تاريخ: ۱۳۹۷ دوشنبه ۱۴ خرداد ساعت ۱۱:۱۶ بازدید: 1885      نظرات: 0      کد مطلب: 8593

بە کوردی و بە کورتی لەمەڕ زمانی کوردییەوە

لەیلا ساڵحی



یادادشتی رۆژنامەنووسێکی خاتوونم خوێندەوە لەسەر مەترسی تێداچوون و کز و لاواز بوونی زمانی کوردی و هەڵبەت گرینگی زمانی زکماکی. ئەو هاوڕێیە لە پێش دا بە زمانی شیرینی فارسی باسی ئەوەی هێناوەتە ئارا کە زمانی کوردی چەندین زاراوەی هەیە و هیچ کام لە زاراوەکان یەکتر بە سووک و بێ بایخ نازانن و ئاخێوەرانی زاراوەکان شانازی بە زاراوەی خۆیانەوە دەکەن. تا ئێرەی بابەتەکەی شتێکی ئاساییە و هیچ کێشەی لەسەر نییە، ئەگەرچی ئەگەر نووسینی ئەو هاوڕێیە لە یادداشت تێپەڕیبا و روویەکی زانستی هەبووبا، دەبوو وردتر و قووڵتر باسی گرینگی و هاوشێوەیەی و جیاوازی کەم یان زۆری زاراوەکانی کردبا و هۆکاری ئەو شانازی کردنەشی شیکردباوە. بەڵام دیارە لە یادداشتێک دا کە ئاوڕێکی راگوزەری لە بابەتێک دراوەتەوە لەوە زیاتر پێویست ناکا. ئەوەی بۆ من جێگای باس و لێوردبوونەوەیە ئەوەیە کە بریا ئەو هاوڕێیەمان یادداشتەکەی بەر لە هەموو شتێک بە زمانی کوردی نووسیبا؛ چون کەڵکەڵەی ئەو یادداشتە بەر لەهەموو شتێک وەبیرهێنانەوەی ئەو کێشەیەیە کە بیری ئەوی هەژاندووە، ئەویش لەبیر کران و پشت گوێ خرانی زمانی کوردی لە لایەن بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگا و بە تایبەت ژنانەوە و وەکی لە یادداشتی ئەو هاوڕێیەدا دەردەکەوێ لە رەوتی ئەو پشت گوێخستن و لە بیر بردنەوەی زمانەش دا، ژنان رۆڵی سەرەکییان هەبووە و منداڵەکانیان هان داوە بەرەو ئەوەی بە زمانی نەتەوەی سەردەست قسە بکەن.

لە لایەکی دیکەشەوە باسی چەند هۆکار و ماکەی شوناس سازی دیکە و یەک لەوان جل و بەرگی کردووە و گۆیا ئەو ماکە شوناس سازەش لە بیر کراوە و ئێستا جگە لە بۆنە و هەندێک شوێنی تایبەت کەڵکی لێ وەرناگیرێ و لەبەر ناکرێ.

ئەو بابەتەش لە دوو بارەوە جێگای سەرنج و ئاوڕ لێدانەوەیە. و لە درێژە دا باسێکی کورتی لەسەر دەکەم.

ئەوەی کە زمانی زکماکی و بۆ ئێمەی کورد، زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە گرینگن و یەکێک لە هۆکارە گرینگەکانی ساز کردنی ناسنامەی ئێمەن هیچ شکی تێدا نییە و بەخەمەوە بوونی ئەرکی هەموو نووسەر و رۆژنامە نووس و رۆشنبیرێکە. لەو بەشەدا تەنیا دوو بابەت پیویستە لەنگەری لەسەر بگیرێ. یەکەم ئەو دیاردەیەی کە لەو یادداشتە دا باسی کراوە دەبوو نووسرابا لە کام ناوچەی کوردستان وایە و لە کوێ و ئاخێوەرانی کام زاراوە منداڵەکانیان فێر دەکەن بە زمانێکی بێجگە لە زمانی کوردی بدوێن. ئەو پرسیارەش بۆیە دەکەم کە بڵێم ئەگەر کێشەیەکی وا لە ناوچەیەک هەیە بۆ دۆزینەوەی رێگا چارە راست دەبێ رەخنەکە ئاراستەی ئەو بەشە بکرێ بۆوەی رێگا چارە لەو بەشە لە کوردستان دا لە لایەن چالاکان و نووسەران و ... بدۆزرێتەوە. چون ئەو کێشەیە بۆ وێنە لە موکریان و هەوشار و بەشێکی زۆر لە کوردستانی ئەردەڵان و ... دا لانی کەم تا ئێستا نەدیتراوە. لە لایەکی دیکەوە ئەگەر لە بەشێکی کوردستانیش رەوتێکی وا لە رابردوو دا هەبووە، بە رای من لە دوو دەیەی رابردوو دا رەوتی شوناس خوازی و ئاگاداری لە بنچینە و شوناسی نەتەوەیی ئەوەندە بەرەو سەر هەڵکشاوە کە ئاستی ئەو دیاردەیەی هێناوەتە خوارێ. ئەوەش هەم ئاکامی کاریگەری راگەیەنە گشتییەکانە و هەم زۆر فاکتەری سیاسی ناوخۆیی و ناوچەیی کە ئاماژە پیکردنیان نووسینەکەی منیش لە یادداشتێک کورت لادەدا هەر بۆیە کورتی دەبڕمەوە و پێم وایە کۆی ئەو هۆکارانە بوونەتە هۆی کەمتر بوونەوەی داگەڕان بەرەو شوناسی زمانی نەتەوەت سەردەست.

ئەگەرچی ئەو راستییەش بۆ حاشا نابێ کە بەشێک لە تاکی ئەو نەتەوەیە لە بەرابەر شوناسی زمانی نەتەوەی سەردەست ئاگادارنە یان نابەئاگایەنە سەربەخۆی زمانیی خۆیان بەرە لاوازی بردووە و خۆیان بە دەستەوە داوە، بەڵام رادەی ئەوانە لە چاو ئەوانەی وەخۆهاتوونەتەوە بە رای من زۆر زۆر کەمترە. بەڵام چون بەڵگەیەکی توێژینەوەی مەیدانیم لەبەردەست دانییە کە قسەکەمی پێ بسەلمێنم دەتوانم ئاماژە بە نووسرانی دەیان و سەدان بەرگ کتێبی کوردی بە زاراوەکانی گۆرانی و کەڵوڕی و هەورامی و.... هەر لەچەند ساڵی رابردوو دا بکەم و هەروەها دەرچوونی دەیان حەفتەنامە و گۆڤار و ... هەموو ئەو راستییە دەسەلمـێنن کە لەو ناوچانەش کە کەمتر نووسین وخوێندنی کوردی باو بووە رەوتێکی دیکە وگوتارێکی نوێ لە ئارادیە کە رۆژ لە گەڵ رۆژ خەریکە پەەدەستێنێ و دیارە ئەگەر ناکارامەیییەکیش لە ناو تاقمێک دا هەیە دەبێ باسی بکرێ و ئەو شەپۆلە نووسینە بە هێزەی زمانی کوردی لەو ناوچانەش بدیترێ و پشتگیری بکرێ.

تا ئێرەش هەر ئەوەندە گوترا کە هەموو ناوچەکان بەیەک رادە ئەو کێشەیەیان نییە و ئەو ناوچانەش کە پێشتر لە ژێر گوشاری زمانی سەردەست دابوون ئێستا بە هۆی ئاگاداری نەتەوەییەوە  و بە کەرەسەی و ئیمکانی میدیایی و بڵاڤۆکەکانەوە ئێستا ئەو گوشارە لەسەریان کەمتر و زاراوەکەیان روو لە گەشانەوەیە.

بەڵام هەموو ئەوانەش کەڵکەڵەی ئەو هاوڕێیەمان داناپۆشی و دیسان کەڵکەڵەی بۆ ئەو بەشە دەتوانین بڵێین بە جێیە. بەڵام بە شێوەی ورد کەشی کێشەکە و شوێن و رادەکەی دەست نیشان نەکردووە. لە لایەکی دیکەوە خستنە رووی بابەتەکەی خەسارێکی دیکە بەرۆکی دەگرێ ئەویش ئەوەیە کە ئەو هاوڕێ ئازیزە لە دەست نیشان کردنی هۆکارەکان دا بە رای من دروستی بۆ نەچووە . هۆکاری لە بیرکران و پشت گوێ خرانی زمانی کوردی لە ئێستا تەنیا ژنەکان نین. لە کۆمەڵگای ئێمە دا لە هیچ کوێ نەماندیوە ژنان دیاریکەری کایەی زمانی لە ماڵ و کۆمەڵگا بن هەر وەکی پیاوانیش رەنگە لە ئێستا دا بە تەنیا ئەو دەستەڵاتەیان نەبێ. بەڵکوو ئەوە ئاوێتەی کلتووری و پێکهاتەی هەر کام لەبەشەکانی کوردستانە کە جاری وایە کایەیەکی سیاسی و کولتووری زاڵتر دەکا و دەبێتە هۆی برەوی گوتارێک و... کە وایە ئەگەر کێشەیەک هەیە هەم پیاوان و هەم ژنان تێیان دا شەریکن و کێشەی زمانیش هەروەتر. بۆچێ؟ چون دیسان دووپاتی دەکەمەوە لە بەشێکی کوردستان بە دەیان شارەوە کە من تێیدا ژیاوم و هەڵس و کەوتم بووە دیاردەیەکی وام نەدیوە و ئەگەریش لە شوێنێک ئەو دیاردەیە هەبێ ئەوە هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا بەیەک رادە تێی دا بەشدارن. ئەگەر گوتاری سەردەست بە هۆکاری ئایین و مەزهەب و باری ئابووری و... لە شوێنێک داسەپا هەر دووک رەگەزی نێر و مێ ئەو گوتارەیان وەرگرتووە و پێچەوانەکەشی هەر دروستە. ئەو هەویرە ئاو زۆر هەڵدەگرێ و لە داهاتوو دا رەنگە زیاتری لە سەر بنووسم. بوونی دەیان و سەدان ژن و کچی نووسەر و وەرگێڕ و توێژکار لە بۆکان و سابلاغ و سنە و هەولێر و کۆبانی و ئامەد و... رەوتی روو لەگەشەی زمان بە دەست ژنانیش نیشان دەدەن. رەوتێک کە لە مەستوورەی ئەردەڵانەوە دەستی پێکردووە و تا ئێستاش درێژەی بووە. 




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد