| تاريخ: ۷ مرداد ۱۴۰۵ ساعت ۱۱:۵۵ | بازدید: 383 نظرات: 0 کد مطلب: 26087 |
بەبیانووی چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبی، "سەلاحەددین ئەییووبی" لە نووسینی سۆران حەمەڕەش
نیشانەی هەرە گەورەی قەیرانی مەعریفیی ئەوە نییە کە کۆمەڵگا یا بیرۆکەیەکی سیاسی یا ئایینی، وڵامی هەڵە بداتەوە بە پرسە مێژووییەکان؛ بەڵکوو ئەوەیە کە پرسیاری هەڵە بکا و خۆی بە بەرپرسیاری وڵامە هەڵەکەی ئەو پرسیارە هەڵەیە نەزانێ. ئەوەی دیارە ئەوەیە کە تێکچوون و شێواندنی مێژوو، زۆرجار نەک بە وڵامی هەڵە، بەڵکوو بەو پرسیارانەیە کە لە بنەڕەتەوە لە دەرەوەی ئاسۆی مێژوویی دان و ڕەنگ و ڕووی ڕق و قین و ئایدیۆلۆژی خەست و خۆڵ و نەخوێندەوارییان پێوەیە. کاتێ ئەو ئایدیۆلۆژییانەی بەشێوەیەکی خۆڕسک، خۆ بە نوێنەری کۆمەڵگا و نەتەوە دەزانن، توانای دروستکردنی پرسیاری زانستی لەدەست دەدەن، زانست و ڕەخنە و مێتۆد، جێی خۆیان دەدەن بە ئایدیۆلۆژی و ڕەخنە لەبری ئەوەیکە ببێتە ڕەهەندێکی تایبەت بۆ بەرچاوڕوونی، ڕاستەوخۆ دەگۆڕدرێ بۆ دۆگما و چەقبەستوویی و ناچەمەوازی. ئایدیۆلۆژی، پێش ئەوەی سیستمێکی سیاسی بێ، شێوازێکی بیرکردنەوەیە؛ شێوازێک کە تێیدا حەقێقەت بەو شێوەیەی کە شیاوه ناخوێندرێتەوە، بەڵکوو بە زۆرەملی دەخرێتە نێو چوارچێوەی باوەڕە پێشەکییەکان و نیشتاوی خەست و خۆڵی دۆگماتیزمەوە. ئەویش دە چاخی ئێستادا کە هەندێ ئایدیۆلۆژی بەربەستی ئەوەن کە مێژوو بەرلەوەی مافی ئەوەی بێ کە بە زمانی خۆی بدوێ؛ دەبێ حەتمەن بە زمانی بەرتەسک و فامی ئەوانەوە بدوێ. ڕێک لێرەدایە کە مێژوو دەگۆڕدرێ بۆ دادگا، مێژووناس دەگۆڕدرێ بۆ دادوەر و کەسایەتییە مێژووییەکان دەبنە تۆمەتبارانی حوکمێک کە پێشتر دەرکراوە لەلایەن ئایدیالۆگەکانی خۆ بە کاریزما و ڕێبەرزان. ئەو یادداشتە پتر بە مەبەستی ئەنگاوتنی ئەو هزرە خێڵەکی و دەمارگرژەیە. ئەویش کاتێ دە هەندێ لە گوتارە ناسیۆنالیستییە توندئاژۆکاندا، ئەو دیاردەیە بە ئاشکراترین شێوە دەردەکەوێ. ئەوان پێش ئەوەی مێژوو بخوێننەوە، ئیدانە و مەحکوومی دەکەن. پێش ئەوەی سەدەی دوازدەهەم بناسن، پێوانەکانی سەدەی بیست و یەکەمی بەسەردا دەسەپێنن. ئەوەی دیارە ئەوەیە کە ئەو دیاردەیە کە بە لێشاو دەنێو کۆمەڵگای کوردی دا دەبینرێ، نە تەنیا هەڵەیەکی لێکۆڵینەوەیی نییە؛ قەیرانێکە کە خودی هۆشیاریی مێژوویی و جومگەبەندی عەقڵی مێژوویی و سیاسیشی خستۆتە ژێر پرسیار و گوتاری ناڕوونی ئایدیۆلۆژی ناسیۆنالیزم دە زۆر بوار دا. ئەو قەیرانە ئەگەر یەک نێوی لێ بنرێ، شتێک نییە جگە لە ئاناکڕۆنیزم، واتە شێواندنی زەمان و مێژوو و شکاندن و شێواندنی یاساکانی مێژووناسی و کات و هاوکات سەپاندنی دیسکۆرس و کانسێپتەکانی ئێستا بەسەریان دا. سەلاحەددین ئەییووبی، کەسایەتییەک بووە کە ئێستاشی لەگەڵ بێ لە خێر و بێر و بەرەکەتەکانی ئەو قەیرانە بێبەری نەکراوە. دەو چوارچێوەیەدا، ڕەنگە ئەولەوییەت بە سەڵاحەددین ئەییووبی وەک کەسایەتییەکی مێژوویی نەبێ بەڵکوو ئەوەی پێویستە، ڕەخساندنی بوارەکانە بۆ ئەزموونکردنی ئەخلاقی زانست و مێتۆد و مێژووناسی، کە نەک هەر سەلاحەددین بەڵکوو دەیان کەسایەتی مێژوویی و کارای کوردی خستۆتە ژێر پرسیاری کاڵفامیی و ناتێگەیشتوویی مەعریفی و هەڵەمووتی ژێستیگەرایی نەتەوەیی و دۆگماتیزمەوە. دەو دۆخەدا پرسیار ئەوە نییە کە سەلاحەددین کەسایەتییەکی بەری لە ڕەخنە و پرسیار بوو یا نە؛ پرسیار ئەوەیە: ئایا ئێمە شێواز و مێتۆدێکمان هەیە کە لە ڕەهەندی ئەوەوە بتوانین مێژوو وەک خۆی بخوێنینەوە و فامی بکەین؟ یا تەواو کەوتووینە ناو دۆخێک کە لە بارمتەسازی ئایدیۆلۆژیک و ناچەمەوازیی تیۆریک و پێداگری لەسەر وڵامە پێشوەختەکان زیاتر، هیچ خاسییەت و خسڵەتێکی تری نییە؟ وێدەچێ بنەڕەتیترین پرسیارێک کە بۆ خوێندنەوەی مێژوو دەبێ ئاراستە بکرێ هەر ئەو پرسیارەیە. هەر بەو پرسیارەش دەبێ دەست بە خوێندنەوەی سەلاحەددین بکرێ، نە لە دادگایەکی ئایدیۆلۆژیک کە بە پشتبەستن بە ناسیۆنالیزمی تۆخ و خۆبەپیرۆززان، کە حوکمەکەی پێشتر دەرکردووە. ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە دە ناخی خۆیدا گرفتاری بنبەستێکی مەعریفییە. بنبەستێک کە تێیدا مێژوو بەپێی ئایدیۆلۆژیا دەخوێنرێتەوە نەک بە گوێرەی دیالکتیکی ئەو ڕووداوانەی کە تێیدا خوڵقاون. ئەگەرچی ناسیۆنالیزم وەک بیرۆکەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە بنەڕەت ڕا هەوڵێکە بۆ ناسینەوەی بوونی هاوبەشی کۆمەڵانی نەتەوەیەک دە چوارچێوەی زمان، کەلتوور، یادەوەری و ئامانجی هاوبەش بەڵام، کاتێ لە ئاستی بیرکردنەوەی ڕەخنەییەوە دەچێتە ئاستی دۆگما، ئیتر پرسیار ناکا؛ بەڵکوو تەنیا حوکم دەدا. لەو کاتەدا مێژوو نابێتە بەستێنی تێگەیشتن لە ڕووداوەکان، بەڵکوو دەبێتە ئامرازێک بۆ سەلماندنی ئەو وێنە پێشوەخت و دەپێشدائامادەکراوەی کە ناسیۆنالیزمی توندئاژۆ وەک ئایدیۆلۆژیا دروستی کردووە. پرساژۆی سەلاحەددینی ئەییووبی دەنێو ئەو کێشەیەدا دەردەکەوێ. هەندێک شێوەناسیۆنالیزمی دۆگماتیک هەوڵ دەدەن هەموو کەسایەتییە مێژووییەکان بە پێوەری نەتەوەیی و سیاسیی و ئایدیۆلۆژیکی خۆیان بخوێننەوە. بۆ ئەو مەبەستەش پرسیارێکی بێ بنەما و داوەرییەکی بۆش و لێوڕێژ لە قینی دامەزراو لەسەر پاکتاوکردن دروست دەکەن: «ئایا سەلاحەددین ناسیۆنالیست بوو؟ هیچ کارێکی بۆ کورد کرد؟». ئاساییە کە ئەو شێوە پرسیارە دەیهەوێ بەهەمان وڵام بگا کە خۆی پێشتر ئامادەی کردووە. دەڕاستیدا ئەو شێوازە پرسیارە وەک ئەوە وایە بگوترێ: ئەفلاتوون چونکە باسی دابەشبوونی کوردستانی نەکردووە دە پەیماننامەی سایکس پیکۆ و لۆزان دا، کەوایە فیلسووفیش نییە یا سوقڕات چونکە باسی پێوەندییەکانی ژیری دەسکرد و فێدڕالیزمی کوردیی لە ڕۆژئاوا نەکردووە، هەر دەبوایە ژاری شەوکەرانی درابایە. لە ڕوانگەی هێگڵەوە ئەگەر لەو پرسە بڕوانرێ، تێگەیشتن لە مێژوو وەک پڕۆسەیەکی دیالکتیکیی زەروورەتێکی نکۆڵی لێنەکراوە. بە گوێرەی هێگڵ، کەسایەتییە مێژووییەکان نە بێبەرین لە ڕەخنە نە شیاوی سڕینەوەشن لە مێژوو بە بیانووگەلی بێبنەما؛ ئەوان گوتاری سەردەمی خۆیان لەڕەهەندی خۆیانەوە دەگوازنەوە. سەلاحەددینیش دەبێ دەنێو ئەو پڕۆسەیەدا بخوێندرێتەوە، نە لە دەرەوەی مێژووی خۆیدا. ئەوەیکە ناسیۆنالیزمی توندئاژۆ و دۆگماتیک، بە پێی مەیل و خواست و ویستی خۆی، مێژوو دەخوێنێتەوە و بەلاڕێیدا دەبا، ڕێک دەگەڕێتەوە سەر ئەو بەرچاوتەنگییە مەعریفییەی کە لەسەر دەستی تاک ڕەهەندی و ناپێبەندێتی ئایدیۆلۆژیا تووشی هاتووە. کێشەی سەرەکی ئەو فۆڕمە لە ناسیۆنالیزم ئەوەیە کە بەهیچ شێوەیەک نە دەتوانێ و نە دەخوازێ، نمادە مێژووییەکان دە گوتاری خۆیدا حازر کاتەوە بەڵکوو بەنیازی سڕینەوەشیانە. لەو ڕووەوە ناسیۆنالیزمی توندئاژۆ و دۆگماتیک، نە شێوازێکی گونجاوە لە نەتەوەخوازی بەڵکوو بەرهۆکاری و بەرخۆرکارییەکی ئایدیۆلۆژیکییە کە بەو جۆرەی لوکاچ دەڵێ: بەرپرسیاری هیچ چەشنە نائاگاییەکی بەدانستەش نییە چ بگا بەوەی خاوەنی ئاگایی و خودئاگایی مێژوویی بێ. سەلاحەددین وەک گشت ڕێبەرانی سیاسی و مێژوویی، بەحوکمی ئەوەیکە گوتاری خۆی دەخۆیدا هەڵگرتووە، نە بێبەرییە لە ڕەخنە نەهیچ پێویستییەکیشی بە پاسەوان و داشداری ئایدیۆلۆژیک هەیە؛ ئەوەی دیار و ڕوونە ئەوەیە کە کاریگەریی مێژوویی سەلاحەددین، توانایی و پوتانسییەلی ئەوەی هەیە کە خۆی قسە بکا. ئەوەی دەونێوەدا پێویستە، خوێندنەوەیەکی هۆشیارانەی مێتۆدیک و ڕەچەڵەکناسانەیە کە بتوانێ لە نێوان ڕێزگرتن و ڕەخنە، لەنێوان یادەوەری نەتەوەیی و تێگەیشتن لە مێژوو و لەنێوان خوێندنەوەی فۆتۆریستی و خوێندنەوەی بەرتەسکی ئایدیالۆژیکدا هاوسەنگی دروست کا. ناسیۆنالیزمی توندئاژۆ یا هەر بیرۆکەیەکی سیاسی، ئەگەر کێشەی لەگەڵ ئایین هەیە یا بە نیازی دووجەمسەریکردنی مێژوو/نەتەوە یا نەتەوە/ئایین ــە، هیچ پێوەندییەکی نە بە سەلاحەددینەوە هەیە نە بە ئایین. سەلاحەددین، ڕۆڵ و دەوری خۆی بە باشترین شێوە دە مێژوودا بینی. ئەوەی دەونێوەدا کێشەی مەعریفی لێکەوتۆتەوە، تەنیا نەبوونی پوتانسییەلەکانی خوێندنەوە و مێتۆد و شێوازناسییە دەنێو ئەو گوتارە توندئاژۆیە و ناچەمەوازە دا، کە نەتەنیا نەیتوانی و نەیویست نەک سەلاحەددین کە هیچ کەسایەتییەکی مێژوویی کورد وەک ڕەمزێکی نمادینی نەتەوەیی حازر کاتەوە دە دۆخی ئێستادا، هاوکات بواری ئەوەی نەدا بەخۆی کە بەشێوەیەکی ڕاستگۆیانەش لە گەڵ مێژوو و نەتەوە و ئایین و تەنانەت ئایدیۆلۆژیش ڕووبەڕوو بێتەوە...
|