| تاريخ: ۲۷ مرداد ۱۴۰۵ ساعت ۱۵:۵۲ | بازدید: 207 نظرات: 0 کد مطلب: 26177 |
خاتوو نەوال لە گوندێکی هەژارنشین مامۆستای قوتابخانەیەکی کۆنەکاولاشی سەرەتایی بوو. قوتابییەکانی هەموو ڕۆژێ بە جلوبەرگی ساکار و کۆمەڵێک پەڕاوی کۆن و خەون و خولیایەکی گەورەتر لە خانووە قوڕینەکانیان دەچوونەوە قوتابخانە. خاتوون ئەوانی هێندەی منداڵەکانی خۆی خۆش دەویستن و لە دیمەن و ڕوخساری هەرکامەیانی دەڕوانی دەیزانی شەوی ڕابردوو بە تێری خەوتووە یان بە برسییەتی سەری ناوەتەوە و بێ دنووکدان لە بنەماڵەکەی ژیانی تێپەڕاندووە.
خاتوو نەوال ڕۆژێک ویستی تینێک بداتە گیانی قوتابییانی و هەورازیان بەرێ بە هانی گەرمەهەناسەی زمانی، بۆیە پێکەنینێکی نەرمی دایکانە دەمولێوی ناسکی ئەنگاوت و بزەیەک دایگرت و گوتی: "منداڵینە هەر کەس لە تاقیکردنەوەدا دەرچێ و دەرەجەی تەواو وەربگرێ، خەڵاتێکی دڵخوازی جوانی بۆ دەکەمە دیاری."
یەکێک لە قوتابییەکان لەڕێوە هەستی بزووت و پرسی:"باشە خانم گیان، خەڵاتەکە چییە؟"
ئەویش لەڕێوە گوتی:"جووتێک پێڵاوی تازە!"
بوو بە قریوەقریو و هیوای سەرکەوتن سەرانسوێی هەستی هارووژاوی کردن. پێڵاو بۆ ئەو قوتابییانە شتێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو پەلکەزێڕینەی خولیایەکی ڕەنگینی نەخشین بوو، کە لەسەر دوو پا دەڕۆیی، بەڵام باڵی فڕینی لێ دەڕوا. منداڵەکان کە بەم هەواڵە گەشابوونەوە و شادی نیشتبوویە هەناویان، زۆر چاک شانیان دایە بەر خوێندن و هەرکامەیان ئاواتی ئەوە بوو پێڵاوەکان ببنە ئی وی.
لە بنەبانی پۆلەکەدا کیژۆڵە وەفا عەبدولکەریمی مەند و هێمن دادەنیشت، کە هەمیشە پێڵاوەکانی لە ژێر پێچکەی کورسییەکەیدا حەشار دەدا. وەفا جووتێک پێڵاوی شڕی دەمداپچڕاوی دەکردە پای و هێندەی گرێ لە قەیتانەکانی دابوون، ببوونە گرموولە گرێ، بەڵام هەرگیز گلە و گازندەی نەدەکرد...
ڕۆژی تاقیکردنەوە داهات و منداڵەکان یەکجار شێلگیر و پتەو کەوتنە وڵامدانەوە. وا چاک تێوەچووبوون کە مامۆستا هەستی کرد تێکڕای ئەم دڵە گچکانە دەیانهەوێ سەرکەوتوو بن تا بگەنە دەریایەکی بێسنووری شادمانی.
دوای پێداچوونەوە و چاککردنی پەڕەی تاقیکردنەوە، خاتوون تەماشای کرد هەموویان دەرەجەی تەواویان هێناوە و هیچیان نەکەوتوون، بۆیە بەسەر بابەتێکی چاوەڕواننەکراودا کەوت و دڵی داخورپا؛ گەرچی شادمانی دەروونی داگرتبوو، بەڵام تێمابوو، نەیدەزانی چ بکا و جووتە پێڵاوەکە بدا بە کێ، چونکە هەموویان شیاوی خەڵاتەکە بوون. ناچار ڕووی کردە قوتابییەکانی و گوتی:"ئێوە هەمووتان شاز و نموونەن، بەڵام خۆ خەڵاتەکە تەنیا جووتێک پێڵاوە، وەرن خۆتان ڕێچارەیەک بدۆزنەوە تاکوو دوایە کەس ناڕازی نەبێ."
منداڵەکان تۆزێک پێکەوە کەوتنە باس و ڕاوێژ و ئینجا گوتیان:"خانم ئێمە ناوی خۆمان لەسەر کوتەکاغەزێک دەنووسین و دەیخەینە ئەو قودوولەیەی لێرەیە و ئەو دەمی بەڕێزت دەستی تێبەرە و بەهەڵکەوت یەکیان دەرهێنە و ناوی هەر کەس هات با بۆ وی بێ."
خاتوو نەوال لێی سەلماندن و بە فکرێکی باشی دانا. هەرکام ناوی خۆیان نووسی و کاغەزیان دووقەد کرد و نوشتاندیانەوە و خستییانە قودوولەوە. خاتوون لە بەرچاوی هەمووان دەستی پێداکرد و کاغەزێکی دەرهێنا و بەئەسپایی لێکیکردەوە و خوێندییەوە:"وەفا عەبدولکەریم!"
خوناوکەی ئارەقەیەک نێوچاوانی وەفای تەڕ کرد و تەزوویەک سەرتاپای ئەندامی داگرت و بە هەنگاوی شل و لەرزۆک هاتە بەرەوە و ئەسرینی شادی بە گۆنایدا شۆڕ بوونەوە و لە گەرمەی چەپڵەڕێزانی منداڵەکاندا، کە بە ڕووڕاستی دەستیان دەتەقاند، پێڵاوە تازەکانی وەرگرت. پێڵاوەکانی وەها گرتبوویە ئامێزی، دەتگوت خەزێنەیەکی وەچنگ هێناوە. لەڕێوە دەستی مامۆستاکەی ماچ کرد و گوتی:"خانم بە زاتی خودا زۆرم پێویستی پێیان بوو!"
نەوال هەرچی کردی بەری فرمێسکەکانی خۆی پێنەگیرا، بەڵام بزەی خستە سەر لێوانی تا شادیی ئەم کیژۆڵەیە نەشێوێ.
کە شەو داهات بە گریان و بە خۆی و قودوولەی پڕ لە کوتەکاغەزی ناوی منداڵەکانەوە گەڕایەوە ماڵ...
مێردەکەی پرسی:"باشە بۆچی وەختایەک بەسەرهاتێکی وا خۆش دەگێڕییەوە، دەگری؟"
نەوال لە کاتێکا سەری قودوولەی دەکردەوە، گوتی:"خۆ من بۆ وەی ناگریم کە وەفا خەڵاتەکەی بردەوە."
مێردەکەی بە سەرسوڕمانەوە پرسی:"ئەدی بۆچی دەگری؟"
نەوال کاغەزەکانی یەکبەدوای یەکدا دەرهێنان و لە پێش چاوی مێردەکەی هەمووی کردنەوە. لەسەر تەواوی کوتەکاغەزەکان تەنیا ناوێک نووسرابوو:"وەفا عەبدولکەریم!"
شووەکەی لەجێوە وشک هەڵات، بەڵام نەوال پتر گریا و فرمێسکی هەڵوەراند و گوتی:"دیوتە، تەواوی منداڵەکان ناوی وەفایان نووسیوە و کەس ناوی خۆی نەنووسیوە!"
نەوال کە لەو دەمەدا لەتاوان دەلەرزی، گوتی:"هەموویان پێویستیان بە پێڵاو بوو، بەڵام زانییان بۆ پێویستی هیچیان ناگەنە وەفا، بۆیە وایان کرد."
ڕۆژی دواتر کاتێک نەوال ڕووی کردەوە قوتابخانە، پێڵاوی نوێی بۆ تێکڕای قوتابییەکان پێبوو! دەزانی بۆ؟ چونکە هاوسەری هاوخەمی شەوەکی چووبوویە شار و بە فرۆشتنی کاتەژمێرەکەی ئەم پێڵاوانەی کڕیبوو.
کاتێک لە قوتابییەکان وەژوور کەوت، گوتی:"ئێوە دوێنێ وانەیەکتان فێری من کرد، کە لە هیچ کتێبێکدا نییە!"
وەفا گریا، منداڵەکانیش گریان. ئەو ڕۆژەی قوتابخانە بەناوی *"ڕۆژی دڵانی بێخەوش"* ناودێر کرا... ئەم ڕووداوە لە یەمەن دەنگی دایەوە و تەنانەت دار و بەردیش بیستیان و پێی ڕاچەنین. خێرخودایەک بە بیستنی ڕووداوەکە پەیامێکی بۆ ناردن و تێیدا دەستەبەر ببوو سەرتاپاخوار جلوبەرگ و پێڵاوی تەواوی قوتابییەکان تا ئاخری ساڵ دابین بکا. لە کۆتایی پەیامەکەدا نووسیبووی: "ئەو منداڵەی ئامادەیە شادیی خۆی لەبەر کەسێکی دیکە بنێتە لاوە، شیاوی ئەوەیە هەموو دنیا دەرگا و دەروازەکانی خۆی بۆ بخاتە سەر گازەرای پشت"
--------------
تێبینی: بەداخەوە نەمزانی کێ نووسیویەتی تا ناوی بنووسم. گۆیا ڕووداوەکە ڕاستە و من لە وەرگێڕاندا هێندێکم تیفتیفە داوە.
|