تاريخ: ۱۳۹۷ چهارشنبه ۲۷ تير ساعت ۱۰:۳۲ بازدید: 1526      نظرات: 0      کد مطلب: 9815

له پیرانشار کوڕێکی ڕێزلێنان بۆ هونه‌رمه‌ند "ڕەسووڵ بانگین" بەڕێوە چوو


کۆڕی ڕێز لێنان لە شانۆنامەنووس، دەرهێنەر و نووسەر "ڕەسووڵ بانگین" لە ژێر ناوی  "شانۆ و شوناس" لە کافەکتێبی ئەندێشە (پیرانشار) به‌ڕێوە چوو.

لە درێژەی‌ بەرنامە کلتوریەکانی کافە کتێبی‌ئەندێشە دا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ۲٥ی پووشپەڕی ۱۳۹۷ی هەتاوی، بە ئامادەبوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە هونەردۆستان و هونەرمەندانی شانۆ کۆڕێکی ڕێزلێنان بۆ شانۆنامەنووس، دەرهێنەر و نووسەری ناسراوی کورد، "ڕەسووڵ بانگین" لە ژێر ناوی "شانۆ و شوناس" لە هۆڵی کافەکتێبی ئەندێشەی پیرانشار بەڕێوەچوو.

سەرەتا چەند پارچەیەک لە شانۆی "دوایین ئاوازی بای شەماڵ" لە دەرهێنانی ڕەسووڵ بانگین و بە نواندنی هونەرمەندان: "کەیهان حوسێنی" و "سارا محەممەدی" پێشکەش بە ئامادەبوان کرا و سەرنجی هەموانی ڕاکێشا.

دواتر بەڕێز "ئەنوەر ئاریامەنێش" پێشکەشکاری کۆڕەکە وێڕای بەخێرهێنانی میوانان ڕیزی بەرنامەکانی ڕاگەیاند و داوای لە کاک "تاهیر حوسێنی" کرد پەیامی کافە کتێبی ئەندێشە پێشکەش بە کۆڕ بکات.

پەیامەکە وێڕای ئاماژە بە ئامانجەکانی دامەزراندنی کافەکتێب، لەگەڵ گەشتێک بەنێو مێژووی شانۆی کوردی، ڕۆڵی هونەرمەندانی ئەو بوارەی لە زیندووڕاگرتنی ئەو هونەرە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرزنرخاند. هەروەها وێڕای شیکردنەوەی گرینگایەتی کارەکانی ڕەسووڵ بانگین، پێکهێنانی کۆڕی ڕێزلێنان لە هونەرمەندانی وەک دەرفەتێکی زێڕین بۆ هەموان زانی تا وێڕای ڕێزلێنان لە خەبات و تێکۆشانیان دەرفەتێکیش بڕەخسێنن بۆ گواستنەوەی ئەزموونە بەنرخەکانیان.

لەدوای خوێندرانەوەی پەیامی کافەکتێبی ئەندێشە، ڕەسووڵ بانگین وێڕای سپاس لە پێکهێنەرانی ئەو کۆڕە، کورتەیەک لە ژیاننامە و چالاکی و بەرهەمەکانی باس کرد و دواتر گرینگی شانۆی لە دونیا و لە کۆمەڵگای کوردستان شی کردەوە و بەتایبەت جەختی کردەوە لەسەر ڕۆڵی "شانۆ" لە پێکهێنانی "شوناس". هەروەها چەندین ئامۆژگاری بەنرخی سەبارەت بە ڕێگەکانی پێشکەوتنی شانۆ بەتایبەت لە پیرانشار پێشکەش کرد.

دواتر "سامی حەبیب‌پەنا"، بەرپرسی ئەنجومەنی شانۆی پیرانشار، وێڕای ستایشی هونەری ڕەسووڵ بانگین، مزگێنی وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی ئەنجومەنی شانۆی پیرانشاری ڕاگەیاند و کورتەیەکی لە مێژووی شانۆ لە پیرانشار باس کرد. هەروەها سپاسی کاک ڕەسووڵی کرد بۆ بەڕێوەبردنی وۆڕک‌شۆپی سێ ڕۆژەی شانۆ بۆ هونەرمەندانی پیرانشار.

لە بەشێکی دیکە لە بەرنامەکە دا دکتۆر "ئومید پەیڕەوی ئیسلام" دە چەند وتەیێکدا ڕۆڵی ڕەسووڵ بانگینی بەرزنرخاند و تیشکی خستە سەر تایبەتمەندیەکانی کاری ئەو هونەرمەندە بەڕێزە.

هەروەها باسێکی لەسەر "سایکۆدڕام" پێشکەش کرد.

لەکۆتاییدا گرینگی هاوکاری و لێک نزیک بونەوەی شانۆکارانی شارە کوردەکانی لە پێشخستنی شانۆ وەبیرهێنایەوە.

لە درێژەی بەرنامەکەدا. هونەرمەند "کوروش ئینتزاری" وێڕای باسێک لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی ڕەسووڵ بانگین، وڵامی چەند ڕخنەیەکی دایەوە لەسەر شانۆنامەکانی مامۆستا.

دواتر کۆڕێکی پرسیار و وڵام پێکهات کە ئامادەبوان چەند پرسیارێکیان ئاراستەکرد و بەڕێزان ڕەسووڵ بانگین و دکتۆر ئومید پەیڕەوی ئیسلام وڵامیان دایەوە و کەشێکی دیالۆگ و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەگەڵ میوانان خوڵقاند.

لە کۆتایی بەرنامەش دا بۆ بەرزنرخاندنی چەندین ساڵ تێکۆشانی بێوچانی ڕەسووڵ بانگین لە خزمەت بە هونەری شانۆی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وێڕای ڕێزلێنانی تایبەت، تەندیسی ڕێزلێنانی کافەکتێبی ئەندێشەی پیرانشار پێشکەش بە جەنابیان کرا.






ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد