تاريخ: ۱۳۹۶ يکشنبه ۶ اسفند ساعت ۱۶:۵۶ بازدید: 1934      نظرات: 0      کد مطلب: 5169

کۆڕی خەسارناسیی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی لە مەریوان بەڕێوە چوو


 بە پێی هەواڵی پێگەی هەواڵیی هاژە، سەر لە ئێوارەی ڕۆژی پێنج‌شەممە  3ی ڕەشەمەی 96، کافە کلاسیکی مەریوان، لە زەنجیرە دانیشتنەکانی خۆیدا کۆڕێکی ئەدەبی بۆ ڕۆژنامەوان و ڕەخنەگری ئەدەبی "کاوان محەمەدپوور" لە ژێر ناوی "خەسارناسیی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی" بە بەشداری نووسەرانی و لایەنگرانی ئەدەبی لە سەر تەوەری خەسارناسیی ڕەخنەی ئەدەبی کورد، بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێک‌هێنا.

 

محەمەدپوور لە سەرەتادا ئاماژەی بە دوو خاڵی بنەڕەتی بۆ تاوتوێی ڕەخنەی ئەدەبی بە گشتی کرد و ئاماژەی دا: «بەر لەوەی وەک ڕەخنەگرێک بەرەورووی دەقێک بینەوە، دەبێت یەکەم: جیاوازی نێوان "فەلسەفەی گریمانەیی ڕەخنەی ئەدەبی" و خودی ڕەخنەی ئەدەبی یان هەمان "ڕەخنەی کردەیی"، دەرک کەین. دووهەم: بە پێی ناسینی فەلسەفەی نەزەری، مێتۆدی هەڵسەنگاندن بۆ دەق دیاری دەکەیت و بەم شێوە چوارچێوێکت لە گریمانەی فەلسەفەی ئەدەبیات و مێتۆد لەبەر دەستت دایە کە بتوانی دەقێک شێ کەیەوە. لە زۆر بەی وتارگەلێک کە ئەمڕۆکە لە رۆژهەڵات بڵاودەبنەوە بەداخەوە ئەم بەشە ڕەچاو ناکرێت و زۆر جار بە جێگەی ڕەخنەی ئەدەبی شایەتی مانۆڕ بە وشە و دەستەواژەی فەلسەفین کە هیچ پێوەندیەکی نە بە ڕەخنەی ئەدەبی هەیە نە خودی دەقەوە. بۆ نموونە بە ناوی ڕەخنەی ئەدەبی بۆ تاوتوێ شێعر،  باس لە هایدیگەر یان بێنیامنین یا فڵانە فەیلەسووفە دەکرێت ئەوەش لە حاڵێک دایە ئەمەنا بەشی نەزەری ڕەخنەی ئەدەبین نە، ڕەخنەگری فەنی ئەدەبی!!!. واتە بەشی نەزەری بە شێوەی پرسیاری فەلسەفی لە دەق و شێعر و مانا و وێنە و.... دەدوێت، ئیتر نایەت تەکنیگ گەلی ئەدەبی نووسەر پێناسەکات. لە ڕاستی دا مەبەست و ڕوانگەشی هەر وانییە، هەڵبەت ئێمە دەتوانین لە ڕوانگەی تاکە تاکەی ئەم بیرمەندانە ئەدەبیات بخوێنینەوە بەڵام ئەم خوێندنەوە نایەتە ناو خانەی ڕەخنەی ئەدەبی. تەنانەت ئێمە بۆشمان هەیە بە هەر زانستێک ئەدەبیات بخوێنینەوە بەڵام باسی ئێمە ئەوەیە کە "ڕەخنەی ئەدەبی چییە؟" و لە ئەمڕۆکەی ئێمەدا چ خەسارێکی بەروروو بۆتەوە. ناسینی ئەم خەسارانە بەشێک لە قەیرانی ئەدەبی ئێمەش دیاری دەکات. ڕەخنەگرانی ئەدەبی پێیان وایە بە ڕەخنەی ئەدەبی شیاوە کە "پێگەی ئەدەبی" و "داهێنان" و "لایەنە جوانیناسیەکانی دەق" دەردەکەوێت».

 

کاوان محەمەدپوور لە درێژەدا ئاماژەی بە ڕوانگەی جیاواز نێوان ڕەخنەی ئەدەبی و زانستگەلی تر بۆ خوێندنەوەی ئەدەبیات کرد و وتی:

«لە تاوتوێی ئەم باسەدا دەبێت ئاماژەکەم، زانستگەلی فەلسەفی و مارکسیستی و دەروونشیکارانە و.. هتد، بۆیە لە لایەن نووسەرانی ئەدەبی و ڕەخنەگرانی ئەدەبی دێتە بەر ڕەخنە، کە ئەم زانستانە بەهیچ روو لە داهێنانی ئەدەبی و لایەنە جوانیناسانەی ئەدەبیات نادوێن، هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییەکە ئێمە بۆمان نییە کە ئەدەبیات بەم چەشنە بخوێنینەوە، بەڵام دەبێت ئەوەشمان لە یاد نەچێت ئەم زانستگەلە، لایەنە بە هێزەکانی دەقی ئەدەبی پێناسە ناکەن و تەنانەت ئەگەر دەقێک هیچ لایەنی ئەدەبی شایانی نەبێت ئەوە دیسان دەتوانین بە هەر کام لەو زانستانە-وەکوو کۆمەڵناسی، دەروونشیکاری، فەلسەفە و... تاوتوێی کەین و مانای دەروونناسانە یان فەلسەفی تێدا بدۆزینەوە. بەڵام ئەوەی کە دیاری دەکات چ دەقێک داهێنانی ئەدەبی و هونەری تێدایە و بۆ نموونە بە باشترین شێوە "تراژێدی" یان "کۆمێدی" وەک چەمکێکی ئەدەبی پێشان دەدات، پرسیارێکە کە لە گریمانەی ئەدەبی دێتە دەرێ نە لە زانستی فەلسەفی یان کۆمەڵناسانە، ڕەخنەی ئەدەبی بەشێک لەم گریمانەی ئەدەبییە. کاتێک دەڵێن "هاملێتی" شێکسپیر بەرهەمێکی تراژێدیک و بەهێزە بەو مانایەیە کە تراژێدی ئەدبی و لایەنە هونەریەکانی یەک دەقی شانۆیی بە باشترین شێوە نیشان داوە، کە واتە بە مانایی دەقێکی فەلسەفی یان کۆمەڵناسانە نییە- پرسیاری کۆمەڵناسانە لە ئەدەبیات پرسیار لە تراژێدی یان کۆمێدی نییە-. واتە ئێمە ناتوانین ئەم دەقە لە ریزەی دەقی ئەفلاتوون یان کانت و دێکارت دانێین. ڕوانگە و شێوەی بەرەووروو بوونەوەی فەلسەفە و کۆمەڵناسیی لە گەڵ ڕوانگەی ئەدەبیات بە جیهان جیاوازی بنەڕەتی هەیە.»

ئەم ڕەخنەگرە لە ئەنجامدا باسەکەی لەسەر ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان خور کردوە و لە درێژەدا وتی:

«بێگومان هەرکام لە ئێمە بە دەیان جار لەگەڵ دەقێک لە ژێر ناوی (ڕەخنەی ئەدبی) بە زمانی کوردی بەرەوروو بووینەوە کە ئەوەنە باسی فەلسەفی و هێنانەوەی ڕستەی فەلسەفی تێدا بووە کە دەڵێی لەگەڵ دەقێکی فەلسەفی بەرەورووی تا دەقێکی ئەدەبی. ڕەخنەگرانی ئەدەبی ئەم شێوە ڕوانین بە ئەدەبیات وەک خەسار ئەناسن و هیچ شوێنەوارێکی ئەدەبی بۆ نادۆزنەوە. ئەم شێوە ڕوانیینە جێگە و پێگەی بەرهەمی ئەدەبی لە مەڕ ئەدەبیات‌دا دیاری ناکات و زیاتر ناوەڕۆکی دەقەکە دێنێتەبەر باس. بێگومان هەڵسەنگاندنی ناوەڕۆک بە زانستگەلی جیاواز پێویستە بەڵام بەو مانایە نییە کە ڕەخنەی ئەدەبی- کە خۆی بنەما و پێوەر و دەستەواژەی تایبەتی هەیە- لەبیر کەیەن. مێژوویی ئەدەبیات ئەوکات دەقێ بە شاکار دەزانێ کە لە ئاستی بەرهەم هێنانی ئەدەبی، داهێنانی هەبێت، نە ئەوەی کە تەنیا کاراکتێرەکەی هێمای کەسایەتی بۆ نموونە شۆرشگێرە، یان کەسایەتییەکەی لە قەیرانێکی دەروونی مرۆڤ دەدوێت و زمانی فڵانە شاعیر زمانێکی شارستانی یان لادێییە!!. تا ئێستا هەزاران چیرۆک لەسەر کێشەی مرۆڤی مۆدێڕن نووسراوە بەڵام تەنیا کەسانێک وەک کافکا و کامۆ و هاروکی مۆراکامی ناسراوان، لێرەدا ڕەخنەگری ئەدبی لای وایە: تەنیا باس کردن لەو کێشە بە مانای بەهێزبوونی بەرهەمی ئەدەبی نییە بەڵکوو تەکنیکی ئەم گێڕانەوەیە کە کافکا و کامۆ و... ئەکاتە نووسەرێکی بەتوانا»

ناوبراو لە کۆتایی دا کۆی خەسار و باسەکەی هێنایەوە سێ چەمکەی بنەڕەتی و وتی:

 «بەم پێیە ئێمە ئەمڕۆکە لانی کەم ئەتوانین سێ خەساری بنەڕەتی بۆ ڕەخنەی ئەدەبی خۆمان پێناسەکەین. یەکەم: نەبوونی مێتۆدێکی شیاو کە لە ناو بازنەی ڕەخنەی ئەدەبی دا پێناسە بکرێت. دووهەم: بەکار هێنانی فەلسەفەی نەزەری ئەدەبیات بە جێگەی ڕەخنەی ئەدەبی کردەیی، ئەوەش لە حاڵێک دایە فەلسەفەی نەزەری وەکوو پاڵپشتی هزری بۆ ڕەخنەی ئەدەبی پێناسە دەکرێت و بەو مانایە نییە کە ڕەخنەی ئەدەبی تەکنیکی پێ دەکرێت!، بۆ نموونە کانت و هێگل و دریدا و هایدیگەر و لاکان، وەکوو پاڵپشتی فەلسفی بۆ ڕوانگە و تێکنیک و مێتۆدی ڕەخنەگرە، بە هیچ روو بەومانەیە نییە ئەمانەش خۆیان ڕەخنەگری ئەدەبین-هەڵبەت دەتوانین هەر دەقێک بە ڕوانگەی ئەمانە بخوێندرێتەوە بەڵام نایەتە ناو خانەی ڕەخنەی ئەدەبییەوە. سێهەم: نەخوێندنەوەی خودی ئەدەبیات. واتە بە جێگەی خوێندنەوەی ڕۆمان و چیرۆک و شێعر، کەسەکان زیاتر بۆلای خوێندەوەی زانستگەلی تر دەچن دواتر هەر بەو زانستە لەسەر نووسەرێک قسە دەکەن کە هیچ دەقێکی ئەویان نەخوێندۆتەوە. لە ڕاستی دا ئەدەبیات بە ئەدەبیات دەخوێندرێتەوە نە بە شتێ تر. بۆ نموونە زۆر جار بەرەورووی ئەوە دەبینەوە کە کەسێک بۆمان باسی "برێشت" یان "داستایۆفسکی" ئەکات، بەڵام دوو چیرۆکی لەوانە نەخوێندۆتەوە و بە جێگەی هاتووە "بلانشۆ" یان "بێنیامین" وەکوو فەیلەسووف ئەخوێنێتەوە و هەر قسەکانی ئەمانە لەسەر ئەو نووسەرانە یان نووسەری خۆمانیش دەکاتەوە. لە ڕاستی دا ئەدەبیات بشێکی دێتەوە سەر چێژ بردن. کاتێک ئەدەبیات ئەخوێنینەوە بەشێک خەریکە چێژ بردنیشی. بەڵام ئەم جۆر خوێندنەوانە تەنانەت ئەم بەشەش بەداخەوە دەرک ناکەن»

لە کۆتاییدا ڕەووف مەحموود پوور،  بێهزاد کوردستانی،  حەمەی کەریمی، وەفا ڕەحیمی،  مودریک کەریمی، موسلێح ئەحمەدی، هێمن ڕەحیمی سەبارەت بە تەوەری کۆڕەکە و بابەتەکان، باس و لێدوانیان کرد،

 




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد