تاريخ: ۱۷ مرداد ۱۴۰۵ ساعت ۱۸:۳۲ بازدید: 130      نظرات: 0      کد مطلب: 26122
پەری کەرەمی "سەقز"

پوختەی وتاردانی "دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان" لە کۆڕی پەردەلادان لە کتێبی «سەقز لە روانگەی شاعیران‌دا»


لە ئێوارەکۆڕی پەردەلادان لە پەڕتووکی «سەقز لە ڕوانگەی شاعیراندا»، لە ڕێکەوتی 15ـی گەلاوێژدا، دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان، زمانناس، توێژەر و نووسەر، باسی لە گرنگیی ئەم بەرهەمە و پێگەی مێژوویی، ئەدەبی، هونەری، ئایینی و ڕۆژنامەوانیی شاری سەقز کرد و ئەم شارەی بە مەڵبەندی نوێخوازی و پێشەنگی ڕۆشنبیری لە کوردستان ناساند.

ئەو وتی پەیوەندیی ئەو بە ئەم پڕۆژەیە دەگەڕێتەوە بۆ گوڵانی ساڵی 1403ی هەتاوی؛ ئەو کاتەی لە دانیشتنێک‌دا بە ئامادەبوونی مامۆستا قاسم موئەیەدزادە (هەڵۆ) و ژمارەیەک لە شاعیران و ڕۆشنبیران، داوای لێ‌کرا بەهۆی پسپۆڕی لە بواری کەسایەتی‌ناسی، پێشەکییەکی تێروتەسەل لەسەر ئەم کتێبە بنووسێت؛ هەر بەو پێیە بەرپرسیارێتیی نووسینی پێشەکی و چاودێریی زانستیی ئەم کتێبەی وەئەستۆ گرت؛ پێشەکییەکە خۆی بوو بە توێژینەوەیەکی سەربەخۆ لە 93 لاپەڕە‌دا، کە تێیدا تایبەتمەندییە مێژوویی، کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکانی سەقز و هەروەها ژیانی ژمارەیەک لە کەسایەتییە زانستی، ئەدەبی و هونەرییەکانی ئەم شارە بە وردی ناسێنراون.

سەقز؛ مەڵبەندی نوێخوازی لە ئەدەب و هونەردا

دوکتۆر ئەحمەدیان بە پۆلێنکردنی کەسایەتییەکانی سەقز لە بوارە جیاوازەکان، وتی تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم شارە نوێخوازی و پێشەنگایەتییە.

لە بواری شێعر و ئەدەبی نوێی کوردیدا، ئاماژەی بەوە کرد کە سەقز، سەرەڕای مێژووی سێ هەزار ساڵەی، هەمیشە لە ڕیزی یەکەمی شێعری مۆدێرنی کوردیدا بووە.

ناوبراو ناوی مامۆستا محەمەد سالح سووزەنی، ڕەزا عەلیپوور و بە تایبەتی خاتوونی شێعر و داهێنانی ئەدەبی، خوالێخۆشبوو ژیلا حوسێنیی هێنا و وتی ژیلا حوسێنی لە شێعری نوێی کوردیدا هەمان پێگەی هەیە کە فروغ فەڕڕوخزاد لە شێعری مۆدێرنی فارسی‌دا هەیەتی.

لە بواری شانۆدا، دوکتۆر ئەحمەدیان وتی شانۆی سەردەم، هەر چەند پێشینەی دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانی کەونارا، بەڵام لە بیچم و ناورۆک و کاکڵ و توێکڵ‌‌دا وەک هونەرێکی مۆدێرن و ئاوانگارد پێناسه دەکرێ؛ ئەم هونەرە مودێڕنە بەر لە شوێنەکانی تری ڕۆژهەڵات لە سەقز بناغەی دانراوە و هونەرمەندانی ئەم شارە هەمیشە لە ئاستی کوردستان و ئێران پێشەنگ بوون.

سەقز؛ پێتەختی خۆشنووسیی کوردستانی ئێران

دوکتۆر ئەحمەدیان، سەقزی بە پێتەختی خۆشنووسیی کوردستانی ئێران ناو برد و وتی جیا لە باب و کوڕی پەخشان‌نووس، شاعیر و خۆشنووسی هەرەبلیمەتی سەقزی: عەبدولحەمید و عەبدولمەجید ملک‌الکلامی(مجدی)، کە لە ناو ناوبانگیان تەواوی ئێرانی داگرتووە، هەروەها هەبوونی مامۆستایانی گەورەی وەک خوالێخۆشوو مامۆستا محەممەد پووریان، مامۆستا سەعید قادری، کە لە کۆڵەکەکانی ئەنجومەنی خۆشنووسانی ئێران بووە، هەروەها چەندین مامۆستای پلەی یەکەم(استاد تمام‌ِ انجمن خوشنویسان ایران)، پێگەیەکی جیاواز، بێ‌ڕکابەر و تایبەتییان بۆ سەقز دروست کردووە.

 ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە هونەرمەندانی سەقزی لە هونەری شێوەکاری، گڕافیک و وێنەگری‌دا، بە ئافراندنی بەرهەمی نوێخوازانە و داهێنەرانە، شوێن‌پەنجەیان لە هونەری مۆدێرنی کوردیدا دیار و بەرچاوە.

نوێخوازیی ئایینی و وەرگێڕانی بیرۆکە فەلسەفییەکان

دوکتۆر ئەحمەدیان، لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، باس لە ڕۆڵی سەقز لە بواری بیری ئایینی و فەلسەفی کرد و وتی حوجرە و ناوەندە زانستییەکانی ئەم شارە، سەرچاوەی پەروەردەکردنی زانایانی نوێخواز بوون؛ زانایانێک کە لە پەرە و گەشەی ئایین و پەیوەندی لەگەڵ ناوەندە زانستییە نێودەوڵەتییەکان پێشەنگ بوون.

ئەو ناوی عەللامە ملا سەید محەممەد حوسێنی موستەفەوی (تایربوغی)، عەللامە ملا عبدالحمید عەبقەری(قودسی) ، مامۆستا فاڕووق فەرساد، مامۆستا ئیمامی، پڕۆفیسۆر محەممەد فازلی و عەللامە ملا هادی ئەفخەم‌زادە(دەرسوێژی شارەدێی سەرا، بۆ ماوەی 30 ساڵ) هێنا و وتی هەریەک لەمانە ڕۆڵێکی گرنگیان لە گەشەپێدانی زانست و ڕووناکبیریی ئایینی هەبووە.

لە بواری فەلسەفەشدا، دوکتۆر ئەحمەدیان بە تایبەتی ئاماژەی بە کاری کاک سەعید کاکی کرد و وتی وەرگێڕانی دەقە فەلسەفییە حەستەم و ئاڵۆزەکان بۆ زمانی کوردی، هەنگاوێکی زۆر بوێرانە وئازایانە بووە و نیشانی داوە زمانی کوردی توانای دەربڕینی بیرۆکە مۆدێرن و فەلسەفییە قووڵەکانی هەیە.

کارنامەی درەوشاوەی سەقز لە بواری ڕۆژنامەگەری‌دا

لە کۆتایی‌دا، دوکتۆر ئەحمەدیان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕۆژنامەگەری و چاپەمەنی یەکێکە لە نیشانەکانی کۆمەڵگای مۆدێرن و سەقز لەم بوارەشدا کارنامەیەکی درەوشاو و مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەیە. ئەو ئەم بوارەی بە یەکێک لە پەڕە زێڕینەکانی مێژووی فەرهەنگیی سەقز ناو برد و ئاماژەی کرد کە لە پێشەکیی پەڕتووکەکەدا بە شێوەیەکی ورد و زانستی باسی لێوە کراوە و ناوی کەسایەتی‌گەلی وەک مەلا سەید محەممەد حەمیدی(ڕۆژنامەنووسی پێشەنگ و ڕووناکبیری ئایینی) و زۆر ڕۆژنامەنووسی تر کراوە.






ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد