تاريخ: ۱۳۹۷ پنج شنبه ۲۳ فروردين ساعت ۱۰:۴۳ بازدید: 1308      نظرات: 1      کد مطلب: 6396

وت‌ووێژی تایبه‌تی هاژه له‌گه‌ڵ نووسەر و ڕۆژنامەوانی کورد "ئه‌حمه‌د به‌حری"


* ساڵی 1336ی هەتاوی (1957ی زایینی) لە گوندێکی محاڵی مەهاباد بە نێوی "تەپەڕەش" لە دایک بووه.

* ساڵی 1359 وەک مامۆستایەکی قوتابخانەی دواناوەندی لە ئیدارەی پەروەرده و بارهێنان دامەزراوە.

* یه‌کێک له دامه‌زرێنه‌رانه‌ری سه‌ره‌کی ئه‌نجومه‌نی ئەدەبی مه‌هاباد بووه لە ساڵی 1367 و نزیک 10 ساڵ بەرپرسایەتی ئه‌و شوێنه‌ی لە ئەستۆ بووە.

* ساڵی 1380 گۆڤاری مەهابادی دامەزراندووە.

* ئەو کتێبانەی کە نووسیونی بریتین لە: پاییزە (1373)، فەرهەنگی باڵندە (2001)، بەرگی یەکەمی گەنجی سەربەمۆر (2013)، ئەو پیاوەی نابێ فەرامۆش بکرێ (ئامادەی چاپ).

* ساڵی 1384 خانەنشین کراوە.

* "گەنجی سەر بەمۆر" وەک پڕۆژەیەکی گەورە لە 12 بەرگ لەبەر دەست دایە کە بەرگی یەکەمی ساڵی 2013 چاپ کراوە.

* ئەم وت‌ووێژە زارەکی کراوە و ئاخاوتنەکە محاوەرەیی‌یە.

 

هاژە: کاک ئەحمەد وێڕای بەخێرهاتنتان، بفەرموون کە چۆن بوو لەگەڵ ئەدەبیات ئاشنا بوون هۆگریتان بە "فۆلکلۆر" پەیدا کرد؟

من کوڕە گەورەی ماڵێ بووم، باپیرم لە ناوچەی خۆماندا کەسێکی نێوبەدەرەوە بوو. بابم نەخوێندەوار بوو، زۆری پێخۆش بوو کە ئەمن دەرس بخوێنم. خانە‌ئینساف (شووڕا) بوو و هەمیشە دەرگیری ژاندارمان بوو؛ زۆریشی ڕق لێیانبوو. پێی خۆش بوو بزانێ کە ئەو نامانەی لە پاسگاوە بۆی دێن، چی تێدا نووسراوە، یان ئەگەر ژاندارم و مەئموور دێن، بزانێ دەڵێن چی و چی دەنووسن. دەیکوت بۆیە پێت دەخوێنم بزانم ئەو سەگ‌بابانە ئەگەر هاتن دەڵێن چی! دیارە دواتر ئەوەی لە بیر چۆوە و ئامانجی خوێندنی من چووە بوارێکی ترەوە.

  من منداڵیم وەک هاوڕێیەکانم بە کایە و قومار تێپەڕ کردووە، بەڵام مێرمنداڵیم نەکردووە؛ ئەوە ئێستاش لە شێست ساڵی‌دا لە سەر دڵم مەراقە. بابم زۆرتر منی لەگەڵ پیاوانی پیر دەخست، هەر بۆیە هەستان و دانیشتنم لەگەڵ ئەوان زۆر بوو.

  پۆلی پێنج و شەشی سەرەتایم لە گوندی داشخانە لە ماڵی مامم (دایک‌برایەکی بابم) خوێند. زڕباپیرم "میرزاجەلیل"، کەسێکی حەقایەت‌خوان و مەجلیس‌خۆش بوو. شەوانە جەماعەتێکی زۆری لە دەورە خڕ دەبۆوە و چیرۆکی وەک "حوسێن کوردی شەبستەری، ئەسکەندەرنامە، داستانی سێ دەروێش و..." بۆ دەخوێندەوە. هەر ئەودەم ڕادیۆ مەهاباد بەرنامەیەکی بە ناوی "ئاگری دامرکاوی پێشینیان" بڵاو دەکردەوە کە تایبەت بوو بە "بەیت و باو"؛ ڕەحمەتی "حەسەن مەجدی" بەڕێوەی دەبرد. من هۆگرێکی تایبەتم بەو بەرنامەیە پەیدا کردبوو. بەو پێیە ژیانی ئەو سەردەمی من سێبەری کەش‌وهەوای گەورانی زۆر بە سەرەوە بوو؛ دوایە سەرجەمی ئەوانە منیان بەرەو ئەدەبیات بە گشتی و فۆلکلۆر بەتایبەتی پە‌لکێش کرد.

  دوایی کە من بۆ درێژەدانی خوێندن هاتمە مەهاباد و لە گەڕەکی "باغی سیسە" گیرسامەوە. ڕووبەڕووی مزگەوتێ دارۆغە، ماڵی حاجی ئەحمەد کۆکەیی لێ‌بوو. ئەوان خاوەن کتێب‌خانەیەک بوون، ئەو کتێبانە بە کرێ دەدران بۆ خوێندنەوە. چون هۆگریم بە خوێندنەوە زۆر بوو، نیوەی کتێبەکانی ئەم کتێب‌خانەم خوێندبێتەوە کەمە. ساڵی 1351 کە چومە ورمێ، لەوێش دەستم لە خوێندنەوە هەڵنەگرت و لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران بڕیارم‌ دا کە وە شوێن کەلتووری کوردی بکەوم و کاری لەسەر بکەم. بە گشتی دانیشتن لەگەڵ ئەو پیرانە، چیرۆک خوێندنەوەکانی زڕباپیرم، خوێندنەوەی کتێبەکانی کتێب‌خانەیی کۆکەیی و بەرنامەی "ئاگری دامرکاوی پێشینیان"ی ڕادیۆ مەهاباد بوو بە هۆی ئەوەی کە من بێمە نێو دنیای فۆلکلۆر و ئەدەبەوە.

هاژە:  لە ساڵی چەندەوە دەستت بە کۆکردنەوەی بەیتە کوردییەکان کردووە؟

هەر لە ساڵی 1358وە دەستم پێکرد. جیرانێتی ماڵە ئێمە لەگەڵ ماڵە "مامۆستا هێمن" لە کۆڵانی بەهمەنی منی بەرەو دنیایەکی برد. تا نەبووینە دراوسێ بەداخەوە مامۆستام نەمدەناسی.

 

لە ڕاستەوە: ئەحمەد شەریفی، ئەحمەد بەحری، ئه‌حمەد قازی / سلێمانی جۆزەردانی 1379ی هەتاوی 

هاژە: کۆکردنەوەی بەیتەکانت چۆن دەست پێکرد و لەگەڵ چ کەسانێک دادەنیشتی؟

 ئەگەر دەستم بەو کارە کرد، "تۆحفەی موزەفەرییە"ی مامۆستا هێمن و کتێبەکانی بەڕێز قادر فەتاحی قازیم نەدیبوون، نەمدەزانی کە چ کارێک لەو بەشەدا کراوە و تەنیا سەرچاوەی من بەرنامەی "ئاگری دامرکاوی پێشینیان"ی ڕادیۆ مەهاباد بوو. ئەو کەسانەی کە من لەگەڵیان دادەنیشتم زۆربەیان سەر و ڕوو خۆش بوون، تاقمێکیان دڵتەڕ بوون، تاقمێکیان بەرەو عالەمی سۆفیگەری ڕۆیشتبوون. هەوەڵەکانی تەنیا لە خودی کەسەکەم دەپرسی "چ کارەی، چ دەکەی، خەڵکی کوێی، لە کێ فێر بوویی، چ دەزانی؟" ئێستاش بۆ ئەو کەسانەی کە بۆخۆم لەگەڵیان دانیشتووم پەروەندەیەکی گەورەم دروست کردووە. زۆر بوون، لەوەندانە ئەوانەی لە ژیان‌دا مابن لە قامکەکانی دەست تێناپەڕن. ئێستا 60 ساڵم تەمەنە، هەمیشە دەڵێم بریا ئێستا 80 ساڵ بام؛ ئەگەر 20 ساڵ پێشتر دەستم بەو کارە کردبا، زۆری فەرق دەکرد. بەداخەوە من لە دواساتەکانی کۆچی بەیت بێژان‌دا گەیشتمێ.

هاژە: کۆکردنەوەی بەیت و باوی کوردی چ ئەزموونێکی بە ئەحمەدی بەحری داوە؟

جار جار بە کاک قادر فەتاحی قازی دەڵێم: "جەنابت 8_7 بەرگت کتێب وەک خەرمان خڕ کردوونەوە، ئێمەش وەک مێروولە دمان تێناوە و دەیخۆین". من قەت ئەوەی بۆخۆم دانانێم کە خەرمانێکم کۆ کردۆتەوە و ئەوە خەڵک دمی تێدەنێن؛ جەسارەتی وا ناکەم، بەڵام دەتوانم بڵێم: خەرمانێکم کۆ کردۆتەوە سبەینێ میللەتەکەم دەتوانن شانازی پێوە بکا. بۆ ئەوەی بڵێ منیش سێحەب پیشینەیەکم، منیش مێژووم هەیە، منیش هەم. بۆ ئەوەی سبەی وەک گەلانی دیکە سەر هەڵێنێ و بڵێ منیش خاوەن ڕابردووم، ئەمنیش سێحەب زمانم، ئەمنیش خاوەن فەرهەنگم، ئەمنیش کەسانی گەورەم هەبووە. چون ئەو بەیتانە سەرمایەی ئەو گەلەن و زۆر بە بەختەوەر دەزانم کە بە قەدەر توانایی خۆم ئەو بەیتانە کۆ کەمەوە.

هاژە: بە بڕوای بەڕێزتان، ئەدەبی زارەکی موکریان بە نیسبەت ناوچەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان  و باشوور لە چ ئاستێک دایە؟

 چون بۆخۆشم لە سەر موکریان کار دەکەم، بێ گومان پرسیارێکی باشە. هۆیەکەشی ئەوەیە لە زمانی زارەکی خەڵکی فۆلکلۆردا، ئەتۆ کە وردەکارییەکانی زمانی نەزانی، شارەزایت بە سەر جۆغڕافیای ناوچەکان‌دا نەبێ، ئاگاداری بارودۆخی سیاسی - جۆغڕافیایی - عەشیرەیی ناوچەکانی دی نەبی، تووشی هەڵە دەبی. هەر ئەو جۆرەی ئەو سەرچاوانەی دیکە کە زۆر جار چاویان لێدەکەم، هێندێک کات پشتیان پێ نابەستم، جاری وایە هەڵەی ئەوەندە زەقیان تێدایە کە تۆ سەرت سووڕ دەمێنێ، چون ویستوویەتی شتێکی بڵێ و نەشیزانیوە، ئەمنیش نامەوێ ئەو هەڵەیە بکەم و نەمکردووە و تەنیا لە سەر "موکریان" کارم کردووە، چون لەو چەند خاڵەی کە باسم لێ کردن، لانی‌کەم وردە ئاگادارییەکم لێیان هەیە.

  موکریان ناوچەیەکی یەکجار گرینگ بووە، چەند عەشیرەی گەورە لەو ناوچەیەدا ژیاون. حەڕەکەتی یەکجار گەورەیی تێدا کراوە، لە سەر بەیتی "باپیرئاغای مەنگوڕ" کە کارم دەکرد، مەجبوور بووم ئاوڕێک بۆ سەر مێژوویی ناوچەدا بدەمەوە. لە ماوەی 200 ساڵ‌دا 25 شەڕی یەکجار گەورە لە سنووری جۆغڕافیای موکریان‌دا ڕوویان دابوو کە هەر یەک لە وانە بە پێگەیی خۆی شوێندانەر بوون. لەو ناوچەیە، ناوچەیەکی گەورە، مێژووی لە سەر پشتی ئەسب بووە! هەزاران بابەتی لە سەر زاران و نەنووسراوەی هەیە. لە تەنیشت ئەو موکریانەدا کە ئەو هەمووە هات و هاوار ڕووبەڕو بوونەوەی عەشایر لەگەڵ یەک و تەنانەت ڕووبەڕو بوونەوەی عەشایر لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بە دەیان و سەدان جار تێی‌دا ڕووی داوه،  تۆ "سەنەد و بەڵگە و مەکتوباتێکی ئەوتۆت نییە". دەی ئەوانە چیان لێهاتووە؟ هەمووی چوونەتە نێو ئەدەبی زارەکییەوە.

  موکریان تا 150 ساڵ لەوە پێش بێجگە لە مەهاباد شاری نەبووە، بۆیە ئێستاش کە کەسێک مەبەستی هاتن بۆ مەهاباد بێ دەڵێ دەچمە شاری. کاتێک ئۆسکارمان لە ساڵی 1903 دێتە موکریان هیچ یەک لە شارەکانی ئێستا شار نەبوون. تۆ لە پەنای ئەوەی کە شارت نەبووە، شاری گەورەی وەک تەورێز و مەراغەت هەبووە کە بە ناوەندی حکومەتداری و سیاسەت‌داڕێژی لە ئێران‌دا ئەژمار دەکران. لەو 25 شەڕەی کە لە ناوچەدا کراون، تۆ لە هیچیان‌دا سەرکەوتوو نەبووی. جا دەمهەوێ ئەوەت پێ بڵێم سەرجەم جەمسەری عەشیرەکانی مەنگوڕەکان، فەیزوڵڵابەگییەکان، زەرزاکان، مامەشەکان و... سابڵاغی دەگرتەوە.

 لە سەردەمی شەڕی جیهانی یەکەم‌دا، سابڵاغ چەند کۆنسولگەری لێ بووە. هەر ئەوە بوو بە هۆی ئەوەی کە زۆربەی بەیت و باوەکان لە دەوروبەرێ ئەو شارە خڕ بنەوە. بەشی هەرە زۆری بەیت‌بێژەکان لە  سندووس، شاروێران، مەنگوڕایەتی و محاڵ بە ناوەندیی سابڵاغ ژیاون و تۆش هاتوویی لێرە کۆ دەکەیەوە، بەڵام بۆ ئەحمەدی بەحری درەنگە، درەنگ وە خۆ کەوتم یا زوو لە دایک نەبووم.

 

هاژە: بەیتەکانی کوردی چەندی ئەفسانەیی، چەندی ڕێئاڵیستی و چەندی حیماسین و باسی چ شتێکی ئینسانی کورد دەکەن؟

 بەیتەکانی "مام ئەحمەد لوتفی" کە کاک قادر فەتاحی قازی کاری لە سەر کردوون، سەبارەت بە ئەوەی کە مام ئەحمەد کەسێکی "حەقایەت‌خوان" بووە، چیرۆکەکانی ئێران هەموویانی دەزانێ و هێناونی و تێکەڵی بەیت و باوی خۆی کردووە، جا بۆیە ئەگەر لە ڕووی مام ئەحمەدی لوتفییەوە چاوی لێ بکەین، بەشی زۆری لە خانەی ئەفسانە‌دا جێ دەگرن. بەڵام ئەگەر لە سەر بەیتەکانی تری موکریان کار بکەین بەشی هەرە زۆریان ڕێئالیستی و واقعین. شتی سەیر و سەمەرەیان کەم تێدایە. جاری وایە لە چوارچێوەی جۆغڕافیایی موکریان‌دا ناچنه دەرێ. هەمووی باسی شاخ و داخ و عالەمی خۆتە. هەر دەڵێی ژیانی دۆینێ و پێرێ و مانگی پێشی خۆمان بووە بە زمانی خۆمان؛ هەڵبەت بڕێک کۆن‌تر. بەیتەکانی ئەفسانەیی وەکوو شێخ‌مەند و شێخ‌ڕەش، شێخ فەرخ بە گشتی زۆر کەمن. لە نێو بەیتە واقعییەکان‌دا دەتوانین بە برایمۆک، خەج و سیامەند، ناسر و ماڵماڵ، سەیدەوان ئاماژە بکەین.

  بەیتەکان ئاوێنەیه‌کن کە ژیانی ئێمەی کورد نیشان دەدەن، هەموو بەشەکانی ژیانی مرۆڤیان لە "عیشق، ئەوینداری، پێهەڵاکوتن، هیجران و دووری" لە خۆ گرتووە. بەیتە مەشهوورەکانی وەکوو دمدم، باپیرئاغا، عەوڵڵا خانی موکری، هەمزەئاغا، سام‌سام لە خانەی بەیتی تاریخی‌دا سەیر دەکرێن. بەیتی ئاینیشمان هەن کە یەکجار ڕێک‌و‌پێک و پڕبایەخن، بەڵام بەداخەوە کەم‌تری ئاوڕ وێدراوەتەوە و شیاویی ئەوەیە کە سرنجی بدرێتێ. هەروەها بەیتی "کومیک"یشمان هەیە کە حاڵەتی شۆخی و جەفەنگ بە خۆوە دەگرن.

هاژە: ئایا بەیت و باو هەر بە موکریان بڕاوە یا لە بەشەکانی تری کوردستانیش هەیە؟

بەڵێ هەمانە، لە زاراوەی بادینی "کرمانجی"دا بەیت و باوێکی یەکجار زۆر هەیە کە دەتوانم بڵێم بەشێکیان هەر پێوەندی بە موکریانەوە نییە، من کارم لە سەر نەکردوون.

  موکریان بە هۆی بوونی هۆز و عەشیرەکانەوە لەو بوارەدا زۆر دەوڵەمەندە. ئەمن "موکریان" وەک سنووری جۆغڕافیایی دەوڵەتەکان سەیر ناکەم، بەڵکوو بە پێی ژیانی عەشایری و زمان و زاراوە کوردییەکەی دابەشی دەکەم. دەتوانم بڵێم لە مەهاباد‌ڕا هەتا هەولێرێ، "ژیانی عەشیرەتەکان، زمان و زاراوە، داب‌و‌نەریت، ژیانی دەرەبەگایەتییەکانیان" یەک جۆرە، بۆیە لە هەر دووک بەران بەیت هەیه.

 لە مەقالەیەکم‌دا باسم لە سەر ئیشەکانی بنەماڵەی "دەرەبەگ" کردووە، جا لە کوێخا‌دەرک، میرا، گزیر، چاپەز، تەگبیرپێکەر، باب نۆکەر، نانکەر، سەرشۆر و... ڕا بگرە، زیاتر لە 30 کار لە بنەماڵەیەکی دەرەبەگ‌دا هەبووە. جا خۆش‌خوان و حەقایەت‌خوانیش بۆخۆی ئیشێک بووە کە لە دیوەخانی ئاغای دانیشتووە و دەستی بە هونەرەکەی خۆی کردووە. خۆش‌وێژ بۆ دڵی گشتی قسەیی کردووە، زۆر کەم وا هەبووە بۆ دڵی ئاغای قسەی کردبێ، ئەو قسەیەکی کردووە بە قازانجی هەموو لایەکی تەواو بووبێ. ئەگەر شوێنێک بۆ حەقایەتان ماڵە ئاغای بووە، شوێنێکیش چەقەخانەی مزگەوتەکان بووە کە هەرکیان یه‌گڕا باسی حەقایەت، چیرۆک و بەیتیان کردووە کە باسێک لە سەر ڕابردووی میللەتی خۆی دەکا.

هاژە: کاک ئەحمەد لە سەر ئەوەی کە بەیتەکان سینگ بە سینگ بە ئێمە گەیشتوون، بە بڕوات بەیت ئەو جۆرەی کە لە هەوەڵەوە گوتراوە هەر وەک خۆی ماوەتەوە یا لەسەر ئەو ڕاگواستنەدا گۆڕانکاری بە سەردا هاتووە؟

بێ‌گومان گۆڕانکارییان بە سەردا هاتووە، خسڵەتی شتی زارەکیی ئەوەیە، چون زار بە زار دێ، گۆڕانی هەر بە سەردا دێ. زۆر کەم وایە گێڕانەوەی ڕاستەوخۆ [نەقڵی قەولی موستەقیم] وەک خۆی بمێنێتەوە. بەڵام با ئەوەش بڵێم، ئەو شتەی کە دەگۆڕدرێ لە لایەکەوە زەرەرە، چون لە ئەسڵی سەرچاوەکەی دوور دەکەوێتەوە، بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە زۆر گرینگ نییە. بۆ نموونە "خەج و سیامەند"ێکی کە چەند ساڵ لەوە پێش ڕووی دابێ. تۆ دەبێ بزانی ئەو "خەج و سیامەند"ەی کە ئێستا لەبەر دەستە گرینگە، ئەگەر وایە دێم لە باری ڕەوانناسی، جوانناسی، زمانی،داب‌و‌نەریت و ...وە لێکی دەدەمەوە.