چیرۆک و بەسەرهاتی ئەوینداری و ناکامی، ناکرێ بە درێژایی زەمان کەم تا زۆر سەرتاسەری دنیای دانەگرتبێ و نەبووبێته داخ لەسەر دڵی مرۆڤ و پشتاوپشت نەهاتبێ و نەگێڕدرابێتەوە. ئادەمیزاد مێشکی پڕە لەو ڕووداوانە کە بەپێی ئاستی عەقڵ و پلەی تێگەیشتن و ڕادەی هەستی هارووژاوی لە خەمخانەی هەناویدا بنەیان داکوتاوە و هەر کام سووچێکیان داگیر کردووە، وەک چۆن شادیش حەوشە و بانی تایبەت بە خۆی لە دەرووناندا ڕەنگاندووە و بە گەشە و نەشەی دڵبزێو گوڵی لەژاکاننەهاتووی خەیاڵی تیژباڵی بەسەردا باراندووە.
گەلی کوردیش وەک هەموو گەلانی دیکەی دنیا بەهرە و بەشی خۆی لەو دوو باڵەی خەم و شادی، کە ژیان پێیان دەفڕێ، وەرگرتووە و مۆرکی تایبەتی خۆی لەسەر خەزێنەی بەسەرهاتەکان داوە. بەیتی "خەج و سیامەند"، کە سەرەتا سەبارەتە بە گێڕانەوەی هەڵکەوتێکی ساکاری ژیان و دەپڕژێتە سەر ئەوینێکی خۆڕسکی کوڕ و کچێکی ئامۆزا، تەنیا بەهۆی هەژاری و بێئەنوایی سیامەند، خۆشەویستیی نێوانیان ڕەنگی حەرامی لێ دەنیشێ؛ حەرام نە بە باری دینیدا، بەڵکوو بە باری کۆمەڵێک پنجومۆری کۆمەڵایەتیدا، کە ئەویش بریتییە لە هاوتا نەبوونی تای تەرازووی ئابووریی نێوان ئاشقە و ماشقە. ئەم کەلتوورە زاڵە هەر لە نێو ئێمەی کوردا باو نەبووە و نییە، بەڵکوو بە درێژایی ڕۆژگاران تاکوو ئێستاش، بەهەڵکەوت نەبێ مرۆڤ وای هێناوە و وای لێکداوەتەوە و لێکیدەداتەوە و کەمڕەنگ بوونەوەی تازە خەریکە تۆزێکی هەست پێ بکرێ و نەکرێ.
ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، کاتێک مرۆڤ لە داخوازییەکی ئاوا پتەوی ڕووحیدا هیچ ڕاستەڕێیەک شک نابا، سەر دەبا بۆ لاڕێیان و پرسی"هەڵگرتن" و "ڕەدووکەوتن" بۆ نێر و مێی خۆپێشاییش دەبێتە پردێکی لەرزۆکی دڵنەخوازی دەرباز بوون. ڕەوتی سەرەکیی قەومانی ئەم تراژیدییە لێرەوە دەست پێدەکا. سیامەند کە خەج هەڵدەگرێ و دەیباتە چیای "سیپان"، لەبەر شەکەتییان لەسەر ڕانی خەجێ سەرخەوێکی دەشکێنێ و بە چورتە و جووڵە و هەستی بزووتووی خەج وەخەبەر دێ و ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەی لێدەکەوێتە، کە لە دەقەکاندا بەوردی خراونە بەرچاو. خودی دیتنی پۆلی ٤١ کەڵەکێوی دیمەنێکی سەرنجڕاکێشە. لام وایە دانانی ژمارەی ٤١ بۆ ئەوە بووە تاکوو بە کوژرانی یەکیان، ژمارەی ٤٠ بێتەوە جێی خۆی و هەر زیندوو بێ. بەیتبێژ ئەم وردەکارییەی چاک زانیوە. لە نێو پۆلی کەڵاندا کەڵەگایی کردنی کەڵەگچکە و لێ ڕاپەڕینی سیامەند و تیرپێوەنان و دە خوێن گەوزاندن و چوونی بۆ سەربڕین و شەقۆن وەشاندن و هەڵدێرانی سیامەند و بە ٤٠ پەلی دارەبەنەوە بوونی، هەموویان ڕووداوێکی نائاسایی و چاوەڕواننەکراو بوون، لەوانەش چاوەڕواننەکراوتر خۆ هەڵداشتنی خەج و گیانسپاردنییەتی. شینگێڕان و لاواندنەوەی خەج و وڵامدانەوەی سیامەند، لە کاتێکدا قوم دەداتەوە لە گۆمیلکە گۆمیلکەی خوێناوی خۆی، تراژیدییەکە هەوراز دەبا و خۆهەڵداشتنی خەجیش دەیگەیەنێتە پەڕپەڕۆچکە. کەشێکی قورسی وەک مز داڕێژراو وڵاتەکە دادەتەپێنێ و بێدەنگی باڵی سامناکی بەسەر چیا و لێڕەواردا دەکێشێ و ئیتر تەواو. ئاشقە و ماشقەیەک مردن، بەڵام سەیر ئەوەیە خەج پێی وایە مردن دەتوانێ بە یەکیان بگەیەنێ و ئەوەش سەربردنە بۆ نێو ڕەوتێکی ئەوپەڕسرشتی لای بڕواداران پێی(١). عەینی ئەم بۆچوون و ئاکارەی قارەمانی بەسەرهاتەکە لە چیرۆکی "مەم و زین"یشدا خۆی دەنوێنێ. ڕەوتی ئەم ڕووداوانە لە کاتی تەنگانەی ژیانی گەرووگیردا بێڕاوەستان دووپات دەبنەوە.
چیرۆکی خەج و سیامەند وەنەبێ هەر تایبەتی کەلتوور و زمانی گەلی کورد بێ، بەڵکوو ئەو ئەوینە ناکامە لە نێو کەلتوور و زمانی گەلی ئەرمەنیش باوە. شاعیری بەرزەجێی ئەرمەنی هۆهانس کاراپێتیان، ناسراو بە "هۆهانس شیراز"، بە دابی "ئەحمەدی خانی"، شاعیری هەرە مەزنی کورد، کە بەیتی "مەم و زین"ی لە مێژووی ڕووداوەکانی خۆماڵی وەرگرتووە و بە چیرۆکەشێعر دایڕشتۆتەوە، ئەویش ڕاست لەسەر ئەو ڕێبازە ڕۆیشتووە و چیرۆکی خەج و سیامەندی هێناوە و گیانێکی تازەی کردۆتەوە بە بەریدا.
لە دەقی هۆهانس شیرازدا، کە پێی دەڵێ "سیامانتۆ و خەجەزارە"، باس هەر باسی چیای سیپان و گۆلی وان و ناوچەکانی دەوروپشتین، کە ئێستا وڵاتی کوردانە. لەو دەقەدا سیامەند شوانێکی ئەرمەنییە و خەجێ خانزادەیەکی کوردە. ئەم دووە ئەوینداری یەکتر دەبن و خان پێدەزانێ، بەڵام دەڵێ: کەنگر و قوماش نابن بە یۆڵداش. خان ئەم دوو ئەویندارە لێک دەکا و خەج بە مێرد دەدا بە خانێک، بە هاوشانێکی خۆی، بەڵام لە جەنگەی گوێستنەوەیدا جوامێرانی کورد و ئەرمەنی دەسبار دەگەڵ سیامەندی دەگرن و خەجێ دەڕفێنێ بۆ چیای سیپان. لەوێش دیمەنی کەڵەکان (٤٠ کەڵ نەک ٤١ سەر) دووپات دەبێتەوە و سیامەند لەسەر ڕانی خەجێ سەرخەوێک دەشکێنێ و بە فرمێسکی گەرمی خەجێ وەبەخەبەر دێ و کەڵەگچکەی ئازا دەکوژێ.
لەو دەقەدا دەستێکی چەپەڵ دێتە یاریدەی کەڵ و ئاوا سیامەند هەڵدەدێرێ و پەلی دارەبەنێ وەک تیری سەربەپەیکان سەردەردەکا لە هەموو گیانی. خەجێ بەندی پێ هەڵدەڵێ و سیامەند جوابی دەداتەوە و خەج پێی وایە ئاسمان تۆڵەی کەڵەگچکەی لێکردۆتەوە. لێرەش خەج خۆی هەڵدەدێرێتە خوارێ و دیسانیش بێدەنگی باڵی دەنگێوێ (٢).
وەکوو دیارە لە هەردک دەقەکەدا (ئەم دەقەی کەوا کاک عوبەید تۆماری کردووە لەگەڵ ئەوەی هۆهانس شیراز) کۆسپی سەر ڕێگای پێکگەیشتنەکە هەژاریی سیامەندە، بەڵام لە گێڕانەوە ئەرمەنییەکەدا جیاوازیی چینایەتی و یەک تۆرەمە نەبوونیش دەبێتە دەردی سەر باری هەموو دەردان. شاعیر و نووسەری هەڵکەوتە و جوانەمەرگی کورد سوارەی ئێلخانیزادە لە نووسینێکیدا کە سەبارەتە بەو کتێبەی هۆهانس شیراز، دەڵێ:
"ڕۆژێ هەزاران کەس ئەبن و ئەمرن، دڵ ئەدەن و دڵ وەرئەگرن؛ ڕێگای سەختی ژیان ئەبڕن و شەکەت و ماندوو دەست هەڵئەگرن و سەریان ئەچێتە ژێر باری فەنا و بە سەبوونی گوڵسیسکەری مردن ڕیشە و پەلوپۆیان وشک ئەبێ و هەڵئەوەرێ، بەڵام هەر ئەو کەسانە پاڵ بە ژیانی پاش مەرگی ناو دڵی ئێمەوە ئەدەن و لە لاپەڕەی نەمریی مێژوودا وەک شەهید بژیو و ڕزقیان بۆ دیاری ئەکرێ، کە ئەبن بە قارەمانی داستانی شاعیر و نووسەرێک، یا وێنەگر و مووسیقارێک پەلیان ئەگرێ و لە جیهانی نزمی خاکییەوە بەرزیان ئەکاتەوە بۆ هەرێمی هەرمان؛ چەشنی "لەیلا"ی ڕەشکەڵە یان "زین"ی کۆشکیبەڵەکنشین" (٣).
بەپێی دەقەکەی هۆهانس شیراز بێ ئەم ڕووداوە لە گوندی کێلەسیپانی موکریان نەقەوماوە و سەبارەتە بە ناوچەی وانی باکووری کوردستان و وێشدەچێ ئەمەیان وابێ. هەرچی بێ و هەرچۆنێک بووبێ و لە هەر شوێنێک ڕووی دابێ، باسی دەردێکی هاوبەشی ئینسیانییە، کە هیچ گەل و سنوورێک ناناسێ.
ـــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوەکان:
١. نشریەی دانشکدەی ادبیات تبریز، بررسی و تحقیقِ زبان و ادبیات کُردی، چریکەی خَج و سیامَند، عبیدالە ایوبیان، سال هشتم، بهار ١٣٣٥هجری[١٩٦٥ میلادی].
٢. سیامانتو و خجەزارە، هۆهانس شیراز، ترجمەی آلک خاچادوریان، سازمان چاپ خوشه، دی ماه ١٣٥٠[١٩٧١- ١٩٧٢].
٣. شەنگەسوار، سەرجەمی بەرهەمەکانی سوارە ئێلخانیزادە، ئامادەکردن و پێداچوونەوەی سەلاحەددین ئاشتی، کۆکردنەوەی عومەر ئێلخانی، ل ١٦٥- ١٦٨، ئینتیشاراتی کوردستان، سنە، ساڵی١٣٩٩/ ٢٠٢٠.
تێبینی (١): بەیتەکان لە زمانی کوردیدا بەیتبێژ بە بەیتبێژ جیاواز دەکەون و زیادی و کەمییان پێوە دیارە و تەنانەت جاری وایە ڕەوتی بەسەرهاتەکەش تووشی بەرزی و نزمی دەبێ. لەم دەقەی کاک عوبەیدا سیامەند نە خاوەنی حەوت خوشکە و نە دارایە، بەڵکوو ڕەندەلاوە و گیرۆدەی خەجێیە و کۆبە و پەڕاوێزی دیکەی پێوە نییە و ڕەوتەکەی دیکە لە هەموواندا هاوبەشە؛ گەرچی بەیتبێژێک باسی حەوت کەڵ دەکا و یەکی دیکە وەکوو ئەوەی دەقەکەی کاک عوبەید دەڵێ چل کەڵ لێکهاڵابوون. یەک دەیهەوێ حەوت برا و حەوت کەڵ بە زنجیرەیەکی چونیەک دابنێ و ئەوی تر دەیهەوێ بە چاوی تیژبینی چل کەڵ بژمێرێ، کە نیشانەی زلکردنەوەی دیمەنەکەیە و ئاگاداری فەلسەفەی ژمارانیشە و دەزانێ "چل"یش وەکوو حەوت لەو ژمارانەن، کە ئەگەر مرۆڤ بە پیرۆزیشی دانەنابن- کە زۆر جار واشی داناون- بە سەرشارەی ژماردنی داناون.
هەوێنی ئەم چیرۆکە ئەوەندە دەگەڵ گیانی لە خەم نەڕەخسیوی نەتەوەی کورد دێتەوە و تان و پۆی یەکتر دەگرێتەوە، کە لە هەرسێک زاراوەی سەرەکییەکەی کوردیدا هەیە: کوردیی سەروو (بۆ نموونە دەقەکەی مامۆستا سەمەند سیامەندۆڤ، بەناوی سیابەند و خەجێ، کە مامۆستا شوکر مستەفا لە خەتی سڵاڤییەوە هێناوییەتەوە سەر خەتی باوی کوردی، وەک خۆی وای نووسیوە و ساڵی ١٩٨٩، بڵاوکراوەتەوە)؛ کوردیی نێوەڕاست (دەقەکەی مامۆستا عەوبەیدوڵڵا ئەییووبیان، کە لێرەدا پشتی پێ بەستراوە و هەم کوردییە و بە ڕێنووسی لاتینی نووسراوە و هەم کردووشییەتە فارسی.)، ئینجا کوردیی خواروو (کەوا کاک ئیحسان موعتەزیدی بەناوی سیابەند و خەجێ دایڕشتۆتەوە و ساڵی ١٤٠٣، نەشری زانا لە ئیلام بڵاوی کردۆتەوە). وەکوو دیارە پێکگرتنی دەقی هەموو زاراوەکان خۆی وتارێکی سەربەخۆیە و دەتوانێ ئاسۆیەک لەسەر پرسی شێوەی پێگەیشتنی دەقەکە و تێگەیشتن و ڕوانگەی چریکەبێژان و بەیتبێژان و دەنگبێژانی خەج و سیامەند بخاتە بەرچاو.
تێبینی (٢): لەسەر ڕاسپاردەی پسپۆڕی زمان و ئەدەبی ئینگلیسی، ئوستاد عەلی مەیمەندی ئەم یادداشتەم نووسیوە. بەڕێزیان لە ڕووی دەقەکەی مامۆستا عوبەیدوڵڵاوە بەیتەکەی کردۆتە ئینگلیسی و ئەم نووسینەشی پێویست بوو تاکوو ئەویشی بخاتە پاڵی.
· لینک مشاهده و دانلود کتاب "سیامانتو و خجەزارە"
· لینک مشاهده و دانلود کتاب "چریکەی خَج و سیامَند"