تاريخ: ۱۳۹۷ دوشنبه ۸ مرداد ساعت ۱۱:۱۶ بازدید: 1933      نظرات: 0      کد مطلب: 9889

شێتییەتی پیرۆز و کێشەی ئیمان

کاوان محەممەدپوور



«ئەگەر کەسێک بەشوێن من کەوێت و لە باوکی، لە دایکی، لە خێزانی، لە مناڵەکانی، لە براکانی، لە خوشکەکانی و تەنانەت لە ژیانی خۆشی نەفرەتی نەبێت، ناتوانێت شوێن کەوتووی من بێت».(ئینجیلی لۆقا. ١٤:٢٦).

بەر لەوەی بێمە سەر باسی شانۆنامەی (ماڵ بە کۆڵ) بە پێویستی دەزانم هەندێک لەسەر چەمکی ئیمان و گرفتەکانی لە لایەن سۆرێن کیەرکێگارد (Kierkegaard) و فەلسەفەی مەسیحی بدوێم. ڕەنگە لە هەنگاوی یەکەم دا وەها بنوێنێت باس کردن لەو چەمکە و پێوەندی ئەو بە شانۆی (ماڵ بە کۆڵ) کە لە ڕواڵەتدا شانۆیەکە کە باس لە گرفتە کۆمەڵایەتییەکان دەکا هەندێک نامۆیە. ئەم ڕوانگەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە دیزاینی سەحنە و تەنانەت هەڵسووکەوتی کاراکتێرەکانی ئەم شانۆیە، زیاتر لەوەی باس لە (کێشەی ئیمان) بکەن، گرفتە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت ئەو نەهامەتی و خەسارانەی لە بنەماڵە و لە لایەن (باوک)ەوە پێش هاتووە باس دەکا. ئەمە ڕواڵەت و لایەنی سەرەکی ئەم  شانۆیەیە. هەمیشە لە بەرهەمە هونەریەکاندا شتێک لەو دیوەی پەردەوە حەشاردراوە کە تەنیا بە تاوتوێی کۆدەکانی دەتوانی مانا شاراوەکانی بدۆزینەوە، یان لانیکەم مانایەکەی نوێ و جیاواز لە مانا ڕواڵەتییەکەی ساز بکەین، لە شانۆی (ماڵ بە کۆڵ)دا، ئێمە لەسەرانسەری شانۆدا لەگەڵ نیشانەگەلێک لە خودا، ڕزگاری، شێتی، تاراندن و تەنیایی بەرەورووین کە گشتیان دەتوانن لە بازنەیەکدا بە ناوی (کێشەی ئیمان) کۆ ببنەوە و مانایەکی جیاواز لە کارکردی سەرەکی شانۆ بۆ بەردەنگ ڕوون کەنەوە، ڕەنگە هیچ چەمکێک بە ڕادەی چەمکی ئیمان لەلایەن فەیلەسووفانی ئیلاهی-ئۆرووپی تاوتوێ نەکرابێت. گرینگی ئەم باسە دەگەرێتەوە سەر باسێکی مێژووی ئۆرووپا و تەنانەت مێژووی زانستی ئەو وڵاتە کە من لەو وتارە کورتەدا باسی لێوە ناکەم و تەنیا دەپەرژێمە سەر ئەو لایەنەی کە کیەرکێگارد، فەیلەسووفی دانمارکی لە یەکێ لە کتێبەکانی ئاماژەی پێدەکا.

کیەرکێگارد لە کتێبی بەناوبانی خۆی (نیگەرانی و دڵەڕاوکە)دا باسێکی درێژخایەن لەسەر قوربانی کردنی ئیسحاق(١) لەلایەن باوکی واتە ئیبراهیمی پێغەمەبەر دەکا. ئەو ئیبراهیم وەکوو (باوکی ئیمان) دەناسێت و باس لەوە دەکا هیچ ڕوانگەیەکی مۆڕاڵ (ئەخلاقی) و عەقڵانی ناتوانێ دان بە ئاکاری ئیبراهیم لەمەڕ مناڵەکەی دانێت و وەکوو کردەیەکی ئەخلاقی یان تەنانەت عەقڵانی پاساوی بۆ بێنێتەوە. ئیبراهیم لە سەفەری سێ رۆژەی بە کێوی (موریا) چەشنێک لە نیگەرانی و دڵەڕاوکە ئەزموون دەکا کە لە بەراوردی ئەزموونی ئاسایی ژیان شتێکی بێ وێنەیە. بریاری ئێبراهیم بۆ قوربانی کردنی مناڵەکەی لە هیچ ڕوانگەیەکی ئەخلاقی دا پەسەند ناکرێت، هەر بۆیە پێغەمبەر ئاکارێکی دژە ئەخلاقی دەنووێنێت. دژە ئاکارێک کە رێک لەمەڕ خۆشەویستی (ئیسحاق) دەوێستێت، لێرەدایە کە ڕەدکرنەوەی ئەخلاق لە لایەن ئیبراهیم چەشنێک لە ژڤەرئەخلاقە (فرا اخلاق)، واتە ئەخلاقێک کە ئاستی بەرزترە بە بەراوردی ئەخلاقی ئاسایی مرۆڤ. بە گێڕانەوەیەکی تر ئیبراهیم بۆخاتری خۆشەویستییەکی گەورەتر واتە خۆشەویستی خودا ئەم کارە دەکا، ئەم کردەیەی ئیبراهیم لە لایەن خەڵکی ئاسایی وەکوو کردەیەکی ناشیرین دەنوێنێت و ڕەنگە کەس توانای ئەوەی نەبێت بیریشی لێوە بکا. کیەرکێگارد دەڵێت: «بۆ زۆربەی خوێنەران و بیسەرانی چیرۆکی ئیبراهیم دەرئەنجامی چیرۆکەکە گرینگە، واتە کاتێک ئیبراهیم، ئیسحاق قوربانی ناکا و ڕووداوەکە بە خۆشی کۆتایی دێت، بەڵام لەو چیرۆکەدا ئەوەی جێگەی سەرنجە نە دەرئەنجامی چیرۆک، بەڵکوو سێ ڕۆژ سەفەری ئیبراهیم و ئیسحاق بۆ کێوی (موریا)یە». ئیبراهیم لەم سێ ڕۆژەدا بەردەوام لەگەڵ چەشنێک لە دڵەڕاوکە و نیگەرانی بەرەوڕوویە کە بەشێوەی ئاسایی و هەمیشەیی لە ژیانی مرۆڤدا بوونی نییە، دۆخێکی پڕ مەترسی و تاقەت پڕووکێن، بەڵام ئیبراهیم دەست لەم کارەی ناکێشێتەوە و لەسەر ویستی خۆی سوورە، ویستێک کە بەردەوام ئازاری دەدات و عاقڵانە نانوێنێت. کیەرکێگارد دەڵێت:«بەڵام کێشەی ئیمان، کێشەیەکی عەقڵانی نییە». کەواتە ئیمان و کردەی ئیمانی ناکرێت بە عەقڵ پاساوی بۆ بێنینەوە. ڕەنگە ئاماژە بە ڕستەیەکی یۆنانی کەونینە باسەکە ڕوونتر بکاتەوە، یۆنانییە کۆنەکان بە ئاکاری ئیمانیان دەکووت (شێتی خودایی) یان (شێتایەتی پیرۆز)، واتە کەسێک کە تەواوی بوونی لە ئیماندا سارێژە، وەکوو شێتێک لەمەڕ خودا دەنوێنێت. کەواتە هیچ ئاکاری کەسایەتییەکی ئیماندار ئاکاری عەقڵانی و پەسەندکراوی کۆمەڵایەتی نییە. ئەو لەمەڕ خواستی خودا-دا بەتەوای تەسلیمە و هیچ پاساوێکی عەقڵانی و مەعرفی بۆ کردە و شێوەی خۆیی پێ نییە، لێردا کیەرکێگارد دەڵێت: «تەنانەت ئەگەر لە ئیبراهیم پرسیار بکرێت بۆ وەها دەکەی؟ ڕەنگە تەنیا بڵێت ئەوە تاقیکاری خوداییە».  

ئەگەر بەم پێی لەسەر کەسایەتییەکانی شانۆی (ماڵ بە کۆڵ) بە تایبەت کاراکتێری پیاو بدوێن، تەنیا لە ڕواڵەتدایە کە پیاو تووشی چەشنێک لە نەخۆشی دەروونی پاڕانۆیا بووە، کەسایەتییەک کە خۆی وەکوو پێغەمبەر دەناسێت و وەها هەست دەکا کە نوێنەری مرۆڤە بۆ ڕزگاری کردنی، ئەو لەمەڕ ژنەکەی ئەکتێکی ئیبراهیمی دەنوێنێت و قسەکانی وەکوو عیسا مەسیح دەچێت. تەنانەت خێزانی بە مریەم (مەجدەلییە) نێو دێنێت. لە تەواوی شانۆدا ئەم کەسایەتییە، هیچ کات لە جەستەی پێغەمبەری خۆی نایەتە دەر مەگەر ئەوە کاتانە کە خەریکە بیرەوەریەک کایە دەکا. بۆ هەر دووک کەسایەتی-ژن و پیاو- (باوک) وەکوو هێمای سەرکووت کردن خۆ دەنوێنێت. هێمایەک کە بۆتە دەرئەنجامی ڕەشی و نەهامەتی ژیانیان. جیاوازی دەرکی ئەم دوو کەسایەتییە لە باوک، دەگەرێتەوە سەر خواستی ئەم دووانە لەمەڕ (ژیان) و (مەرگ)ەوە. پیاو ئیرادەی خوڕکراوە لەسەر مەرگە، واتە خواستی بەرەو مەرگە و خۆی لە تەواوی ژیان تاراندوە، بەڵام ژن هێمامی سەرەکی ژیانە، خواستی ژیانە. ئەم دوو ئیرادە جیاوازە بەتایبەت لە کاتی هاتووچۆی ماشێنەکان بە سەر پردێک کە ئەوان لە ژێریدا ژیان دەکەن بەرچاوە. پیاو لەو کاتەدا دەست دەکا بە جنێو و قیڕە، بەڵام ژن بە دەم پێکەنینەوە سڵاو لە شۆفێرەکان دەکا، لە لایەکەوە ژن لە هەوڵی زیندوو ڕاگرتنی مناڵی ناو زگی دایە و بەڵام پیاو لەگەڵ مناڵ بوون تەواو کێشەی هەیە.

 شێتی ئێمان وەها لە ناو جەستەی پیاودا قڕتەماغەی بەستووە کە بە هیچ ڕوو نایهەوێت خۆی لە قەرەی ژیانی ئاسایی بدات. کەسایەتییەکی تاراندراو لە ژیان. تەنانەت جێگۆڕکەی ناوی (ئیسماعیل) و (مریەم مەجدەلییە)، لە درێژە بوونی ئیمانێکی مێژوویی قسە دەکا. پیاو خێزانەکەی بە ناوی مریەم مەجدەلییە-ئەو ژنە سۆزانییەی کە مەسیح ڕزگاری دەکا- ناو دێنێت بەڵام ئەکتێکی ئیبراهیمی لە بەرهەمبەری دەگرێت، واتە لە فیکری قوربانی کردنی ژنەکەیەتی چوون ئەم کارە بە تاقیکای خودا دەزانێت. لێرەدا مانای عەشق بە چەشنێکی تر لە ناو شانۆکەدا خۆ دەنووێنێت. وەها پێویستە بۆ ڕوونکرنەوەی ئەم باسە جارێکی تر چیرۆکی ئیبراهیم و چیرۆکی مەسیح و مریەم مەجدەلییە بێنەوە بیرمان.

 ئیبراهیم لە پاش چەندین ساڵ مناڵێکی دەبێت، ئەم مناڵە گشت عەشق و خۆشەویستی ئیبراهیمە، بەڵام لەمەڕ فەرمانی خواوەند تەسلیم دەبێت و قەبووڵ دەکا کە کوڕەکەی قوربانی بکا، واتە بەرەو (مەرگ) هەنگاو هەڵدێنێت، بەڵام لە چیرۆکی مەسیح و مەجدەلییە، مەسەلەی عەشق تا ڕادەیەک بە پێچەوانەی چیرۆکی ئیبراهیم دەبێتەوە. مەسیح، مریەم لە مەرگ ڕزگار دەکا واتە ڕوو لە (ژیان) دەکا،- بە گێڕانەوەیەک مریەم عاشقی مەسیح دەبێت-. بەڵام هەر دووک لە چەمکی ژیانی (نوێ)دا هاوتەریبن. هەم مریەم و هەم ئیسماعیل لە پاش ڕزگاری لە مەرگ، ژیانێکی نوێ دەست پێدەکەن. لە شانۆی (ماڵ بە کۆڵ)دا، کایەیەکی مانایی بەم دوو چیرۆکە لە کەسیەتی ژن‌دا بوونی هەیە. ژن لە جێگەیەک مریەم مەجدەلییەیە و دەبێتە هێمای عەشق، لە جێگەیەکیش ئیسماعیلە و دەبێتە هێمای خواستی خواوەند بۆ قوربانی بوون (واتە چەشنێکی دیکە لە عەشق). ئەم گەمە تا کۆتایی شانۆ و ئەو جێگەیەی ژن مناڵی دەبێت بەردەوامە. مناڵ نیشانەی ژیانی نوێیە، بە هێماکردنی (ژین/مناڵ) لە سەرانسەری دیالۆگەکانی ژن بە ڕوونی دەبینرێت، بەڵام پیاو بە هۆی ئیمانێک لە چەشنی ئیبراهیمی/مەسیحی، بەر هەڵستی گشت خواستەکانی ژیان دەبێتەوە، تەنانەت لە «ژیانی خۆشی نەفرەتی» هەیە و لە ویستی ئەوە دایە خۆی بکووژێت. تەنیا پەشۆکاوی پیاو لەمەڕ ماندووی جەستەی ژنە کە واز لە خۆ کوژی و ئەویتر کوژی دێنێت-لە کۆتایی شانۆدا ژن بە هۆی ماندوویی، خەو/مەرگ ئەیباتەوە، خەو یان مەرگ کۆتایی ژیانی پێشوویە و خەبەر لە داهاتوویەکی نوێ دەدات -. خۆشەویستی ژن پێش بە شێتی ئیمانی پیاو دەگرێت، یان لانیکەم تا ڕادەیەک ئەم شێتییە ئەهوەن دەکاتەوە، لە دەرئەنجامدا گریانی مناڵ کۆتایی ئەم گەمە مانایە و دووایی هاتنی شانۆیە.

ئەگەر لە وەرگێڕانی کوردی ئەم شانۆیەدا سرنجی زیاتر بە لەحنی کەسایەتییەکان درابایە، ڕەنگە شانۆیەکی باشتر لەوەی بەنمایش دەرهات ببیندرایە، کێشەی بنەڕەتی دەگەڕێتەوە سەر نەبوونی (زمانی گێڕانەوە) و جیاواز ئەم زمانە لەگەڵ زمانی ئاخافتنی رۆژانە و زمانی وتار نووسین یان زمانی شاعیرانەی کوردی. نە پارستنی لەحنی کاراکتێرەکان لە وەرگێڕانی کوردی ئەم شانۆیە بۆتە هۆی ئەوەی جیاوازی مانایی و گەمەی زمانی کەسایەتییەکان-بەتایبەت پیاوکە کاتێک دەچێتە جەستەی پێغەمبەرەوە- زۆر ڕوون نەبێت. تەنانەت لە چەند شوێن لەحنی کەسایەتی ژن و پیاو وەک یەک دەچێت و هەست بە گوتاری جیاواز لە نێوان ئەو دوو کەسە ناکەیت. بۆشایی ئەم لەحنانە تەنیا بە بازی تەکنیکی دوو بازیگەر بوو کە دەبایە پڕ بێتەوە.

ئەکتەری ژن (ئەسرا کاکەڕەش)، تا ڕادەیەکی بەرچاو توانی ڕۆڵی ژنێکی لێقەوماو بێکەس، بەڵام بە خواستی ژیانەوە کایە بکات. بەردەوام گۆڕینی شێوەی کایە و بەکارهێنانی تۆن و لەحنی جیاواز لە کاتی دڵەڕاوکە و جەخت کردنەوە لەسەر وشەگەلێک وەکوو: باوک، عەشق، مناڵ، بە باشی لە

 کایەی ئەکتەری ژن دیار بوو، لە زۆربەی شوێنەکان کاتێک بیری مێردەکەی دەهێناوە کە، (تۆش مرۆڤێکی ئاسایی بەڵام نەهامەتی ژیان بەم دۆخەی گەیاندووە) بە ڕوونی لەسەر کردەی جەستە و شێوەی بەکار هێنانی دیالۆگەکانی دیار بوو، هەر بۆیەش بەردەنگ بە ساکاری ئەیتوانی پێوەندی بە کایەیی ژنەوە بگرێت. ژنێک کە هێمای عەشقە، بەڵام هاوکات ڕووبەڕووی قوربانی کردنی دەوێستێت، ئەم قوربانی کردنە نە تەنیا هەر بە چەقۆی دەستی مێردەکەیەتی، بەڵکوو لە دەست درێژی باوکی و ژیانی سەرشەقامدا، بەردەوام بۆی دووپات دەبێتەوە. ڕەنگە، ئەگەر درهێنەری ئەم شانۆیە، خۆی وەکوو ڕۆڵگێر دەوری لەناو شانۆکەدا نەبایە، کایەی (کاکەڕەش) زیاتر بەرچاو بایە. دەرهێنەر (ئوومید خاکپوور) تا ڕادەیەک بازی کاکەڕەش ژێر ڕکێفی خۆی دەگرت و بە تەواوی مەجالی نەدەدا ئەکتەری ژن خۆی بنوێنێت. ئەم گرفتە وەکوو گرفتێکی بنەڕەتی سەیرناکرێت و بە شێوەی گشتی لە زۆربەی شانۆیی وەها دووپات دەبێتەوە. دەرهێنەر/ ڕۆڵگێر، لە زۆربەی شوێنەکان بێ ویستی خۆی کەسایەتییەکانی بە شێوەی خۆی بار دێنێت.

لە ئەنجامدا شانۆی (ماڵ بە کۆڵ) بە دەرهێنەری ئوومید خاکپوور، تاڕادەیەکی بەرچاو قابل قەبووڵە و بێ گومان جێگەی باشتر بوونیشی هەیە، دیزاینی سەحنە ومیزان سێنەکان لەگەڵ فەزای گشتی شانۆ یەکچووی هەبوو کە خۆی بۆتە هۆی پێوەندی دوو فەزای (مێژوویی/دەروونی) و (هەنووکەیی/دەرەکی). فەزایەک کە کێشەی مرۆڤێکی ئەمرۆیی لە گرفتێکی دەروونی -واتە کێشەی ئیمان- پێناسە دەکات. بێگومان دەتوانین لە ڕوانگەگەلی جیاواز چاو لەم شانۆنامەیە بکەین و جێگەی باسی تریش هەیە، لە ڕاستیدا لە زاتی بەرهەمی هونەریدا ئەم ڕوانگە جیاوازنە شاراوەن و ئەوە کاری خوێنەر و ڕەخنەگرە کە ئەم مانایانە ئاشکرا بکات، نابێت لە یادمان بچێت، کاتێک لە هەوڵی خوێندنەوەی هێماکانی بەرهەمێک دێین، ئەوە دەبێت گشت ئەو نیشانانەی لە دەق دا باسیان لێوە دەکەین کۆدەکانی لەناو دەقدا هەبن، واتە هیچ دالێک بێ مەدلوول نەمێنێتەوە.

پەراوێز: 

١.سۆرێن کیەرکێگارد (١٨١٣-١٨٥٥) فەیلەسووفی مەسیحییە و لەسەر شێوەی خوێندنەوەی ڕەچەڵەکی یەهوودی لە چیرۆکی ئیبراهیمە کە پێیان وایە ئیبراهیم (ئیسحاق) کوڕەکەی سارە، دەبات بۆ قوربانی نە، (ئیسماعیل). قوربانی کردنی ئیسماعیل کوڕەکەی هاجەر، لە خوێندنەوەی ئیسلامی لە چیرۆکی ئیبراهیم دایە
وێنە: عادڵ کەریمی








ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد