تاريخ: ۱۳۹۷ چهارشنبه ۵ ارديبهشت ساعت ۱۱:۳۲ بازدید: 1812      نظرات: 0      کد مطلب: 6451

هێمن و هەستی پێی مردن

سەلاحەددین ئاشتی


 
بەپێی پێداچوونەوەی زەمانی ڕابردوو، وا دیارە ڕۆژی پێنج‌شەممە ۲۸ / ۱ / ٦۵ بوو کە لەگەڵ خوابەخشیوان کاک عەلی‌حەسەنیانی و مارفاغا شێخاغایی چووینە ورمێ. هەر کەس بە شوێن کارێک‌دا؛ کاک عەلی کە وەکیل بوو بۆ دادگوستەری و منیش کە دەفتەرداری بووم بە شوێنی‌دا. دوای ئەوەی لە کاران بووینەوە، هەرسێکمان لە دەفتەری گۆواری سروە و لای مامۆستا هێمن یەکترمان گرتەوە.
لەوێ قسە و باسێکی زۆر کرا و لە گەرمەی قسان‌دا کاک عەلی حەسەنیانی کوتی مامۆستا ئاواتێکم هەیە و نەزرم کردووە ئەگەر بێتە دی، سەرلەنوێ گومبەزی "بداغ سوڵتان"ی چاک دەکەمەوە. قسەی دیکەش هاتن و ڕۆیشتن و لەو دەمەی‌دا برادەر مورتەزا - کە دواتر بە ئیسفەندیاری ڕەحیم‌مەشایی دەرچوو - کاک عەلی و مارفاغای بانگ کردنە ژوورەکەی دیکە و مامۆستا هێمن و بەندە ماینەوە.
مامۆستا سیغاری دەکێشا و کوتی دا ڕۆڵە سەلاح ئەتۆش سیغارێکی تێکە.
 کوتم بەڵێ و سیغارێکم هەڵبەست و دامگیرساند و مژێکی چاکم لێدا؛ باش بوو، نەرم بوو؛ سەرم بۆ لەقاند و کوتم خۆشە... .
 مامۆستا هێندێکی قسە کرد و وردەورده وای هێنا باداتەوە سەر قسەکانی کاک عەلی و کوتی سەلاح ئەرێ‌ لە عەلی حاڵی بووی، کوتی چی؟ 
 عەرزم کرد کێهایان؟ کوتی کوڕە ئەوەنێ کوتی گومبەزی سەر بداغ ‌سوڵتانی چا دەکاتەوە! کوتم باشە کوێی خراپ بوو؟!
کوتی ڕۆڵە ئەوە دەڵێ لە دڵم‌دایە ئەگەر هێمن مرد گومبەزی لەسەر ساز دەکەم! ئەوەندەی بزانە هێمن گومبەز و بارگای ناوێ...!
بەڕاستی هەروەک لە سەربانێکەوە بەرمدەنەوە پێم وابوو؛ چونکە بە هیچ لەونێک قسەکەی کاک عەلی هەر بۆنی بۆچوونەکەی مامۆستای لێ نەدەهات.
وەجواب هاتم و کوتم وەڵڵاهی هەر قەت ئەوەی بە دڵی‌دا نەهاتووە و لەخۆڕا بۆ وا دەفەرمووی و بێ‌بەڵا بی کوا وایە و... .
کوتی باشە با وا نەبێ؛ ئەگەر عەلی هاتەوە پێی نەڵێی. کوتم وەڵڵا هەر پێی دەڵێم ؛ ئێستا نا تاوێکی دیکە! پێکەنی و کوتی: هەی بەدفەڕ... .
کاک عەلی و مارفاغا هاتنەوە و لە سرت‌وخورتان بوونەوە و کوتیان دەی با بڕۆینەوە بۆ مەهاباد!
مامۆستا فەرمووی: عەلی گیان با سەلاح ئەوشۆ لێرە بێ، هەر ئەمن و دایە‌خانم( لە زمان خەڵک و ئێمەمانانەوە وای بە خێزانی دەگوت) لە ماڵین و بەتەنێین؛ با لێرە بێ ... .
کاک عەلی کوتی مامۆستا بەخودای لە "بۆکان"ێ پەروەندەمان هەیە و دەبێ سەلاح بێتەوە و خێرا بچێتە بۆکانێ و زوو لە دادگوستەری بێ.
مامۆستا چەندین جاری دووپات کردەوە کە نەچمەوە و سەرەنجام کاک عەلی بەناسەرسەنگی ڕووی دە من کرد و کوتی ئەگەر هەروا بێ بۆخۆم دەچم... . کوتم نابێ؛ مامۆستا گیان ئەوجار بەتەنێ دێمەوە و لێرە دەبم.
فەرمووی ئەمن دەڵێم ئەوشۆ مەچۆوە و ئەتۆ دەڵێی بۆ جارێکی دی بێ. بڕۆ دەگەڵ تۆشم نەکرد، چاوت دەرێ.
هەموومان پێکەنین و بەرەو مەهاباد بووینەوە.
لە مەودای ڕێیە بۆچوونەکەی مامۆستا هێمنم لەسەر قسەکەی کاک عەلی گێڕایەوە. زۆری پێ تێکچوو! کوتی هەی ماڵت نەشێوێ، ئەدی بۆ لەوێ نەتگێڕاوە؟
کوتم مامۆستا کوتی لێرە لێی گەڕێ... . مارفاغا کوتی کاک عەلی مامۆستا بشمرێ ئەوە سەلاحی هەیە و دەیباتە بەهەشتێ، ئەتۆ بێ‌کەسی! کاک عەلی کوتی ئەمنیش داوێنی مامۆستا هێمنی دەگرم و هەرسێکمان لێک‌هەڵنابڕێین... . وێکڕامان تێر بەم قسەیە پێکەنین... .
بەڵێ ڕۆژی جومعە‌ چوومە بۆکان و شەوێ لە ماڵی خزمێکم مامەوە و  بۆ بەیانی کاتێک وەدەرکەوتم تا بچمە دادگوستەری و کاروباری پەروەندەکە ڕاپەڕێنم، کە کاک عەلی تێیدا وەکیل بوو. لە نیزیک فەلەکەی فەرمانداری چاوم بە عەلی‌خانی ئەمیری ، کوڕی کاک فەتاحی ‌ئەمیری و موحسینی ئەمیری، خوشکەزای کاک فەتاح کەوت، کە دیار بوو لە مەهابادەوە هاتبوو. دوای‌ چاک‌وخۆشی لەگەڵیان، کوتم موحسین ئەوە چۆنە لێرەی؟ ئەویش تازەلاوێک بوو زۆری لە دەربڕینی ئەو خەبەرانە نەدەزانی، بۆیە کوتی وەڵڵا لەبەر خاڵۆژنم هاتووم چونکە مامۆستا هێمنی مامی مردووە!
 (لە دەروونی خۆم‌دا هارووژام: ئەی هاوار! ڕوح لە جێیەکی سەخت‌دایە و نایەتە‌دەر!)
کوتم موحسین گیان تازە هەتا دوای ‌نیوەڕۆیە لەکنی بووین، هیچی نەبوو.
کوتی بەڵێ ڕاستە؛ دوێنێ‌‌شەوێ سەکتەی کردووە!
نازانم چۆن چوومە دادگوستەری و چۆنم کارەکە ڕاپەڕاند. بەهەڵەداوان خۆم گەیاندە ماڵی مامۆستا حەقیقی هەتا خەبەرێکی ئەسەحم وەگیر کەوێ. کە دەروازەیان لێ کردمەوە و لە ژوورەکەی مامۆستام ڕوانی و دیتم چەند کەسێکی لێیە، بەندی جەرگ‌ودڵم پسا. چوومە ژوور و سڵاویان ئەستاندمەوە و قسەی دیکەم بۆ نەکرا.
مامۆستا حەقیقی دواندمی. هیچم بۆ نەکوترا. نوتقم بەسترابوو!
شەربێکیان ئاو بۆ هێنام و پاش تاوێک ئەهوەن بوومەوە و تەواوی نەقڵی دیدارەکەم بۆ گێڕانەوە. 
مامۆستا فەرمووی دە دڵی چەقیوە بۆیە قسەکەی کاک عەلیی وا لێکداوەتەوە و کوتووشێتی ئەتۆ لەوێ بی. جارێ مەعلوومیش نییە خەبەرەکە چۆنە، ئەوە ڕاوەستاوین بزانین ماڵە سوڵتاناغای شێخاغایی
جوابمان دەدەنەوە کە هەتا کوێی ڕاستە؟! ڕاست لەو قسانە‌دا بوو وڵامیان دایەوە و کوتیان هێمن کۆچ‌وباری لێ‌ناوە و خەبەرەکە تەواوە.
بێدەنگییەک وەکوو مەرگ بەسام باڵی بە سەر وەتاغەکەی مامۆستا حەقیقی کێشا و خەمێکی لێڵ پۆنگاوی خواردەوە... .
ماوەیەک پێ‌چوو؛ مامۆستا فەرمووی ئەوە سروەی ژمارە چواریش هاتووە و خۆ لەوێش‌دا هەر باسی نەمانی هێمنە! دا ڕۆڵە سەلاح بیخوێنەوە.
سەیر ئەوەیە لەو غەزەلەی مامۆستا هێمن تەنیا دوو بەیت چاپ کرابوو کە دەستم پێکرد: 
گەلێکم ڕۆژگاری تاڵ و شیرن ڕابوارد، ئاخۆ
مەرگ مەودا دەدا دیسان ببینم سەردەمێکی تر؟!
بەیتەکەی دیکەم بۆ نەخوێندرایەوە و لە بانگێم دا و کردم بە بابەڕۆ و هەموو وێکڕا بەدووم‌دا لە قوڵپی گریانیان دا... .
قەتم نەپرسیوە ئەرێ مەرگی "هێمن"ی چەند ساڵی بە سەردا تێپەڕیوە! چونکە هەتا ئەوێ ڕۆژێ گڵەبانی چاوم دەکەن و هەتا یادی بکرێ تەرمەکەیم لە بەر دەستییە و هێشتا لە دارەتەرمیم هەڵنەبەستووە. وام داناوە وێکڕا بنێژرێین؛ هەرچی هەمە لەوی‌ڕایە، ناهەقم مەگرن.
ڕوحی هەمیشە شاد بێ، سەت‌ هەزار هێندەی خەمەکانی. 
                                                             
---------------------------------------------------
تێبینی: 
     ڕۆژی ۲۸ / ۱ / ۱۳۹۵ ئەم بیرەوەرییەم نووسیوە و ڕۆژی هەینی۱۷/ ۱ /۹۷ لەسەر ویستی حەوتەنامەی "ئاڵا" لە شاری سنە، پێی‌داچوومەوە و ئامادەم کرد بۆ چاپ. کاک خوسرەو مەعرووفی دەڵێ وەک لە بیرم مابێ، شەوی پێنج‌شەممە لەسەر جومعە ۲۹ /۱ / ٦۵، مامۆستا هێمن کۆچی‌دوایی کرد و ئێوارەی ڕۆژی هەینی لە مەهاباد نێژرا و لەگەڵی هاوڕام. بەڕێزیان زۆری یاریدە دام بۆ ڕوون بوونەوەی ئەم نووسینە و پڕ بەدڵ سپاسی دەکەم.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد