە یان چەندین بنەماڵەی کوردی سەر سنوور نین، نەفسی هەبوونی کۆڵبەر و کوشتنیان بەو شێوەیە هێمای ئازاری بێ ماڵ و حاڵی ئێمەی کوردە، و هەروەها ئاماژەیەکی گەورەشە بۆ سیستەمێکی ناتەندرووست و پڕکێشەی ئابووری لە ئێران دا کە زۆرترین کاریگەرییە سامناکەکانی لە کوردستان و ناوچە سنوورییەکان دا دەردەکەوێت، ئێمە چەند بار هەر لەم یەک ساڵەی رابردوو دا هەواڵی کوشتن و مردنی کۆڵبەرانمان لە شار و سنوورەکانی سەردەشت، مەریوان، بانە، سەلاسی باوەجانی و...بیست؟ بۆچی ئەم رووداو و کوشتنانە دووپات دەبێتەوە؟ئایا نابێ سیستەم و بەرپرسان بیرێکی بنەمایی لەم کارەساتانە بکەنەوە و ئیدی بە قسە و هەڵوێستی سۆزئامێز و ئیحساسی چارەسەری کێشەکان و ئەم مەسەلەیە نەدەن دەست داهاتوویەکیتر لە کوشتن و کۆست کەوتن؟ تاکەی وێنەی کۆڵبەران و خوێنی رژاویان ببێت بە هەوێنی رازاندنەوەی گۆڤار و رۆژنامە و میدیا مەجازی و کاغەزییەکانی پایتەخت و هەمدیس کاسپیان پێوە بکەن و پارەیان پێ دەربێنن؟ سەرەڕای ئەوەی کە هەندێ بەرپرسی پارێزگایی(کوردستان) و هەندێ بەرپرسی باڵای ئێرانیش ناڕەزایەتی خۆیان بۆ ئەم رووداوانە دەربڕیوە، بەڵام ئەمە بەر لە هەرشت کارێکی کردەکی و عەمەلی دەوێت و دەبێت لە توانست و ئەزموون و زانستی ئەو هەموو چالاکە کوردەی کە دەیان جار کەمپینیان ساز کرد و نووسیان "کۆڵبەر مەکوژن" و هاواریان کرد" پلانێکی ئابووری پێویستە بۆ چارەسەری ئەم مەسەلەیە" ، کەڵک وەربگیرێت بە ئاراستەی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بێگومان هەموو دانیشتووانی کوردی سەر سنوور وڵاتێکی هێمن و پڕژیان و ئارامیان دەوێت کە خۆیان و خێزانیان ژیانی تێدابەسەر ببەن، ئەوان لەلایەکی دیکەوە هەر پارێزەر و هێمای جۆرێک هێمنی وڵاتن، ئەگەر وەها بدرێنە بەر گوللە و گیانیان بە رادەی کاڵایەک بایەخی بۆ دانەنرێت ئەم هێمنییەش دێر یان زوو دەشڵەژێت، بۆیە پێویستە پلان و بەرنامەیەکی کارناسانە و پسپۆڕانە بە هاوکاری چالاکانی مەدەنی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکان رێک بخرێت بە ئاراستەی لەناوبردنی وەها دۆخێک کە هێندە دووپات بۆتەوە کە چارەنووسەکەی بەرەو نادیارێ قاومان لێ دەکات.
 



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

کارمەند ۱۴۰۰/۱۰/۶
نیە

نظر خود را براي ما ارسال كنيد