| تاريخ: ۷ مرداد ۱۴۰۵ ساعت ۱۲:۸ | بازدید: 176 نظرات: 0 کد مطلب: 26088 |
پوختە
شیعری کوردی لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژووییدا هەڵگری پەیامی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و سۆزداری بووە. لەم ڕێڕەوەدا، هەندێک لە شاعیران بە دەنگێکی ڕەسەن و تایبەتەوە دەرکەوتوون کە توانیویانە قووڵایی ژان و چەوساوەیی کۆمەڵگا لە ڕێگەی زمانی شیعرەوە بگێڕنەوە. شاعیر تەنیا خاوەنی خەیاڵێکی ناسک نییە، بەڵکوو ڕۆشنبیر و پێشڕەوی کۆمەڵگایە کە بە چەکی پەیڤ و وێنەی هونەری، گڕی هۆشیاری لە دەروونی جەماوەردا ڕووناک ڕادەگرێت و قەڵەمەکەی دەکاتە سەنگەرێک، دژی تاریکی و نامۆبوون. بەم شێوازە، شیعر دەبێتە ئامرازێک بۆ بیرکردنەوە کە ناتوانرێت بە هیچ زەبروزەنگێک کپ بکرێتەوە. شەریف حسەین پەناهی ناسراو بە «مامۆستا شەریف»، یەکێکە لەو شاعیرانەی، شیعرەکانی بوونەتە بەشێک لە گەنجینەی ئەدەبی بەرخۆدانی کوردی. ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ شیکردنەوەی لایەنە هزری، هونەری و مەعریفییەکانی شیعری لە «ملوانکەی شین»دا. ئامانجی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە دەرخستنی ئاستی فکریی ئەو شاعیرەیە کە لە تێکەڵبوونی هەژاری، ئازاری چینایەتی و سۆزی ڕۆمانتیکی پێکهاتووە. لە ڕووی زمانییەوە درێژەپێدەری ڕەوتی ئەو شاعیرانەیە، زمانی شیعریان کردە قەڵغانێک بۆ پاراستنی ناسنامە. مەبەستی سەرەکیی ئەم خوێندنەوەیە خستنەڕووی ئەو ڕاستییەیە کە چۆن لە کۆمەڵگا ژێردەستەکاندا، ئەدەب لە بابەتێکی سادەی چێژوەرگرتن دەردەچێت و دەبێتە سەنگەری بەرگری. ئەم لێکۆڵینەوەیە بە شێوازی وەسفی ـ شیکاری بەشێک لە شیعرەکانی ئەم شاعیرە لە سێ تەوەری جیاوازدا شرۆڤە دەکات؛ یەکەم: ئاستی هزری و پەیوەندیی زمانی و ئەدەبی؛ دووەم: فرەڕەهەندیی ناوەڕۆک کە لە تێکەڵکردنی خۆشەویستیی نیشتمان، ژانی چینایەتی و سۆزی ڕۆمانتیکی پێکهاتووە؛ سێیەم: لایەنی زمانی و ئاوازی کە بەهۆی کێشی ڕەوان و سادەییی پەیڤەکانەوە، شیعرەکانی لە چوارچێوەی کاغەز دەرباز کردووە و بوونەتە سرودی سەر زار. لە ئەنجامدا، توێژینەوەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە مامۆستا شەریف وەک هێمایەکی ئەدەبی و نەتەوەییە کە بە گواستنەوەی ژانە تاکەکەسییەکان، بۆ ناو کۆمەڵگا، شوێنپەنجەیەکی هەرمانی لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا جێهێشتووە و تا ئەدەبی کوردی هەبێت، ملوانکەی شینی شیعرەکانی بە گەردنییەوە دەدرەوشێتەوە.
وشە سەرەکییەکان: مامۆستا شەریف؛ ملوانکەی شین؛ شیعری کوردی؛ ژینگەی فکری.
١. سەرەتا
لە مێژوو و کولتووریی کۆمەڵگە ژێردەستەکاندا، هونەر و ئەدەب تەنیا ئامرازێکی بۆ بەسەربردن نەبووە، بەڵکوو قەڵغانێکی فکری، سەنگەرێکی بەرگری و بزوێنەرێکی بەهێزی هۆشیاریی نەتەوەیی بووە. لە تێڕوانینێکی فەلسەفی و ڕەخنەییدا، کاتێک کۆمەڵگەیەک لە ژێر گوشار و زەبروزەنگی سیستەمە نامۆکاندا دەبێت، بابەتە ئەدەبییەکان لە بازنەی سادەی چێژوەرگرتنی هونەری دەردەچن و دەبنە گۆڕەپانی خەباتێکی مەعریفی. ئەدەب لێرەدا دەبێتە زمانێک بۆ گێڕانەوەی ئەو مێژووەی هەوڵی سڕینەوەی دەدرێت و دەبێتە دیوارێکی پۆڵایین بۆ پاراستنی بونیادی دەروونی و فکریی ئەو کۆمەڵگەیەی کە ئامانجی داگیرکارییە.
لەو کاتانەی زمان، شوناس و مێژووی نەتەوەیەک لە ژێر هەڕەشەی سڕینەوەدا دەبن، شیعر وەک دەنگێکی ڕەسەن و پڕ لە پەیام دێتە مەیدان و دەبێتە پردێک لە نێوان ژانەکانی تاکی چەوساوە و خەمی کۆمەڵگا. زمان لەم بەشەدا تەنیا ئامرازێکی گەیاندن نییە، بەڵکوو خودی ناسنامەیە. شاعیر بە بەکارهێنانی دەنگ و پەیڤی ڕەسەن، ئاراستەیەک پەیڕەو دەکات کە تێیدا ئازارە تاکەکەسییەکان لە ڕێگەی پرۆسەیەکی ئاوازییەوە دەگوازێتەوە بۆ ناو خەمی گشتیی نیشتمان. ئەم پردە فکرییە وای لێ دەکات تاکی خەمۆک و بێزار هەست بکات، دەنگەکەی لە بۆشیاییدا نەهاتووە، بەڵکوو بەشێکە لە سیمفۆنیایەکی گەورەتری بەرخۆدانی نەتەوەیەک. شاعیر تەنیا خاوەنی خەیاڵێکی ناسک نییە، بەڵکوو ڕۆشنبیر و پێشڕەوی کۆمەڵگایە کە بە چەکی پەیڤ و وێنەی هونەری، چرای هۆشیاری لە دەروونی جەماوەردا ڕووناک ڕادەگرێت. ڕۆشنبیر لەم پێناسەیەدا ئەو کەسەیە کە لە بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆی پاشگەز نابێتەوە؛ بەڵکوو بە ناسینەوەی قووڵایی کێشەکانی سەردەمەکەی، قەڵەمەکەی دەکاتە سەنگەرێک، دژی تاریکی و نامۆبوون. بەم شێوازە، شیعر دەبێتە ئامرازێک بۆ بیرکردنەوە و بڵاوکردنەوەی هۆشیارییەکی چینایەتی و نەتەوەیی کە ناتوانرێت بە هیچ زەبروزەنگێک کپ بکرێتەوە.
ئەم ئەرکە مێژوویی و نەتەوەییەی شیعر، بەڕوونترین و قووڵترین شێوە لە ڕەوتی ئەدەبیاتی کوردیدا ڕەنگی داوەتەوە و شاعیران بوونەتە زمانحاڵی ڕاستەقینە کە بۆ پاراستنی بونیادی کولتووری و ڕامیاریی خۆی خەباتی کردووە. لە کۆمەڵگەی کوردیدا، لەبەر نەبوونی قەوارەی سەربەخۆی و بەرتەسککردنەوەی پانتاییەکانی خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی، شیعر نەک تەنیا وەک هونەرێکی جوانکاری، بەڵکوو وەک «دامەزراوەیەکی سەربەخۆی نەتەوەیی» کاری کردووە. لە ڕێگەی دەقە شیعرییەکانەوە، زمان لە فەوتان پارێزراوە، مێژووی نەگوتراو، گێڕدراوەتەوە و هەستی یەکڕیزی لە دڵی تاکەکاندا زیندوو ڕاگیراوە. شاعیر لەم جوگرافیایەدا، هەمیشە وەک پێشڕەو، مێژوونووس دەرکەوتووە.
لە ڕێڕەوە پڕ لە هەوراز و نشێوی ئەم خەباتە ئەدەبییەدا، مامۆستا شەریف وەک یەکێک لەو دەنگە دەگمەن و ڕەسەنانە دەردەکەوێت کە شیعرەکانی لەناو جەرگەی قەیرانەکان، هەژاریی کۆمەڵایەتیدا هاتوونەتە دنیاوە. ژیانی مامۆستا شەریف نموونەیەکی باڵایە بۆ تێکەڵاوبوونی قووڵی نێوان ئازاری تاکەکەسی و خەمی گشتیی نەتەوەیەک. ناوبراو لە هەلومەرجێکدا پێی نایە جیهانی شیعرەوە کە کۆمەڵگاکەی لێوانلێو لە ستەمی پاشایەتیی پەهلەوی دووەم بووە. لە بەرانبەر ئەم ژینگە پڕ لە لەمپەرەدا، ڕەسەنایەتیی شاعیر نەبەز، بووە سەرچاوەی هەڵقوڵانی هۆشیارییەک کە توانی قووڵایی ژانەکانی کۆمەڵگە بکاتە ناوەڕۆکی سەرەکیی دەقەکانی. شیعری مامۆستا شەریف لەم قۆناغەدا بوو بە پردێک کە تێیدا بێبەشیی چینایەتی و ستەمی نەتەوەیی دەبرێنە ناو یەک چوارچێوەی فکرییەوە و بەم شێوازە شوێنپەنجەی خۆی لە مێژووی ئەدەبی کورددا بە نەمری جێهێشت. شیعر بۆ مامۆستا شەریف، تەنیا ڕشتنی هەستی سۆزداریی تەسکی تاکەکەسی نەبووە، بەڵکوو بەڵگەنامەیەکی هۆشیارانە و پڕ لە ڕەهەندی فکری بووە، بۆ داکۆکیکردن لە شوناسی نەتەوەیی، بێزاری لە ستەمکاری و هۆشیارکردنەوەی چینی ستەملێکراو. لە ڕوانگەی فکریی شاعیرەوە، دەقی ئەدەبی بابەتێکی داخراو بۆ تەنیا گوزارشتکردن لە خەمە کەسی، یان ئازارە ڕۆمانتیکییەکان نییە، بەڵکوو ئامرازێکی مەعریفییە کە ئەرکی گەورەی لە سەرشانە؛ ئەویش تێگەیشتن لە بارودۆخی ڕامیاری، کۆمەڵایەتی و گواستنەوەی ئەم تێگەیشتنەیە بۆ ناو هۆشیاریی گشتیی کۆمەڵگا، هەر بۆیە، کاتێک خوێنەر سەیری شیعرەکانی دەکات، هەست بەو پەیامە دیارە دەکات کە تێیدا شاعیر وەک ڕۆشنبیرێکی بەرپرسیار دەردەکەوێت کە بەرانبەر بە چارەنووس و بێبەشبوونی چینە هەژارەکان بێدەنگ نەبووە.
کاریگەریی دیاری شیعرەکانی مامۆستا شەریف لەوەدایە کە زمانەکەی لە چوارچێوەیەکی ئاڵۆز و دەستکرد دوور خستووەتەوە و کردوویەتە ئامانج و ڕێبازێک بۆ گەییشتن بە ناخ و دڵی جەماوەر. ئەم زمانە پاراوە، کاتێک تێکەڵ بە ناواخنێکی مرۆڤ دۆستی دەبێت، دەبێتە هۆکارێک، بۆ ئەوەی پەیامەکە سنووری کاغەز و کتێب تێپەڕێنێت و بچێتە ناو خانەی وریایی نەتەوەییەوە. بەم شێوازە، شیعرەکانی مامۆستا شەریف بوونە بەشێک لە بنەمای فکری و کولتووریی کۆمەڵگایەک کە هەمیشە لە ڕێگەی پەیڤ و هۆشیارییەوە، بەرانبەر بە ستەم وەستاوەتەوە و پێگەی خۆی لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا مسۆگەر کردووە.
٢. دەقی سەرەکیی توێژینەوە
شیعرەکانی مامۆستا شەریف لە سەردەمی دەسەڵاتی پەهلەویی دووەمدا، بەتایبەت لە دەیەکانی کۆتایی و سەردەمی بەرەوڕووخانی پەهلەویی دووەم، دەنگی ناڕەزایەتی، هاوار و داخوازییەکانی خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان بوون. شیعرەکانی لەو قۆناغە هەستیارەدا بوونە چرایەکی ڕووناک بۆ رێگای خەبات و بەرخۆدان و وەک بەڵگەیەکی مێژووییە کە تێیدا ڕق و بێزاریی شاعیر بەرانبەر بە ستەمی پاشایەتی بەدی دەکرێت. لەم بەشەدا بە شێوازێکی ورد بە قووڵایی شیعرەکانی ڕۆدەچین و لە ناخی وشە و دێڕەکانی، مرواریی پەیڤ و جوانی هزر و دەوڵەمەندیی زمانی شیعرەکانی دەردەخەین.
٢. ١. ژینگەی فکری و کاریگەرییە ئەدەبییەکان لە شیعرەکانی مامۆستا شەریفدا
ڕەوتی فکری و ئەدەبیی مامۆستا شەریف ڕەنگدانەوەیەکی ڕاستەقینەی ئەو بارودۆخە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەیە کە شاعیر تێیدا ژیاوە. ژینگە و زێدی شاعیر، کە پڕ بووە لە چەوسانەوە، نەداری و خەبات، فۆرمێکی تایبەتی بە بەرهەمە ئەدەبییەکانی بەخشیوە. بە پێچەوانەی ئەو تێڕوانینەی کە نەداری و ستەم دەکاتە هۆی کوژاندنەوەی چرای ئومێد، لە شیعری «مامۆستا شەریف»دا ئەم قەیرانە کۆمەڵایەتییانە بوونەتە بزوێنەری سەرەکیی هەڵقوڵانی هەستێکی ناسک و زوڕگایی دژی نادادپەروەری. بۆ تێگەیشتن لە ژینگەی فکریی شاعیر، دەبێت سەیری ڕستە و دەقە شیعرییەکانی خۆی بکەین کە تێیدا بێبەشی و هەژاریی خۆی و کۆمەڵگەکەی بە زمانێکی ناسک و بێپەردە دەردەبڕێت. شاعیر لە بەرهەمەکانیدا کاتێک باس لە دۆخی ژیانی خۆی دەکات، وێنەی ڕوونی ئەو سەردەمەمان پێشکەش دەکات؛ وەک لەم دەقەیدا دەردەکەوێت:
لە تاریکی ژیانمدا لە سووچی سەردی زیندانا بە مۆرەی بەردی ناکامی بە جارێ عومری خۆم دانا
بەڵێ ئەو ساتە لاوێ بووم، وەلێ ئێستا وەها پیرم هەیە جارێ بەسەرهاتی خەمینی خۆم نییە بیرم
قەڕەوڵ دێت و ڕادەبرێ، شەوانی عومرم ئەژمێرێ شەوێکیش وا منی دیل، بە دەستی مردن ئەسپێرێ (حسەین پەناهی، ٢٠٠٤: ١١).
ئەم دەقە نیشانەی ئەوەیە کە ژینگەی فکریی شاعیر لەسەر بنەمای «هەستی چەوساوەیی» بنیات نراوە؛ بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی بێهیواییی تەواو، بەڵکوو بووەتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە بەرخۆدانی فکری و ڕۆحی کە تێیدا شاعیر وەک دەنگێکی زوڵاڵی چینە ستەملێکراوەکان دەردەکەوێت.
٢.١.٢. پەیوەندیی فکری و زمانی لەگەڵ هێمن
لە ڕوانگەی ئەدەبییەوە، زمانی شیعریی مامۆستا شەریف لە ڕووی پێکهاتە، دەوڵەمەندیی وشە و ڕوونیی واتاوە زۆر نزیکە لە زمانی پاراو و ڕەسەنی مامۆستا هێمن. هەردوو شاعیر لەسەر یەک هێڵی فکری و ڕۆمانتیکیی نەتەوەیی کاریان کردووە کە تێیدا زمان ئامرازێکە بۆ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ جەماوەردا. ئەم خاڵە لە پێشەکیی بەنرخی مامۆستا هێمن بۆ دیوانی «ملوانکەی شین» بە جوانی ڕەنگ دەداتەوە، کاتێک هێمن سەرسامیی خۆی بە خەیاڵی ناسک و ئەزموونی وردی شیعرەکانی شەریف دەردەبڕێت و ئاماژە بەوە دەکات کە شیعرەکانی شەریف چۆن توانیویانە بەبێ فێڵ و تەڵەکەبازیی هونەری، ڕاستەوخۆ بچنە ناو قووڵایی دڵ و دەروونی خوێنەرەوە. شاعیر خۆیشی لە چەندین شوێنیدا شوێنپێی ئەم سۆزە نیشتمانی و زمانی کوردییە ڕەسەنەی هەڵگرتووە و شیعرەکانی کردووەتە پردێک لە نێوان ژانەکانی تاک و خەمی گشتیی نەتەوەیەکدا. کەواتە، ژینگەی فکریی مامۆستا شەریف لە تێکەڵبوونی «هۆشیاریی نەتەوەیی»، «ئازاری چینایەتی» و «سۆزی ڕۆمانتیکی» پێک هاتووە و لە ڕووی ئەدەبییشەوە درێژەپێدەری ڕەوتی ئەو شاعیرە کلاسیک و نەتەوەییانەیە کە زمانەکەیان کردە قەڵغانێک بۆ پاراستنی کەلتوور و ناسنامەی کوردی.
٣. مۆسیقا و زمانی هونەری
پێکهاتەی زمانی هونەری و ئاوازی لە شیعرەکانی مامۆستا شەریف-دا خاوەنی تایبەتمەندییەکی زۆر ڕەسەن و کاریگەرە. لە ڕوانگەی کێش، ڕستەسازی و هەڵبژاردنی پەیڤەکانەوە، شیعرەکانی لە فۆرمێکی پاراودا داڕێژراون. لەم بەشەدا لایەنە ئاوازییەکانی، شێوازی ڕیزبوونی وشەکان و کاریگەرییان لەسەر گۆرانیبێژیی کوردی شی دەکەینەوە:
٣. ١. مۆسیقای ناوەکی و کێشی ڕەوان
لە ڕووی کێشی عەرووزی و بڕگەیییەوە، شیعرەکانی مامۆستا شەریف لەسەر کێشێکی نەرم و ڕەوان ڕێیان گرتووە کە خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەیدا هەست بە جۆرێک لە ئاواز و ڕیتمی سروشتی دەکات. ڕستەسازیی شاعیر دوورە لە ئاڵۆزی و دەستکردی زمانی؛ وشەکان بە شێوازێک لە تەنیشت یەکدی ڕیز کراون کە ئاوازی ناوەکیی دێڕەکان (نهێنیی پیتەکان، کێشی هاوسەنگ و سەروای ڕێک) ئاوازێکی تایبەت بە شیعرەکە دەبەخشێت؛ بۆ نموونە، لەم پارچە شیعرەدا، ڕیتم و مۆسیقای ناوەکی بە شێوازێک تێکەڵ بوون کە دەقەکە دەکاتە پارچەیەکی ئاوازیی زیندوو:
گرفتار و پەرێشانم دەمێکە خەیالم هەردەمەی لانەی خەمێکە
ئەوەندە دڵ پڕم پێم خۆشە بگریم کە فرمێسک و هەناسەش مەرهەمێکە
(حسەین پەناهی، ٢٠٠٤: ٨٦)
لەم نموونەیەدا، هاوسەنگیی بڕگەکان لەگەڵ سەروای «دەمێکە»، «خەمێکە»، «مەرهەمێکە»، مۆسیقایەکی غەمگین، بەڵام زۆر ڕەوان دروست دەکات کە قووڵایی ئازاری دەروونیی شاعیر بە شێوازێکی هونەری نیشان دەدات.
٣. ٢. پێگەی مۆسیقایی شیعرەکان لە گۆرانیی فۆلکلۆر و ڕەسەنی کوردییدا
یەکێک لە گەورەترین تایبەتمەندیی شیعری مامۆستا شەریف سادەیی، ڕاشکاوی و دەوڵەمەندیی سۆزدارییەوە. زمانە ڕەسەنەکەی شاعیر وای کردووە کە هاوسەنگییەکی تەواو لە نێوان پەیڤ و ئاوازدا دروست ببێت. زۆرێک لە هۆنراوە نەتەوەیی و سۆزدارییەکانی لەلایەن هونەرمەندانی ناوداری کوردەوە، وەک نەجمەدین غوڵامی لە یادەوەریی مێژووییدا گوتراونەتەوە. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی شیعرەکانی تەنیا لە چوارچێوەی کاغەزدا نەمانەتەوە، بەڵکوو بوونەتە بەشێک لە ژان و شادیی ڕۆژانەی کۆمەڵگا و لە دڵی خەڵکدا زیندوو ڕاوەستاون.
٤. ناوەڕۆک و توخمە سەرەکییەکانی شیعرەکانی مامۆستا شەریف
کۆمەڵە شیعری «ملوانکەی شین»، سیستەمێکی فکری و هونەریی فرەڕەهەند پێک دەهێنێت. ناوەڕۆکی شیعرەکانی تەنیا بابەتێکی سۆزداریی تەسکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو وێناکردنی کێشە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەیە لە ڕووی نیشتمانی، چینایەتی و ڕۆمانتیکییەوە. لەم بەشەدا بە پشتبەستن بە ناوەڕۆکی بەشێک لە شیعرەکانی ئەم دیوانە، ئەم توخمە سەرەکییانە شی دەکەینەوە:
٤. ١. خۆشەویستیی نیشتمان و ئازادی وەک ئەركێکی نەتەوەیی
لە شیعری «مامۆستا شەریف» دا، نیشتمان تەنیا جوگرافیایەکی ساردوسڕ نییە، بەڵکوو قەوارەیەکی زیندووە کە شاعیر گیانی خۆی بۆ بەخشیوە. هەستی نیشتمانپەروەری لە شیعرەکانیدا تێکەڵە لەگەڵ ئاواتی گەنجانە بۆ ڕزگاری و بێزاری لە ستەم. شاعیر لە شیعرە بەناوبانگەکانیدا وەک «قوتابخانە» و «دایە گیان» ئەم هەستە نەتەوەییە بە زمانێکی ناسک، بەڵام پڕ لە پەیام دەردەبڕێت؛ بۆ نموونە، لە شیعری «تابووتی سوور» ئەم پارچە شیعرە پڕە لە هەستی نەتەوەیی، بانگەوازی خەبات، بەرەنگاری و هوشيارکردنەوەی توێژی لاوان. شیعرەکە بە بانگەوازێکی ڕاستەوخۆ دەست پێدەکات: «هەستە ئەی لاوی سنه!.....» ئەم دەستپێکە بانگەوازێکی ئاڕاستەکراوە، بۆ لاوانی نیشتمانی تاکوو لە خەوی غەفڵەت هەستن و بەرەو ڕووی زوڵم و چەوسانەوە ببەنەوە، چونکە ئازادی پێویستی بە تێکۆشان و فیداکارییە. لەم شیعرانەدا، شەریف نیشتمان بە «برین» و «خەم» وەسف دەکات، کە ئەمەش نیشانەی قووڵایی ئازاری شاعیرە، بۆ دۆخی سیاسی و نەتەوەیی گەلەکەی.
٤. ٢. ژانی هەژاری و چینایەتی و ڕەنگدانەوەی ژیانی زەحمەتکێشان
یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە دیارەکانی شیعری شەریف، ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ژیانی چینی ستەملێکراو و زەحمەتکێشە. بەو پێیەی شاعیر خۆی لە قۆناغەکانی ژیانیدا تامی تاڵی هەژاری و نەداریی چەشتووە، شیعری کردووەتە لانکەی هاواری بێدەنگانی کۆمەڵگا. لە شیعرەکانی وەک «بایەقۆش»، «مڵوانکەی شین»، یان شیعرە کۆمەڵایەتییەکانیدا، وێنەی ڕوونی منداڵانی هەژار، کرێکاران و شوانە بێنازەکان دەبینرێت کە چۆن ژیانیان لەژێر باری قورسی نەداریدا تێدەپەڕێت. شاعیر بە زمانێکی ڕوون و دوور لە دەستکردی شێوازی کلاسیکیی توند، ژانی چینایەتی بە ڕووی کۆمەڵگەی نادادپەروەردا دەتەقێنێتەوە: بۆ نموونە لە شیعری «ملوانکەی شین» دا:
نیوەڕۆی گەرمی ڕۆژێکی بەهار لە ژێر هەتاوی ڕێگای زڕێبار
منداڵی مل کز، چۆخە و ڕانک شڕ ڕێگا دەپێوی پەشێو و دل پڕ
بێ وچان ئەروا و هەنگاو هەڵدەگرێ بە گوێی چۆخەکەی ئارەقی دەسڕێ
نەختی نانە ڕەق لە توێی جامانە بوونهتە تۆشووی ئەو بەستەزمانە
بـۆ تـیـکـۆشـانـی ڕۆژی مـاسـی ڕاو نەختێ شریت و تۆڕێ پورتوکاو (حسەین پەناهی، ٢٠٠٤: ٧٤)
یان لە «بایەقۆش»دا:
نیوە شەوێکی سەرد و دڵتەنگە خەڵکی خەوتوون دنیا بێدەنگە
شار پەردەی ڕەشی کێشاوەتە سەر مانگی شەوانپێو، لە کێو هاتە دەر
بایەقۆشێ پیر دێت و جار جارێک دەخوێنێ لەسەر کۆنە دیوارێک (حسەین پەناهی، ٢٠٠٤: ٥٥)
ئەم دێڕانە ژانی شاعیر، قووڵایی تێڕوانینی بۆ هەژاری دەردەخات کە چۆن ستەمی ئابووری و ژیانی بەیەکەوە گرێ داوە.
٤. ٣. سۆز، لایەنی ڕۆمانتیکی
پاڵنەری سۆزداری و خەیاڵی ڕۆمانتیکی لە شیعرەکانی «مامۆستا شەریف»دا ڕەنگدانەوەی ڕۆحە ناسک و ناسۆردارەکەیەتی. خەیاڵی شاعیر پڕە لە وێنەی سروشتی جوانی کوردستان؛ لە پەپوولە و هەور و گەڵای نەمامەوە بگرە تاکوو تیشکی مانگ و شەوەزەنگ پەپوولەی خەیاڵ ئەڕوا لەسەرخۆ لە شوێن بیری تر ئاسۆ بە ئاسۆ (شەریف پەناهی، ٢٠٠٤: ٦٧). سروشت لە شیعری «شەریف»دا تەنیا بۆ جوانکاری نییە، بەڵکوو هاوبەشی خەم و پەژارەکانی شاعیرە. ئەم لایەنە سۆزدارییە لە هەندێک دێڕدا تێکەڵ بە خەمێکی قووڵی فەلسەفی لەبارەی نەما دەبێت، تەمەن و بێبایەخیی دونیای مادی بەرانبەر بە ئازاری مرۆڤ. شاعیر لە وەسفی سروشت و خەمی دەروونیدا دەڵێت:
من ئەو بەردی گرفتارم، کە دیلی چینی دیوارم من ئەو ئاوی بنی گۆمم کە جێماوم لە ڕووبارم
گەڵای زەردم، مەلی پیرم، منم دڵداری زنجیرم لە برم دێ کە سی ساڵە لە بەندیخانە یەخسیرم
)حسەین پەناهی، ٢٠٠٤: ١١)
باخەوان کز و تەنیا لەسەر ئاوی کانیا
دەستی پیر و لەرزۆکی داناوەتە سەر چۆکی
بە شوێن بیری پر داخا چاوی دەکشێتە باخا
دارێکی وشک و مردوو لانەی مەلی کۆچ کردوو
نە سەوزایی نە سێبەر نە ئاهەنگی پەلەوەر
لە بیری نایە هەرگیز گەڵاڕێزانی پاییز
وا دڵی پڕ کردبێ ناخی گیانی گرتبێ (حسەین پەناهی، ٢٠٠٤: ٦٢)
نیشانەی قووڵایی ئەو کێشە وجودییەیە کە شاعیر لەگەڵ مانا و ناوەڕۆکی ژیاندا هەیەتی؛ کە تێیدا خەم تاکە هاوڕێی دێرینی دەبێت. بەکورتی، ناوەڕۆکی شیعری مامۆستا شەریف یەکگرتنێکی هارمۆنیکی نێوان «عەشقی نیشتمان»، «هاوار بۆ چینە ستەملێکراوەکان» و «سۆزی ڕۆمانتیکی و فەلسەفی» پێک دەهێنێت، کە هەموویان لە چوارچێوەی زمانێکی ڕەسەن و کاریگەردا خۆیان نمایش دەکەن.
ئەنجامەکان
لە کۆتایی ئەم خوێندنەوەیە بۆ بەشێک لە شیعرەکانی«مامۆستا شەریف» دەرکەوت کە ناوبراو یەکێکە لەو شاعیرە دەگمەنانەی توانیویەتی لە ڕێگەی دەنگێکی ڕەسەن و کاریگەرەوە، وێنەیەکی ڕاستەقینەی مێژووی سەردەمەکەی خۆی بنەخشێنێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سێ تەوەرە سەرەکییەی کە لەم وتارەدا خراونەتەڕوو، ئەنجامەکان بەم شێوازەی خوارەوە کورت دەکرێنەوە:
یەکەم (ژینگەی فکری و بنەما کۆمەڵایەتییەکان): شیعری مامۆستا شەریف لەناو داڵانی قەیرانەکان، هەژاری و ستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا سەری هەڵداوە؛ بەڵام ئەم دۆخە نەبووە هۆی بێهیوایی، بەڵکوو بووەتە چرایەکی گەش بۆ بەرخۆدانی فکری. هاوکات، پەیوەندییە قووڵە زمانی و فکرییەکەی لەگەڵ قوتابخانەی شاعیرە مەزنەکانی وەک مامۆستا هێمن، پێگەیەکی پتەوی بە زمانی شیعرەکانی بەخشیوە کە ڕاستەوخۆ دەچنە ناو ڕۆحی خوێنەرەوە.
دووەم (فرەڕەهەندی ناوەڕۆک و توخمەکان): ناوەڕۆکی شیعرەکانی مامۆستا شەریف، لە «ملوانکەی شین»دا، لە تێکەڵییەکی ئاوازیی نێوان «عەشقی پاکی نیشتمان و ئازادی»، «ژانی چینایەتی»، و «سۆزی ڕۆمانتیکی کە تێکەڵ بە خەمێکی قووڵی فەلسەفی بووە» پێکدێت. ئەمەش شیعرەکانی لە تەنگەژەی تەسکی تاکەکەسی دەرباز کردووە و کردوویەتی بە گوزارشتێکی گشتیی نەتەوەیی.
سێیەم (مۆسیقا و دەسەڵاتی زمانی هونەری): لە ڕووی ئاواز و پێکهاتەی هونەرییەوە، ڕیتمی ڕەوان، کێشی نەرم و هەڵبژاردنی پەیڤە سادە، بەڵام پڕپەیام، وای کردووە شیعرەکانی شاعیر سنووری پەڕەکانی تێپەڕێنن و ببنە بەشێک لە گەنجینەی مۆسیقای ڕەسەن و گۆرانیی کوردی. گوتنی ئەم شیعرانە لەلایەن گەورەترین هونەرمەندانی کوردەوە، بەڵگەی حاشاهەڵنەگری زیندوویەتی لە یادەوەریی نەتەوەکەیدایە. لە کۆتاییدا، «مامۆستا شەریف»دا تەنیا خاوەنی کۆمەڵێک شیعری ناسک نییە، بەڵکوو هێمایەکی ئەدەبی و نەتەوەییە کە بە هۆشیاریی فکری، تێڕوانینی قووڵی فەلسەفی و دەوڵەمەندیی لایەنی زمانی، شوێنپەنجەیەکی نەمری لە مێژووی ئەدەبی کوریدا جێهێشتووە؛ و تاکوو زمان و ئەدەبی کوردی هەبێت، ملوانکەی شینی شیعرەکانی بە گەردنی کەلتووری کوردییەوە دەدرەوشێتەوە.
|